داستانی تۆڵە (بەشی حەوتەم - کۆتایی)

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-11-14     805
پاشان ئەو لێپرسراوەی شاری سنە بە فەرمی هەموو بنەچە خیانەتکارەکەی گوێزابوەوە لە پارێزگای کرماشانەوە بۆ پارێزگای سنە، هۆکارەکەی نازانم! دیارە ئەویش بەداوی سەرەداوی لەنێوچونی عەبدوڵاو هاوڕێکانیدا دەگەڕا! یاخود دەیویست وەکو بارمتەیەک بۆ کارێکی سیاسی خۆیان سودیان لێوەربگرێت! ئیتر ئەوان دەوڵەتن و توانای هەموو بڕیارێکیان هەیە!!!
پاشان زانیم وەکو نیمچە بەندکراوێک لە کەرەنتینەی خۆی لە شاری سنە دایناون و کەس ناتوانێت بیانبینێت و لەژێر چاودێری شەو و ڕۆژی پاسداراندان.
هەوڵی زۆرم دا بیانگەمێ بەڵام بەهۆی ئەو پارێزگاریە چڕەی پاسدارەکان دەستم نە دەگەیشتە ئەوان و پارێزراوبوون بۆیە بەناچاری جارێکی تر چومەوە بۆ سنە بۆلای هەمان بەرپرسی پاسدار و دوبارە بینیمەوە.
وتم: خەبەرم هەیە هەمویانت گوێزاوەتەوە بۆ لای خۆت!
وتی: ڕاستە!
لەوە پیش دەمزانی کە خزمان چەند سەیارەیەکی سۆپەریان هەیە! وەئەگەر داوایان لێبکەم یەکڕاستە تەسلیمم دەکەن.
وتم: چیت دەوێت دەتدەمێ! چەند سەیارەیەکی سۆپەرت پێشکەش دەکەم! بەس ئەوانم تەسلیم بکە!
زۆر زۆر پێکەنی و دەستی کێشا بەشانمدا وتی: برای مهندس عەبدوڵا ئەوە دەڵێی چی؟ من پاسدارم، پاسدار!
پاشان وتی: ئێمە چەند داواکاریەکمان لە ئاغای بەرزانی هەیە بچۆ پێی بڵی ئەگەر کردی ئەوا بەڵێنبێت ئێمە ئەوان تەسلیم بە ئەو دەکەین، چیان لێدەکەیت ئەوجا خۆت بڕیاردەدەی!
وتم: من وەکو خاوەن ماف و خودی خۆم هاتوم بۆلات، ئاغای بەرزانی پەیامی لێبوردنی گشتی بڵاوکردۆتەو و ئەوانی عەفوو کردووە، بە فەرمانی بەرەی کوردستانی و ئەو هەموو چەکدارانی کوردی فەوجە سوکەکان و خۆفرۆشەکان بە بێ جیاوازی عەفووکراون. خۆت دەزانی کە ئاغای بەرزانی بەڵێنێکی دا ئیتر هەرگیز نایشکێنێ.
وتی: تۆ بچۆ بۆلای، ئەو عەبدوڵا و ئێوەی زۆر خۆشدەوێت! دڵنیام تۆ هەرچی بڵیی بۆت دەکات!
وتی: دەزانی برای مهندس عەبدوڵا من لە بەر خۆشەویستی عەبدوڵا و لە ڕێگەی خودادا ئامادەی گشت هاوکاریەکی تۆم بەڵام خەڵکانێکی تریش هەیە لە سەروی خۆم کە بەرپرسی منن، بۆیە ئەو ڕاسپاردەیەم بۆ بگەیەنەرە جێگەی خۆی و ئەو کارانەم بۆ بکە، پاشان چیدەڵێیت بەسەر چاوان!!!
بەردەوام بوو لە قسەکردن و وتی: برای مهندس عەبدوڵا حەزدەکەیت چاوت پێیانبکەوێت؟
هیچ چاوەڕوانی ئەو پرسیارەم نەکردبوو بۆیە یەکڕاستە وتم: بەڵێ! بەڵێ!
