دوا دیدارم لەگەڵ کاک (قادری حاجی عەلی)

بەیار عومەر
  2020-11-16     656

چەند مانگێک لەمەوبەر بە تەنھا چوم بۆ لای کاک (قادری حاجی عەلی) بۆ وەرگرتنی ڕاوبۆچونی لەسەر پرۆژەی بەھەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

کاک قادر جگە لەوەی سەرکردەیەکی بەتوانا و لێھاتو بو، جێگەی ئومێد و متمانەی خەڵکانێکی زۆری ناڕازی بوو لە دەسەڵات. من وەک مامێک سەیرم دەکرد، چونکە نزیکترین ھاوڕێی باوکم بوو.

کاک قادر و باوکم کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بوون. لە ساڵی ٢٠٠٠ کە زانیان حزبایەتی لە ڕێگەیەکەوە بۆ خزمەتکردن بوە بە ڕێگایەک بۆ خۆدەوڵەمەندکردن، ھەروکیان پێکەوە دەستیان لە کار کێشایەوە.

وەک مامێک کە سەردانم کرد، سەرەتا وتم کاک قادر ئەگەر جەنابت پرۆژەی بەھەرێمکردنی ئەم دەڤەرە بگریتە ئەستۆ، ھەمومان پشتیوانیت دەکەین. ئەگەر جەنابیشت حەزناکەیت ببیتە سەرمەشقی ئەم پرۆژەیە، ئەوا ھیوادارم پشتیوانیمان بکەیت.

کاک قادر چەند تێبینیەکی پێوتم کە خۆشی ھەندێکیانی پێشتر لە دوا وتاریدا ڕاگەیاندبو بە ناوی (چاری بکەن تا ھەناسەیەکی تیا ماوە) کە لە مانگی پێنجی ساڵی ٢٠٢٠ دا بڵاوی کردەوە. من لە مانگی حەوتدا سەردانم کرد.

کاک قادر وتی من پێمباشە ئەم پرۆژەیە سەرتاسەری بێت و ھەولێر و دھۆکیش بگرێتەوە. وەک چۆن دەمانەوێت دەسەڵات و داھات بگێڕینەوە بۆ خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەهەمان شێوە لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە، دەسەڵات و داھات بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک و لە دەستی ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە بھێنرێنە دەرەوە کە چەندین ساڵە خەڵکی ئەو ناوچانە دەچەوسێننەوە.

بەندەش لە وەڵامدا وتم کاک قادر تەواو‏ ھاوڕاتم کە دەبێت ئەم پرۆژەیە گشتگیر بێت و ھەموو پارێزگاکان بگرێتەوە و سەرجەم خەڵکی ئێمە لە ھەموو پارێزگاکان ڕزگاریان بێت لەو زوڵم و ستەمەی لێیاندەکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە بەپێی دەستوری عێراق بۆمان ھەیە تەنھا بە ناوی پارێزگای سلێمانیەوە قسە بکەین کە تێیدا دەژین. ناتوانین بە ناوی ھەولێر و دھۆکەوە قسە بکەین.

وتم جەنابت تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیت ھەیە لەگەڵ خەڵکی ھەولێر و دھۆکدا و دەتوانیت قسەیان لەگەڵ بکەیت و سەرپەرشتی ھەمومان بکەیت. تەنانەت ئەمە پڕۆژەیەک بێت بۆ کەرکوک، چونکە دەکرێت لە جیاتی ئەوەی کە ڕاستەوخۆ کەرکوک بهێنرێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، کە لەم کاتەدا لە ڕوی سیاسی و سەربازیەوە مەحاڵە و دوبارەکردنەوەی ئەزمونێکی شکستخواردوشە، بیر لەوە بکەینەوە کە کەرکوک ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ و لە دوا ڕۆژدا کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەولێر و دھۆک وەک پێنج ھەرێمی بەھێز و دەوڵەمەند یەکبگرن بۆ دروستکردنی وڵاتێکی فیدرالی پێشکەوتو.

یەکێکی تر لە ڕەخنەکانی تری کاک قادر ئەوەبوو کە فەرموی "کێشەکە ئەوەیە ئەگەر ئێرە ببێت بە ھەرێمیش دواجار دەکەوێتەوە دەستی ئەو حیزبانەی کە ھیچ خزمەتێکی ئەوتۆی ئەم دەڤەرەیان نەکردوە، چونکە نیگەران بوو لە لاوازی ئەدای یەکێتی و گۆڕان و نزیکبونەوەیان لە پارتی". منیش لە وەڵامدا گوتم کاک قادر ئەم ماوەیە زۆربەی شار و قەزا و ناحیە و گوندەکانی ئەم دەڤەرەی خۆمان لەگەڵ ھاوڕێکانمدا گەڕاوم، زۆرینەی خەلکی ئەم دەڤەرە ھەمان گومانی جەنابتیان ھەیە، بەڵام چارەسەرکردنی ئاسانە.

