داستانی تۆڵە (بەشی سێهەم)

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-10-30     1092
هەموو وەرزی بەهاری ساڵی ١٩٨٧ لە گوندی جافەران لە خانووی یەکێک لە خزمەکانی خومان بەناوی کاک دارا کریم فەرج ئاغا بارەگا دادەنێت. لە گوندی جافەرانەوە بەهۆی نزیکی لە شاری سلێمانی توانی تۆڕی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕیکخستنە نهێنیەکانی شاری سلێمانی نوێبکاتەوە. لێرەوە دەستگا سیخوڕیەکانی ڕژێمی بەعسی زۆر بەسەرنجەوە جموجۆڵی سیاسی و ڕێکخستنی عەبدوڵای برام دەخەنە ژێرچاودێری وردی خۆیانەوە و لێرەوەیە کە پیلانی بۆ دادەڕێژن. پاشان بارەگای خۆی دەگوازێتەوە بۆ گوندی دەربەندفەقەرە.
گوندی جافەران کەوتۆتە شارەدێی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی، ئەم گوندە لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی دەرەویانی خواروو، لە باشوور لەگەڵ قۆپی قەرەداغ، لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی تافان، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ گوندی کانی خاکی.

جموجۆڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو ناوچەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەی دەسەند و بە سەدان گەنج و پێشمەرگەی تازە لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر چەکدارانی کوردی فوجە سوکەکانی سەر بە ڕژێم (افواج خفیفە) پەیوەندیان بە شۆڕشەوە دەکرد. تۆڕی پەیوەندی لەگەڵ شانەی ڕێکخستنە نهێنیەکانی حزب لە نێو شار دووبارە توندوتۆڵکرابوونەوە. دەگێڕنەوە کە هەمان دیمەنی گوندی جافەران لەم گوندەش دوبارە بوبوەوە، کە ئیواران تا درەنگانی شەو لە هەریەکە لە دەهۆنەکانی گوندی دەربەندفەقەرەش چەند کادیرێکی نێو ڕیکخستنە نهێنیەکانی شار کە دەموچاوی خۆیان دەشاردەوە چاوەڕوانی بینی ئەویان دەکرد، پاش گفتوگۆ و گۆڕینەوەی پەیامەکانی حیزب و ڕێنمایە سیاسیەکانی ئەو کاتە ڕاستەوخۆ بەرەو گروپێکی تر دەچوو کە ئەوانیش لە ژێر دەهۆنێکی تردا چاوەڕوانی گفتوگۆ و بینینی ئەوبوون. زۆربەی کاتی ئێوارانی عەبدوڵا تا دەرنگانی شەو بەم شێوەیە لە جۆشدانی جەماوەر و پتەوکردنی ڕیکخستنی نهێنی هەوادارانی حیزبەکەی لە نێو شارەکانی کوردستان دەگوزەرا. هەڤاڵە پێشمەرگەکانی دەگێڕنەوە کە هەمیشە ئێواران کە دنیا تاریکدەبوو گوندەکە جمەی دەهات لە سەیارەی نەناسراو خەڵکی نەناسراو وەپاش ڕوناکبونەوە و دەمەو بەیانی هیچ کەس و سەیارەیەکی نەناسراو لەو گوندەدا نەدەما.
مهندس عەبدوڵا پەیوەندیەکی زۆر چڕو تایبەتی هەبوو لەگەڵ گشت دانیشتوانی ناوچەکەو بەتایبەتی شانەکانی ڕیکخستنی نهێنی ناوشار، بەدەیان جار بۆ ڕاپەڕاندی کارەکان خودی خۆی دەگەڕایەوە نێوجەرگەی شاری سلێمانی و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کاری ڕیکخستنی ناوشاری دەکرد. تا ڕۆژێک خوشکەکەی پێ دەڵیت: کاکە گیان دنیا گۆڕاوە ئێستا، ڕژێمی بەعس و دەستگا سیخوڕەکانی خۆیان گەیاندۆتە نێو گشت کونجوکەلەبەرێکی ئەم ووڵاتە و بەسەدان سیخوڕو بەکرێگیراویان هەیە، ڕۆژێک دێت و دەتفرۆشن! لەوەڵامدا وتبووی جا خوشکی برای: دەبێت دڵخۆشبیت! خۆزگە دەخوازم کە کوردێک من بفرۆشێت و سودم لێوەربگرێت، ئەوەش شانازیە بۆمن کە سودم گەیاندبێت بە کوردێک ئەگەر سیخوریش بێت.
