بەلەرزە کەوتنی ئەکەپە

عومەر عەلی‌ محەمەد
  2019-04-12     775
بەدرێژایی (١٧) ساڵی ڕابردوو کە (١٨) ھەڵبژاردنی جۆاوجۆر لەتوروکیادا ئەنجام دراوە ، بە بەردەوامی پارتی دادوگەشەپێدان براوەی یەکەم بووە، ئەم بردنەوەیە وای لەبەرپرسانی ئەم پارتە کرد بوو کە لەبانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا بە غرورێکی سیاسی زۆرەوە باسی حیزبەکەیان و پرۆژەکان و ئاستی جەماوەری بوونیان بکەن، ئەوان لەو بروایەدا بوون کە پارتی داد و گەشەپێدان لەدوای ئەوەی کە توانیان ساڵی پار سیستمی پەرلەمانی بگۆڕن بۆ سیستمی کۆماری، ئیتر ئەم پارتە شکست ناخواردە پێگەی خۆی لەھەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا قایم دەکات و ھیچ شتێکی تر ناتوانێت بە لەرزەی بخات، لەبەر ئەوە ئەوان زۆر بە حەماسەوە دەڕواننە ساڵی (٢٠٢٣)ی پرۆژەکەی پارتی داد و گەشەپێدان، کە ئەمە سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ تورکیا و تورکیاش دەبێتە زلھێزێکی جیھانی پێگەی خۆشی لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست‌و جیھان وەک جەمسەرێکی بەھێز دەپارێزێت.

ھەر بەم دیدو تێڕاوانیەشەوە ھەڵسو کەوتی دەکرد و ھەروەک لە بانگەشەی گۆڕینی سیتمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی  دروشمی تورکیایەکی بەھێزی ھەڵگرتبوو، ئەم گۆڕانکاریانە لەدیدو ئایدیاو بۆ چوونەکانی دادو گەشەپێدان لەدوای ساڵی (٢٠١٥) ەوەزیاتر ھەستی پێدەکرێت، چونکە ئەوان لەو کاتەوە بڕوایان وایە کە تورکیا پێویستی بە سەرۆکێکی کاریزما و دەوڵەتێکی بەھێز ھەیە، ھەر بۆ زیاتر تۆخ کردنەوەی ئەم گوتارە زیاتر ئاراستەکە روو دەکاتەوە جەماوەری بەرەگەز تورک و وردە وردە پاشەکشە دەکات لە تورکیایەکی کراوەو دیموکرات و لبیرالڕی کارکردن بۆ چەسپاندنی مافە مەدەنیەکان.

ئەم دیدو تێڕوانینە نوێیە وای کرد کە پارتی دادو گەشەپێدان رێکەوتنی ستراتیجی لەگەڵ بزوتنەوەی رەگەزپەرستی تورک بە سەرۆکایەتی دەوڵەت بەھچلی ببەستێت، کە ئەوانیش پاڵنەری گەورە بوون بۆ ئەوەی دادو گەشەپێدان لەپرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا پاشەکشە بکات.
لەلایەکی ترەوە ئەو دیدو تێڕوانینە وای کرد کە پارتی دادو گەشەپێدان لەجیاتی سفر کردنەوەی ململانێکان کە بە تیۆری سیاسی داود ئۆغلۆ دادەنرێت، ئەوکاتەی کە سەرۆکی حکومەت بوو، ئەوکاتەش کە وەزیری دەرەوە بوو،تەدوای  ئەو تیۆرێکی تر ھاتە ئاراوە، کە ئەویش رووبەڕوو بوونەوەی توند لەگەڵ نەیارەکانی ئۆپۆزسیۆن کە زۆر جار بە توندڕەووی ناپاکی دەستی دەرەوە لەقەڵەم دەدران، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە لەدوای کودەتاکەوە زۆربە توندی روبەڕوی گوڵەنیەکان بووەوە و لەھەموو دەزگاکانی حکومەت پاکتاوی کردن.
لە کوردستانیش لە (١٠٢) سەرۆکی شارەوانی (٩٦) یانی لابردوو لەجێگەیدا کەسانی سەر بە پارتی دەسەڵاتداری داناو لە ناوچە کوردیەکانیشدا بەگشتی باری نائاسایی راگەیاند، لەگەڵ ئەم بارودۆخە نائاساییەی ناوخۆ بەھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، قەیرانێکی ئابوری سەخت روبەڕووی تورکیا بووە، کە ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی لیرەی تورکی (٣٠%) بەھاکەی لەدەست بدات و رێژەی ھەڵاوسان بگاتە نزیکەی (٢٠%) و ئاستی بێکاری (١٣%).

