داستانی تۆڵە (بەشی شەشەم)

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-11-10     805
پاش گەڕانەوەم بۆ سنوری ئێراق/ ئێران بارودۆخی شۆڕش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچوو. لە سەرتای ساڵی ١٩٨٨ هێرشی ئەنفالەکان دەستی پێکرد، پاش چەند مانگێک لە شەڕی بەرگری، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر بۆردومانی چەکی کیمیاوی و هێرشی چەکدارانی کوردی فەوجە سوکەکان و جەیش گشت ناوچەکانی گەرمیان، قەرەداغ و دەڤەری سەرگەڵوو/ بەرگەڵووی بەجێهێشت. گشتمان دوبارە ئاوارەی سنورەکانی ئێران بوینەوە، بارودۆخێکی نەخوازراو ڕوی لە شۆڕشی کورد کرد. بەهۆی نەمانی ناوچەئازادکراوەکان قۆناغێکی نوێ لە شۆڕشی چەکداری و سیاسی لە سەرسنورەوە دەستیپێکرد.

لە ژێر فشاری گشت جیهان ئایەت اللە خومەینی جامی زەهرەکەی خواردەوە و لە بەرواری ٢٠/٠٨/١٩٨٨ ملی نا بۆ ڕێکەوتن و ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئێراق. هێزی سەربازی ئیراق زۆر بەهێز بووبوو تەنانەت زۆربەی ناوچە سنوریەکانی خۆی گرتەوە، بە تەریبیش بارودۆخی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بێ جیاوازی هەموو حزب و رێکخراوەکانی شۆرشەوە باش نەبوو، کەم کەس ئومێدی هەبوو کە بەم زوانە بە سەربەرزی بگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان.

لە ساڵی ١٩٨٩ دا بۆ ماوەی چەند مانگێک هەر بۆ بەدواگەڕان و کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی عەبدوڵای برامەوە بە یاوەری کۆمەڵێک گەنجی خۆمان بارەگایەکم لە سەر سنور لە گوندی سورەدێ دانا، کە ئەوکاتە ئەو گوندە وەکو مەرزێکی نافەرمی بازرگانی بوو لە نێوان کوردستانی باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات، پاشان ماوەیەکیش لەگەڵ برا پێشمەرگەکانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی قڕناقە مامەوە، بەڵام بەداخەوە لەو ماوەیەشدا پاش هەولێکی زۆر چڕ وپڕ هیچ زانیاریەکی بەسودم بەدەستنەگەیشت. زۆربەی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەهەمان شێوە لە دوای چۆڵکرنی ناوچەکانی قەرەداغ و سەرگەڵو/ بەرگەڵو هاتبوونە ئەو ناوچەیە.

گوندی سورەدێ لە نزیک مەزی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و سەربە شارەدێی سەنگەسەر و شارۆچکەی پشدەر لە پارێزگای سلێمانییە.