خوشکی برای: ڕژێمێکی دیکتاتۆر و خۆێنمژی ئاوا کە هەزاران گوندی سوتاندوین و گەلەکەمانی لە ئۆردوگا زۆرەملیەکاندا خزاندووە کە بەڕاستی نامۆیە بە زبان، خاك، ئاو و ووڵاتمان بتوانێت باوەڕ بە کوردێک بهێنێت کە عەبدوڵا دوژمنی ئەوە! بینێرێت تا بمکوژێت، جا من چۆن نەتوانم پێی بسەلمێنم کە من تاک و تەنها چەکم بۆ بەرگری لە خاک و کەلتور و ئازادی ئەو هەڵگرتووە! عەبدوڵای برام ئارەزوی ئەوە بوو کە هەموو کوردێک وەکو ئەو بیربکاتەوە و کوردستان و دانیشتوانەکەی لە دڵەوە خۆشبوێت.
لە بەرامبەریشدا دەستگا سیخوڕیەکانی ڕژێم لەهەوڵی دانانی پیلان و نەخشەیەکدا بوون بۆ ئەوەی مهندس عەبدوڵا وەکو بەربەستێک لە ڕێی خۆیان وەلابنێن. خاڵی لاوازی مهندس عەبدوڵا ئەو متمانەیە بێئەندازەیە بوو کە بە هەموو کوردێکی دەکرد، ئیدی ئەو کوردە چ باش بوایە یاخود جاش.
لەم نێوەندە دا بنەچەیەکی زۆڵەکورد کە تا بینەقاقا لە خایانەت و خۆفرۆشیدا نوقوم بوون، لەلایەن دەستگا سیخوڕیەکانی ڕژێمی بەعسەوە ئەو ئەرکەیان پێسپێردرا کە بە پیلانێکی گڵاو ئەو ئاواتەیان بهێننەدی. بنەچەیی خەڕاتەکان کە لە هەموو بنەمایەکی ڕەوشتی کوردایەتی و مەردایەتی داماڵرابون لە سێ برا پێکهاتبوون: حەمە ساڵح خەڕات (سالە خەیات) و حەمەکەریم خەڕات و حەمە خەڕات. ئەمانە سەر بەهیچ هۆز و عەشیرەتێکی ڕەسەنی کوردی نین و دەڵێن خەڵکی دەربەندیخان/ خانەقینین بەڵام دانیشتوانی ئەوناوچەیەش لە کوردبونیشیان دوودڵن، بەڵام بەهۆی نزیکی لە بەعس و خۆفرۆشیان سەروەت و سامانێکی بێشومار و گەلەگورگێکی خۆفرۆشیشیان لەدەوری خۆیان کۆکردوبوەوە. ئەم بنەچەیە بۆ شوێنبزرکردنی ڕابوردوویان لە ناوچەی سلێمانی ناوی خەڕاتیان لە خۆیان کردبوەوە و نازناوی خەیاتیان دابوو بەخۆیان.
ئەم تاقمە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و پاشان شۆڕشی گوڵان و نوێ وە لەهەرە پیاوخراپەکانی ڕژێمی بەعس بوون, کە یەكە تایبەتیەكانی مەفرەزەی خاسەیان لە ناوچەکانی گەرمیان، قەرەداخ و شارەزوور دروستکردبوو بەناوی (مفارز خاصە لملاحقة المخربین) و ڕاستەوخۆ سەربە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ( مدیریە اڵامن العامە) بوون.
