هاوڵاتیی سەقامگییر.. کۆمەڵگەی سەقامگییر.. ئۆپۆزسیۆنی سەقامگییر

د. رزگار ئاغا
  2020-11-24     1058
پێش پێنج سەدە, فەیلەسووفی فەرەنسایی ئیتیات دی لابۆسێ, لە کتێبی "کۆیلایەتی خۆبەخشانە" دا قیژانیی!
"کاتێک وڵاتێک رووبەڕووی سەرکوتکردن ئەبێتەوە, نەوەیەک لە خەڵک پێدەگات کە پێویستییان بە ئازادیی نییە, بەڵکو ئەبن بە دووانەیەک لەتەک کۆیلایەتیی, ئەوەی پەیدا ئەبیت ئەتوانیین ناوی بنێین هاوڵاتیی سەقامگییر"

قیژەیەک بوو بە رووی دەسەڵاتی کەنیسە و دەرەبەگەکان پێکەوە و, بە ستەمکار ناوی بردن! لابۆسێ جاڕیدا بۆ روخاندن و راماڵیینی دیکتاتۆرێتییەکانیان, وتی ستەمکارەکان دەسەڵاتیان قۆرخکردووە, چونکە گەل پێی بەخشییون, هەرئەوەندەی گەل جارێک دەستبەرداری ئازادییەکانی ئەبێت, خوو بە کۆیلەیەتیی و ژێردەستەییەوە ئەگرێت و ئەبێ بە پشتیوان بۆ ستەمکاران, ئییتر زۆرداران زاڵ ئەبن و, لێرەوە ستەم و چەوسانەوە و نادادییەکی بەردەوام و تۆکمە دەستپێدەکات و باڵ ئەکێشێت. لابۆسێ داوای دۆزیینەوەی چارەسەرە بۆ قوتاربوون لەو کۆیلایەتییە, وازهێنانە لە پشتییوانیی و تۆکمەکردنی ستەمکاران.

 ئەم قییژەیە لەمڕۆدا لە هەموو رۆژگارێکی تر زیاتر قوڵتر دەچێتە ناو هەناوی کۆمەڵگە ژێردەستە سەقامگییرەکانەوە. سەقامگییر و دەستەبەرداربوون لە هەموو ماف و ئازادییەکان, قایلبوون بە هەموو مافە خوراو و دەسەنەکان, قایلبوون بە ترس , بە برسێتیی, بە راونان و گرتن و کوشتن. قایلبوون بە نەفامبوون, بە تێنەگەیشتن, بە گوێنەگرتن, بە کۆشش. کۆمەڵگەیەکە زۆریینەی هاوڵاتییەکانی رووبەرووی ئەو ستەمە نابێتەوە کە لەسەریەتی, ئامادەی رەخنە نییە, بایەخ بە بەرژەوەندیی گشتیی نادات, دەستناخاتە کاروباری سیاسییەوە, ملکەچ و گوێڕایەلە بۆ رێکار و بڕیارەکانی دەسەڵات, هەتا ئەگاتە دەم داخستن و ورتە نەکردن.

لێرەوە, کۆمەڵگەی هەژار لە گیرفان و ئەقڵ و ورە, شان بەشانی دەوڵەمەندی گیرفان پر و چاوچنۆک و بێ شەرم ئەبن بە ئامڕازی دەستی دەسەڵات و, لەتەک کاربەدەستەکانی لە دام و دەستگا جیاوازەکانیەوە, کۆمەڵێک بەرژەوەندیی و پێوەندیی بۆ هەر توێژێک دروست ئەکات کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پێکەوە تەون ئەکات, لە دۆخێکی پلەپلەیی دا. دەسەڵات سەرکەوتن بەدەست دێنێت, کاتێک دۆخێکی سەقامگییر ئەدۆزێـتەوە لە نێوان ئەم توێژانە لە لایەک و دەسەڵات خۆیشی لە لایەکی ترەوە. ئەوەی بەردی بناغەی ئەم سەقامگییرییەیە هاوڵاتیی سەقامگییرە. ئەم پرۆسەیەش, بە ماوەی درێژ, لە رێی خێزان و خوێندن و دەستگای راگەیاندن, باری ئابووریی, پارتی ئۆپۆزسیۆنییەوە جێبەجێ دەکرێت.