وتم ئێستا سێ حزبە سەرەکیەکەی ناو حکومەت پشتیوانی یەکتردەکەن بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆیان و دابەشکردنی کێکی دەسەڵات لە نێوان خۆیاندا و بردنی داھات و دەسەڵات و بێبەشکردنی میلەت لێی. بەڵام ئەگەر ئێمە لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە، ئەو حیزبانە دابڕین لەیەک، ئەو کاتە خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ئاسانتر دەرەقەتی حزبەکانی ئەم سنورە دێن و خەلکی پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆکیش ئاسانتر دەرەقەتی پارتی دێن.

ھەروەھا گوتم لە سایەی فیدرالیەتی پارێزگاکاندا، یەکێتی و گۆڕان چیتر ناتوانن بە پشتی پارتی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، بەڵکو دەبێت بە پشتی خەڵکی ئەم دەڤەرە حوکم بکەن. واتە لە جیاتی دڵڕازیکردنی پارتی، ناچارن دڵی خەلکی ئەم دەڤەرە ڕازیبکەن لە ڕێی کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیژی و باشکردنی موچە و بژێوی ھاوڵاتیانەوە.

تەنانەت سەردەمی دوو ئیدارەییم بە نمونە بۆ ھێنایەوە کە نەوت و گازیش دەرنەھێنرابون، و دوو گەمارۆی ئابوریش لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بارودۆخی خەڵک زۆر لە ئێستا باشتر بوو چونکە کێبڕکێیەکی تا ڕادەیەک بنیادنەر لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دروستبوبوو لەسەر ئەوەی کامیان خزمەتی زیاتری ناوچەکانی خۆیان بکەن. بەڵام لە دوای یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەکەوە، ئەم دەڤەرەی ئێمە بە تەواوی کەوتە دواوە و پشتگوێخرا.

ھەروھا بە کاک قادرم گوت کە چەندین ساڵە لەم سنورەی ئێمەدا خۆپیشاندان ئەکرێت و تێیدا خەڵک شەھید و بریندار دەبێت بەبێ ئەوەی ھیچ سودێکی ھەبێت. بۆ نمونە ١٧ ی شوبات ئەم دەڤەرە خرۆشا و چەندین شەھید و بریندارمان دا بەڵام دەسەڵات وەک خۆی مایەوە و ھیچ گۆڕانکاریەک ڕوینەدا، بگرە خراپتریش بوو، چونکە ئێمە لێرە خۆپیشاندان دەکەین لە کاتێکدا دەسەڵات لە ھەولێرە و ھەست بە فشار ناکات.

وتم ئەگەر دەسەڵات بھێنینەوە بۆ ئەم دەڤەرە، خەڵک و دەسەڵات نزیک دەبنەوە لەیەک. ئەگەر حزبەکانی ئەم دەڤەرە ھێشتا ھەر کەمتەرخەمبون، ئەوکات ئاسانتر دەتوانین فشاریان بخەینەسەر.

ھەروەھا وتم لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاکانەوە، تەنھا داھات و دەسەڵات ناھێنینەوە، بەڵکو بەرپرسیاریەتیش دەگێڕینەوە بۆ ئەم سنورە. حزبەکانی ئەم دەڤەرە ناچار دەبن خزمەت بکەن و چیتر ناتوانن کەموکوڕیەکانی خۆیان بخەنە ملی پارتی.

لە کۆتاییدا کاک قادر وتی بە ڕای من جارێ دوایبخەن و لەوانەیە ھەندێک گۆڕانکاری گەورە بەڕێوە بێت لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا. منیش بڕیارمدا لەبەر ڕێز و خۆشەویستی کاک قادر چەند مانگێک دوایبخەین، ھەرچەندە ھەندێک لە ھاوڕێکانم ئەم دواخستنە نیگەرانی کردن.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بە سوعبەت و شۆخیەوە وتم کاک قادر ئەگەر سەرکەوتو بوین دەڵێین کاک قادر بوە، ئەگەر شکستمان ھێنا دەڵێین خەتای خۆمان بوە. کاک قادر فەرموی من ئەگەر پشتیوانیتان بکەم، ئەبێت تەحەمولی سەرکەوتن و شکستیش بکەم.

بەداخەوە ڕۆشتنی کاک قادر زیانێکی گەورەی لە میلەتەکەماندا. پیاوێکی بیرتیژ و نھێنی پارێز و بەتوانا و ماندونەناس و ئازا بوو، کە ھەموو سیفەتە جوانەکانی خۆی خستبوە خزمەتی میلەتەکەیەوە و بەتایبەتتر ئەوانەی دەیانویست نیشتیمان باشتر بێت لە ئێستا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×