ڕەفیقی ئازیزم قادری حاجی عەلی

ئاری هەرسین
  2020-11-11     1740

هەر سیاسەتمەدارێک گوێی بیستنی مۆسیقای (هونەر بە گشتی) هەبێت و تەمەتوعی پێوە بکات، ئەوە تەعبیر لە فراوانی مەودای بیرکردنەوەو ئاستی ڕۆشنبیری ئەو سیاسەتمەدارە ئەکات. ئەویش چونکە جگە لەوەی کە موتابەعەی ڕیتم و ئاواز ئیشێکی ئاسان نییە، سیاسەت و مۆسیقا زۆر دورن لە یەکترەوەو، دیارە ئەو کەسە ئینسانێکی چەند بوعدیە. کاک قادر گوێیەکی زۆر هەستیاری مۆسیقای هەبو و، دەنگێکی زوڵاڵ و تایبەتیشی هەبو. دەنگی ئەوەندە زوڵاڵ بو، کە ئەگەر ڕێبازی هونەری لەجیاتی سیاسەت و پێشمەرگایەتی هەڵبژاردایە، ئەوا ئەبو بە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی گۆرانی و مۆسیقای کوردی. بەڵام بۆچی کاک قادر لەبری مۆسیقا، ڕێبازی کوردایەتی و پێشمەرگایەتی هەڵبژارد؟

هیچ گومانم لە نیشتیمانپەروەری گۆرانیبێژەکانی زمانی شیرینی کوردی نییە. بەڵام زۆر جار ئینسان لە ژیاندا ئەکەوێتە بەردەم دوڕیانەوەو ئەبێت هەڵبژێرێت. کاک قادر بەهرەکانی لە بواری مۆسیقاو گۆرانیدا، لە چوارچێوەیەکی شەخسیدا مەزندە ئەکرد، بەڵام کوردایەتی و پێشمەرگایەتی بە ئەرکێکی بەرزی ئەخلاقی و نیشتیمانی ئەبینی. بۆیە تەزحیەی بەو دەنگە خۆشەدا لەپێناو شتێک کە لە مۆسیقا خۆشەویستر بو، کە ئەوەش خۆشبەختی گەل و سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان بو.

ئەو کاتەی هەلومەرجی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ئان و ساتی تەقینەوەدا بو، بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبەکەی بەندە سەنگەری توندمان بەرەوڕوی یەکتر گرتبو، کاک قادر چەندین موبادەرەی کرد بۆ ئەوەی وەزعەکە ئەهوەن بکاتەوە، نەک هەر لەگەڵ پارتی، بەڵکو لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش. بەدرێژایی فەترەی ١٧ی شوبات و هەتا سەرەتای پێکهێنانی کابینەی هەشتەم زۆر کاری هاوبەشی قورسمان پێکەوە کرد (لە دەرەوەی زومی کامێراکان و هەواڵە ڕۆژنامەوانییەکان) و خۆشبەختانە زۆربەیان ئەنجامی باشیان هەبو. هۆکاری ئیشکردنی سیاسی باش لەگەڵ کاک قادر گوێگرتن و ڕێزلێنانی بو لە بەرامبەر. هەم ڕەخنەی قوبوڵ بو، هەم بە ڕاشکاوی ڕەخنەی ئەگرت.

لە وڵاتی ئێمەدا هێشتا جیاوازی لە نێوان (دوژمن) و (مونافیس) ناکرێت. هەر بۆیەش مەنتیق لە هەرێمەکەی ئێمە ئەم ڕستە سادەیەیە: هەر کەسێک وەک تۆ بیری نەکردەوە دوژمنتە. بەڵام بە گشتیش و لە هەمو دونیا ئینسان کە سیاسەتی کرد حەتمەن دوژمن بۆخۆی دروست ئەکات. بەڵام ئەوەندەی من بزانم، هیچ نەبێت دوژمنەکانی کاک قادر شەخسی نەبون و سیاسی بون.

ناخۆشترین ئەرک ئەوەیە کە مەجبور بیت لە پرسەی کەسێکی نزیکت قسە بکەی. کاک قادر هاوڕێیەکی ئازیزو خۆشەویستی بەندە بو و، ڕەنگە بوێرم بڵێم هاوبیریشم بو. هەفتەیەک پێش نەخۆشکەوتنی بە دورودرێژی  قسەمان ئەکرد و، پێم گوت: حەق بو تۆ پاسۆک بویتایە. وتی ئاخر ئەو خەوەی من هەمبو بەو حیزبە بچوکە جێبەجێ نەئەکرا. منیش پێم وت: بۆ هیچ خەوێک هەیە لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان قورستر بێت کە پاسۆک شانی دابوە بەر؟… گوتی: نا. بەس ئەو خەوە پێویستی بە حیزبی بە هێز هەیە، چونکە نیازپاکی بۆ خەوی گەورە کافی نییە… ئەوکات تێگەیشتم کە کاکە قادر (حیزب) بە ئامێر ئەزانێت نەک بە ئامانج. ئەو شتەی کە لە لای خەڵکانی مەبدەئی، کرۆکی سیاسەت کردنە. ئینسان کە بەو جۆرە بیری کردەوە، هەر ساتێک گەیشتە دوڕیانی (پلە و پۆست) و (مەبدەئی سیاسی)، حەتمەن مەبدەئی سیاسی هەڵئەبژێرێت. ئەم ڕەفیقەی بەندەش هەتا دواساتی ژیانی دوهەمیانی هەڵبژارد.

ڕۆحت شادو یادت بەخێر ڕەفیقی ئازیز…

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×