دیدێك له‌ په‌راوێزی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا

هه‌ردی مێد
  2020-11-07     306
له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ پۆزه‌تیڤ و باشه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌بێت كه‌ بوو به‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ ده‌رخستنی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی و ئاشكراكردنی دۆخی هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌مریكیه‌كان.
دڵنیام زۆرێكمان نه‌مانده‌زانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی مرۆڤگه‌لێك هه‌بن په‌نا بۆ نوشته‌، جادوگه‌ری و دوعا له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رن و بڕوایان به‌ كاریگه‌ری ئه‌م جۆره‌ پراكتیكانه‌ هه‌بێت. نه‌مانده‌زانی خه‌ڵكێك بڕوای به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ شه‌یتان و ئه‌هریمه‌ن‌ هاتوون ده‌نگه‌كانی تره‌مپ بدزن و زه‌مینه‌سازی بۆ دۆڕانی ‌بكه‌ن. نه‌مانده‌زانی هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی ئاوها عه‌فه‌ویی، تافهه و هاكه‌زایی و بێمانا بێت.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌ دۆخی ناوه‌وه‌‌ و بونیادی عه‌قڵی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی پێنیشانداین ده‌بێت به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ یه‌ك وانه‌ی لێفێرببین، به‌ تایبه‌تی ئه‌و چینه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ناوی خۆی ناوه‌ ڕۆشنبیر. ده‌بێت ڕۆشنبیری ئێمه‌ روانگه‌ و خوێندنه‌وه‌یان بۆ‌ رووداو و پراكتیك و دونیابینی مرۆڤی كورد ئه‌هوه‌نتر و ڕێژه‌ییتر بكه‌ن و پێیانوانه‌بێت كورد میلله‌تێكی دواكه‌توو، سه‌یر و غه‌ریبن.
له‌ راستیدا، ئاشنانه‌بوونی ڕۆشنبیری كورد به‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی دی و مێژوویان هه‌میشه‌ له‌ خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دووچاری زیاده‌ڕه‌وی و هه‌ڵه‌ی كردوون‌‌. به‌ شێوه‌یه‌ك رووداوه‌كانیان وه‌ك رووداوی دانسقه‌ و تایبه‌ت به‌ كورد بینیووه‌. بێئاگایی ئه‌مان له‌ مێژوو و دینامیكی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كانی دی ڕێگه‌ی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی <كولتورێكی لۆكاڵی> و <دیدێكی لۆكاڵ> خۆشكردووه‌ كه‌ تێدا نوسین و هه‌ڵسه‌نگاندنی رۆشنبیری ئێمه‌ بۆته‌ داشۆرین و سوكایه‌تیكردن به‌ كورد، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ دونیای ئێمه‌ رووده‌دات له‌ شوێنێكی دی و دونیایه‌كی دی نه‌بن.
كێشه‌ی ئه‌م كولتوره‌ لۆكاڵییه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌ك شاز و غه‌ریب پیشانده‌دات، یان هه‌موو رووداوه‌كانی دونیای ئێمه‌ ده‌كات به‌ رووداویی تایبه‌ت به‌ كورد و دواكه‌وتووی كورد، به‌ڵكو هیچ زه‌‌مینه‌سازییه‌كی بۆ كاری به‌راوردكردن نه‌هێشتوتۆته‌وه‌. ئه‌م كولتوره‌ لۆكاڵییه دۆخێكی خوڵقاندووه‌ هه‌موو به‌راوردكردنێكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و رووداوه‌كانی ناوی به‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی دی به‌ پاسا و بیانوو ده‌زانێت بۆ شاردنه‌وه‌ی دۆخی كورد. واته‌ هۆشیارییه‌كی دروستكردووه‌ كه‌ داشۆرینی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كردووه‌ به‌ مه‌رجی ژیری و به‌رزی ئاستی ڕۆشنبیری. ئه‌م كولتوره‌ لۆكاڵییه‌ كاری به‌راوردكردنی كردووه‌ به‌‌ پاساو، له‌ كاتێكدا به‌ بێ به‌راوردكردن ئه‌سته‌مه‌ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له‌ خۆی تێبگات.
هه‌میشه‌ پێموابووه‌ و له‌ رابردووشدا جه‌ختم له‌وه‌كردۆ‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ مه‌مله‌كه‌تی ئێمه‌ رووده‌ده‌ن ئاساییین و به‌شێك نین له‌ رووداوی ناوازه‌ و سه‌یر. هه‌میشه‌ پێموایه‌ بووه‌ ئه‌وانه‌ی كار بۆ نیشاندانی شازێتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كه‌ن، هه‌ر خۆیان شاز و سه‌یرن، هاوتا بێئاگا و دابڕاون له‌ دینامیكی كۆمه‌ڵگه‌كانی دی.
بۆیه‌ هیوادارم هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا و رووداوه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ ببنه‌ مایه‌ی ئه‌هوه‌نبوون و ڕێژه‌ییبوونی روانگه‌ و دیدمان سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كورد و رووداوه‌كانی ناوی.


نوسەری ئەم بابەتە مامۆستایە له‌به‌شی زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌زانكۆی سۆربۆن
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×