ئەمانە بە هەمان شێوە لە ڕابوردودا لە سەرەتای شۆڕش لە ساڵی ١٩٨١ فەرماندە و کادیرێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ناوی دکتۆر چیاو هاوەڵەکانی و هەروەها بەدەیان کادیر و پێشمەرگەی لایەنەکانی تری کوردستان و حیزبی شیوعی ئێراقیان شەهیدکردبوو، بۆیە لەلایەن زۆربەی هێزی پێشمەرگەی گشت حیزبەکانی کوردسانەوە بە خیانەتکارو و خۆفرۆش ناسراوبوون.
نەخشەی ئەم جارەیان ئەهریمەنانە بوو ، ئەم خۆفرۆشانە خاوەنی چەندین فەوجی سوکی جاش بوون، بە هەزاران جاشەوە ئەرکی پاراستنی شاری دەربەندیخانیان گرتوبوە ئەستۆ. لە ڕێگەی هاوڕێیەکی مهندس عەبدوڵا وە کە ئەویش مهندس قادر غەفور سڵیمان (زەڕایەن) بوو خۆیان گەیاندوبوە لای عەبدوڵا. مهندس قادر غەفوور مرۆڤێکی نیشتیمان پەروەری دڵسۆز کە لە بنەماڵەیەکی دیاری ناوچەی شارەزوورن (زەڕایەن) و لە کۆنەوە پەیوەندی برادەرایەتی و حیزبایەتی لەگەڵ عەبدوڵا هەبوو، بۆیە بەهەموو شێوەیەک جێگەی متمانەی بوو.
وتوبیان کاک عەبدوڵا ئێمە تا بینەقاقەمان لە خیانەتدا نوقم بووە و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن تا پەرێزی خۆمان پاک بکەینەوە، خۆمان هەر هیچ، دەمانەوێت هەر هیچ نەبێت منداڵەکانمان لە دواڕۆژدا لە بەرەیی گەلدا بژین‌! جەنابیشتان وەکو بنەماڵە لە مێژەوە لە خەباتی کوردایەتیدان و لە نێو گشت حیزبەکانی کوردستان ڕێزتان هەیە بۆیە تاک وتەنها جەنابتان دەتوانن لەم زەلکاوەی خیانەتەدا دەرمان بهێنن. ئێمە دڵنیاین لە داهاتوشدا خۆمان و ماڵ و منداڵمان لە سێبەر و پەنای جەنابتاندا پارێزراو دەبین.
قۆناغ بە قۆناغ خۆیان لە مهندس عەبدوڵا نزیکدەکەنەوە و بۆ دڵنەوایی ئەو سەرەتا حەمە خەرات بەرەو ناوچە ڕزگارکراوەکان دێت و چەند حەفتەیەک دەمێنێتەوە تا جێگەیەکی شیاو لە نزیک سنوری ئێراق/ ئێران بۆ گشت خانەوادەکەیان دابینبکات، و لە نێوان چەند دەڤەرێک، شوێنێک هەڵدەبژێریت بۆئەوەی لەکاتی پەیوەندیان بە شۆڕش لەوێ ماڵ و منداڵیان ژیان بەسەربەرن. ئەم هاتوو چۆ و پەیوەندیانە لە نێوان ئەم بنەچە خیانەتکارە و عەبدوڵا نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت.
چەند جارێک لە سلێمانی لەگەڵیان دادەنیشێ و تەنانەت جارێک یەکێک لە براکان کاتێک عەبدوڵا لە نێو سەیارەکەیان دەبێت لە ناوشار و دەگەنە زاڵگەیەکی ئاسایشی بەعس، بۆ خۆشی دەڵێت: کاک عەبدوڵا ئەگەر ئەو ئەفسەری نێو زاڵگەکە بە جەنابت بڵێت ناسنامەکەتم نیشان بدە، جەنابت چ کاردانەوەیەکت دەبێت؟
مهندس عەبدوڵا دەڵێت: یەک مەخزەن فیشەک دەنێم بە دەمیەوە.
