کاڵا بەقەد باڵا دەبڕن!

کامەران قازی
  2019-04-05     1036
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم، کە من لە وتارێکدا ناوڕاستی ساڵی ٢٠١٣ لە ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا، باسم لەوە کرد کە بە قازانجمانە، دوو هەرێممان هەبێت، لێرەدا بەکورتی ئەو خاڵانەی کە دوو هەرێم بەهێزترە لەیەک هەرێم دووپات دەکەمەوە:
لە بڕیاردانە نەتەوەییەکاندا ئازادی و سەربەخۆیی زیاترمان دەبێت کە بتوانین فراوانتر هەنگاو بنێین، نەک ئەوەی خواست و پێویستیەکانی لایەنێک دەیانەوێ  بەناوی هەموو نەتەوەی کوردەوە بیسەپێنین، بەمەرجی بوونی هەڵوێستی کرداری، نەک هەڵوێستی پشت میکرۆفۆنی، ئەگەر دوێنێ بە هەڵوێستی جدی بمانووتبایە نا بۆ چەوتییەکان، ئەمڕۆ درەنگ نە دەبوو.......

لە ڕووی ئابوورییەوە، ئابووری هەرێمی ناوچەی سلێمانی ئابوورییەکی زۆر تۆکمە و بەهێز دەبێت  
( بە مەرجی بوونی دادپەروەری)، وەک ئاشکرایە سەرچاوەکانی کانزایی، ئاویی و مرۆییەکی گەلێک مەزن لەم هەرێمەدا هەیە و دەتوانێت بە ماوەیەکی کەم وەک پاڵپشت بۆ هەرێمەکەی تری کوردستان  لە گەشەپیدان و ئاوادانکردنەوەی راستەقینەی کوردستانی مەزندا هاوبەشییەکی کارا بکات. 

دابەشکردنی دەسەڵاتی بەرێوەبردن، نیشانەیەکی بناغەیی هەبوونی کلتوری دیمۆکراسییە، هیوا بەخشینە بەو گەنجەی کە ئەمڕۆ شەو دەخاتە سەر رۆژ بۆ ئەوەی بە پلەیەکی خوێندەواری دروست و باش بگات تا سبەی ئەوەی باوکی بنیاتی نا ئەم بیپارێزی و گەشەی پێبدات، دەبێت هەموو کەسێک لێپرسرا و و بەرپرس بێت، نەک ئێلیتێکی حیزبی و سەر بە حیزبەکان  بەرپرس بن و گەلیش لیپرسراو، نیشتمان دایکی ئازیزی هەمووانە، دڵنیام کەس دایکی خۆی ناداتە دەست بێگانە، کە ئەمە ببێتە پرینسیپی کار بۆ ئێستا و ئایندە، بۆ دەبێت نائومید بین؟!! 

ئێمە دەبێت نائومێدی بکەینە خۆشەویستیەکی راستەقینەی نەتەوە و کوردستانی گەورە لە دڵی هەموواندا بە بەرزراگرتنی ماندووبوونی تاک تاکی باشی نەتەوەی کورد لەهەر جێگایەکی کوردستاندا بێت و دڵنیا بین لەوەی کە دەبێت هەموومان هاوبەشی بنیاتنانی  بناغەی ئەو رێگایییە  بین کە هەر چوارپارچەی نیشتمان پێکەوە گرێدەداتەوە. ئەم کارانە کاریی گەلن، گەل خۆی دەبێت ببزوێ.

ئەم هەرێمە دەتوانێت سەربەخۆ لە پرسە کوردستانییەکاندا، پلانی درێژخایەنی ئابووری و سیاسی و کلتوری دابنیت و بەراستی ئەو ڕۆلە ببینیت کە دەبێ بیبینێ و ئیتر نەبەستریتەو بە هەندێ گرفتارییەوە کە دروستکراو و پرسی نەتەوەیی کورد نین.

