تكایه‌ سڵاوێك له‌ سۆمۆ بكه‌ن

عه‌دنان كۆچه‌ر
  2020-11-13     224
قۆناغی نوێی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، له‌دوای به‌دفه‌ڕییه‌كانی ریفراندۆم، دوێنێ شه‌و به‌ چه‌شنێكی تر خۆی به‌رجه‌سته‌كرد، ئه‌ویش ئه‌و روخسارو رواڵه‌ته‌ نوێیه‌ی شه‌قامی عه‌ره‌بیه‌، كه‌ له‌رێگه‌ی خۆپه‌نادان له‌ هه‌رێم سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌كی نوێ له‌ كۆی فراكسیۆنه‌كانی شیعه‌و سوننه‌ خۆی به‌یان ده‌كات، به‌م فۆڕمه‌ نوێیه‌ش بێت، كه‌ هاوشێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی شه‌قامی عه‌ره‌بی، هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ هه‌رێم‌و قه‌واره‌ سیاسیه‌كه‌ی نامێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر خانه‌واده‌ی باڵاده‌ست، كه‌ گوزارشته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی به‌هه‌مان فۆڕمی خه‌یاڵپڵاوی پێش ریفراندۆم مامه‌ڵه‌ بكه‌ن.
له‌راستیدا سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌ نوێیه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه‌ له‌به‌رامبه‌ر پرۆژه‌ یاسای قه‌رز بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی‌و كه‌موكورتی بودجه‌ی عێراقی له‌به‌رامبه‌ر موچه‌خۆرانی هه‌رێم خۆی به‌رجه‌سته‌كرد، نیشانیدا كه‌ سه‌رباری گۆڕینی روخساره‌كانی ناو پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار له‌ عێراق گۆڕاون، به‌ڵام هێشتاش هه‌مان عه‌قڵیه‌ت‌و بیركردنه‌وه‌ هاوشێوه‌ی ده‌ورانی ریفراندۆم له‌ ئارادایه‌، هه‌مان ئه‌و فۆڕمه‌ بیركردنه‌وه‌ی ده‌ورانی سه‌ركێشیه‌كانی ئابووری سه‌ربه‌خۆ یه‌خه‌ی كوردو هه‌رێم‌و قه‌واره‌كه‌ی ده‌گرن، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ئه‌و تایپه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌و تێفكرین ئه‌گه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ هاوشێوه‌ له‌گه‌ڵ گه‌مارۆ ئابورییه‌كانی دنیا، ئه‌وه‌ی باج ده‌دات خه‌ڵكه‌ نه‌ك سیسته‌م‌و ده‌سه‌ڵاته‌كان.
ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران روویدا، له‌راستیدا چه‌ند مانایه‌ك هه‌ڵده‌گرێت، هه‌ر یه‌ك له‌و مانایانه‌ ده‌شێت هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ت‌و راڤه‌كردنێكی جیاواز بێت، له‌وانه‌:
ـ ئه‌و فۆڕمه‌ له‌ سه‌نگه‌ربه‌ندی‌و یه‌كخستنی گوتاری عه‌ره‌بی عێراقی به‌ شیعه‌و سووننه‌وه‌، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كوردو قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی كارتی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ن، به‌و چه‌شنه‌ش بێت، به‌كارخستنی كارتی زۆرینه‌، هه‌م عێراق‌و هه‌میش پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌ی له‌ هه‌ر هاوبه‌شی‌و سازانێك به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌و عێراق ده‌كاته‌وه‌ وڵاتی زۆرینه‌و كه‌مینه‌، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش دواجار هه‌م ده‌رفه‌ت ده‌به‌خشێته‌وه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سته‌مكاری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست‌و هه‌میش كورد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ژموونی خۆسه‌پێنیه‌ ناچار ده‌بێته‌وه‌ به‌ هێزو پێكهاته‌یه‌كی په‌راوێزیی توڕه‌.
ـ له‌ ئاستی ناوخۆییدا ئه‌و جۆره‌ له‌ده‌ركه‌وته‌ سیاسیی‌و پێشهاته‌ ناجۆره‌، ره‌نگه‌ خواستی پارتی له‌پشت بێت، به‌سه‌رێكدا بۆ ئه‌وه‌ی خواستی سه‌پاندنی مه‌رجی قورستتری حزبی هه‌بێت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق‌و هه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری زیاتر بكات بۆ به‌هێزكردنی نه‌زعه‌ی قه‌ومی‌و خه‌یاڵی نه‌ته‌وه‌یی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا به‌هه‌ر چه‌شنێك بێت، له‌و عێراقه‌ی سزای خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌درێت، به‌هۆی نه‌زعه‌ی قه‌ومی‌و ختوكه‌دانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بباته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دواجار ئه‌و كارته‌یه‌ پارتی ده‌یهه‌وێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی كورد هه‌ست‌و سۆزی كورد له‌ باشووری كوردستان بخاته‌ خزمه‌ت ئه‌جێندا سیاسییه‌كه‌یه‌وه‌.
هه‌رچۆنێك بێت، سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌كان هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت‌و خواست‌و خه‌یاڵی پارتیش هه‌ر جۆرێك بێت، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم‌و مانه‌وه‌ی ئه‌و جوگرافیا سیاسیه‌و ده‌ربازكردنی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌و برسیه‌تی‌و نه‌دارییه‌، سیاسه‌تێكی راست‌و دروستی ئابووری بیگیرێته‌به‌ر، سیاسه‌تێك چیتر له‌سه‌ر بنه‌مای برسیكردنی خه‌ڵك‌و تاڵانی سه‌ره‌وه‌ بینا نه‌كرابێت، سیاسه‌تێك له‌سه‌ر خۆسه‌پاندنی سیاسی‌و په‌راوێزخستنی ئه‌وانی تر هه‌ڵنه‌چنرابێت، سیاسه‌تێك كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌رچه‌كردارو خه‌یاڵپڵاوی ئومێدی درۆیی بۆ دروست نه‌كرابێت، به‌و جۆره‌ش ده‌كرێت له‌ موازنه‌ی ساڵ‌و دیاریكردنی بودجه‌ی ساڵی داهاتوو كورد توشی به‌ڵاو كاره‌سات نه‌بێت، هه‌ر هیچ مه‌كه‌ن بڕۆن تكایه‌ سڵاوێك له‌ سۆمۆ بكه‌ن.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×