نەگبەتییەکە لەکوێیە؟ شوێنە فەرامۆشکراوەکان
سەردار عەزیز
2020-12-08   656
هەتا ئێستا بەداخەوە سێ خۆپێشاندەر شەهیدبون. یەکێکیان خەڵکی چەمچەماڵە، ئەویتریان دەربەندیخان، سێیەمیشیان کفری. چڕی خۆپێشاندانەکان لە سەیدسادەق و شارۆچکەکانی ترە. ئەم جوغرافیای ناڕەزاییە چیمان پێدەڵێت؟ دیارە لە دۆخی ئێستادا نارەزایی لە هەموو شوێنێک هەیە. بەڵام سەرباری ئەمە جیاوازی هەیە لە نێوان شارە گەورەکان و قەزا و ناحێکاندا. ئەم جیاوازییە بەرهەمی جۆرێک لە پلانی ئابورییە کە هەرێـمی کوردستان بەبێ ئاگایی پەیڕەوەی کردوە. ئەویش بایەخدان بە شارەکان و فەرامۆشکردنی جێگاکانی دەرەوەی شار.
هەرچەندە کاتێک لە نەخشەی ئابوری جیهان دەڕوانێت ئەم دۆخە جیهانییە، بەڵام لە کوردستان زۆر بە زەقی بەرجەستە بوە. تەنها بەراوردێک لە نێوان کۆیە و هەولێر بکە، یان لە نێوان سلێمانی سەیدسادەق.
بە گشتی قەزا و ناحێکان گەورەترین چالاکی ئابوری تیایاندا کەرتی گشتی یان حکومی بوە کە چەکدار و فەرمانبەر لە خۆی دەگرێت لە گەڵ ئەو ئابورییە بچوکەی کە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەواندا دروست بوە. ئەم دوو کەرتە دەمێکە گەشتونەتە بن بەست. بەڵام کاتێک کەرتی گشتی توشی قەیران دەبێت ڕاستەوخۆ ئەو بەشەی چالاکی ئابوری کە لە سەر خزمەتگوزاری بۆ فەرمانبەران دروست بوە توشی قەیران دەبێت.
بەڵام ئەم هاوکێشەیە چەند ساڵێکە گۆڕانکاری بە سەردا هاتوە. ئەگەر جاران بەشی زۆری کوردستان لە سەر موچە و ئابوری پەیوەست بە موچە دەژیا، ئەوا ئەمڕۆ ئەم بوارە وەها نەماوە. بۆیە ئەگەر بێتو موچەش وەک خۆی لێبکرێتەوە کێشەکان بە تەواوی چارەسەر نابن.
ئێستا کوردستان لە بەردەم ژمارەیەک زۆر لە گەنجی دەرچوی زانکۆکاندایە کە هیچ دەرفەتێک لە بەردەم خۆیدا نابینن، لە ئەو دوو بوارەی ئابوری کوردستان کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی بچوکی پەیوەست بە کەرتی گشتییە.
کەرتی گشتی زەبەلاح، یان بە سەرمایەدارکردنی کوردستان، یان ئەوانەی کە وەها دەزانن پەرەدان بە کەرتی تایبەت وەک چارەسەرێک، بە ئاراستەیەکی خراپدا دەچێت. لە کوردستان بە تایبەتکردن بەو شێوەیەی کە کاری بۆ دەکرێت قەیرانی ئابوری قوڵتر دەکاتەوە.
بە تایبەتکردن یانی بردنی لە گشت و کردنی بە تایبەت بۆ کەمێک. ئەمە نەگبەتییەکە قوڵتر دەکاتەوە. هەروەها کەرتی تایبەت لە شارەکاندا دەبوژێتەوە نەک لە قەزا و ناحێکان. ئێمە بۆ ئەوەی لە ئابورییەکی قۆرغکراوی سیاسییەوە بگوێزینەوە بۆ ئابوری ئازاد دەبێت بە قۆناغی گەشەدا تێپەڕین. بەڵام گەشەی نایەکسان و قۆرغکراو و نادادپەروەر نا.
دیارە ئابوری هەرێم بۆ ئەوەی ئازادی بکرێت دەبێت لە سەرەتادا چەک و بنەماڵە و گەندەڵی تیادا نەمێنێت.