كۆبونەوەی داھاتو... سوارو سوار؟!

دانا سۆفی برایم
  2019-03-29     862
دوایی ئەوەی پارتی‌و یەکێتی کۆبوونەوەی ژمارە ١١یازدەیان ئەنجامدا، بەڵام نەگێشتن بەھیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بۆ خەڵکی کوردستان  جارێکی تر وتیانەوە کۆبوونەوەیێکی ئیجابی بو بۆ کۆبونەوەیێکی تر قسەی ترمان ئەبێتەوە، درێژە کێشانی کۆبونەوەکانیش زیاتر گۆمی پێکھێنانی حکومەتی شلوێتر ئەکات.

یەکێک لە ھۆکارەکانی پێکنەھاتنی ئەم دوو ھێزە سیاسیە لاوازی  ئەندامانی وەفدەکانە کە بۆ ھەموو قسەیێک و پێشنیارێکی نوێ دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەروی خۆیان! بە تایبەتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەنگی داوەتەوە کە بۆ دوو کۆبوونەوە ئەچێت ھیچ ئەندامێکی ماڵباتی بارزانیەکانیان لەگەڵ نییە، ئەمەش لاوازی وەفدی پارتی و نەبوونی قسەی یەکلایکەرەوەیان بۆ یەکێتی دەردەخات، بە کوردی پەتی قسە پێبو و بڕیار بده‌ستییان لەگەڵ نییە، بە تایبەتی لە کۆبوونەوەی ٢٧ ئەم مانگە پارتی وتوویەتی ھاتووین لەسەر ھەمان پێشنیارەکانی پێشووتر ڕێکبکەوین! ئەمەش ئەوەمان پێ ئەڵێت زەمینە سازی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە نەکراوە و به‌ڵكۆ ته‌نها ژماره‌ی كۆبوونه‌وه‌كان زیادبووه‌، ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتیش ڕای گەیاندووە "بۆیە حكومەت پێكنایەت پارتی خۆی بە سوار و یەكێتی بە پیادە دەزانێت" بۆیە باشتر وایە پارتی جێگایێک بۆ ھاوڕێکەی لە پێشەوە بکاتەوە وەکو لە کوردەواریش ھاتووە ئەوەی لە پێشەوەبێت برا گەورەیە، ئەو کات پارتی سووکانەکەی ھەر لای خۆیەتی و یەکێتیش خۆی بە پیادە و نەفەر نازانێت لە سواریەکە...

چی بکرێت بۆ ڕێککەوتن؟!
پێمان وایە پێویستە لە کۆبوونەوەی 12دوازدەھەمینیان  بۆ ئەوەی یەکلایکەرەوەبێت و  بگەن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر  بە پاکێجێکی تەواو نوێو کەشێکی گونجاو بڕەخسێندرێت و پێشتر زەمینەسازی  بۆ بکرێت، جیا لەمەش شاندی ھەردوولا بگۆڕدرێن و پێک بێن لە پارتی : مەسعود بارزانی ، نێچیرڤان بارزانی مەسرور بارزانی چەند ئەندامێک لە مەکتەبی سیاسی یان سەرکردایەتی، ھەروەھا لە یەکێتی: کاک کۆسرەت، بافێڵ تاڵەبانی، لاھور شێخ جەنگی،  چەند ئەندامێک لە مەکتەبی سیاسی یان سەرکردایەتی، بوونی ئەم ناوانەی سەرەوەش لە کۆبوونەوەیێکدا ئەبێتە کۆتا کۆبوونەوەی ئەم دوو ھێزە ئەگەر نیەتی سازان و نەرمی نواندنیان ھەبێت بۆ یەکتری!
پاکێجێکی نوێ و خاڵی ھاوبەش...
بۆ ئەوەی پارتی بە داواکاریەکانی یەکێتی ڕازی بێت باشترە یەکێتیش بە تایبەتی پارێزگاری کەرکوک دوو ساڵ بدات بە ھاوبەشەکەی لە پێناوی سازانی نیشتمانی یان دەست لە وەزارەتی داد ھەڵبگرێت، ئەمەش بۆ یەکەم جارە دێتە ئاراوە وەکو چۆن پێشتر سەرۆکایەتی حکومەتییان بەم شێوەیە بەڕێوەدەبرد، بەم شێوەیە کاریگەری دەرەکیان لەسەر کەم دەبێتەوە کە خۆیان ڕێککەوتنی خۆیان بێت باشترە لەوەی ڕێکیان بکەوێنن بەمەش دڵی ھەرووکیان دەشكێت و کابینەیێکی لاواز و دێتە بونیادەوە، ئارامی و بەھێزی کوردستان بکەن بە خاڵی هاوبه‌ش و  پێکھاتنیان و چی تر ڕۆژەکان و کۆبوونەوەکان پێکھێنانی کابینەی نۆ  درێژتر نەبنەوە.

ئەوەی جێگایی پرسیارە  ئایا لە کۆبوونەوەی ژمارە دوازدە ڕێکدەکەون یان وەکو خۆیان جار جار باسی ئەکەن ئەوەی خۆت بۆخۆت ئەوەی خۆشم بۆ خۆم؟!
لەم ناوەندەدا کوردستانییان و کوردستان ماندووتر ئەبن، ڕۆژ بە ڕۆژیش ئومێد بەم کابینەیە کەم دەبێتەوە، ئەمەش زیاتر بە زەرەدی ھێزی پێکھێنەری حکومەت دەشکێتەوە.
پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە ئایە پارتی بێ ھاوبەشە کۆنەکەی حکومەت پێکدێنێت؟  یان لە پێناو سازان و پاراستنی ئەم دەسکەوتانە نەرمی دەنوێنێت؟!
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×