چی شتێک گرنگە لەبارەی تاوانی ئەنفالەوە بوترێ؟

ئاریان ئەحمەد
  2019-04-15     765

ئەگەر بمانەوێ ھوشیاری بە تاوانی ئەنفال ببێ بەبابەتێکی پەروەردەیی و زانستی.وە پرسەکە بکەین بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و پرنسیپە ئەخلاقیەکان.یان ئاگایی بۆ تاوانەکە بکەین بەپرسی ئاگایی بۆ بەرپرسیارێتی وەک ئەکتێکی ئەخلاقی.ئەوا گرنگە ئەو توێژینەوانەی کەدەکرێن لەپەیوەند بەبابەتی تاوانەکە.ئەم ڕەھەندانە لەخۆ بگرێ.زۆر گرنگە پرسی بەڕیشەیی کردنی ھوشیاری بەتاوانی ئەنفال گرێ بدەین بە چەمکی ڕاچەنین و بەئاگا ھاتنەوە.کەزیاتر ئەو چەمکانە بابەتی دەرون ناسین.بەڵام دەشێ گرنگی و ماھیەتیان لەوە ببینینەوە کە ئەزمون نەکردنیان لەئاستی بیرکردنەوە.بوە بەمایەی نەبونی زمان و ئاگاییەکی ڕیشەیی و پێویست بەتاوانی ئەنفال.یان کۆی ئەو تاوان و جینۆسایدانەی تر کەدەرھەق بەمرۆڤی کورد کراوە.بەبڕوای من دۆخی ڕاچەنین بەمانا فیکریەکەی کە ھەستکردن و کەشف کردن و بۆ دەرکەوتنی مەترسی و غیابیەکانی ئەو پێوەرانەن.کە نەبونیان و کارپێ نەکردن و فەرامۆش کردنیان لەئاست ڕوداوەکان .مەترسیە بۆ سەر ژیان بەواتای توانای مانەوەو بەرەنگاری و ململانێ کردن.

گرنگە خواستی ژیانێکی زانستی و مەدەنی ئەو پرسانە بکات بە بابەتێکی ئەخلاقی و ئینسانی ئەوتۆ کە کۆدەنگی و دەست بردن بۆ پێودانگە فەلسەفی و زانستیەکانی لێ بکەوێتەوە.بەجۆرێک نەک بەتەنھا پێوەرە پەروەردەیی و زانستیە ڕوکەشەکان جێ بکرێتەوە لە نێو پرۆگرامی خوێندن،بەڵکو ئەو گوتارەش لەفۆرمی پەیوەندیەکی شەفەیی و ڕەفتاری بگات کە تواناکانی ئینسان بۆ ناسینەوەو خودسازی دەدۆزنەوە یان دەکەنەوە بەڕوی دونیا و دیاریدەکان.بەجۆرێک پەروەردە وەک کایەی خود سازی ڕۆڵی ھەبێ لە چێ کردنی سەرەتاکانی توانای بیرکردنەوەو خۆناسین.و دواجار دونیا ناسی.ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرھەمی دەھێنێ.تاکێکە خۆی تواناکانی و ئاگایی و ھوشیاری خۆی ڕوبەڕوی ناسینەوەی پێدراوەکانی ناو واقیع و مێژو دەکات.وە ھەر ئەکتکردن و خۆ ڕاگەیاندنێکی وەک پرسێکی ئەخلاقی و گرێدراو بە ژیانێکی ئەخلاقی و بەر پرسیار ئامێز بۆ ئەوانی تر پەخش دەکات.

