زەمەنی پۆست حەقیقەت! زەمەنی گریمــــانەیی پووچ!

عومەری خەتات
  2020-11-06     1179

لە پێشەکییەکەیدا بۆ بەرگی دووەمی کتێبی "ناوەڕۆکی مەسیحیــەت"، فیورباخ دەنووسێت: "بێ گومان زەمەنی ئێمە وێنەی بەلاوە گرنگترە تا شتەکە خۆی، کۆپی لەلا گرنگترە نەك نوسخە ڕەسەنەکە، نمایش لای جوانترە لە داکەوت "واقیع"، شێوە تا ناوەڕۆك، سەرئەنجام ئەوەی کە بە لایەوە پیرۆزە هیچ نییـــە جگە لە خەیاڵێك! ئەوەی کە زۆر ناڕەسەنە لای ئەو  دەبێـــتە حەقیقەت یان بە واتایەکی تر گەورەبوونی "پیرۆزیی" لە چاوی ئەمدا بەرئەنجامی کەمبوونی حەقیقەت و زیــادبوونی خەیاڵ دێت تا وایلێدێت بەرزترین پلەکانی خەیاڵ دەبێـــتە بەرزترین پلەکانی پیرۆزیی".
ئەم تێکســتەی فیورباخ ساڵی ١٨٤١ نووسراوە، بەڵام پڕاوپڕ تا ئەمڕۆ دەژی و پڕە لە زیندوێتی، پێنـــاسەی زەمەنێكە کە تێـــیدا خەیاڵ و فەنتــازیا و درۆ بەرگی ڕیاکاریی و هەڵخەڵەتاندنی لەبەر خۆی داکەندووە و بە بەرگێکی ئەفســوناویی جوانتر و كاريگەرتر توانای ڕاکێشـــانی جەماوەرێکی فراوانی خەڵكی هەیە تـــا حەقیقەت خۆی کە وونکراوە و سەخت دەتوانێت سەر بەرزبکاتەوە. 
پۆست حەقیقەت یان سەروو حەقیقەت، بە واتای حەزی خەڵك دێت بۆ دروست کردنی بۆچوونێكی ســـیاسی یان گشتی یان بیروباوەڕێك کە بنـــاغەی بۆچوونەکەی سۆزە نەك حەقیقەتێکی بەرجەستە، ئەویش لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی ڕاستییە سەلمێندراوەکان و پەسەندکردنی ئەو بیروباوەڕە درۆینەیەی کە هەست و سۆزی دەجوڵێــــنن!
ڕەنگە پرســـیاری ئەوەی کە ئایا هەمیشە وا نەبووە؟ ئایا هەمیشە درۆ و پڕوپاگەندەی ناڕاست بەشێك نەبوون لە مێژووی حەقیقەت خۆی کە سیستەم و دەسەڵاتەکان و ئایـــینەکان، گروپەکان و تاکەکانیش پەنایان بۆ بردووە؟ چی وا دەکات لە ئێســتادا ئەم دەستەواژەیە بەو بەرفراوانییە بەکاربهێنرێت و دەزگا گەورەکانی ڕاگەیـــاندن و دامەزراوە فیکرییەکانی دونیـــای خۆرئاوا جەختی لەسەر بکەنەوە و خۆیانی پێوە خەریك بکەن؟ 
حەقیقەت رێـــژەیــــیە، بە مانایەك هیچ شتێك نییــە ناوی حەقیقەتی موتڵەق یان گشتگیر بێت بەڵکو زیــاتر پەیوەندی بەو گۆشەنیگایەوە هەیە کە هەر کەسە دنیای پێدەبینێــــت کە ئەویش سێکوچکەی هێـز، کۆنترۆڵ و قازانج دیــاری دەکەن و سەرچاوەکەی موڵکایەتی تایبەت و کێشمەکێشە چینـــایەتییەکانی ناو هەر کۆمەڵگەیەکە. لە سەرمایەداریــدا کە تێــیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان شێوەی کاڵا لە خۆیــان دەپۆشن، حەقیقەت و داکەوت "واقیع" دەکەونەژێرەوە و لە جێگەیدا نمایش و ڕووکەش زاڵ دەبن. بە نموونە ئەگەر دەلالەتی کار لای مارکس پەیوەندی یەکانگیریی مرۆڤ بێت لەگەڵ سروشت و هێنـــانەدەرەوەی توانا خەللاقەکانی بێت بەرەو بونیـــادنــانی جیهانێکی باشتر، ئەوا خودی ئەم پرۆسەیە لە سەرمایەداریدا و لە سایەی موڵکایەتی تایبەت و بە کاڵاکردندا، کرێکار دەکاتە کاڵایەك و پرۆسەی نامۆییەکانی لە خۆی و لە جیهانی دەرەوەی خۆی دەستپێدەکات! جیــاوازیەك کە سەردەمی ئێســـتا جیــادەکاتەوە لە سەردەمی مارکس؛ ئەوەیە کە نامۆیی لە ئێســـتادا و لە سایەی لیبرالیزمی نوێ و دنیای زانیــاری و دیجیــتاڵدا نەك تەنهـــا کرێکار بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتی بەرەو ئاقاریی نامۆیی لە خۆیان و تاریکی لە دەورووبەریان بردوون. یان لە ڕووی چینایەتییەوە ڕاسترە بڵێین پانتایی بە کرێکارکردنی هەموو چینەکان، بە ئەندازەیەك فراوان بووە هەموو ئەوانەی تریشی گرتووەتەوە کە کاتی خۆی بە کرێکار هەژمار نەدەکران. 
کۆمەڵگەی سەرمایەداری نوێ وەك جان بۆدریــار وەسفی دەکات؛ کۆمەڵگەیەکە داکەوت تێــــیدا لە پشـــت کۆمەڵێك وێــنەوە شاردراوەتەوە تا بەجۆرێکی لێهاتووە ئەو داکەوتە ئەوەندە بچکۆلە بووەتەوە شێوەی وێنـــەیەکی لێڵ بە دیار دەکەوێت و لە بەرامبەر وێنــــە کۆپیکراوەکاندا بێ بایەخ دێــتە پێش چاو. نەمانی داکەوت "واقیع"، نەمانی پەیوەندییە لە نێوان هۆکار و دەرئەجامەکەیدا ئەویش بەهۆی زیادبوونی کاریگەریی میدیا کە هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی خزاندۆتە ناو کۆمەڵێك وێنــەوە و ڕۆژانە ئەم وێـــنانە نمایش دەکرێن و دووبارە دەکرێنەوە و جێی وێنــە ڕاستییەکە دەگرنەوە. ئەوەی ئەم میدیـــایانە پێشکەشی دەکەن داکەوت "واقیع" نییە وەکو خۆی، تەنـــانەت وێنەکشی نییــــە! بەڵکو وێــــنەیەکە کە میدیا لە وێنــــــەیەکی تری دروست کردووەتەوە؛ ئەویش وەرگیراوە لە وێنەیەکی تر! تەنــانەت مرۆڤی ئەم سەردەمە پێویست ناکــات خەیاڵ بکات چونکە خەیاڵەکان لە ڕێگەی میدیــــاوە ئاماددەکراون و گۆڕدراوون بۆ چەندین وێـــنەی تری ئامادەکراو و بە سەدان شێوەش لە ڕێگەی مۆبایلەکانمان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆیـــان دەکەن بە چاوماندا، بمانەوێت یان نەخوازی بین!