بەلام لە ٢/٨/١٩٩٠ ئیراق وڵاتی عەرەبی کوەیتی دراوسێی خۆی داگیرکرد و لە بەرواری ٢٨/٨/١٩٩٠ کوەیتی کرد بە پارێزگای ژمارە ١٩ خۆی. ئەم ڕووداوە گرنگە ناوچەکەی بەیەکجار شڵەقاند و گشت کارتەکانی تێکەڵاوکردەوە و زۆربەمان ئاهێکمان هاتەوە بەر وئومێدمان بەڕۆژی ڕزگاری یەکجاری گەیشتە ترۆپکی خۆی، ئیدی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چەتری بەرەی کوردستانیدا کەوتنەوە خۆئامادەکردن و جوشدان بۆ قۆستنەوەی هەلێک کە بگەڕینەوە ناوچە ڕزگارکراوەکانی پێشو. چونکە دەمانزانی کە ئێستا وڵاتی ئێراق لەگەشت جیهان دابڕاوە و بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران لە بواری ئابوریەوە تێکشکابوو وە ئیتر لە هەموو لایەکەوە شەڕی هەموو جیهانی پێناکرێت.
لە بەرواری ١٦/٠١/١٩٩١ بە پێی بڕیاری ٦٧٨ ی ئەنجومەنی ئاسایشی جیهان ئەمریکا و هاوەپەیمانەکانی هێرشی وەدەرنانی ئێراقیان لە کوەیت دەستپێکرد و لە شەوی ١٧/٠١/١٩٩١ سەعات ٣ ی بەرەبەیان بە خەستی ئێراق بۆمبباران کرا و ئۆپەڕاسیۆنی گەردەلولی بیابان دەستی پێکرد.
ستەم و داپڵۆسینی جەماوەری کوردستان لە باکور و شیعەکان لە باشور گەیشتوبوە ترۆپک، کورد وتەنی زۆڵم و زۆرداری لە ئەستوریدا دەپچڕێ، بۆیە چ کورد و چ شیعەی باشوور ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە لە مانگی ئازاردا دا ڕاپەڕینی کوردستان دەستیپێکرد. سەرەتا هەروەکو باسمکرد پێش چەند مانگێک خۆجوشدان و جموجۆڵیکی سیاسی گەورە لە سەر سنورەکانی کوردستان دەستی پێکردبوو، زۆربەی حزبەکان کەوتنە ناردنی نامە و بەسەرکردنەوەی ڕێکخستنە نهێنیەکان و هەوادارەکانیان لە شار و دوبارە ڕێکخستنیان، بۆ زۆربەی چەکدارانی کوردی فەوجە سوکەکانیش نامە نێردراو دڵنیاکرابونەوە کە بە بێ جیاوازی لێبوردن وئاشتبونەوەی گشتی دەبێت و ئێمەی پێشمەرگەش لە سەر سنورەکانی ئێراق/ ئێران هەموو ئامادەبووین و چاوەڕاونی فەرمانی سەرەوە بووین بۆ گەڕانەوە.
پاش گەڕانەوەی جەیشی ئێراقی لە کوەیت و تێکشکانی گشتیان لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە لە سەر مەرزی کوەیت / ئێراق لە بەرەبەیانی یەکی مانگی ئازاردا لە باشوری ئێراق بەتایبەتی لە شاری بەسرە ڕاپەڕین دەستی پێکرد. پاشان لە ٥/٣/ ١٩٩١ لە ڕانیە جەماوەری کوردستانیش ڕاپەڕین، ئێمەش گشتمان لە سەر سنوری ناوچەکانی خۆمان بوون لە بەرزاییەکانی پشتی گوندی گۆڵێ لە یەکێک لە بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
گوندی گۆڵێ کەوتۆتە شارەدێی گەرمک و سەربە شارۆچکەی پێنجوێنە لە پارێزگای سلێمانی. ئەم گوندە لە باکورەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندی پاشبەرد و لە با شوور لەگەڵ گوندی بە‌هێ، لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ گوندی بێماوای کۆن و لە ڕژۆئاوا لەگەڵ گوندی قۆخی شاوڵێ هاوسنوورە.
لە ٨/٣/١٩٩١ لەگەڵ لە کۆمەڵێک پێشمەرگە، خزمان و دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی ئێراقی کە لێپرسراوەکەیان برای خۆشەویست کاک حەمە ڕەشید قەرەداغی بوو وەکو لێپرسراوی بەشی سەربازی ئەو حیزبە بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتین. ئەمە ناوچەی زیدی باوباپیرانی خۆمان بوو بەڵام بەهۆی شەڕی ئێران/ ئێراق و کارەچەپەڵەکانی ڕژێمی ئێراق هەموو شوێنێک بە ئەڵغام و مین چێنرابوو بۆیە زۆر زۆر بە وریاییەوە بە ڕێگاکاندا دەڕۆیشتین و ترسێکی زۆرمان لە مین و ئەڵغام هەبوو. لە دامێنی گوندی گۆڵێ وە بەسیم لە ئاوی چەمی شلێر پەرێنەوە بۆ بەری گوندی سپیار، تا ئەو کاتەش سەربازگەیەکی گەورە لە گوندی گۆڵێ مابوو. پاشان شەو لە گوندی توانێ لە نێو سەربازگەیەکی کۆندا لە بەر سەرما و باران تابەرەبەیان ماینەوە. بەرەبەیان زوو بەڕێکەوتین و کاتێک گەیشتینە گوندی چەمیاڵە، لەوێ زانیمان کە سەربازگەکانی وڵیاوا، چوارتا و قەڵاچوالان چۆڵیانکردبوو، هەر ئەو ڕۆژە لەلایەن ڕێکخستنە نهێنیەکانی ناوچەی چوارتا لە شاری سلێمانیەوە بەگشتی و لەلایەن خوالێخۆشبوو ئامۆزای خۆشەویستمان کاک سڵێمان علی ئاغا بەتایبەتی چەند سەیارەیەک و پاسێکمان پێگەیشت. کەگەیشتینە گوندی وڵیاوا سواری پاس و سەیارەکان بوین و بە هەموو جادەی قیردا بەنێو چوارتا و قەڵاچوالان گەڕاینەوە بۆ ناو شاری سلێمانی.
لە بەروای ٩/٣/١٩٩١ گەیشتمەوە ناو شاری سلێمانی، ئەوکاتە شارەکە هیچ بەرگریەکی تێدا نەمابوو وە بەتەواوەتی لەدەست ڕژێمی بەعسی ئازادکرابوو. چەند هەستێکی خۆش بوو کە ئاوا بەسەربەرزی و سەرکەوتوویی هاتینەوە ناو خزم و کەس وکارمان. کاک سڵێمان علی ئاغا و کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی ڕیکخستنی نهێنی ناوچەی چوارتا لە گەڕەکی شەهیدان و لە مەکتەبی شەهیدان بارەگایەکیان دانابوو کە نزیکەی هەزاران پێشمەرگەی کۆنی شۆڕشی ئەیلول، هەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کومەڵێک لە چەکدارە کوردەکانی ئەوکاتەی ڕژێم بە چەک و پێداویستی سەربازی خۆیانەوە پەیوەندیان بەو بارەگایەوە کردبوو. ئامۆزای خۆشەویستم و پێشمەرگەی دلێری شۆڕشی ئەیلول کاک سلێمان عەلی ئاغا سەرپەرشتی و لێپرسراوی ئەو بارەگایە بوو.