وتی: بەس هیچ کارێکی خراپ نەکەیت؟ ئەوانە میوانی منن!
وتم: دڵنیابە تەنها چەند پرسیارێکیان لێدەکەم!
وتی: کامیان بانگ بکەم؟
وتم: حەمە کەریمی خەڕات.
حەزمکرد بۆ جارێکیش بێت ڕوبەڕو بیانبینم، بەڕاستی بەیەکتر ئاشنا نەبووین و هەرگیز چاوم بەڕوخساریان نەکەوتبوو، وتم ئێستا لەو بازاڕە بیانبینم نایان ناسم.
نەمدەناسین چونکە ئەو زۆڵەکوردانە وەکو بنەچە هەموو ژیانیان لە بەرەی خیانەت و دژ بەگەلدابوون و لەپێناو پەنای ڕژێمی بەعسی داگیرکەردا تەنانەت ئابڕوی خۆشیان فرۆشتبوو، بە پێچەوانەوە ئێمەش وەکو بنەماڵە لە ئیمارەتی بابانەوە ئەوە چەند قەڕنێکە کە تەنانەت بۆ ساتێکیش شاخ و بەرەی پارێزگاری لە مافەڕەواکانی گەلەکەی خۆمانمان چۆڵ نەکردبوو بۆیە زۆر زۆر دوور و نامۆبووین لەیەکەوە.
لە چاوەڕوانیدا ئەو چەند چرکەیەم بە ساڵێک لێ ڕۆشت و لەدڵی خۆمدا دەمگوت: ئای چەند پڕئازارە بکوژی خۆشەویترین کەست ئاوەها بێتە پێش چاوت و دانبەخۆتابگریت و خوێنساردبیت! بەڕاستی لە دوای شەهیدبوونی کاک فەتاح ی برا گەورەمان لە ساڵی ١٩٨٠ لە شەڕی گرتنەوەی حاجی هۆمەران، عەبدوڵا دوا جێگەی ئومێدی من بوو!!
لە ژورەکەی دانیشتبوم کە پیاوێکی کامڵی ڕەشتاڵەی کورتە باڵای تۆزێک گۆشتن هاتە ژورەوە. سەری کز و شۆڕکردبوو، لەم خاکەی خۆماندا زۆر کوێستان وگەرمیانم کردوە، زۆربەی عێل و عەشیرەت و هۆزەکان دەناسم، بینیومن و لەگەڵ زۆربەیان پەیوەندیمان هەیە، بەڵام هەرچەندە لەسەرتاخوار تێڕوانینمکرد و لە ڕوخسارو هەڵسوکەوتی وردبومەوە بەڕاستی هیچ شێوەیەکی لە کورد نەدەچوو. لەوە دەچوو کە خوادی گەورە بەس بۆ کاری چەپەڵ و خیانەتکردن خوڵقاندبوونی. ئاخێکی قوڵی پڕناسۆرەم هەڵکێشاو لە دڵی خۆمدا وتم بەداخەوە، بەداخەوە بەردەوامی شۆڕشێکی دوورودرێژ خۆنەویستانە دەتکات بە هاوسەفەری ئاوەها جانەورێک. بەڵام ئێستەش پەشیمان نین و ئەوەی لە پێناوی ئەم گەلەدا کردومانە خودا شاهیدە تاک تەنها درێژەپێدەری ڕێگەی باوباپیرامانەو لەبەر خاتری سەربەرزی و سەرفرازی گەلی خۆمانە و هیچیتر.
بەرپرسی پاسدارانەکە وتی: ئەمە سوارە یە برای مهندس عەبدوڵا!
ڕاچڵەکی، وەکو تەزوی کارەبای لێبدەی سپی هەڵگەڕا، وەکو هەورە تریشقەیەک لە سەرتا سەری گیانی بدرێت هەستمکرد دەلەرزی، هێواش لەو شوێنەی کەوەستابوو شۆڕبوەو لە سەرکورسیەک دانیشت. بەهیچ جۆرێک ڕوی خۆی تێنەدەکردم.

