کورد مەکەنە کەوا سوری بەر لەشکر، نەبەگوفتار نەبەڕەفتار!

کۆسار سیامەند / ساراڵ
  2019-04-16     799

بۆ کاک موسەننا ئەمین

پیرمێردی فەیلەسوف‌و شاعیر دەڵێت: لەکۆشکی پاشاکانی ڕۆمدا دەژیام‌و جلی پاشاکانی ڕۆمم لەبەردا بو کە شەو دەخەوتم، خەوم دەبینی وام لەباخەکانی چوارباخدا لەسلێمانی خەریکی هەنار دزینم. 

خۆشەویستیی باخەکانی چوارباخ، کە لای پیرەمێرد خۆشەویستی نیشتمان و باخەوانەکان وەک نەتەوەکەی، لە خەوەکەیدا تجسیم بوو و ئەو پەیامەی بە پیرەمێرد دا کە نە پاشایەتی کاری ئەوە و نە کۆشکی پاشاکان جێگای ئەو، ئەمە بووە هۆی ئەوە شەق لە کۆشک و جلی پاشای ڕۆم هەڵبدات و بێت ئاگرێ لە دڵی نەتەوەکەیدا بکاتەوە کە تا زەمانی ئازادی و گێڕانەوەی حەقێکی مەنتقی بۆ نەتەوەکەی، ئاگرەکەی هەر ئەدرەوشێتەوە و دوای ئازادای و گەڕانەوەی حەقیش بۆ خاوەن حەق کە نەتەوەکەیەتی، گڕەکەی بەرزتر دەبێتەوە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگای ئایندەی. 
پیرەمێرد زەمینەی فیکریی بۆ نەتەوەکەی سازان تا بۆ سەندنەوەی هەقی خۆیان، دەبێ قوربانی بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بدەن و خۆشی کردە نمونە و مەشخەڵیکی داگیرساو. بەرلەوەی بڵێت و دەستور بدات، خۆی دەستور و فەرمانەکەی خۆی جێبەجێ کرد، پەوچە( بۆیە) بوویە مەشخەڵ.
لای پیرەمێرد دوو جۆر وەکیلی گەل هەبوون، یەکێکیان وەکیلی تەسلیم بوو بەو بیرەی کە دەبێت بەرگری لە ماف و حەقێکی زەوتکراو بکات و هەوڵ بۆ سەندنەوی بدات، ئەوی تریان هەرزە وەکیلان بوون، کە تەرازووەکەیان سەنگەڵاو مەسەلەکەیان بە گەزی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپێوا.
زەمان گوزەریاوە و ئاوەکان لێڵ کراون و ڕاوچییەکان فێری زمانێکی تر بوون و لە ناو توێکڵدا قسەکانیان دەکەن و داواکارییەکانیان بە مەرەکەبێکی نادیار، لە نێوان دێرەکاندا بۆ خۆشەویستەکانیان بەیان دەکەن.
وەلێ! چاوەکانیش تیژ بوون و گوێچکەکانیش سوک بوون و عەقڵەکانیش ژیر بوون، ئەگەر مێژوونووسێک گەرەکی بێت، وەکی جاران بەمەیل و خواستی سوڵتان ڕووداوەکان بنوسێتەوە، لێی ناسەلمێندرێ و هەر لەو لەحزەیەدا کە ڕووداوەکان دەتەقنەوە، هەزاران چاو دەیان بینێ و دەیان هەزار گوێکچە دەیان ژنەفێ و سەدان هەزار عەقڵیش، بەراوردیان دەکا و سوک و سەنگینییان دەدۆزێتەوە و لە مەبەستەکە حاڵی دەبێت. 
تاکی کورد دەبێ ئەوە بزانێ، کە حاڵی ئێمەی کورد، وەک مەڕەکەیە لەناو بزن گەلەکەدا، ئەگەر جارێ پای خزیا و شوێنێکی دەرکەوت، بزن گەل بەکلکی هەڵبڕاویانەوە، پێی پێدەکەنن و هوهای لێ دەکێشن، بەڵان هینەکەی خۆیان نابینن، کە هەمیشە دیارە.