لە بەرواری ٩/٣/١٩٩١ شارۆچکەی چەمچەماڵ ئازادکرا. لە بەرواری ١٤/٣/١٩٩١ دا پاش ئەوەی کۆمەڵە سەیارەیەکمان نارد بەداوایاندا لە گوندی کانیخانەوە لە سەر مەرزی ئێراق/ ئێران بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی و بەیاوەری بەڕێز کاک دەروێش عبدالرحمن ئاغا گەڕانەوە سلێمانی. ئەو شەوە گشتمان لە ماڵی بەڕیز کاک عومەر حەمە ڕەشید ئاغا ماینەوە و بۆ بەرەبەیان یەکڕاستە کاک نێچیرڤان بارزانی بەیاوەری کاک دەروێش عبدالرحمن ئاغا و لەگەڵ لێپرسراوانی تر زیارەتی مزگەوتی گەورە و مەرقەدی حاجی کاک ئەحمەدی شێخمان کرد، ئێستاش دیمەنەکەی لەبەر چاومدایە و لەیادمە! بەڕاستی دیمەنێکی حەماسی جوان بوو، کە چۆن ئەم جەماوەرە خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕی، لەو ڕۆژەدا بە هەزاران لە جەماوەری سەربەرزی سلێمانی بە خۆشحاڵیەوە لەبەردەم مزگەوتی گەورە هاتبوون بۆ پێشوازی بەڕێزیان.

دوبارە گشت هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری بەرەی کوردستانی خۆیان ڕێکخستەوە و بەرەو ئازادکردنی شاری کەرکوک کەوتینە ڕێ و لە چەند قۆڵێکەوە هێرشی نێو شارەکە کرا و لە بەروای ٢١/٣/١٩٩١ دا کەرکوک ئازادکرا. هەرئەو ڕۆژە ئێمە بارەگامان لە مقەرێکی بەعسیەکان لە گەڕەکی کوردنشینی ئیسکان دانا. لەماوەی دەیان ساڵدا دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کوردنشینەی ئیسکان زۆر ستەم و ناڕەحەتیان بەدەست لێپرسراوی ئەو مقەڕەی بەعسیەکان لە ئیسکان چێشتبوو، کە ڕەفیق حیزبیەک بوو، بە خۆشحاڵیەوە لە شەوی ئازادکردنی شاری کەرکوک نەیتوانی دەربازبێت و کە ڕۆژبوەوە تەسلیمی دانیشتوانی ڕاپەڕیوی گەڕەکەکە کرا.
بەداخەوە بەشێکی سەربازگەی خالید هەر سەرسەختانە بەرگریدەکرد و هێرشەکانی پێشمەرگە لەویدا وەستا، هەموو شەوێک شەڕی بەردەوام لە سەربازگەی خالید هەبوو وەتاکە مۆڵگەی دوژمن بوو لەو ناوچەیە کە لەژێر دەستی مابوەوە، چونکە زۆربەی شارۆچکەکانی کەرکوک ئازادکرابوون. بەداخەوە حیزبەکان خەریکی شتی لاوەکی بوون لە کەرکوک، هاوئاهەنگی لە نێوان حزبەکانی نێو بەرەی کوردستانی بۆ شەڕی سەربازگەی خالید نەبوو، بەڕۆژ لە کۆبونەوکاندا کە لە باڵاخانەی پارێزگاری ئەو شارە دەکرا، بڕیارێکیان دەدا و بەشەو جێبەجێیان نەدەکرد. بۆیە پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەک دوو هێرش دا بە تەنها جێهێڵدران و زەرەرو زیانێکی گیانی زۆریان بەرکەوت و بەدەیان پێشمەرگەو لایەنگرمان شەهیدبوون بەتایبەتی شەهیدانی لیژنەی ناوچەی هەڵەبجە لەنێو جەرگەی سەربازگەی خالید بەجێمان و تا دوا فیشەکیان شەڕیانکرد.

