لەئەگەری بردنەوی موقتەدا سەدر مۆدێلی حوکمڕانی لە عیراق چۆن دەبێت

بڵێسە جەبار فەرمان
  2020-12-08     297
لەرۆژھەڵاتی ناوەراست دا چەندان  مۆدێلی حکومڕانی ئیسلامی یا بەناو ئیسلامی هەیە، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێی عیراق هەندێکیان بەدەستورو هەندێکیان بەناوەڕۆک ناوی ئیسلامیان لەخۆیان ناوەو سیاسەت و حوکمڕانی پێ دەکەن.
 لێرەدا باس لەوە ناکەین لەجەوهەردا چەن پەیڕەو بە ئەحکامی شەرع و ئاینی ئیسلام دەکەن باس لە شێوەی بەڕێوەبردن و زەمینەی کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەکەین. ئەو وڵاتانەش یەکێکیان 
یەکەم: کۆماری تورکیایە
دوای روخانی ئمپراتۆریەتی عوسمانی، کۆماری تورکیا لەسەر دەستی مسطفی کمال ناسراو بە باوکی تورکەکان دامەزرا.
مسطفی کەمال ھەوڵی دا ئاینی ئیسلام و ھەژمونی زمانی عەرەبی لە سەر وڵاتەکەی لابدات و تورکیا بەرەو رووی ئەوروپا بکاتەوە.
پیتی عربی و ئەلف و بێی عربی لەسەر دەستی مسطفی کەمال لابرا و لە زانکۆکان دا حیجابی قەدەغە کرد.
لەگەڵ بردنەوەی ئاک پارتی و ھاتنە سەر حوکمی ئۆردۆگان تورکیا بەرەو ئیسلامی بوون ھەنگاوی نا.
پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئیخوان لە تورکیا و خەونی سەرۆکایەتی کردنی وڵاتانی اسلام تێکرا، لە دەست پێکی ھاتنی ئۆردۆگان بۆ سەر حوکم دەستی پێ کرد و ئاڵوگۆرێکی زۆری لە حوکمڕانی  تورکیای بەناو عەلمانی  و  سیستێمی  ئەو وڵاتە کرد.
دیارترینیان گۆرینی دەستور بوو لە ساڵی ٢٠١٨ و پێدانی دەسەڵاتێکی زۆر بە خۆی.
ئۆردۆغان نەیشاردۆتەوە کە خەونی دەوڵەتی عوسمانی جارانی ھەیە و ئیدعای پێشرەوی ئیسلامی دەکات و حوکمی سوڵتانی زیندوو بکاتەوە و کار بۆ بەدەست ھێنانی ئەو خەونە دەکات.
پشتیوانی کردنی گروپە توندڕەوە چەکدارە ئیسلامیە سیاسیەکان. خیتابدان لەجیاتی ئاین و بەناوی ئاینەوە بەشێکن لەسیاسەتی پارتی دادو گەشەپێدان و هەروەها بە دووبارە کردنەوەی ئایا سوفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت کە سیمبوڵی پێکەوە ژیانی ئاینەکان بوو، ھەنگاوێکی تر بەرەو دونیای ئیسلامگەرایی.
دوەم: جمھوریەی ئیسلامی ئێران
لە رۆژی ھاتنە سەر حوکمی ئیمام خومەینی تا ڕۆژی ئەمڕۆ لە ئێران دا شیعەی دوانزە ئیمام حوکم دەکات.
زۆرێنەی دانیشتوانی ئێران پەیرەوی مەزھەبی شیعەش دەکەن و سەر بە حەوزەی قومن.
لە مەزھەنی شیعەدا دوو حەوزەی گرنگ ھەن کە حەوزەی قوم و حەوزەی نەجەفن.
لەم دوو حەوزەیەدا وانە دەوترێتەوە و بڕوانامە وەردەگیرێت.
لە شیعەدا چەند جۆر بۆچوون و شوێن کەوتەی جیاواز ھەن شیعەی دوانزە ئیمام  یاخود ئیمامیە و شیعەی جعفەری و هەروەها  شیعەی کالزیدیە و اسماعیلیە.
جیاوازی سەرەکیان لە بیرو بۆچون لەسەر شێوازی حوکمرانیە.
شیعەی دوانزە امام بروایان بە حوکمی ولایەتی فەقی ھەیە.
واتا تا کاتی ھاتنەوەی امامی زەمان والیەک دەتوانێت ببێتە والی ئومەتی ئیسلامی و حوکم بکات لەبری امام مھدی کە امامی زمانە.
بۆ بوون بە والی دەبێت بروانامەی اجتھاد بەدەست بھێنیت.
لە ئیران دا تا رادەیەکی زۆر شیعەیەکی میانرەو حوکم دەکات بە بەراورد لە گەل شیعەکانی پاکستان و عیراق دا
سێ یەم: مەملەکەی عەرەبی سعودی
سعودیە چەندەھا دەیەیە بە شێوەیەکی زۆر داخرا و توندرەو حوکمڕانی دەکرێت. و پەیرەوی اسلامی سونە مەزھەب دەکرێت.
سیستێمێکی چینایەتی زۆر پتەو تێیدا پەیرەو دەکرێت ، بەشێوەیەک کە ھەر عشیرەتەو جۆرە کارێکیان پێ سپێردراوە و بۆیان نیە کاری غەیری ئەوەی لە باوباپیرانیانەوە بۆیان بەجێماوە ئەنجام بدەن.