کورد دەبێت هەمیشە، موکێشەکەی پێ بێت بۆ دەرهێنانی موەکە لە ماستەکە، ئەگەر قسەیەکی کرد یا ڕەفتارێکی نواند، دەبێت بیداتە بەر چوار ئاوێنە، ئەگەر خەڵکی تر لە پەنجەرەیەکەوە بۆ ئاسۆ دەڕوانن، ئەم دەبێت لە چوار پەنجەرەوە بۆی بڕوانێ.
کاک موسەننا ئەمین  کە وەکیلی میللەتە، خۆی بەناو بازاڕێکی ئاشوفتەدا دەکا و لەسەر حەق بوون و ناحەق بوونی بڕیارێک بە زمانی کوردی پەیامێک بۆ خۆشەویستەکەی دەنێرێ و گەرەکییە لەو بازاڕە ئاشوفتەیەدا دیارییەکی بۆ بسێنێ، دەی برا خۆشەویستی دەلیلی بۆ چییە؟! ئەمە دیارە کە خۆشەویستی نییە، بەڵکو خۆ خۆشەویست کردنە، بازاڕەکە شێویاوە و ئێستا کاتی ڕاوە. بەڵام نیگەران مەبە دڵنیات دەکەمەوە کە پەیامەکەت گەیشت، وەلێ دڵنیا نیم پاداشتەکەی گوڵ دەبێ یا دڕک!!


بۆچی حەقم بەخۆم دا قسەکانت لە بێژنگ بدەم؟!
چوون کوردی، بە کوردی قسەکانت کرد، ئەوەش پەیوەندی هەیە بە چارەنووسی نەتەوەیەکەوە، قسەکانت بادی هەوا نین و بۆ خۆشی و کات بەسەر بردن ئەم قسانەت نەکردووە، بەلام هەڵەیەکی گەورەت کرد، حەق و ناحەقت بە گەزی خۆت پێواو بە تەرازووی سەنگەلای خۆت کێشات. ئەمەش بۆ ئێمە مەترسی هەیە و متمانەمان بە وەکیلەکانمان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. 
شەڕ بۆ ئێرانییەکان چ مانایەک دەدات؟
لەو ڕۆژگارە سەرەتاییانەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا و بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان بەسەر هەموو دەنگە حەقخواز و ئاشتیخوازەکانی گەلانی تری ئێراندا شەڕی عێراق و ئێرانیان و ئێران دژ بە کوردەکانیان هەڵگیرساند، چونکە بەو شەڕە نەبایە دەسەڵاتێکی وا نەی دەتوانی بە پێوە بوەستێ، ئاخوندەکانیش بۆ درێژەدان بەم شەڕە تیۆریان داتاشی و فتوایاندا:

" جنگ یک نعمت الهی است، جەنگ نیعمەتێکی خودایە" ئەمە ئەو دروشمە بوو، کە بە جادە و دیواری کۆڵانەکانەوە دەمان بینی لە کوردستاندا و ڕۆژانە ئەزیزان و خۆشەویستانمان دەکرانە قوربانی ئەم نیعمەتە، کەواتە ئەمە فەرمان و فەتوا وجیهاد و سەوابی هەیە لای ئێرانییەکان، جەنگ خۆشەویستە، دیاری خوایە، مرۆڤ چۆن دیاری خودا ڕەت دەکاتەوە. ئەمە قسەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، هەزاران هەزار کوڕ و کچی لاو، پیر و پەککەوتە، منداڵی هەشت ساڵان و دەساڵان کرانە قوربانی ئەم فەتوایە و بەهەزاران هەزاریش لە میللەتانی تر سەریان لە لەشیان جودا کرایەوە بە حوکمی ئەم فەتوایە. 