لە بەروای ٢٨/٣/١٩٩١ دوژمن بە هاوکاری گروپێکی بەکرێگیراو گەڕایەوە کەرکوک، لەو شەوەدا شەڕێکی گەورە لەگەڵ هێزی دوژمن لە چواردەوری گوندی چیمەن ڕویدا و بەدەیان پێشمەرگەی قارەمان شەهیدکران. برای بەڕێزم خاڵە نەبەز (خولەی جگەر) کە سەرپەرشتی ئەو قوەتەگەورەیەی چیمەنی دەکرد لەو شەڕەدا بە سەختی زامدار بوو. بەداخەوە لە بەرەبەیانی ٢٩/٣/١٩٩١ ئامۆزای لاوی خۆشەویستمان دڵشاد عەبدوڵا محـمود ئاغا کە گەنجێکی چالاک و نەبەز بوو، کە سەرپەرشتی قوەتەکەی منی دەکرد، وەلەسەرەتای ڕاپەڕینەوە هەر لەگەڵ خۆم بوو، لە گوندی قەرەهەنجیر شەهیدکرا.
شارەدێی قەرەهەنجیر کەتۆتە باکوری شاری کەرکوک و لە سەر جادەی نێوان کەرکوک و چەمچەماڵە بەهەمان شێوە گوندی چیمەن کەوتۆتە سەر هەمان جادە و تۆزێک بەرەو ڕۆژهەڵاتی شاری كەركوك و نزیک شارەدێی قەرەهەنجیرە.
بەردەوام فشاری هێزەکانی ڕژێم و گروپێکی بەکرێگیراو لە سەر سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە ڕۆژلەدوای ڕۆژ گەورەتر دەبوو. بەداخەوە هاوپەیمانان ڕێگەیان بە ڕژێمی ئێراق دا کە بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕین سود لە فرۆکەو کۆپتەر وەربگرێت تا بتوانێت ڕاپەڕینی باشور و باکور دامرکێنێتەوە، هێزی پێشمەرگەو کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕیو بەرگەی فشار و هێرشی چڕی ڕژێمی ئێراقیان نەگرت و گشت شارە ئازادکراوەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دوبارە کەوتنەوە دەستی ڕژێمی ئێراق. بەداخەوە لە بەرواری ٣١/٣/١٩٩١ گشت دانیشتوانی کوردستان لە ژێر لێزمەی بەفر و باران بەو سەرمایە کۆڕەوێکی مێژوویی چەند ملیۆنیان خوڵقاند، کە هەستی گشت مرۆڤدۆستانی جیهانی دەروەی جوڵاند. ئەوی بە چاوی خۆمان بینیمان ئەو کۆڕەوە یەکێکە لە کارەساتە پڕ ناسۆر و خەفەتبارەکانی مێژوی خەباتی ئێمە.
بەهۆی ڕووداوەکانی ڕاپەڕین، ڕزگاری شاری کەرکوک و شەهید بوونی دڵشادی عبدوڵای محمود ئاغای ئامۆزام و پاشان کوڕەوەکە سەر ئەو بنەچە خەڕاتەم نەدەپەرژا، بەڵام هەر لەیادمبوون و ئیتر بریارمدا بە هەموو توانامەوە و گشت هەست و بیری خۆم بخەمەگەڕ بۆ دۆزینەوەیان. سەرتا لە بەشی کوردستانی باشوور/ ئێراق کۆمەڵێک گەنجی خۆمانم راسپارد و لە بەشی کوردستانی ڕۆژهەڵات/ ئێران ئەرکی بەدواگەڕانم خستە ئەستۆی خۆم. لەوەو پێش زانیاریم هەبوو کە خۆیان خزاندوبوە نێو یەکێک لە حیزبەکانی بەرەی کوردستانی و پسولەی لایەنگری ئەو حزبەیان وەرگرتبوو.