دەسەڵاتی ستەمکار ئیش ئەکات لەسەر هەژاران و توێژە لاوازەکان, لەتەک بارودۆخی رۆژگاردا رایاندەهێنێت, هەتا دنیایەکی تایبەت بۆ خۆیان دەخولقێنن, هاوڵاتییەکە هەمیشە را ئەکات, راکردنی دوێنێی بییر نامێنێت, ئەمڕۆ و سبەینێ ئامادەیە هەر رابکات بۆ دابیینکردنی بژێوی رۆژەکەی, تەواوکردنی خوێندنێک لە هەر بارودۆخێک و بێ ناوەڕۆک, گرنگ ئەوەیە هەر تەواوی بکات, بە بێ بییرکردنەوە لە کاتێک کە بتوانێت تیای دا بژی. هییچ خەمێکی گشتیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نییە, هەموو خەمەکەی بەخێوکردنی مناڵەکانییەتی و خوێنندنیان پێ تەواو بکات و خێزانیان بۆ دروست بکات. ئایین, لای هاوڵاتیی سەقامگییر پێوەندیی بە دادپەروەریی و هەق و رەوشت و پشتییوانییکردنی چاکسازیی و چوونە ریزی ناڕەزایەتییەکان نییە و,تەنها هەندێ پەرستن و سرووتنە کە رۆژانە و هەفتانە و ساڵانە جێبەجێیان بکات, ئەمە دڵنەوایی و سەبووریی ئەداتێ کە قایل بێت بە بەشی خوا. دەسەڵات, رێ بە چینێکی زاڵی کۆمەڵگە ئەدات, دنیایەکی تایبەت بەخۆیان درووست بکەن, بێ لێپرسیینەوە, بێ یاسا و رێساو بێ رێنوومایی شارستانیانە, بکەونە بژێوی پەیداکردن بە هەر رێگەیەک و بە هەر شتێک و لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێک, فەرمانبەر و کاسب یەک ناسنامەیان ئەبێت, بڕوانامەدار و نەخوێنەوار لەسەر یەک جۆرە کاسپیی کۆئەبنەوە. ئییتر, جەنجاڵیی فڕکان فڕکانی پارە پەیداکردن و تا ئەگاتە چاوتێرنەبوون و درێغی و غەدر و گزی و دزیی و هتد. ئەم دۆخە زاڵ ئەکات بەسەر کۆمەڵگەدا, لێرەوە پێوەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و حوکومڕانیی تیایدا ئەپوکێنەوە؛ خوێنەوار و نەخوێنەوار, گوندنشیین و شاریی, شار و گوند, هەمووی  تێکەڵ ئەبێت, ناسیینەوەیان ئەستەم ئەبێت، لێرەوە هاوڵاتییەکی سەقامگییر دێتە کایەوە بە گوێرەی ترسەکانی دەسەڵاتەوە, کە تەنها لە خەمی رۆژبوونەوەدایە بۆ سەر ئەو کەسابتەی کە هەیەتی.

هاوڵاتی سەقامگییر, لەناو گەرمەی ستەمکاریی و گەندەڵیی و راو ورووت دا چاوئەکاتەوە, وای لێ دێت نەک هەر قایلە کە لەناو پارتی دەسەڵات دا بێت, کە لەوێوە ستەمکارییەکان سەرچاوە ئەگرن و, بەڵکو ئەم هاوڵاتییە سەقامگییرە شەرم نایگرێت, هییچ دەرزن ئاژنێکی ویژدانیی نامێننی بەرامبەر پشتییوانییکردنی دەسەڵاتێک کە بەرژەوەندیخواز و خۆسەپێنە, دەستی چووەتە قووتی هاوڵاتییەکانی! ئەم هاوڵاتییە سەقامگییرە ویژدان کزە, ئەمیش لە خوارەوەی دەسەلاتەوە دەست و نەزەر دانیشتووە هەتا بەشی شایستەی خۆی پێ بدرێت, یان رێی بۆ خۆش بکرێـت دەست بنێـتە بیینی هاوڵاتییە سەقامگییرەکانی بەردەستی خۆی. زۆرجار نائومێدیی لە دادپەروەریی , خۆی جیهانێکی بچووک بۆ خۆی درووست ئەکات, دەست ئەخاتە ناو دەستی گەندەلکاران و بێدەنگیی هەلدەبژێرێت لە ئاستیان و, بەشداریان ئەبێت لە خراپەکانیان دا, بەرتییل و دزیی و گەندەڵیی بۆ خۆی رەوا ئەبینێتەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی و, فێری نوشتانەوە و چاوشۆڕیی و ملکەچبوون و گوێرایەلیی سەرۆک کار و بەڕێوەبەرەکەی ئەبێت. ئەم جۆرە لە هاوڵاتی سەقامگییر, حەزی بە شۆرش و راپەڕیین نییە, چونکە ئەو ژیانە مسۆگەرەی لێ تێک ئەیات کە بۆی نیشتووە, راهاتووە لەتەک ئەو ستەمکارییەدا و کەمتریین فشاری لەسەر ئەو هەیە کە نزیک بە گەندەڵکارەکانی دەسەڵاتە و بێ خەمە هەتا ئەوان لەوێ بن, لە هەمووی خراپتریش, هەموو شۆڕشگێڕ و ناڕازییەکی بوێر بە نەیار ئەزانێـت, چونکە تووشی شڵەژانی بەردەوامی ئەکەن و, لای ئەم ژیریی و دنیادییدەیی ترسنۆکیی و هەلپەرستیی و خەمی هەرکەس بۆ خۆیەتی.

