موچەخۆرانی کوردستان لەنێوان چەکوش‌و دەزگادا

هێمن ئەحمەد
  2020-11-22     747

ئەو سوکایەتی و گاڵتەجاڕیەی بەرانبەر بە موچەحۆرانی کوردستان دەکرێت، لە لایەن ھەردوو حکومەتی ناوەندی و ھەرێمەوە، لەمێژودا وێنەی نەبووە، کە موچەخۆریان خستۆتە نێوان چەکوش و دەزگاوە وەک بەزمانی عەرەبی دەڵێن (بین المطرقە والسندان).ھەرچەندە من وەھای دەبینم ژێر بە ژێر جۆرێک لەڕێکەوتن لە نێوان ھەردوو حکومەتدا ھەبێت لەم بارەیەوە.

 

لەوەش سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە خەڵکی بەگشتی و موچەخۆرانیش تایبەت خودی خۆیان،زۆر گرنگی دەدەن بە ئەم گەمەو سوکایەتی پێکردنە.وە ھەر درۆ و دەلەسە و موزایەدەیەک وەک بەخشیش و جەژنانە دەبینن.کەواتە بەشێک لەو بارگرانی و دۆخە نەگونجاوەی بەسەر موچەخۆردا ھاتوە،کەم ڕۆشنبیری و دروست بیرنەکردنەوەی موچە خۆر و  ھاوڵاتی خۆیەتی.
کاتێک ھەواڵێکی وەک (ھەوڵدان بۆ گەڕانەوەی موچە بۆ سەر حکومەتی ناوەند)دەبیستین،پێویسەت زۆر لۆجیکانە بیر لەم بابەتە بکەینەوە،نەک کوێرانە بکەوینە دوای ھەواڵی پوچ و ھەڵبەستراوی سیاسی و بازرگانە چاوچنۆکەکانی بەناو نوێنەری کورد،کە لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و ناوبانگی پارت و ڕیکلام کردن بۆ مەبەستە تایبەتەکانی خۆیان کەوتونەتە دروستکردنی دۆخێکی نالەباری ڕاگەیاندن و دەرونی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان تەنیوە بە وتەی بریقەدار و چەواشەکەرانە.بەبێ ئەوەی تۆزێک بەزەییان بەدۆخی ئابوری و بژێوی خەڵکیدا بێتەوە.ئەوان دەمیشیان وەک گیرفانیان گەرم و گوڕە ئیتر ھیچ باکیان بە ژیانی خەڵکی زوڵم لێکراو و ھەژار و موچەخۆر نیە. 
دەبێت موچەخۆر ئەو ڕاستیەش بزانێت کە بە پێی مادەی (١١٧و١٢١)ی دەستوری عێراق،حکومەتی عێراق ھەردوو دەسەڵاتی کارگێڕی و درایی بەخشیوەتە ھەرێم،بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانیشەوە.مەگەر حکومەتی عێراق بەپێی یاساو بڕگەیەکی نوێ بتوانێت ئەم بابەتە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.لەکاتێکیشدا دەزانین پەرلەمان ھیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنی نیە.ئەو بابەتە تەنھا لەدەسەڵاتی حکومەتدایە نەک پەرلەمان.ئیتر چی پێویست دەکات ھەندێک ئەندام پەرلەمان کەوتونەتە ھەڵا ھەڵا و دڵنیایی بە موچەخۆران دەدەن لەم بارەیەوە،بەڕاستی ئەمەش بانگەشە و موزایەدە نەبێت ھیچی تر نیە.
باشە گریمان حکومەتی عێراقیش ئەو ویستەی ھەبێت و بیەوێت ڕاستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی ھەرێم بدات.بەڵام ئەمە بەرانبەر چی دەبێت،ئایا حکومەتی ناوەند ئەمە دەکات،ھەر لەدورەوە سەیری دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەکات و ئەوانیش چی خێر و بێری ھەرێمە ھەڵیلوشن و تاڵانی بکەن.ئەوەش دەزانین ناوەند خۆی گیروگرفتی دارایی ھەیەو خەریکی قەرز کردنە.ئایا لە ئێستادا ئامادەیە ئەو لۆدە گەورەیەش بخاتە سەر خۆی.بە ڕای من نەخێر.
دەبێت موچەخۆرانی کوردستان و خەڵک بەگشتی ئەو تێگەیشتنەیان ھەبێت.ئەم پڕۆسەیە بە ئاسانی تێناپەڕێت کە پەیوەستە بە چەند لایەنێک و بابەتێکەوە،نەک تەنھا ئۆکەی حکومەتی ناوەند و موچەخۆرانی ھەرێم.
یان با بپرسین ئایا کاربەدەستانی ھەرێم ھەر ئاوا بە ئاسانی ڕازی دەبن دەستبەرداری موچەخۆر و پارەکانیان بن.یان ناوەند ڕازی دەبێت لە پێناو موچەخۆراندا بەرژەوەندیە ئەمنی و سیاسی و بازرگانی و سەربازی و ...ھتد لەگەڵ ھەرێمدا تێک بدات یان لەرزۆکی بکات.ھیچ دور نیە ھەرێم بۆ ڕێگریکردن و ھێشتنەوەی دۆخەکە وەک پێشان،ھانا بۆ وڵاتانی ھەرێمیش بەرێت تا ناوەندگیریان بکات و بەغداد ڕازی بکەن لەسەر بڕیاری جێگرەوە.کە دەکرێت ڕێکەوتن بێت بەناردنی بودجەیەکی دیاریکراو لە دووھەزار وبیست ویەک دا بەرانبەر بە ڕادەستکردنی نەوت. یان ھەر بابەتێک لەم چەشنە.دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت لایەنی ھاوپایمانان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش پێناچێت بێلایەن بن لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەدا.چونکە ھەر گرژی و ئاڵۆزیەک لە دۆخەکە کاریگەری لەسەر بەرنامە و ئەجێنداکانی ئەوانیش دەکات.
دڵنیام زۆربەی مووچە خۆرانی ھەرێمیش ھەر وا بیردەکەنەوە کە ئاسان نیە ئەم پڕۆسەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەم دۆخە ڕزگاریان بێت.
ھەرچەند نابێت ھەرگیز مرۆڤ بێ ھیوا و ڕەشبین بێت لە ژیان.بەڵام تەنیا ئەوەی ھەیە ھیوا خواستنە کە ئەمەش مەرج نیە بەدی بێت ،چونکە سروشتی مرۆڤ وایە کاتێک ھەواڵی کەسێکی پێدەدەن کە شێرپەنجەیەتی و دکتۆریش ئاگاداری مردنی داوە بە کەس و کاری،بەڵام ئەو ھەر دەڵێت خودا گەورەیە و ئیشەڵا باش دەبێت.بڕواکردن بە ئەم بابەتەش تەنھا وەک تەمەننا کردنی باش بونی ئەو نەخۆشە وایە و ھیچی تر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×