دەتوانین تێکدان و بەعەرەبکردنی خشکەیی کوردستان رابگرین و چی دی بە هیچ ناوێکەوە شارەکانی کوردستان وەک خوانێکی رازاوە نەخەینە بەردەست هیچ کەسێک جگە لە نەتەوەی کورد، کوردبوون مەرجی سەرەکی ئەوە بێت کە تۆ لە کوردستان بتوانیت زەویت هەبێت، (هەنارانە کۆنتان لە یاد نەچیت، لە سێ ماڵ دوانی عەرەبە، ئەمە کارەساتی نەتەویی گەورەی لە دواوەیە!!).

 برینی ئیمە هیندە قوڵە بە تۆریست و پارەی گەشتیاران و ئوتێلی پێنج ئەستیرە چارەسەرناکرێت، ئەوانە پرسی ( کەمالیات) ن، ئێستا ئیمە کلتوری خۆمان و تەندروستی نەوەکانمان داوەتە دەست کۆمەڵێ سەرمایەداری لێنەزانی چاوچنۆک،  ئەوکەسانەی  کە بارو دۆخەکە و خزمخزمێنە و حیزبەکان، هەر لە پڕێ کردنییە کوڕێ... پێموانییە سەبارەت بە ڕوانینی زلهێزەکانیش بۆ مەسەلەکانی ئەم ناوچەیە، پێیان وابێ شتێکی نادروستەو لەکاتی خۆیدانییە، ئێمە دەبێت لە خەمی ئایندەی نەتەوەکەماندا بین و مەرجی سەرکەوتنی ئەم پرسانە کوردستانی بوونی مێتۆدی جێبەجیکردنەکەی و بە جێهێشتنی چارەسەرەکانە بۆ پسپۆڕانی دڵسۆزی کوردستانی.  
ئەم پێشنیازەم بۆ ئێستاش هەر بە دروست دەزانم، لەگەڵ ئەوەدا کە کاری گەل سەختر بووە، چونکە ئیستا زۆر بارودۆخ گۆڕاون و ئێستا لەو ساڵانەی رابووردن، توانای مانۆڕکردنی سیاسی و دیبلۆماسیمان لاوازتر و جوگرافییای جوڵانەوەمان تەنگتر کراونەوە، ئەمەش گەلەکەمان هۆکانی دەزانێ و پێموایە لە قۆناغەکە تێگەیشتووە، دەلیلێک بۆ ئەوە، هاوبەشی نەکردنی لایەنی زۆری، نزیکەی ٣/٢ ی ئەم بەشە لەنەتەوەی کورد لە باشووری کوردستانە کە هاوبەشی دواین هەڵبژاردنیان  نەکرد.
کەواتە بەو لێکدانەوەیەی سەرەوەدا بۆمان ئاشکرا دەبێت، کە ئەم حوکومەتە حوکومەتی کەمینەیە!!، واتە نوێنەری کەمترین خەڵکە لەم بەشەی نەتەوەی کورد لە باشووردا. ئەمەش دیاردەیەکی تازەیە لە دیمۆکراسی پەیڕەوکراو لەناو گەلاندا، ڕاستە دەڵێن: سیستەمی بەڕێوەبردن لە باشووری کوردستاندا، سیستەمێکی سەیرە. 
بۆیە ئەو کەسانەی (جا سیاسی بن، یا هەر شتێکی تر کە بەدەوری دەسەڵاتەوەن) ناتوانن ئەو قسەیەیان بسەلمێنن کە دەڵین: ئێمە نوێنەری خەڵکین و بۆ چاکەی ئەوان ( ئەوان دەڵین خۆشی، بەڵام من دەڵیم چاکە)، خەبات دەکەین، ئەوان نوێنەری ٣٥% ی ئەو بەشەن لە نەتەوەی کورد لە باشووری نیشتمان کە بەزۆری بریتین لە خەڵکانی حیزبی، سەر بەحیزبەکان و ئەوانەی بەرژەوەندیان لەو جۆرە بەڕێوەبردنەدا دەچەرخێت. 
کام کاڵاییە:
لە باشووری نیشتمان، بە دوای کاڵادا دەگەڕێن و وای دەگونجێنین کە بەئەندازەی ئەو باڵایە بێت کە مەبەستمانە. واتە چونێتی کاڵاکەمان مەبەست نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە باڵاکە پێی ڕازی بێت و خۆشی لێ بێت.
هەمووان دەزانن کە دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم،  لە ئەنجامی ( کورد بوون بە دیاریکراویش یەکێتی بوون و لەوەش دیارتر مام جەلال بوون) ی سەرەک کۆماری عێراق بوو، کە بووە هۆی خوڵقاندنی ئەو دەزگایە و دانانی سەرۆکێک بۆ هەرێم، کە وەک بەڵگە نەویستێک، دەبوو لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بێت و کاک مەسعود بێت و هەرواش بوو. ئەمە تا ئەو کاتە با بڵێن بۆ خاتری ڕاگرتنی هەر بەڵانسێک بووبێت، بوو.