پاش گفتوگۆیەکی چەند مانگی نەخشەیەکی ئەهریمەنی گەڵاڵە دەکەن کە گویا لە سەعاتی سفردا شاری دەربەندیخان بدەن بەدەستەوە و تەنانەت عەبدوڵا شارەکە دابەشی چەند ناوچەیەک دەکات، تا دەرفەت هەبێت کە حزبەکانی تریش بتوانن لەو ئۆپەراستیۆنە گەورەیەدا بەشداربن. پاشان زانیمان کە مهندس عەبدوڵا لەگەڵ چەند حزبێک بەشێک لەو پلانەی باسکردووە بەڵام گشتیان ئاگاداریان کردۆتەوە کە ئەو تاقمە بەهیچ جۆرێک جێگەی متمانە نین! تکایە ئاگاداری خۆتبە! کاکە عەبدوڵا تۆبەی گورگ مەرگە! ئامان سەد ئامان! ئەویش لە جوابیاندا وتوبوی جا برایینە ئەوا ڕژێمی بەعس هیچ درێغیەک لە کوشتنی باشەکانی کورد ناکات، ئەگەر ئێمەش لێرەوە جاشەکانی کورد لەناوبەرین ئەوا بەهەردوو لامان گەلەکەمان قڕکردووە و دەبێت لە داهاتودا حوکمی کەلاوە چۆڵەکانی کوردستان بکەین.

شاری دەربەندیخان لەنزیك سنوری عێراق و ئیران هەڵكەوتووە، ئەم شارە خاوەنی پێگەیەکی گرنگی سەربازی و ئابوریی بێوێنەیە لە ئێراقدا، بەهۆی بەنداوی دەربەندیخان و وێستگەی کارەباکەیەوە گرنگی شارەکە بۆ ئێراق زۆرە. لەئاستی ئیراقدا دەکەویتە رۆژهەڵاتی شاری بەغدادی پایتەخت بەدووری 270 کم، لە باکورەوە بە زنجیرەچیای بەرانان و لە رۆژهەڵاتەوە بە چیای زمانکۆ دەوردراوە.
شارەکە کەوتۆتە سەر نێوان ڕێگای شارەکانی کەلار، کفری، خانەقین و جەلەولا، شارەکانی تری خواروو بە شاری سلێمانی و ناوچەی شارەزوور بەستۆتەوە. ئەگەر ئەم چالاکی یە مەزنە سەرکەوتوو بێت و ئەم شارە بکەوێتە دەستی پێشمەرگە ئەوا لە میدیاکانی جیهاندا دەنگێکی گەورەدەداتەوە، بۆ جیهان دەسەلمێنرێت کە شەڕی بەرگری پێشمەرگەی کوردستان دژی ڕژێمی بەعس بەردەوامە. گرتنی ئەو شارە ئەوبووە یەکێک لە چالاکییە مەزنەکانی هێزی پێشمەرگە، کە تا ئەو کاتە هیچ یەکێک لەو لایەنانەی تری هێزی پیشمەرگەی کوردستان کەلە ساحەکەدابوون بیریان لە ئاوەها چالاکیەکی مەزن نەکردبوەوە.
عەبدوڵای برام پاش چەند مانگێک دووری لە ماڵ و منداڵ بۆ پشوو لە ماڵەوەدەبێت و چەند ڕۆژێکە کە لە ناوچە ئازادکراوەکان گەڕاوەتەوە، بەڵام لە ناوچە ئازادکراوەکانەوە بروسکەیەک دەنێرن بۆ سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوانیش خێرا ئاگاداری دەکەنەوە و بروسکەکەی بۆ دەنێرن بۆ ماڵەوە، کە دەبێت هەرچی زۆترە بگەڕێتەوە بۆ دەربەندفەقەرە چونکە بەرواری چالاکییە گەورەکە زۆر نزیکە و مهندس قادر غەفور سلێمان و جەماعەتی سلێمانی چاوەڕوانی ئەون.