تۆ ئێستا دەتەوێ کێ قەناعەت پێ بکەیت کە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی جەنگ؟! ئێرانییەکان بەدوای کڕینی جوانترین دیاریدا دەگەڕێن کە جەنگە و بەدەستهێنانی نیعمەتی خوداوەن، تۆ چۆن دەتوانی ڕازیان کەیت ئەم نیعمەتە وێڵ کەن و لەدەوری مێزێک کۆببنەوە بۆ بنیات نانی داهاتووی گەلەکانیان؟!

جەنگ بۆ لایەکیان نیعمەتە و بە شوێنیدا وێلە و دەیەوێ و هەموو کەس و شوێن و حەقێکی لە پێناودا دەسووتێنێ و پارەی قەبە و خەیاڵی بۆ سەرف دەکات، کاری ئەمەیە، خواستی ئەمەیە لەزەت و دنیا بینییەکەی ئەمەیە، بۆ ئەمە هاتووە و چل ساڵە لەبەرهەمی جەنگ دەخوات. بۆ لە بەڕیزتان وایە کە ئەو نازانێ چی دەکات و گێجەڵی پێ دەکەن؟! ئەم خۆی بەدوای گێچەڵەدا دەگەڕێت.

براکەم، من ئەگەر لە کۆڵانەکەی خۆماندا زوڵم و ستەم لە تۆ بکەم، چاوەڕوانی ئەوەم لێ دەکەیت، لە کۆڵانەکەی پشتەوەمان لەسەر ژێرپێخستنی زوڵم و ناحەقییەک بێمە دەنگ؟! مەگەر ئەو هاتنە دەنگەم سوودێکی مادی یا مەعنەوی بۆم هەبێت.

 چونکە حەق یەک ڕەنگ و یەک دەنگ و یەک مەبەستی هەیە، کێ بیڵێ و لە کوێ ئەنجام بدرێ و هەرکەس خەبات بۆ وەدی هاتنی بکات، خوای دڵخۆشکردووە و ئیمانی بەرجەستەکردووە، ئەگەر خاوەنەکەشی بێ ئیمان بێت، بەپێی لێکدانەوەی دروست بۆ ئیمان.


 جەنگ بۆ لاکەی تریان قودرەتە، دەبێ بینوێنێ، بەهانەی زۆرە بۆ نواندن، سەرۆکی دنیاس پێی وایە لایەکەی تر کارەکەی لێدەشێوێنێ، دڵنیای دڵنیا بە هەر لایەکیان لەسەر حەق بێت ئەوە سەرکەوتووە.

 بەڵام بۆ زانینی حەق، پێویست ناکات فەیلەسوف و پیاغەمبەر بین، جۆرێکی تایبەت جلمان لەبەردا بێت یا ڕوخسارمان تایبەتمەندی هەبێت، تا بتوانین حەق و ناحەق لەیەکدی جودا بکەینەوە، من دەزانم تۆ نەتتوانی دەستنیشانی حەق بکەیت، چونکە لە بناغەدا، حەقێک لە ئارادا نییە کە ئێمە قەزاوەتی دەربارە بکەین، لێرەدا حەقەکە ئەمەیە کە ئەو دوو لایەنە لەسەر حەقێک بەگژ یەکدا نەهاتوون، یا پایماڵکردنی حەقێک لە لایەکیانەوە تا بەرامبەرەکی بێنێتە دەنگ. 
ئێمە چ هاوکێشەیەک داوەری بکەین؟! چی لەم بڕیارەدا، مەنتقی ودروستە یا نامەنتقی و نادروستە؟! بۆچی کام لایەن پێڕەوی مەنتق و دروستی هەنگاوەکانێتی تا ئێمە بە زمانی کوردی خۆمان بکەینە قوربانی و گێچەڵەکە لە خۆمان نزیک بکەینەوە و نەتەوەکەی تێوە بگلێنین؟! 