پاش گۆڕانی بارودۆخەکە و هاتنە کایەی کێبەرکێ، بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری عێراق، ئێدی مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێم چووە قۆناغێکی ترەوە، چونکە ئێستا دوو کەس، دوو کاندید هەبوون لە هەردوو حیزبەکە، کە هاڤرکێیان بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرەک کۆماری عێراق. کەواتە مەسەلەکە ئیدی لە کوردستان نەما، پۆستی سەرۆکایەتی لەهەردوو حیزبەکە چووە بەغدا، مانای پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، ئیتر نابێ کێشەیەک بێت لە کوردستان، چونکە بە بوونی دوو کاندید و چوونە ناو بازنەی کێبەرکێکەوە، ئەمەی کوردستان کۆتایی پێهات. بەو مانایەی کە ئەو بارودۆخەی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی خوڵقاند ئیتر مەرجەکانی نین، هەر شتێکیش مەرجی بوونی نەما، نامێنێت.
با وای دابنێن، گریمانەیەک:  ئەگەر بەڕێز د. فوئاد حوسەین لەو کێبەرکێیەدا بی بردبایەوە و وەک سەرۆکی عێراق هەڵیان بژاردبایە، ئایا پۆستی سەرۆکی هەرێم، چۆن چارەسەر دەکرا؟!!، پارتی دیمۆکراتی کوردستان ئەوساش، هەر ئەم مەسەلەیەی بە قازانجی خۆی دەشکاندەوە و دەیویست و دەبووە کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو حیزبە؟!! گریمانەکە وایە ڕەنگە شەڕ و هەرای فرە قورسی لێکەوتبایەوە. مامۆستاکانی زانکۆ دەڵێن:  ئەم سیستمەی باشووری نیشتمان سیستەمێکی سەیرە!!! با ئەمەش باس بکەم، چەند مامۆستایەکی زانکۆ هەن وەک سیاسییەکانیان لێهاتووە، سەدبارە بوونەتەوە، ئەڵبەتە سپاس بۆ خوا ژمارەیان کەمە، چونکە ئەوانەیان کە باری فکریان سەنگین و هەڵوێست و قسەیان پڕ بارە، ئێدی یا لە بازنەکە دەرکراون، یا کشاونەتەوە دواوە، یا زیاتر قەڵەمەکانیان چالاکە و ئەوەندە لە ئاوێنەی کەناڵەکانەوە خۆیان دەرناخەن. 
بەڵام ئەو ژمارەکەمەیان ، لەگەڵ داوای لێبوردندا، کۆک کراون، ڕۆژی  واهەیە دوو جار بە بینراوی لە تەلەڤزیۆندا و سێ جار بە بیستراوی لە ڕادوێوە و سەعاتی چەند جارێکیش وەک خۆیان دەڵێن: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەبینرێن و دەبیسترێن و دەخوێنرینەوە. من کەمتر، بەحاڵ، لە قسە و باسیاندا، هەست بە خەتێکی فکری ئەکادیمی ڕۆشن دەکەم، بە نمونە: کاتێ باسی ژمارە دەکەن، ناتوانن بیگۆڕن، بەیەک بڵێن دوو، یا لاپەڕەیەکی نووسراویان پێیە، نا توانن بەرزی نەکەنەوە، یا داوا لە پێشکەشکارەکە نەکەن، کە: دەتوانین لەسەر ئەم خاڵە چاوپێکەوتنێکی تایبەت بکەین. باسەکانیان زیاتر پینەکردنی چەوتییەکانە و پاساو هێنانەوە.  بەوەی باشە ئێستا ئیترناتوانن بڵێن: کاکە حوکومەتەکەمان هێشتا ساوایە، وەک جاران باوی بوو!!!. 
ئەمشەو گوێم لێ بوو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو وتی: خەرجی ساڵانەی، دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم ملیارێک دۆلارە!!! ئەو ئەو دەزگایەی بە زیاد زانی و لەگەڵ بوونیدا نەبوو، ئەوە قسەیەکی حەقە و نەوەی نوێ و کۆمەڵیش بوچوونەکانیان لۆجیکی و حەق بوون، یاساش دەبێ لۆجیکی بێت.  مرۆڤیش لە سەریەتی ( ئەرکە بۆ سەلماندنی مرۆڤ بوونی خۆی) ئەگەر قسەی کرد دەبێ حەق بڵێت. 
 هەر هیچ نەبێ بەو دەلیلانەی خۆم لەسەرەوە باسم کردن منیش لەگەڵ قسە حەق و لۆجیکییەکاندام . ئێستا کە ئەو خەرجییە زۆرەش هاتۆتە بانی، بەخوا خوشکەکانم، براکانم،  ئەمە شەڕ فرۆشتنە بە نەتەوە، تۆ بڕوانن لەو شیکار و دەرئەنجامانەی ئەمانە پێی گەیشتوون دوای دەیان کۆبوونەوە و سەدان ڕۆژ: جاران سەرۆکێک بوو و جێگرێک، ئێستا سەرۆکێک و دوو جێگر، دەی توخوا ئەمە کاڵا بە قەد باڵا بڕین نییە؟!!.
بودجەی ساڵانەی ماڵی پاشای سوید، بەهەموو ئەو میوان و مەسرەفەی کە هەیانە، هەشتاو شەش ملیۆن کرۆنە، کە بە دۆلاری ئەمڕۆ دەکاتە هەشت ملیۆن و شەش سەد هەزار دۆلار!!! 8.600.000 USD 