لە کۆتایی مانگی ٤/١٩٩١ هەر لەگەرمەی کۆرەوەکەدا بوو کە لەلای خۆمانەوە لە شارۆچکەی چوارتا و پێنجوێنەوە ڕاسپاردەی پێویستم دا بە چەند فەرماندەیەکی دلێر و گەنجەکانی خۆمان و خەبەرم دانێ کە خۆم بۆ سۆراغیان لە ڕێگەی گۆخڵانەوە هەر بەتاقی تەنیا ملی ڕێگە دەگرم دەچم بۆ مەریوان، ئێوارەیەکی درەنەگ بوو کە لەسەرمەرز لە سەیارەیەکی پاسدارەکاندا لێپرسراوی پاسدارانی پارێزگای سنە، کە لە هەمانکاتیشدا پۆستی هیلالی ئەحمەڕیشی هەبوو، بە تەنیشتمەوە تێپەڕی، خۆم گێلکرد کە نایناسم. بەڵام لە دوای چەند مەترێک وەستاو بانگی کردم وتی برای مهندس عەبدوڵا لێرە ئاوەها بە تاقی تەنیا چیدەکەیت؟ خەبەری عەبدوڵا ت دەست نەکەوت؟
وتم نەخێر! تەنها بەنیازم بۆ سەردانی چەند دۆستێک بەرەو شاری مەریوان بچم!
وتی ڕاستم پێبڵێ؟ خۆت دەزانی کە من مهندس عەبدوڵام زۆر خۆشدەویست و ڕێزم دەگرت، ئەو جەنگاوەرێکی ئەفسانەیی و پاکی گەلەکەتان بوو!
پێم بڵی چی دەکەیت لێرە؟
وتم بیستومە ئەوانەی کە خیانەتیان لێکرد بەرەو مەرزەکانی ئێوە / ئێران هاتوون!
وتی انشاءاللە! جاکوا خودا ئەوە بکات! تێنەگەیشتم مەرامی چی بوو لەو ئارەزوە! تێنەگەیشتم بۆچی سوراغی عەبدوڵا دەکات!

ئەو شەوە گەیشتمە مەریوان و لە ماڵی گەورە نیشتیمان پەروەوی کورد خوالێخۆشبوو مامە یارە لە قەڵاجێ مامەوە. هیچ خۆمان بەدوایانەوە بووین لەهەمانکاتیشدا زۆربەی پێشمەرگەو کوردپەروەرانی کوردستانیش بەبێ گوێدانە بیروباوەڕی حیزبایەتی هەرگیز ئەو خیانەتە چەپەڵەی ئەوانیان لە بیر نەدەچووە بۆیە هەرکەسێک لەهەر شوێنێک ئەوانی ببینیایە یەکڕاستە هەواڵی بۆ دەناردم. منیش وەکو دێوانە بە نێو ئۆردوگای ئاوارەکان و مەرزەکاندا دەسوڕامەوە.

لە ئەو دیوی مەرزیشەوە کۆمەڵە گەنجەکەی خۆمان بە بێ وچان، بەشەو ڕۆژ لە مەرزی پێنجوێنەوە تا سەرتەک و بەمۆ بەدوایاندا دەگەڕان و هەردەم هەواڵیان بۆ دەناردم تا ئەو ڕۆژەی کە ئاگاداریانکردم کە ئەو خیانەتکارانە لە دەستیان دەربازبوون و لە پارێزگای کرماشانەوە گەیشتونەتە مەرزی ئێران و لە یەکێک لە ئۆردوگاکانی ئەوی نیشتەجێکراون، دوای ماوەیەک ئاگادارکرام کە گوازرابونەوە بۆ ئۆردوگای هەرسین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×