تۆ دەتەوێ ئازاری لە مێژینەوی نەتەوەیەک نوێنەرایەتی بکەیت، یا بڕیاری ئەم لایەن و ئەو دەوڵەت؟! پێت وایە ئەمەریکا نەزانێ چی لە عێراقدا دەگوزەرێ؟! دۆست و دوژمنی کێن و عێراق لەسەر کام بناغانە دروستکراوەتەوە؟!، تا بەڕیزتان بەوە بیترسێنی کە هیچ لایەن وحیزبێک لەگەڵ بڕیارەکەی ئەودا نییە، یا هێزی نەیاری ئەو لە عێراقدا هەیە؟!، سەرەک وەزیرانی عێراق ڕای ڕەسمی دەوڵەتەکەی ڕاگەیاند و عاقڵانە تر بۆ کێشەکان چوو.

ئەگەر دەستووری عێراق ڕێگە نادات کەس زەوییەکانی بەکار بێنێت، بۆ پەلاماری هاوسێکانی، ئەی دەتوانی پێمان بڵێیت کە کام بڕگەی دەستووری عێراقی ڕێگەی داوە کە کەلشکرێک، بە سەروەت و سامانی گەلانی عێراق لەناو خاکەکی خۆیدا پەروەردە و بەخێو بکات، کە فەرمان لە وڵاتێکی هاوسێوە وەردەگرن و مەرجەعەکەیان وا لە ئێران؟! ئایا ئەمە مەنتقی و دروستە؟!

ئەمە خاڵە گرنگە کەبوو کە تۆ شایەتیت بۆ داو کردیانە ماڵ بەسەرتەوە و لە ڕێگای تۆشەوە بەسەر نەتەوەکەتەوە. ئەمە ئەو تەڵەیە بوو کە نابوویانەوە و تەڵەکەیان بە تۆ تەقان و خۆت پێوە بوویت، لەبەر ئەوەش بە کوردی قسەت کرد ئیحای ئەوەت دا کە کورد وا دەڵێ.

ئەمەش گرفتاری ئێوەیە، سیاسییەکان و پیاوە ئایینییەکان، بە زمانێک قسە دەکەن کە زمانی میللەتێکی دابەش و داگیرکراوە، خەمەکەی لەکەس ناچێت و ئازارەکەی لەوێنەی نییە، لەبەر ئەوەش ناتوانی بیخەیتە ناو ئەو هاوکێشانەوە، کە شەڕی قودرەت و بەکارهێنای زور و ململانێی دەسەڵات و لێکدانەوەی سەر بەگروپ یا لقێکی تایبەتی لێکدانەوە ئاینییەکانن. 

کورد و مەسەلەی کورد مەکەنە کەوا سووری بەر لەشکر نە بەگوفتار و نە بەڕەفتار، کاتی ئەوە هاتووە نەتەوەکە پێتان بڵێت: چیدی ئازار و برینەکانمان مەکولێنەوە، بە قسە و شیکردنەوە نا مەنتقی و نادروستەکانتان، کێشەی ئێمە ئاین و دەسەڵات و کێ حەقە و کێ نا حەق، نییە، ئەوە کاری ئێمە نییە، چونکە گرفتی ئێمە گرفتی ئەوان نییە، چیدی لە قسەو باستاندا، یا لە سەردانی سوڵتان و دەستخۆشی لێکردنیاندا بۆ سەربڕینی منداڵانی کورد، نە بەرگی ئێمە بپۆشن، نە بە زمانی ئێمە بدوێن، ئێمە بەشێک نین لە هیچ بێروباوەڕ و لێکدانەوەیەک. 

  ئەگەر دەتوانن، حاجی و پیرەمێرد و نالی و مەحوی و مەلەوی و خانی ئاسا،  لەسەرمان هەڵبدەنێ و باسمان بکەن و دەنگمان بەرز بکەنەوە و فێرمان کەن و ڕۆشنمان کەنەوە، شەق لە جلی سوڵتانی و کۆشکی سوڵتانی، هەڵبدەن و بۆ ناڕەزایی سەری خۆتان هەڵبگرن و بسوتێن بۆ نەتەوە و فێری سووتان و هەوڵدان و ڕاستیەکانمان بکەن.
ئێمە مامۆستای گەلمان دەوێ، کە لە برین و ئازارەکەی خۆمانەوە فێری ڕوانینمان بکات بۆ ئازار و خەمی گەلان.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×