سوید کە لە دوای کۆریای باشوورەوە لە تەکنۆلۆجیای زانیاریدا (IT) دووەمین وڵاتی دنیایە، پیشەسازی ئاسنی سوید لە دنیادا یەکەمە، ئاستی ژیانی خەڵک لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە لە لوتکەدایە ، یاسا سەروەرە بەسەر ماڵی پاشاو ماڵی گەدادا ( کە نیانە)!!  گەل هەرئەوەندە قایلن بۆ پاشاکەیان لە سوید، حوکومەتی سویدیش و
پەرلەمانیش، فەرمانبەری ڕای خەڵکن، هەمووشیان وان لەناو کتێبە قەبەکەی ( یاساکانی سویدا 2313 لاپەڕە). 
خۆتان کەمێ بیری لێ بکەنەوە، دڵنیام بە ئەنجامی  فرە خاس دەگەن.  

دەسیان خۆش بێت و دەمیان پڕ لە وتەی شیرین بێت، ئەو کەمە مامۆستایانەی زانکۆی سەر کەناڵە زۆرەکانی باشوور ڕاست دەکەن، سیستەمی باشوور سەیرە، بەڵی بەڕێزینە زۆر سەیرە. ئێوە گەرەکتانە ئەو سەیربوونە وەک حاڵەتێکی ئاسایی بۆیاخ بکەن؟!! بە قەوڵی خۆتان حاڵەتەکە نۆڕمالە؟!! ئەگەر ئەو حاڵەتەی حوکومەتی باشوور نۆڕمال بێت، ئەوا شتێک لەم نێوانەدا ئەبنۆرمالە (نا ئاساییە)،  یا تێگەیشتنی گەل ئەبنۆرمالە یا درزێک لە زانیارییەکانی ئێوەدا هەیە؟!! 