منیش زۆر بە خوێنساری ڕومتێکرد و قسەم لەگەڵ کرد!
وتم: کاکی برا خۆت دەزانیت عەبدوڵای برام هەموو ژیانی چەکی کوردایەتی لە شان و پێشمەرگە بوو، بۆیە مردن و شەهیدکردن هەردەم لە ڕێگایدابوو، ئاسای بوو کە ڕۆژێک لە شەڕێک یاخود چالاکیەک شەهیدبکرێت، بۆیە حەزدەکەم بەڕونی چارەنوسی ئەوم پێبڵێیت، چیان بەسەر هات؟ لە ژیاندا ماون؟ بە زیندوی تەسلیم بە ڕژێمی بەعسی ئێراقت کردن؟ چیان بەسەرهات تکایە پێم بڵێ!
لە سەر هەمان پیلانی کۆنیان دوبارە حاشای لێکردن! سەری هەڵندەبڕی بەڵام کەوتە قسەکردن.
وتی: بە سەیارە تا نزیکەی ناوچە ئازادکراوەکانی ئێوە/ پێشمەرگە هێناومن و ئیتر ئاگام لێیان نەماوە، من ڕەوانەم کردونەتەوە. وتی: پاشان من بەرەو بەغداد ڕۆشتوم بێخەبەربووم لێیان.
بەرچاوم ڕەشبوو، ئیتر من ڕوی خۆم وەرگێڕاو هیچ سودێکی نەبوو پرساری تری لێبکەم و قسەی لەگەڵ بکەم یاخود بەردەوامی بەم گفتوگۆیە پڕئازارە بدەم.
بەرپرسی پاسدارانەکە هەستی بە تێکچونی باری دەرونی منکردو خێرا ئەوی ناردەوە بۆشوێنی خۆی.

پاش کۆڕەوەکە زۆری نەخایاند کە ڕژێمی ئێراق لە بەرواری ١٨/٤/١٩٩١ دا داوای دانیشتن وگفتوگۆیکرد لەگەڵ گشت حزبەکانی نێو بەرەی کوردستانی و مام جەلال بەیاوەری وەفدێک سەردانی بەغدادی کرد. بەهۆی دەستپێکردنی گفتوگۆوە لە نێوان بەرەی کوردستانی و ڕژێمی ئێراق لە دوای یەک دوومانگ لە ئێرانەوە گەڕاینەوە سلێمانی چونکە لیژنەیەکی هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی ئێراق و بەرەی کوردستانی لە گشت شارەکانی کوردستان پێکهێنرابوون!!
ئیتر پاش ماوەیەکی چەند ساڵەی زۆر غەریبی و ناڕەحەتی، دەربەدەری و ئاوارەیی لە کۆتایی بەهاری ساڵی ١٩٩١ لە ئێرانەوە لەگەڵ منداڵەکان گەڕامەوە بۆ شاری سلێمانی و ماڵەکەی خۆمم، کە نزیکەی ١٠ ساڵ بەجێم هێشتبوو، ماڵەکەم بەس قاوغەکەی مابوەوە، تۆزێک پاک و چاککردەوە کە بتوانین هەر هیچ نەبێت تێیدابژین و لە ژێر سەقفەکەیدا بشاردرێینەوە.
یەکڕاستە بێ کوشتنی کات بەرەو لای جەنابی کاک مەسعود بارزانی ڕۆشتم، لە گوندی سارداو لە ناوچەی دۆڵەمەڕ لە نزیک شارۆچکەی مێرگەسرو بە خزمەتی گەیشتم، کاک عبدالمهیمن بارزانیش لەوێ بوو. باسی بەسەرهاتی چۆنێتی گەڕان و دۆزینەوەی ئەو خیانەتکارانەم بۆ کرد بەڵام داواکاریەکەی پاسدارەکەم پێنەوت چونکە کاری کردن نەبوو!
پاش خودا حافیزی فەرموی: ئێمە بۆ هەرهاوکاریەک ئامادەین.
