ئه‌مه‌ریكییه‌كان هۆشداریان داوه‌ته‌ په‌كه‌كه‌ له‌نزیكبونه‌وه‌ له‌و ناوچه‌‌ نه‌وتییانه‌ی‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان كاری‌ لێده‌كه‌ن

سەرتیپ وەیسی كەریم
  2020-11-06     705
له‌شه‌ڕی‌ روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ پارتی‌‌و په‌كه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ پارتییه‌، پارتیش به‌ر له‌وه‌ی‌ هێز بجوڵێنێت،‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ئیقلیمی‌‌و ئه‌مه‌ریكاو به‌غدا قسه‌ی كردوه‌.

له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوشدا، ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌باره‌ی‌ نزیكبونه‌وه‌ی‌ باره‌گاكانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌نزیك ئه‌و ناوچه‌ نه‌وتییانه‌ی‌ كه‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان كاری‌ لێده‌كه‌ن‌و باره‌گاكانی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ لێوه‌ نزیكه‌، به‌تایبه‌ت  كۆمپانیای‌ ( HKN Energy Ltd )، كه له‌قه‌زای‌ ئامێدی‌ كار ده‌كه‌ن‌و رۆژانه‌ توانای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ (30)  هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیان هه‌یه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ هۆشداریان داوه‌ته‌ په‌كه‌كه‌، به‌وه‌ی‌ له‌م ناوچانه‌ دووربكه‌ونه‌وه و هیچ جۆره‌ چاڵاكییه‌ك ئه‌نجام نه‌ده‌ن.

له‌به‌یاننامه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكادا، به‌روونی‌ دژایه‌تی‌ خۆیان بۆ په‌كه‌كه‌ ده‌ڕبڕی‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كاری‌ وه‌به‌رهێنان له‌نه‌وتی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت كۆمپانیای‌ (HKN) له‌پێشوتردا له‌عێراقدا سه‌رباز بون‌و ئێستا خانه‌نشین  و ئه‌و كۆمپانیایه‌ش پشكی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تێدایه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ له‌په‌نتاگۆن‌و باڵوێزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا قسه‌یان ده‌ڕوات و دژی‌ په‌كه‌كه‌ن و نایانه‌وێ به‌رژوه‌ندییه‌كانیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسی‌.

به‌شێكی‌ ئه‌و گرژیانه‌ی‌ ئێستا له نێوان پارتی‌ و په‌كه‌كه‌ هه‌یه‌، ‌په‌یوه‌ندی‌ به‌ رێككه‌وتنی‌ شه‌نگاله‌وه‌ هه‌یه‌و كه‌ ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه‌.
ئه‌و گرژیانه‌ی‌ ئێستا له‌ نێوان پارتی‌‌و په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌دا‌ هه‌یه‌، له‌ماوه‌ی‌ رابردووش هه‌ر هه‌بووه‌، به‌ڵام دوای‌ جولانی‌ هێز له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ زیاتر بوه‌.

له‌رێگه‌ی‌ هه‌ندێ كه‌ناڵی‌ تایبه‌ته‌وه‌ له‌سبه‌ی‌ شه‌ممه‌وه‌، پارتی‌ و په‌كه‌كه‌ گفتووگۆ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری‌ روودانی‌ شه‌ڕ له‌ ئارادا نییه‌‌، پارتی‌ ئامانجییه‌تی‌ له‌مه‌ودوا  چه‌ند هێزێكی‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌هه‌ندێ ناوچه‌دا،  له‌ به‌رامبه‌ر باره‌گاكانی‌  په‌كه‌كه‌‌ جێگیر بكات و رێگه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ڕه‌وی‌ و هاتنه ‌پێشه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ په‌كه‌كه‌ بكات.

جەیمس جێفری،  نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدیمانه‌یه‌كدا دەڵێت: یەکێک لەو بابەتانەی لەکۆمەڵگەی کوردی سوریادا هەیە بریتییە لەرۆڵی پەکەکە. ئێمە پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسین.

ده‌شڵێت: دەمانەوێت کادیرانی پەکەکە سووریا جێبهێڵن. ئەوە هۆکارێکی سەرەکییە وایکردووە کە گرژی لەباکوری رۆژهەڵاتی سووریادا هەبێت. ئێمە دەمانەوێت ئەو گرژییە کەم بکەینەوە، چونکە جگە لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا، پێکەوەکارکردنێکی نزیکمان لەگەڵ تورکیا لەبارەی بارودۆخی سووریاوە هەیە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×