پۆست حەقیقەت لە کۆنــدا، ئایـــینەکان وەك نموونە
فەنتـــازیا دروست کردن یەکێكە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی مرۆڤ بۆ پێکەوە لکاندنی گروپ و کۆمەڵگەکان! مرۆڤ هەر لە کۆنەوە بە مەبەستی مانەوەی ماددی و ڕۆحی خۆی پەنای بردۆتـــە بەر خوڵقاندنی درۆ و چیرۆك و فەنتــازیا دروست کردن و بڵاوکردنەوەیان؟ مەگەر بەشێكی زۆری ئەو خەیــــاڵ و چیرۆك و فەنتـــازیــایانەی مرۆڤەکان نەبوون کە ئاییــــنەکانیان دروست کردووە و بە ئێســـتاشەوە بە ملیۆنەها پەێڕەوکەری ئەکتیڤی ئەو فەنتــازیا و خەیاڵانەن لەم ناوچەیەدا کۆکراونەتەوە و نەقڵی کتێـــبە بە ناو پیرۆزەکان کراوون؟ پێش هاتنی دینــە ئیبراهیمییـــەکان کێ دەیزانی چیرۆکی ئادەم و ‌حەوا چییــــــە؟ ئـــایا بە ڕاست ئێمە بە بۆنەی خواردنی سێوێکەوە فڕێدرواینەتــە سەر زەمین؟ ئــایا ئەگەر بە بۆنەی پڕوپاگەندەیەکی درۆیانە نەبێـــت کە لە ئینجیلدا هاتووە بۆچی ملیۆنەها مرۆڤ بڕوایان وادەبوو کە خوداوەند بەدەن و ڕۆحی مەســیحی بەرزکردۆتەوە بۆ ئاســـمان و پێش ڕۆژی قیـــامەت دایدەبزێنــــێتەوە سەر زەوی؟ هەمـــان ئەو پروپاگەندە و فەنتـــازیانەش بە زیــادەوە لە قورئاندا هاتوون و ملیــــۆنەها موسوڵمان باوەڕیـــان بەو "موعجیزەیە" هەیە کە دەڵێـــت پەیامبەری ئیســــلام بە سواری ئەسپێكی باڵدار "بوراق" لە شەوی میعراجدا بەرەو حەوت تەبەقەی ئاســـمان فڕیووە! یان ملیۆنــــان لە موسوڵمانانی شیعە مەزهەب باوەڕیــــان وایە کەپێش ئاخر زەمان واتە قیـــامەت، موحەمەدولمەهدی دەگەڕێتەوە و نا عەدالەتی و زۆرداریی لەسەر زەوی ناهێڵێـــت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەرقەرار دەکات.
نــوح هەراری دەڵێت: "ئەگەر هەزار کەس بڕوا بە چیرۆکێکی هەڵبەســتراو بکەن، بەوە دەڵێن هەواڵی درۆ، بەڵام ئەگەر هەزارەکە بووە ملیـــارێك ئەوە پێی دەڵێــــن ئایــــین"!


درۆی ســـیاسیەکان کە بوونەتە حەقیقەت!
سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم هاووڵاتیــــانی ووڵاتە یەکگرتووەکان حەزیان بە بەشداری کردن لە هیچ جەنگێك نەبوو بە تایــــبەتی لە ئەوروپا بەڵام سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ویلسۆن دەیویست و نیـــازیشی هەبوو بۆ بەرگریی کردن لە هاوپەیمانەکانی بەشداری بکات لەو جەنگەدا. بۆ گۆڕینی ڕای گشتی هاووڵاتیــــــانی وڵاتە یەکگرتووکانی ئەمریکا کە دژی شەڕ بوون، ویلســن ساڵی ١٩١٧ لیژنەی " کریڵ"ی پێکهـــــێنا کە پێكهاتبوو لە نوێـــنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوە و جەنگ و دەریاوانی لەگەڵ ئەوانەی کە پسپۆڕ بوون لە بوارەکانی دروست کردنی پروپاگەندە و ڕۆژنامەوانیدا.
لیژنەی کریڵ لە ماوەی شەش مانگدا توانی هەمان ئەو هاووڵاتییــــە ئاشتیخوازانەی کە دژی جەنگ بوون بکاتە کەسانێکی تینووی خوێن و جەنگ و بە هەڵپــە بۆ لەناوبردنی ئەڵمانییــــەکان.
جۆزیف گوبلز، وەزیری پڕوپاگەندەی نازییەکان دەڵێـــت: " ئەو درۆیەی یەکجار بووترێت، تەنهــــا درۆیەکە، بەڵام ئەو درۆیەی کە هەزار جار دووبارە دەکرێـــتەوە دەبێــــتە حەقیقەت!"
لە کتێبی "خەباتەکەم" هیتــلەر دەڵێت: "زیرەكترین تەکنۆلۆژیــــای پڕوپاگەندە ناتوانێت سەرکەوتن بە دەست بهـــــێنێت گەر ئەو بنەمایە لە بەرچاو نەگرێت کە ئەویش جەختکردنەوەیە لە سەر چەند خاڵێك و دووبارەکردنەوەی بەردەوامیــــانە". وەك ئەوەی کەناڵە جیهانیەکان دەیکەن کە ٢٤ سەعات بە دەیان جار هەواڵێك بڵاودەکەنەوە و لە ڕێگەی ئەم دووبارە بوونەیەوە دەیکەنە حەقیقەت بە تایبەتی ئەگەر هەواڵەکە گونجاو بێت لەگەڵ بۆچوون و ئینتیمای بیروباوەڕەکانی بەرمابەردا.