ئەوەی بەدیدی من گرنگە پێش بازدان بۆ ناسینی ڕوداو یان تاوان.قسەلەسەر ئەو ئاگایی و ھوشیاریە بکرێت کە لەھەنگاوی دواتردا.ڕوداو یان تاوان یان ھەردەرکەوتەو دیاریدەیەکی تر دەناسێ.وە واجبە ئەخلاقیەکانی ئەو ئاگاییە کەڕیشەکانی لەناو پەیوەندیەکانی مرۆڤ دۆستیە.ئاشنا بکرێ بەو تاکەی کە تائەم ساتە وەختە لەغیاب و لەدەرەوەی تواناکانی خۆی بۆ ناسینەوە دەژی.
لەفۆرمێکی لەم چەشنە لەئاگایی کەپێویستی و مەغزای ڕوداوی تاوانی ئەنفال دەیخوازێ لێمان وەک پرسێکی ئەخلاقی.ئێمە ئەوکات دەتوانین ھەنگاوی پەروەردەیی و زانستی بنێین بۆ جۆرێک لە بەناوەکی کردن و بەڕیشەیی کردنی ھوشیاری مرۆییمان بە ڕووداوەکانی ناو مێژوو و پێشھاتەکانی تری پەیوەندیدار بە ژیان و مانەوەو ململانێ کردنمان.

مەبەستی ئەم نوسینە کورت دەکەمەوە لەم خاڵانە کە بەڕێو شوێنی جدی و ھەرچ کارکردنێکی بەرپرسیار ئامێزانەی دەزانم بۆ پرسی تاوانی ئەنفال.

١.گرنگە زمانی گەیاندن و شیکردنەوەی پرسە پەروەردەییەکانی بەپوەند بەمێژووەوە.ھەڵگری شیاوێتی و ئاست باشی و دەوڵەمەند بە مەعریفەی فەلسەفی بەتایببەت  مرۆڤ ناسی و دەرون ناسی و دەرون شیکاری و کۆمەڵناسی.بێت.

٢.گرنگە پرنسیپەئەخلاقیەکان کاریان پێ بکرێ بەجۆرێک تەرەفداری لێ نەکەوێتەوەو ئەوەندە ئاگایی و ھوشیاری بەتاوانی ئەنفال گرنگبێ.ئەوەندە گوتار یان وانەی پەروەردەیی ھەوڵ و بەلاڕێدا بردن بەئاڕاستی بیری تۆڵەکردنەوەو ڕق و کینە نەدات.چونکە مەفھومەکانی لێبوردەیی بەھێزترو بنیاتنەرترن  لەئاستی ئاگایی و ناسینەوە لە ماناکانی تۆڵەکردنەوە بەگشتی.

٣.گوتاری پەروەردەیی خۆی ببەستێتەوە بەپرنسیپ و میتۆدە زانستی و گەردونیەکان و لە ژێر سایەی لۆکاڵ و کاریگەریە سیاسیەکان بچێتە دەرەوە.

٤.ناوەندێکی توێژینەوە لەسەر ئاستی زانکۆکان و ناوەندە زانستیەکانی تر دابمەزرێ.وە ئەو نوسەرو لێکۆڵەرو ئەکادیمیستانە بانگھێشت بکرێن کە دەشێ تواناکانیان و پسپۆریان کۆمەکی بەخش بێ بە مانفێستکردنی تاوانەکانی ئەنفال.و کۆی تاوانەکانی تر کەدەر ھەق بە ئینسانی کورد کراوە.وە ستراتیژێکی پەروەردەیی دابڕێژرێ بەجۆرێک ناسینەوەی تاوانی ئەنفاڵ بەشێکی گەورەو پانتاییەکی گەورەی لە و ستراتیژە پەروەردەییە پێ بدرێ .


ھەر قسەکردنێک لەباری ئەنفالەوە بەدیدی من دەبێ بەو فلتەر و کەناڵانە تێ پەڕن کە باسم کرد.دەنا لەبری ھەق پێدان بە ترسناکی و کارە ساتباری ڕوداوی تاوانی ئەنفال.تەنھا ئەو سەفسەتەو زمانە دوبارەو دەرە فیکریانە دەبیستین کە ساڵانە دەوترێن  و ھیچ جەدەل و گفتۆ گۆیەکی ئەخلاقیو توێژینەوەیەکی ئاست بەرزی زانستی جێ نا ھێڵن و نابنە مایەی شۆک و بەئاگا ھاتنەوەیەکی جدی بۆ تاوانەکە..
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×