هەموو جارێک عەبدوڵای برام بەنهێنی بە تراکتۆرەکەی ئەحمەدی قادر فەتاح کانی بارامی، لە گوندی دەربەندفەقەرەوە بە یاوەری پێشمەرگەیەک دەڕۆشت تا سەرجادەی قیر و لەوێوە بەسەیارە چاوەڕوانیان دەکرد تا بچێت بۆ سلێمانی.

ئەم خۆفرۆشانە توانیبویان بەهۆی داڕشتنی ئەم نەخشە ئەهریمەنانە متمانەی عەبدوڵا بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. ئەوەبوو لە بەرواری ٢٢/٠٩/١٩٨٧ بۆ دواجار بەیاوەری مهندس قادر غەفور سلێمان و هەڤاڵ نەوزاد محمد نەجیب بۆ دانانی نەخشەی هێرش بۆ سەر شاری دەربەندیخان بەرەو سلێمانی دەچن و لەماڵی ئەو خۆفرۆشانە دەمێننەوە. ئیتر لەو ڕۆژەوە بێسەروشوێنن و ئەمە دوا زانیاریە کە لەسەر ژیانی ئەو لامانە تا ئەمڕۆ. بۆیە لە ڕۆژمێری پێشمەرگەدا بەرواری ٢٣/٠٩/١٩٨٧ بە بەرواری شەهیدبوونیان دراوەتە قەڵەم.
شەهید نەوزاد محمد نەجیب لە دایکبوی ساڵی ١٩٦٣ و کادیرێکی خۆشەویست و پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە دەڤەری شارەزوور. دەرچووی خولی هەشتەمی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. لە بەرلێهاتووی هەر لە سەرەتای پەیوەندیکردنی بە شۆڕشی گوڵانەوە سەرپەرشتی ڕیکخراوەکانی قوتابیان و لاوانی دەکرد لەو ناوچەیە.
لە سەر بڕیاری خۆی قەراربووە کە پاش دوو ڕۆژ بگەڕێتەوە بۆ بارەگاکەی خۆی لە ناوچە ئازادکراوەکان بەڵام دەنگیان نییە، پاش سێ ڕۆژ لە لایەن هەڤاڵەکانیەوە لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی شار پەیامێک دەنێرن بۆ ئەو تاقمە، بەڵام ئەوان دەڵێن کەگوایا گەڕاونەتەوە بۆ بارەگاکانیان لە دەربەندفەقەرە، بۆیە دەنگۆی دیارنەمانی عەبدوڵا و هاوڕێکانی وەکو ئاگری ناو پوش بە خێرایی بە سەرتاسەری کوردستاندا بڵاودەبێتەوە.
ئەم هەواڵە شۆکێکی گەورەبوو بەڵام هاوسەنگەرەکانی هێزی بیرکردنەوە و کاردانەوەیان لەدەست نەدابوو و ئەو ڕۆژە بە تۆکمەیی پلانی تۆڵەیان داڕشت. زۆربەیان لە ناخی دڵەوە تینوێتی کاردانەوە و لێدانێکی کەمەرشکێن بوون کە ئاوەها بێت کە ئیدی هیچ کەسێکیتر زاتی ئەوەنەکات دەست بۆ شۆڕشگێرەکانی گەل بەرێت، دەبێت وانەیەک بێت بۆ گشت جاش و سیخوڕەکان کە خۆفرۆشیش سنوری خۆی هەیەو بەڕاستی ئەم بنەچە خەڕاتە خۆفرۆشە گشت سنورێکی سوری خۆفرۆشیان بەزاندبوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×