لای خۆشمـــان کەم کار نەکراوە بۆ بە دەبەنگ کردنی خەڵكی و ختوکەدانی هەست و سۆزەکانیان و  لەبەرامبەریشــــدا وێرانکردنی بیرکردنەوەی جەدەلیـــانە. خودی ناسیونالیزمی کورد بە هەموو باڵ و باڵۆچکە و لق و پۆپەکانیـانــەوە بەرئەنجامی درۆیەکی گەورەن، ئەویش لابردنی ستەمی میللیە لەسەر خەڵکی کوردســــتان. ناسیونالیزمی کورد بە درێژایی مێژووی کارکردی سیاسی و چەکداریی چ لە شاخ و چ لە شار پڕوپاگەندەی ئەوەی کردووە کە خەڵكی ڕزگار دەکەن لە ستەمی میللی، بەڵام بە درێژایی ئەو مێژووەی شاخ و شاریــان نیشانیان داوە کە ئەوان نەك هەر شەهامەتی ئەو کارەیان نییـــە، بەڵکو بە کردەوە ڕێگرن لە بەئەنجام گەیاندنی کارێکی وا. کێشەکە ئەوەیە کە پروپاگەندە و درۆکانیـــان هەمیشە گوێگرانێکی هەیە و لای زۆربەی خەڵکی کوردســـتان مانەوە و دەسەڵاتی ئەمانە بووەتە حەقیقەتێکی تاڵ.
میدیای حزبی و بە نــاو سەربەخۆش درێغی نەکردووە لە گەوجکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردســـتان و بردنی بە ئاراستەی مانەوەی پایەکانی ئەم دەسەڵاتە، ئەویش لە ڕێگەی بە لاڕێدا بردنی هۆشی خەڵك بۆ ئەو مەسەلانەی کە کێشەی ڕاستینەی خەڵك نین.
بە نموونە لە کاتی هەڵمەتی سوپا فاشیستەکەی ئەردۆغاندا بۆ سەر قەندیل، هەواڵێك میدیـــــاکانی گرتەوە، هەواڵەکە بەم جۆرە بوو: " بوونی هێــــزەکانی پارتی کرێکارانە بەڵگە دەداتە دەست تورکیا بۆ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردســــتان"!.ئەم ناونیشانە بچکۆلەیە کە لۆژیکێــــکی هەڵخەڵەتێـــنەرانەی بەرزی تێدا سەرف کراوە و لە ڕێگەی دەزگا زەبەلاحە میدیاییەکانەوە دووبارە و سەد بارە دەکرایەوە، زۆر ئاساییە لای زۆرێك ببێــــتە حەقیقەتێك و ئەو قەناعەتە دروست ببێت کە ئەگەر بوونی چالاکیەکانی پەکەکە نەبێت ئەوا تورکیـــا ئەو هێرشەی نەدەکرد! کەمینــــەیەك لە مێژووی فاشیزمی تورکی دەگەن و لە لایان ئاشکرایە کە فاشیزمی دەوڵەتی تورکیـــا ڕەگێکی ڕیشەداریی هەیە و مێژووی ئەم فاشیزمە بەرامبەر بە کورد و کەمایەتییەکانی تری ناو تورکیا لە مێژووی بوونی پەکەکە زیـــاترە، بەڵام ئەم دەنگە کزەی حەقیقەت دەگاتە کەمترین گوێ!
ترامب لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا بە هیچ شێوەیەك توخنی ئەو کێشە سەرەکیـــــانە نەکەوت کە کۆمەڵگەی ئەمریکی دەرگیریی بووە، بەڵکو پەنای بردە بەر باس کردنی کۆمەڵێك زانیـــاری هەڵەو درۆ لەوانە، ڕێژەی تاوان لە ئەمریکا چەند بەرابەر زیـــادی کردووە! بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە ڕێژەی تاوان لە ئەمریکا لە چاو ساڵانێکی پێش کەمتر بوەتەوە! 