زۆر سوپاسی جەنابیانم کردو گەڕامەوە بۆ سلێمانی

منیش هەر بەدوای هەواڵی ئەوانەوە بووم، خەبەرم هەبوو کە هەر لە ئێرانن، چەند مانگێک تێپەڕی، ڕۆژێک لە لقی ٤ پارتیەوە هاوسەنگەر و پێشمەرگەیەکی کۆنی عەبدوڵا کە خەڵکی ناوچەی دەربەندیخان بوو تەلەفۆنی بۆکردم، چونکە ماڵی ئێمەی نەدەزانی بەس وتی: کاکە سوارە! من لە دەربەندیخانەوە هاتووم! ئەوانەی خیانەتیان لە ئەمانەتکرد گەڕاونەتەوە!
وتم ئێستا سەیارەیەکت بۆ دەنێرم وەرە بۆلام. پاشان ناسیمەوە لە شۆڕشی ئەیلولدا لە گەرمیان لەگەڵ عەبدوڵا لە بەتالیۆنی یەکی دوز پێشمەرگە بوو! بەڕاستی ئەو کۆمەڵە پێشـمەرگە کۆنە و ئەوەی ڕۆژێک عەبدوڵا ی ناسیبێ تا ئەمڕۆش هەر بەوەفان بۆی. ئێستاش هەر بە دڵێکی پڕ ئازارەوە باسی ڕۆژانی هاوسەنگەری ئەو دەکەن. بەم جۆرە پەیوەندیانە لە نێوان مرۆڤەکاندا دەوترێت پەیوەندی ڕۆحی کە هەرگیز بە گوزەری کات نافەوتێت.
وتی: دوێنی لە ئێرانەوە هاتونەتەوە و ئێستا خۆیان دەپێچنەوە و دووبارە بەنیازن بەرەو ڕژێمی سەدام هەڵبێن. هیچ کاتم بەدەستەوە نەبوو، دەبوو زۆر بەپەلە کاردانەوەمان هەبێت.
کۆمەڵێک گەنجانی خۆمان، پێشمەرگە و فەرماندە و دۆستە بەوەفا و نزیکەکانی خۆمانم ئاگادار کردەوە، گشتیان بەبێ دوودڵی ئامادەبوون بۆ فیداکاری ومردن، ویستم حیزبیش ئاگاداربێت!
لێپرسراوی ئەوکاتەی حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری سلێمانی برای خۆشەویستمان کاک دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس بوو، بە پلەی حیزبی ئەندامی مەکتەبی سیاسی. ئێمە لەگەڵ دکتۆر ڕۆژ لەمێژەوە پەیوەندیمان هەیە و جگە لە کاری حیزبی، عەبدوڵا لە کۆلێژی ئەندازیاریەوە لە موسڵ دەناسێت و دۆستیەتی، هەروەها خۆشی دەڕچوی هەمان کۆلێژی ئەندازیاریە لە بەشی کارەبا. بنەماڵەی دکتۆر ڕۆژ هەم لەلایەن دایکیەوە، ناهیدە خان، کە ئافرەتێکی شۆڕشگێڕی ناسراوی سلێمانیە و کچی شێخ سەلامی شاعیرە و هەروەها لە بەرەی باوکیەوە کوڕی سیاسەتمەدای ناوداری کورد نوری شاوەیسە، کە ئەوانیش بەڕاستی بنەماڵەیەکی سیاسی و ناوداری سلێمانین.
ئەو شەوە دکتۆر ڕۆژ لە ماڵی کوێخاسمایلی تەلان دەعوەت بوو، کاتژمێر نزیکەی هەشتی شەو بوو کە چوم بۆلای، هاتە دەرەوە و مەبەستی خۆمم پێوت کە بەڕاستی هەرگیز هەڵوێستی مەردانەی ئەوشەوەی ئەو لەبیر ناکەم.
وتی: یەک تکام هەیە با ئەندامێکی لقی ٤ لەو چالاکیەدا بەشداربێت و لەگەڵتان بێت! نەمتوانی قسەکەی بشکێنم و وتم باشە! هەر ئەو شەوە نەخشەی گرتن یاخود لەناو چونیانمان داڕشت.
