به‌ڵێ بۆ پێكه‌وه‌یی!

عەبدولرەزاق شەریف
  2019-01-22     1718

حیزب‌و كاره‌كته‌ره‌ حیزبییه‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ پێكه‌وه‌ پیروخه‌ڕۆ بون، هه‌م خۆیان، ئێمه‌ومانانیش وه‌ك كاروانچییه‌كه‌ ره‌ش‌و سپی‌ خۆمان ئه‌ناسینه‌وه‌. گره‌وكردن له‌گه‌ڵ ئه‌واندا له‌سه‌ر گاڵ‌و په‌موه‌كه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ گاڵ ئه‌هێنێ. گفت‌و به‌ڵێن بۆ سازان‌و چاكسازی‌ مێژویه‌كه‌، هیچی‌ لێ سه‌وز نه‌بوه‌‌و نابێ.

بانگه‌شه‌ی‌ كاری‌ پێكه‌وه‌یی، یه‌كڕیزی‌‌و لێبورده‌یی به‌دروشم‌و پراكتیك، تۆزی‌ له‌سه‌ر نیشتوه‌‌و داهێنانێكی‌ نوێ نییه‌، هه‌مو ئه‌و خه‌نجه‌رانه‌ی‌ له‌پشته‌وه‌ له‌ یه‌كتری‌ دراون، له‌ تیرۆر‌و په‌لاماردانه‌وه‌ هه‌تا راو و روت‌و تاڵانی‌، له‌وكاتانه‌دا بوه‌ كه‌ ده‌سته‌كان له‌ناو یه‌كتریدا بون. كه‌ شانزه‌ی‌  ئۆكتۆبه‌ر روئه‌دات، له‌ پانزه‌دا پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ سه‌ره‌گه‌وره‌كانیانه‌وه‌ له‌ دوكان پێكه‌وه‌ له‌ داوه‌ت‌و كۆبونه‌وه‌دا بون، هه‌فته‌ی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی‌ یه‌كڕیزی‌، عێزه‌ن له‌ كۆبونه‌وه‌دا بون.

نوێترین كۆبونه‌وه‌ بۆ كاری‌ پێكه‌وه‌یی، گفتوگۆكانی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئاینده‌یه‌، به‌هه‌مان تاس‌و حه‌مامی‌ جاران، به‌ شكاندنی‌ ئیراده‌‌و شكۆی‌ ئه‌وی‌ تر ده‌ستی پێكردوه‌. یه‌كه‌مین (په‌ڕله‌)ی‌ پارتی‌ به‌ گرێی‌ ده‌رونی‌ (په‌ڕله‌مان) ده‌ستی‌ پێكرد، به‌وه‌ی‌ نابێ گۆڕان پشكی‌ له‌و سه‌رۆكایه‌تیه‌دا هه‌بێ، سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیش كه‌ گۆڕان بانگه‌شه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ "ته‌شریفاتی‌" بۆ ئه‌كرد، پشكی‌ جێگره‌كه‌ی‌ بۆ دانراوه‌، لێره‌وه‌ كاری‌ پێكه‌وه‌یی ده‌ستیپێكرد. به‌گرتن‌و ده‌ركردن‌و موچه‌بڕینی‌ كادر‌و لایه‌نگرانی‌ یه‌كتریدا رۆشتوه‌‌و دوا به‌رهه‌میشی‌، وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ دۆسته‌ (رۆژانه‌ ده‌یان هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌ر به‌ تۆپزی‌ ئاڵتم‌و ساتم ده‌كرێ)‌و شكاندنی‌ هه‌یبه‌تی‌ دادگا‌و شكۆی‌ دكتۆرێكی‌ دڵسۆزی‌ سلێمانییه‌ كه‌ پارێزگاره‌كه‌ی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆمه‌‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منیه‌كه‌شیه‌تی‌.

چۆن له‌پێش رودانی‌ گه‌رده‌لولی‌ ناعه‌داله‌تی‌‌و گه‌نده‌ڵی‌‌و شكست‌و خیانه‌ت (پێكه‌وه‌یی) ته‌كتیكه‌‌و ستراتیژی‌ هاوبه‌ش له‌دژی‌ ئه‌و چه‌مكه‌ قێزه‌ونانه‌ ئامانجه‌ !، له‌دوای‌ گه‌رده‌لوله‌كه‌ش (ناپێكه‌وه‌یی) تاكتیكه‌‌و دادگایكردنی‌ تاوانباران ستراتیژی‌ هاوبه‌شه‌. ده‌كرێ له‌ یه‌ك حیزبدا‌و له‌ یه‌ك شارو له‌ یه‌ك وڵاتدا هاونیشتمانی‌ بین‌و له‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ شارستانیدا، ئێمه‌‌و ئه‌وان جیاوازبین‌و ده‌كرێت له‌یه‌كتریش جیاببینه‌وه‌، ئه‌و جیابونه‌وه‌ی‌ كه‌ (له‌نین) له‌دوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ شۆڕشی‌ ئۆكتۆبه‌ر به‌مافی‌ فنله‌ندییه‌كانی‌ ده‌زانی‌ به‌ڵام له‌به‌ر "یه‌كڕیزی‌" شۆڕشی‌ كرێكاریی ئه‌یوت بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ناكه‌ین، ئه‌م وته‌یه‌ی‌ له‌نین له‌سه‌روه‌ختی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقدا كاتێك له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه‌ كۆك نه‌بون كه‌ "هه‌مو پارێزگایه‌ك به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌رێمێكدا رێكخراون، مافی‌ جیابونه‌وه‌‌و  هه‌رێمێكی‌ سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ)، نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌بیر مه‌سعود بارزانی‌ هێنایه‌وه‌ (ئه‌وكات هه‌ردوكیان نوێنه‌رایه‌تی‌ كوردیان له‌ لیژنه‌ی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقدا ده‌كرد)، دوای‌ لێكتێگه‌یشتن بو به‌ ماده‌یه‌كی‌ ده‌ستورو مافێكی‌ ره‌وای‌ سته‌ملێكراوان، پێكه‌وه‌ له‌ ده‌ستوردا مافی‌ "ناپێكه‌وه‌یی بونیان" له‌ عێراق‌و كوردستاندا چه‌سپاند.

راكردن بۆ پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ دو ناوه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌ له‌ خراپه‌دا هیچ كه‌س باشتر له‌خۆیان وه‌سفی‌ نه‌كردون، كارو كرده‌وه‌ی نیشتمانی‌ نییه‌، به‌ڵكو كاری‌ راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌، تكاو داوا له‌ كاره‌كته‌ره‌ زیندوه‌كانی‌ ئه‌وان بكه‌ین بۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌بون، (ئێمه‌بون) به‌ ده‌نگ‌و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ وه‌ك نیشتمان‌و هاونیشتمانیی، وه‌ك به‌ره‌یه‌كی‌ دژ به‌ سته‌مكاری‌‌و كۆنه‌پارێزی‌، وه‌ك حكومه‌ت‌و حوكمداری‌ ته‌ندروست. بۆیه‌ له‌م قۆناغه‌دا، جیابونه‌وه‌ له‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی‌ بنه‌ماڵه‌‌و حیزب‌و حوكمڕانی‌، باشترین بژارده‌ی پێكه‌وه‌ییه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×