زۆری نەماوە! (دەربارەی رێکەوتنە ٥٠ ساڵیەکە)

هۆشیار عەبدوڵا
  2020-12-04     1120
رێکەوتنی ٥٠ ساڵە لە سەر رێرەوی نەوتی هەرێم لەگەڵ تورکیا، نێچیرڤان بارزانی ساڵی ۲٠۱۱ کاتێک کردویەتی کە ئەسڵەن ئەو سەرۆکی حکومەت نەبو د. بەرهەم سالح سەرۆکی حکومەت بوو، لە کۆتایی ساڵی ۲٠۱۳ بۆڕییەکە کارکردن تیایدا تەواو بوە لە مانگی ۱٠ ی هەمان ساڵدا بۆیەکەمجار نەوتی پێدا رۆیشتوە.
ئامانجی سەرەکی ئەو بۆڕییە وابەستەکردنی ئابوری هەرێمە بەتورکیاوە لە بەرامبەر بەرژەوەندی حزبی و عائیلی.رێکەوتنی پەنجا ساڵە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان و خێزانەکانیانە نەک ئاسایشی نیشتیمانیی هەرێم.
 ئەگەر شکستی سیاسەتی نەوتی هەرێم دو قاچی هەبێت یەکیان گرێبەستە پڕ لە گەندەڵییەکانی نەوت و ئەوی تریان ئەو رێکەوتنە ٥٠ ساڵیەیە.
ئەو رێکەوتنە کە تەواو حزبی و شەخسیە، بۆ خێزانە سیاسیەکان و شاگردەکانیان بو بە هۆی خێراترین رێگەی دەوڵەمەند بون و کۆکردنەوەی ملیاران دۆلار، بۆ خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێمیش بۆتە نەهامەتی و بێموچەیی و دەردەسەری.
هەمو بەڵێن و قسە و ئیدیعاکانی گروپی سەرپەرشتیاری نەوتی هەرێم ناڕاست دەرچون، نێچیرڤان بارزانی کە ئەندازیاری شکستخواردوی ئەو بوارەیە بە ریکلامیی تەلەفزێۆنی گوتی کۆمپانیای کەپکۆ دادەمەزرێ و هاوڵاتیان راستەوخۆ لە داهاتی نەوت سودمەند دەبن، کەچی سودمەند تەنها خۆیان بون و خەڵکیش بە دەیان شێواز زیانمەندی سەرەکی بوو.
داکۆکیکردن لە سیاسەتی نەوتی هەرێم ڕوو قایمیەکی زۆری دەوێ، بە هۆی ئەو سیاسەتەوە موچە لە ساڵی ۲٠۱٤ ەوە بۆتە مەتەڵ و هەرێمیش ۲۷ ملیار دۆلار زیاتر قەرزارە! بەهۆیەوە لە هەمو ڕویەکەوە، لەناو ئاشبەتاڵێکی سەختدا دەژین و سەختتریش بەرێوەیە!
راستە لە ئێستادا بە تاڵانی نەوت خۆیان پڕ و خەڵکیان قڕ کردوە، بەڵام با دڵنیابن هەر ئەو نەوتە کۆتایی ئەوانی لە هاڕەکردنی یەکجارەکیی نزیک کردۆتەوە و ئاماژەکانی کۆتایی یارییەکە بە تۆخی دەرکەوتون. مێژویی دور و نزیکی دەسەلاتدارانی ناوچەکە پێمان دەڵێ حوکمڕانی پڕ شکستی ۳٠ ساڵەیان زۆری نەماوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×