بە چەند سەیارەیەکی خۆمان بەرەبەیان بەتاریکی بەرەو شاری دەربەندیخان ڕۆشتین، تازە ڕۆژ دەبووە کە گەیشتینە نێو شاری دەربەندیخان!
ماڵەکەیان دوو دەرگای هەبوو یەکێک لە پێشەوە ویەکێکیان لە پشتەوە، دوو سەیارە بۆ پێشی دەرگاکەیان و یەک سەیارەش بۆ پشتەوە نێردران، تا نەتوانن لە پشتەوە دەرباز بن.
لە حەوشەکەیاندا پاسەوانێکیان ئێشکی دەگرت، لە چاوتروکانێکدا خێرا چەککراو برایەدەرەوەی ماڵەکە.
کاتێک کۆمەڵێک لە گەنجەکان و چەند فەرماندەیەکی نەبەرد خۆیان کرد بە ژوروداو بۆ نێو ماڵەکەیان، حەمەساڵح (سالە خەیات) و حمەکەریمی برای بەیەکەوە لە ژورێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک میوان کە زۆربەیان چەکداریش بوون دانیشتبوون، بەڵام نەیان هێشتبوو کەس دەست بۆ تفەنگ بەرێت، یەکسەر پێچرانەوە، بەو بیانوەی کە گوایا لە بارەگای سەرەکی بەرەی کوردستانی چەند پرسیارێکمان لێیان هەیەو پاشان هەر خۆشمان دەیانگێڕینەوە، بە زەبری زۆر و قۆلبەستراوی لە نێو ماڵ هێنرانەدەرەوە.
پلانەکە ئاوەها بوو کە پاش گرتنیان، یەکێک لە گەنجەکان لە دەرگای پشتەوە بێتەدەرەوە و سەیارەکەی پشتەوەش ئاگادار بکات تا ئەوانیش بەسەلامەتی دەربازبن.
پاش فڕاندنیان، یەک ڕاستە بەنێو گشت بازاڕی شاری دەربەندیخاندا بە هوتافی بژی پێشمەرگە و بمرێ خۆفرۆشان لە شاری دەربەندیخان هاتینە دەرێ و جادە وجادە بەرەو سلێمانی کەوتینە ڕێ. لە تەنیشت عەربەتەوە لاماندا بۆ جادەی دوکانیان، لە شیو و دۆڵێکی دوکانیاندا یەک لەدوای یەک دابەزێنران، یەکڕاستە حمەکەریمی خەڕات منی ناسیەوە، هاواریکرد: باوکەڕۆ ئەوە سوار ئاغایە!
ڕاستە کە شڵەژابوون و هەر لەبەرخۆیانەوە خەریکی پاڕانەوەو ورتە ورت بوون، بەڵام زۆر بە هێمنی جیا بەجیا وتەیان لێوەرگیرا کە چۆن بەچ شێوەیەک ئەو خیانەتەیان کردووە. بە فەرمانی چ دەستگایەکی سیخوڕی ڕژێم بەوکارە هەڵستاون؟ بەڵام وەک پیشەی هەمیشەییان هەردووکیان سەرەتا هیچ دانیان بە تاوانەکەیاندا نەنا! چونکە تازە کار لەکار ترازابوو دەیانزانی چارەنوسیان ڕەشە. بەڵام لە کۆتایدا سالەی خەیات بۆ دەربازکردنی گیانی خۆی ئەوەی درکاند کە ئەو بێبەریە لەو تۆمەتە و حەمەکریمی برای داڕێژەر و جێبەجێکەری ئەو پیلانە نەگریسەی ڕژێمی بەعس بووە. لەڕاستیدا دەمانزانی کە کارەکتەری سەرەکی ئەم خیانەتە حەمەکەریمی خەڕات بوو بەڵام هەر لەسەرەتاوە هەرسێ براکە بەیەکەوە هاوکار و هاوڕابوون بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی پیلانی ئاوەها خیانەتێکی گەورە دژی عەبدوڵای برام.