تەنانەت ژن و ژنخوازی لە نێوان چینەکان دا ئەستەمە و بگرە مەحاڵە.
چەند موفتیەکیان ھەیە کە بۆ ھەموو بابەتێک لەڕووی دینەوە پرسیان پیێ دەکرێت و فەتواکانیان یاسای نەگۆڕن.
زۆربەی دانیشتوانی سعودیە ئیسلامی سونە مەزھەبن و پیشرەوی وڵاتانی سونە مەزھەب دەکەن.
چوارەم: عیراق و مۆدێلی حوکمەکەی
عیراق لە دوای جەنگی کوەیت وە دوابەدوای ئابڵۆقەی ئابوری بەرەو ئیسلامی  زیاتر و زیاتر ھەنگاوی نا.
لەدوای روخانی صدامەوە رۆژ بە ڕۆژ تشیع لە شەقامی عیراقی روو لە زیاد بوونە.
چەندەھا دەیە بوو کە شیعەکانی عیراق چەوسا بوونەوە ھەربۆیە دوای ئازاد بوونیان و دۆزینەوەی شوناسی خۆیان بەشێوەیەکی چڕ دەستیان بە پەیرەو کردنی مزھەبەکەیان کرد.
ئەوەی چاودێری عیراق و سیاسەتی عیراق بکات ھەست بەو تشیوعە زۆرە دەکات.
ڕاستە کە حزبەکانی شیعە جیابوونەوە و انشقاقێکی زۆریان تێکەوت و چەندەھا حزبی تازەی دوای روخانی رژێمی بەعس دروست بوون ھەر حزب و گروپە و خاوەنی ھێزی چەکداری خۆیانن، بەڵام ڕوونە کە توندڕەوی لەناو پەیڕەو کەرانی ئەم مەزھەبەدا روو لە زیاد بوونە.
مقتدی صدر یەکێکە لەو سەرکردانەی ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی لە زیاد بوونە و خاوەن ھێزێکی چەکداری تۆکمەیە.
مقتدی بەشێکی زۆری تەمەنی لە ئێران بەسەر بردوە و لەم چەند مانگەی پێشوو لە حەوزەی قوم لە ئێران تاقیکردنەوەی اجتیھادی بەسەرکەوتووی تێپەڕاند و بوو بە آية الله العظمى.
مقتدی لەم ساڵانەی دوایی چەندەھا جار بە خۆپیشاندانی ملیونی نفوسی خۆی بۆ ھەموو لایەنە جیاوازەکانی عیراق دەرخستوە.
لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ مقتدی ھاوپەیمانێتی سائرونی دروست کرد و توانی ٥٤ کورسی بەدەست بھێنێت و گەورەترین کوتلەی ناو پەرلەمان دروست بکات.
مقتدی ھیچ پۆستێکی بۆ خۆی بە شایستە نەبینی و دەیویست وەکو مرجعیکی شیعی رۆلی ھەبێت و کاریگەری بەسەر سیاسەتی عێراق دا ھەبێت.
لە ناچار کردنی وازھێنانی عادل عبدولمەهدی دەستێکی باڵای ھەبوو.
ئێستا عیراق بەرەو ھەڵبژاردن ھەنگاو دەنێت و مقتدی بانگەشەی بەدەست ھێنانی زیاتر لە ١٠٠ کورسی پەرلەمانی دەکات و بانگەواز بۆ گەرانەوەی ھەیبەت بۆ حکومەت دەکات.
چەندەھا جار ھێزی خۆی بۆ حکومەت و باقی حزبە شیعیەکان نمایش کردوە.
پەیوەندی مقتدی بە ئێرانەوە پەیوەندیەکی پتەوە بەڵام خانەوادەی صدر وشیعەکانی عیراق بروای تەواویان بە ولایەتی فقی نیە و  بروایان بە شێوازی حوکمرانیەکی جیاوازە.
ڕوونە کە عیراق بەرەو تشیعی زیاتر و توندڕەوی زیاتر ھەنگاو دەنێت و حکومەتێکی ئیسلامی جیاواز لەھەموو حکومەتەکانی دراوسی ئەگەری دروست بوونی ھەیە.
بەمەش نا سەقامگیری و نائارامی زیاتر ڕوو لە عیراق دەکات.
ئەو وڵاتانەی وەک نمونە باس کران دەستیان هەیە لە دەست خستنە ناو کاوباری عیراق هیچ لایەکیان دژی حوکمێکی ئیسلامی نین لە عیراق.
تایفیەت تا دێ رەواجی هەر هەیە بە فۆرمی جیاواز نفوزی دەگۆڕێت بەڵام لەناو خەڵکدا هێزی تایفیەت کاریگەرە.
لەهەڵبژاردنی داهاتوی عیراق چەن لایەنێکی شیعەی عیراق بەرەو دواوە دەچن بەڵام رەوتی سەدر وا پێ ئەچێ سودی زیاتر لەم یاسا تازەیەی هەڵبژاردن وەربگرن و شەقامی خۆیان و خەڵک بۆ بەشدری کردن هاندەدەن لە ئێستاوە.
بەپێی تەقدیر مقتەدا نفوزی زیاتر دەبێت و حکومەتی ئایندە هی ئەوان بێت. ئینجا ئەو کاتە ناسنامەو سیمای حکومەتی ئایندەی عیراق رەوتی سەدر رەنگی دەکات چۆن ئەبێ.
بەڵام مەعلومە بەرو حوکمی ئیسلامی زیاتر و تشیعیکی توندرەو جیاواز لە شیعەی ئێران دەڕوات.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×