سێڵفیەک لەگەڵ بایدن

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
  2020-11-10     806
هێشتا بەڕەسمی جۆ بایدن"  نەبووبووە سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەنها سەرەتای ئەنجامەکان ئەوەیان نیشان دەدا کە بایدن دەبێتە سەرۆکی نوێی ئەمریکا، فەیسبوک و ماڵپەڕ و پەیجی حیزب و سیاسیەکانی هەرێم، پڕ بوو لە وێنەی سەرۆک و بەرپرسانی باڵای بەشێك حیزبەکانی هەرێم و جۆ بایدن.

 بەشێك لەسیاسیەکانی هەرێم، هەر زوو کەوتنە وەسف و ستایشی جۆبایدن و وێنە و ڤیدۆ کۆنەکانی ئەویان بڵاو دەکردەوە، وەک ئەوەی کە ئیدی جۆبایدن فریشتەی ڕزگارکەری کوردبێت و مژدەی یەکگرتنەوەی پارچەکانی کوردستان بەسیاسیەکانی کورد بدات، یاخود وەک ئەوەی کە ئیدی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەسایەی دەرچوونی جۆ بایدنەوە، لەدەیان گرفت و قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری  و حوکمڕانی ڕزگاری بێت و وڵات ببێتە شامی شەریف. 

گرفتی حیزب و سیاسی کوردیی بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر ئەوەبووە کە سیاسەت و پەیوەندیی سیاسیان بە هەست و سۆزەوە گرێداوە، وەک ئەوەی کە جۆبایدن و دەیان سەرۆکی پێش ئەو و ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر ئەم بنەمایە سیاسەت بکەن و بەرژەوەندییە گرنگەکانی خۆیان لەبەر چاو نەگرن و لەپێناو سیاسیە ناتەباو ناڕێکەکانی کوردا پێ لەبەرژەوەندیەکانی خۆیان بنێن.  

وەک ئەوەی کە وێنە و سێڵفیەکی جۆبایدن لەگەڵ بەرپرسەکانی کورد دا و  دانیشتنی خوانێکی دەیان ساڵەی پێش ئێستایان و دروستکردنی کۆمەڵێك چیرۆک و قسە کە زۆرجار گومان لە ڕاستی بوونیان دەکرێت لەلایان سیاسیەکانی کوردەوە بۆ جۆبایدن، یاخود هەر سیاسی و سەرکردەیەکی دیکە،  پێگە و هێزی ئەمان لەلای ئەوان و دنیا بەرز دەکاتەوە و دەوڵەتێکی وەک ئەمریکایان بۆ بنیاد دەنێت، لەکاتێکدا هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد هەمیشە ناتەبایی و ناڕێکی نێوانیان وێنای ئەوانیان لەنێو و خۆ و دەرەوەشدا شێواندووە و لەگەیشتن بەخەون و هیواکانیان دووریان خستۆتەتەوە و ئەمریکا و هەر وڵاتێکی دیکەی زلهێز، پێش بوونی سەرکردەیەکی نەرم و نیان، دامەزراوە و بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتەیە. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×