هێزە ڕاستەکانی ئەوروپا بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان تەنگەشەی ئابووری سەرمایەداریی هەمیشە باسی ئەوە دەکەن کە ئەوە زیـــادبوونی ڕێژەی پەنابەران و کۆچبەرانە کە ئەم تەنگەژەیەی دروست کردووە! ڕەنگە بۆ خەڵکی قورس بێت بڕوات و بخوێـــنێتەوە و لە هۆکارەکانی تەنگژەی سیستەمێكی ئاڵۆز لە پەیوەندی کاڵا و هەڵئاوسان و سکەلێدانی پارەی بێ بایەخ و.... تاد کە سەرمایەداریی دروستی کردووە بکۆڵێتەوە، هەر بۆیە میدیا ئەو "ڕا" پۆپۆلیستانەیەی بۆ دروست کردوون پێـــــیان دەڵێت ئەوە زۆری ڕێژەی کۆچکردووانە هۆکاری تەنگەژەی سەرمایەدارییە! دەستەواژەیەکی وا فێڵاوی و درۆزنانە لەپاڵ سەتحی بوونێکی خەتەرناکی عەقڵی ڕەخنەیی زۆربە، بەسە بۆ ئەوەی حەقیقەتی ناسینی ڕیشەیی سیستەم بدەیت بە ئەرزا!


خاڵی هاوبەش لە هەموو ئەو ڕووداوانە ئەوەیە کە پشت دەبەستـــــێت بە کەمپینێکی ڕێکخراو لە درۆ و پڕوپاگەندەی ناڕاست و دەیانڵێتەوە و دووبارەیان دەکاتەوە، ئەوەش لە ڕێگای میدیـــاوە، تا لە هۆشی خەڵکدا دەبنـــــە حەقیقەتێکی سەلمێنراو.
کێشەیەكی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە هێچ کاتێك حەقیقەت و شوێنکەوتنی حەقیقەت خولیـــای مرۆڤ نەبووە بە گشتی چونکە ووتنی ڕاستی بە بێ خەوش هیـــــــــچ کەسێکت شوێن ناخات، بەڵام پڕوپاگەندە و چیرۆکی درۆزنـــــانە بە مەبەستی قەناعەت دروست کردن کاریگەرییەکی سەرسامی هەیە بۆ یەکخستنی خەڵك لە دەوری ئەو باوەڕانەی کە کۆیــــان دەکاتەوە. ســـیستانی دەتوانێت بە فەتوایەك هەزارەها بکاتە چەکداری حەشدی شەعبی، بەڵام هەر ئەو هەزارەهایە کە مافی کار و مافی ژیــــانیان لە ئاستێکی زۆر خوارەوەدایە قورسە بیناخەیتە سەر جادە بۆ هیچ نا تەنها بۆ بەدەستهێنـــانی مافەکانی خۆیان. 
زەمەنی پۆست حەقیقەت ڕەنگدانەوەی تەنگەژەیەکە کە داکەوت "واقیع" و دنیــــای ئێــــمە تێی کەوتووە. وەك جان بۆدریــار دەڵێت: "جیهـــانێك تا بێت زانیـــاری زیاتر و زیاتر دەبێت بەڵام مــــانا تێـــیدا کەمتر و کەمتر دەبێت"! زەمەنێــــك کە ڕاستییەکان پاشەکشەیان پێکراوە و پڕوپاگەندەی هەست ئامێزانە و درۆ و وێڵکردن وزاڵبوونی دیسکۆرسی پۆپۆلیســـتانە کە کار لەسەر ختوکەدانی هەست و سۆز دەکات تا پێـــدانی ڕاستییەکان و جوڵاندنی عەقڵی ڕەخنەگرانە و جەدەلیمــــان. زەمەنێك کە دنیـــای گریمانەیی و لاموبالات هەژموونی کێشاوە بەسەرماندا و توانای ڕەخنە و شرۆڤەکردنی ڕاستییەکانی لێبڕیووین. لەم نێوەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە حوکمی فراوانبوونیان ترسناکترین ڕۆڵ دەگێڕن لە سەتحی کردنەوەی مرۆڤی ئەم سەردەمە. لەم تۆڕانەدا درۆی ئامادەکراو دەبێـــــتە حەقیقەت و حەقیقتیش لە پاڵیــدا دەمرێت. درۆ لە ئێســــتای دنیـــادا تەنهـــــا پڕوپاگەندەیەك نییــە بخرێــــتە بەردەم کۆمەڵێك کەس بەڵکو بووەتە بەرهەمێکی دروست کراو. زەمەنێكی ماکدۆنالدزی کە تویتەرو تویتی بچکۆلە، فەیسبووك و پۆستی دوو دێڕی دەبنـــە سەرچاوەی زانیــارییەکان و لە گەڵیشـــیدا کتێب و نووســــینی درێژ، باسە ئەکادیــــمیەکان پشتگوێ دەخرێن.  