ئیتر ئەوانیش ڕەوانەی دادگای شۆڕشکران و بە سزای ئەو کارە چەپەڵەیان گەیەنران.

ئەمەبوو دوا قۆناغی ئەو بنەچەیە کە بەهۆی خیانەت لە شۆڕشگێڕیکی ئەم گەلەوە یەک لە دوای یەک خرانە زبڵدانی مێژوەوە و بۆ هەتا هەتایە بەر نەفرەتی گەلی کورد کەوتن. ڕەحمەتی تێکۆشەری دێرین حەمەسور حسێن هەمیشە دیگوت: کاکە سوارە، تۆڵەی چی؟ بەم کارە ناوترێت تۆڵە! هاوسەنگەرەکانی شەهید مهندس عەبدوڵا هاتوون لە تۆڵەی شێرێکی دلێردا کۆمەڵە چەقەڵێکیان کوشتوە!!!

ئەمە بەشێکی بچوک و کورتکراوەی ژیان و داستانی شۆڕشگێڕیکی ئەم نیشتیمانەیە کە لە پێناوی گەلەکەیدا بەدەیان ساڵ بە بەردەوامی لە خەباتێکی سەختی بێوچاندابوو بەڵام بەداخەوە لەلایەن کۆمەڵە خۆفرۆشێکەوە ئاوەها نامەردانە خیانەتی لێکرا. فەرمانەدەیەک چ لە گەرمیان چ لە کوێستان هەردەم لەگەڵ هەڤاڵە پێشمەرگەکانی لە پێشی پێشەوە هەر بە پێوە دژی داگیرکەرانی گەلەکەی لە شەڕی بەرگریدابوو. عەبدوڵای برام خەباتگێڕێکی زۆر دڵسۆز و بەسودبوو بۆ گەلەکەی هەرگیز لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک لە پێناوی ڕزگاری گەلەکەی درێغی نەدەکرد. لە ئاواتی ڕزگاری بۆ نیشتیمان زیاتر هیچ ئارەزو خواستێکی تایبەتی خۆی نەبوو. دۆزی نیشتیمانەکەی لە پێش هەموو شتێک بوو لەژیانیدا. ئەو نزیکەی سی ساڵ هەموو ساتەکانی ژیانی خۆی بۆ ئەو خەباتە تەرخانکردبوو. عەبدوڵا شۆڕشگێڕێکی ڕۆشنبیر، دەستپاک، دەمپاک، داوێنۆپاک و خۆنەویست بوو، هەموو سیفەتە جوانەکانی شۆڕشگێڕ و مەردێکی ئەفسانەیی تێدابوو. عەبدوڵا جێگەی ئومێدی خۆمان و گشت ناوچەکەبوو، دەیتوانی ئەمڕۆ لە کاتی ئازادی شارەکاندا زۆر سود بەگەلەکەی بگەیەنێت، بەداخەوە ئەوەی سەرەوە کورتەیەک لە چارەنوسی ژیانی ئەوبوو.

ڕاستە عەبدوڵای برام بەجەستە ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە کە لەناوماندا نەماوە بەڵام ڕۆحی هەردەم بەسەرمانەوە دەسوڕێتەوە و لێرەیە، بۆیە پەیمانی پێدەدەم کە تا ئەو ڕۆژەی لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە لەژیاندابین ڕێگەی چۆڵاناکەین و لەسەر پەیامەکانیشی هەر بەردەوام دەبین.

خوێنەری بەڕێز ئەم داستانەی بەردەستان مشتێکە لە خەرواری ئەدەبیاتی بەرگری دەیان ساڵەی گەلەکەمان لە دژی ستەمکارترین دیکتاتۆری سەردەم کە لە هیچ تاوانێک دژی کاولکردنی کوردستان و چەوساندنەوە و قڕکردنی گەلەکەمان لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەی حوکمڕانی خۆیدا درێغی نەکرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×