ئەم دیدو تێڕوانینەی پارتی دادو گەشەپێدان بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامە نوسان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و جەماوەر بە گشتی، وایکرد کە ھەموو ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و نەیارەکانی پارتی دەسەڵاتدا بیر لە خۆر رێکخستنەوە و یەکگرتن بکەنەوە، لەبەر ئەوە ئەمجارەیان لە بەرامبەر ھاوپەیمانی کۆمار، ھاوپەیمانی گەل دروست بوو کە لەگەڵ ھادەپدا بە رێکەوتنێکی نوێوە چوونە ھەڵبژاردن، بەتایبەتی لەشارە گەورەکانی وەک ئەستەنبول و ئەنقەرە و ئەنتالیاو ئەدەنەو ئەرزروم، ئەم رێکەوتنەی کورد لەگەڵ جەھەپە بووە ھۆی ئەوەی پارتی دەسەڵاتدار لەھەموو ئەو شارە گەورانە ھەڵبژاردنی شارەوانیەکان بدۆڕێنێت.

پارتی دادو گەشەپێدان دەبوایە ئەو ڕاستیە بزانێت کە ھەتا ئێستاش ئەو لەتورکیادا دەنگی رەھاو زۆینە نیە، ئەو ھەڵبژاردنانەش کە لەڕابردوودا بردوویەتیەوە بەھۆی ناکۆکی رێکنەکەوتنی ئۆپۆزسیونەوەبووە لەنێوە خۆیاندا، لەبەرئەوە ئەو پێویستی بەوە ھەبوو کە پارتەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەخۆی نزیک بکاتەوە نەک ھەموان بکات بە دوژمنی خۆی ولەبەرەیەکدا کۆیان بکاتەوە.
لەدەستدانی ئەو شارە گەورانە مانای سیاسی گەورەی ھەیە بەتایبەتی پایتەخت کە نوێنەرایەتی نوخبەی سیاسی دەوڵەت دەکات، ھەروەھا ئەستەنبوڵ کە بۆ ماوەی (٢٥) ساڵە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دەسەڵاتدایە و لەھیچ ھەڵبژادنێکدا نەیدۆڕاندووە، لەھەمان کاتدا ئەستەنبوڵ پایتەختی گەشت وگوزارو ئابوری و کولتوریە.

لەبەر ئەوە لەئێستادا پارتی دادو گەشەپێدان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویدایە و ئەگەر بە خۆیدا نەچێتەوەو چاکسازیەکی بنەڕەتی لەتێڕوانینە سیاسیەکانیدا نەکات لەناوخۆو دەرەوەدا، ئەگەری ئەوەی ھەیە وەک پارتی نیشتمانی دایکی لێ بێت، چونکە ئەویش لەساڵی (١٩٨٩)دا لەھەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا جەماوەری رووی لە لەپاشەکشە کرد و پارتی رەفا لەئەستەنبوڵ ئەنقەرە جێگەی گرتەوە، بەڵام ھیچ بەخۆداچوونەوە و گۆڕانکاریەک، چوەوە ھەڵبژاردنی (١٩٩٤) لەم ھەڵبژاردنەشدا سەرەڕای لەدەستدانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە شارەوانی گەورەی تریشی لەدەستدا و لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی (١٩٩٥) بە تەواوی دەنگەکانی کەمی کرد.

ھەر چەند ھەتا ئێستاش رێژەی دەنگەکانی پارتی دادو گەشەپێدان (٤٤%)ەو یەکەم پارتە لەرووی ژمارەی دەنگدەرانەوە، بەڵام لەلایەکی تریشەوە وەک ئۆردوغان ووتی: ئەوە پەیامی خەڵک بوو بۆ پارتی دەسەڵاتدار. مانای وایە خەڵکی بەتایبەتیش نەوەی نوێ کە ملیۆنێک و سەد و پەنجا ھەزار کەس بوون، رازی نین بەو سیاسەتە ئابوری و سیاسیەی کە ئێستا پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا دەیبات بەڕێوە، لە ئێستادا ئەم پارتە پێویستی بە سفر کردنەوەی ململانێکان ھەیە، بەڵام سەرەتا دەبێت لەناوەوە دەست پێ بکات، ئینجا بەرە و دەرەوە ھەنگاو بنێت. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×