لەم دەمەدا یان بەرەنگاریی ئەم شەپۆلە دەبیت لە درۆ و هەڵخەڵاتاندن و ڕیــــاکاریی! پەرە دەدەیت بە ڕەخنەی ڕیشەیی و عەقڵی جەدەلی و واز لە بیردۆزی "یان ڕەش یان سپی" دەهێنـــــیت؟ هەوڵدەدەدیت کە مرۆڤی ئەم سەردەمە سەرنجی بچێـــتە سەر نەهامەتی و نا یەکسانیەکانی کۆمەڵگە و ڕێگەی شۆڕشگێڕانەی نیشــــان دەدەیت! پەرە دەدەیت بە بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بە دژی سەرمایەداری و بەتایبەتیش لیبرالیزمی نوێ! یان دەچیـــتە سەر پلانێتەکەی "سۆلاریس"، سۆلاریسی دونیای گریمانەیی!



سۆلاریس فیلمی دەرهێنەری ڕووسی ئەندرێ تارکۆڤیســـــکیە Andrei Tarkovsky کە ساڵی ١٩٧٢ بەرهەمهات. تارکۆڤیســکی باس لە گەشتێكی ئاسمانی دەکات کە پاڵەوانی فیلمەکەی "کریس کێلڤن" بەهۆی کەشتییەکەیەوە بەسەر ئەستێرەی سۆلاریسی نەناسراودا دەخولێـــتەوە. کریس دەیەوێت ئەوەی بۆ ڕوونببێـــتەوە کە بۆچی کەشتیە ئاسمانیەکە وەڵامی پەیامەکانی وێستگە سەرەکیەکە ناداتەوە! لە ناکاو هاوسەرەکەی کە پێشتر مردووە دەردەکەوێت و تووشی ساکانێکی گەورەی دەکات! پاش ئەم ڕووداوە بیــــنەر ووردە ووردە تێدەگات کە هۆی دەرکەوتنی هاوسەرە لە دەستچووەکەی ئەوەیە کە سۆلاریس دەتوانێت خەیاڵ و یادگاریەکانی ناو مێشکی هەموو ئەوانەی کە لە ناو کەشتیەکدان بخوێـــنێتەوە و بە شێوەی وێنەیەکی کۆپیکراو کە زۆر لە ڕاستی دەچیت بەرجەستەیان بکات! بۆیە هەمووان یادگارییە کۆنەکانی خۆیــــان بە شێوەی کۆپیـــەکی وورد دەبینن کە سەختە جیای بکەنەوە لە نمونە ڕەسەنەکە. پاڵەوانی فیلمەکە لە سەرەتادا دەیەوێت نەکەوێتە ئەم فێڵەوە و ڕازی نەبێت بەو داکەوتە"واقیعە" گریمانەییە بەڵام دواجار شل دەبێت و ئەسیری کۆپی هاوسەرەکەی دەبێت. 
ئایا دەمانەوێت وەك فیلمەکەی تارکۆڤسکی کۆتایــــیمان پێ بێت و وەك پاڵەوانەکەی ئەو بڕیار بدەین کە نەگەڕێــــــینەوە بۆ حەقیقەت و دابەزیــــنە سەر سۆلاریس، جیهانی گریمانەیی هەڵدەبژێرین تا جیهانە حەقیقیەکەی خۆمـــانمان لێ وندەبێت؟ یـــان کارێکی تر مومکیــــنە!؟

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×