گۆڕان مۆرێکی هەڵەی دا لە بەڵگەیەکی ڕەتکراوە
من لەو ماوەیەدا کە بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسێۆن بوو، دەیان جارلە دەنگە دیارەکانی ئەو بزوتنەوەیەم بیستووە کە فلانە شت لای ئەوان پرینسیپە *(Principle) و ئەگەر بزوتنەوەکەشیان لێی لا بدات ئەمان لێی لانادەن.
ئاخر لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیەی بۆ پرینسیپ کراوە، لای ئەو کەسەی کە کۆمەڵیک بەها و نرخ بوونەتە پرینسیپی،  ئەو واتایە دەدات کە ئەو پرینسیپانە  بۆ ژیانی بوونەتە پێوانە، بۆ هەموو شتێک، بابەت، رووداوەکان، پەیوەندییەکانی و لێکدانەوە و هەڵوێستەکانی بەرامبەریان و کاردانەوەکانیشی بۆیان. واتە لای ئەو کەسە برینسیپەکانی یاسان بۆی و بۆ هیچ مەبەستێ لێیان لا نادات. 
ئەی چ بوو چ گۆڕڕا؟! پاش ئەو سەختی و بە قەوڵی خۆیان زوڵمانەی لێیان کرا، وا بەڵگەیەکی کە دوێنی بەهەموو توانایانەوە بە بەتاڵ و نا پێویست و داتاشراویان دەزانی، ئەمڕۆ مۆری دروستی و پێویستی بوونی لێبدەن و گیان بکەنەوە بەبەر کێشەیەکدا، کە بە ئەندازەی ( مەسەلەی نەتەوەکە)، خەڵکی بەخۆیەوە مەشغول کرد؟!! کەواتە ئەو بەها و نرخانە دەمامێک بوون، بۆ ونکردنی روخساری راستەقینەی مەبەستێکی ناموبارەک، کە زیانەکەی بەر لەوەی بەر گشت بکەوێت، لە دەروونی خۆیان کار دەکات، ئاخر لە دەستدانی متمانە زۆر کوشندەیە، ئەویش یاری کردن بە سۆزی برینداری خەڵک. هەموو یارییەک بە سۆزیی دەروونی نەتەوەیەک، بەهەر ناوێکەوە بێت، دەچێتە قاڵبی وەستانەوە بەرامبەر بە خواست و ویستی نەتەوەکەوە.


ئەلفێک و بێیەک و پێیەکی سیاسەت

ئەلف: ئارامی بۆ خەڵک مایەی تەن و ڕەوان دروستییە و گەشە و چالاکییە بۆ هاوبەش بوون لە گەشەپێدانی شارستانەتی مرۆڤایەتیدا، هەر ئەم ئارامییەی خەڵک مایەی ترسان و حاڵەتێکی نەخوازراوە بۆ ئەو دەسەڵاتانەی تاکڕە و خۆ ویستن. بۆیە هەمیشە گرفتاریی نوێ بۆ خەڵک دروست دەکەن و دەیانترسێنن.

بێ : جەنگ و پشێوی بۆ خەڵک مایەی سەرگەردانی و نەخۆشی تەن و ڕەوانە، هەمان جەنگ بۆ دەسەڵاتی 
تاکڕەو نیعمەت و بەرەکەتە و دڕیژەی ژیانی دەسەڵاتەکەیەتی، دەسەڵاتی لەو جۆرە لە جەنگدا زیندوو دەبێتەوە.

پێ: جارو بار کە حیزبێک لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، سست دەبێ و لە مردن نزیک دەبێتەوە، دوژمنەکەی دەشێ بۆ بەرگرتن لە دروست بوونی هیزی نوێ و چالاکی نوێ کە لەژیر کۆنترۆڵی ئەودا نابن، شرینقەیەکی لێ بدات و دوراو دوور یا لە نزیکەوە، دەستی لێ بوەشینی  بۆ بەخەبەر هێنانەوەی و زیندووکردنەوەی.

*سەرنج: Principle : بریتیە لە کۆمەڵێک بەهاو نرخ کە ئیلهام بەخشن بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵ و تاک لە پەیوەندیدا لەگەڵ مەقامێکی دەسەڵاتدار، بە گشتی لەگەڵ حکومەتدا، پرینسیپ بناغەی یاساکانە و یاساکان فۆرمی نووسراوی پرینسیپەکانن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×