بۆیە, ئەم تێکەڵییە, لە پوکانەوەی جوداکاریی و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە لە چیینەکان دا, سەرسووکیی بۆ دەسەڵات سازئەکات. چییتر, دەربەست نییە, هاوڵاتییەکانی بژیەنێـت, دەربەستیش نییە چ کاسپییەک ئەکەن هەتا خۆیان بژێنن, بۆیە هاوڵاتی بەدەر لەهەموو پێودان و گرێبەستەکەی لەتەک حوکوومەت دا, خۆیان خەریکی کەسابەتن, لێرەوە, ئابووریی دەوڵەت ئەبێتە کەسابەتی شڕوپڕی تاکەکان, ئیتتر حوکومڕانیی پێویستیی بە رشتە وپسپۆرییەکانی کۆمەڵگە نامێنێـت و خۆی خۆی تووشی داخوران ئەکات. بە بەرنامەی شەیتانانە, ناچاری هەموو کەس ئەکرێت چاوی لە حوکوومەتەوە نەبێت, بە رۆژ سووکە دەوامێکی فەرمانبەریی, مامۆستایی, مامۆستای زانکۆ, پۆلیسیی بکات و دوا نیوەڕۆ و شەویش, خۆی لەو بێ سەروبەرەیی و جەنجاڵییەی بازاڕ و لاکۆڵانەکان دا ببینێتەوە, لەسەر دوکانێک یان بە تەکسییەک بخولیتەوە. 

هاوڵاتی سەقامگییر, تیای دایە, حەزی بە شۆڕشە, مێشکی پر و ئاخنراوە بە ئایدۆلۆجیا و هەمیشە چاوەڕێی پاڵەوانێکە (ناوی ناوە کارێزما), ئیلهام و ورە و جووڵەی لەوەوە بۆ دێت, هەمیشە چاو لە دەم و دەرگای ئەو پاڵەوانەیە, نەک لەبەر ئەوەی ئەم لاوازە یان تەنهایە, بەڵکو پاڵەوانەکە ئەیبەخشێت لە ئەرکە زەبەندە گشتییەکان و , مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی جەستەیی دەسەڵات.  هاوڵاتی سەقامگییر, مەرجی پاڵەوانەکەی ئەوەیە کە لە چاوی دەسەڵات دا هەیبەتی هەبێت, رابردووی هاوبەشیان هەبێـت, بێ بییرکردنەوە ئەگەر ئەویش گەندەڵ و ستەمکار بێت کاتێ ئەگاتە دەسەڵات. کە بێ ئومێدیش ئەبێت, سەقامگییرییەکەی خۆی تەنها چارەیە و بییر لە کاولبوونی هەرچیی هەیە و نییە دەکاتەوە.

ئەم هاوڵاتییە سەقامگییرە, کۆمەڵگەیەکی سەقامگییر و دۆخێکی سەقامگییر و رۆژگارێکی سەقامگییری دروستکردووە, هەموویان ئییش لەسەر تۆکمەکردنی دەسەڵاتی خۆسەپێن ئەکەن, رێگری سەرەکیین لەبەردەم هەر گۆڕانکارییەک کە پێوست بێت. 

بۆیە, لە هەموو کۆمەڵگە ژێردەستە و ستەملێکراوەکان دا, هۆکارەکانی تەقیینەوە هەن, هۆکاری شۆڕشی دژە ستەمکاریی هەن, بەڵام روونادات! چونکە "هاوڵاتی سەقامگییر","کۆمەڵگەی سەقامگییر", "پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەقامگییر" بوون بە پایەی سەرەکی رژێمی ستەمکار, بوون بە رێگری راستەقیینەی هەر بەرە و پێشچوونێک.
-----------
بۆ زیاتر لەم بارەیەوە, بڕوانە:
د.رزگار ئاغا, " بەشی چوارەم (کۆتایی):ئایا گۆڕانی رژێمە دیکتاتۆریی و خۆسەپێنەکان, لە ناوەوە یان لە دەرەوە رووئەدەن؟", ئاوێنە, ٢٧/١٠/٢٠٢٠.
* پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە ئەندازیاریی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×