چی رودەدات.. بۆ رو دەدات..؟

محەمەد رەئوف
  2020-12-08     526
كۆمەڵێك گەنج كە نەرێبەرێك و نەسەركردەیەك و نە پەرلەمانتارێكی سنگ دەرپەڕیوو، نە چالاكێك كە بۆ موزایەدە بەردەمی كامێراكان بگرێت، ئەوان هەر خۆیانن، بە بێ رابەرو  سەركردەو پێشەنگ، خۆیان رابەر و خۆیان پێشەنگن، بە دوو گیرفانی خاڵی و پەڕۆیەكی رەش بە دەم و چاویانەوە، سنگ لە گوللە دەكوتن، ئەوان بە پێچەوانەی چالاكانی پێشووە خۆیان لە كامێرا دەشارنەوە نەك بەدوای كامێرادا رابكەن.
ئەوان نە تموحی پۆستیان هەیە، نە موچەخۆرن و نە خانەنشین، ئەوان بۆڵە بوڵی دەیان ساڵەی خۆپیشاندانیان كردە پراكتیك، لەبری مامۆستا و فەرمانبەرو موچەخۆرانی كوردستان، لە بری كاسبكار و كرێكارو هەژارو نەدار دەنگ هەڵدەبڕن.
ئەوان لە بری ئۆپۆزسیۆنی شەرمن و خەڵكی ناڕازی و حزبی قاچێك لەملاو قاچێك لەولا راستەوخۆو بە پراكتیكی پەیامی شەقامیان دا بە گوێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و هەموو ئەوانەی كە پێشتر لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندەراندا بوون و ئەمڕۆ حەپەساون، نازانن پشتیوان بن یان دژ، دەستخۆشی بكەن یان نەفرەت.
ئەو گەنجانەی كە بە هەموویان بەشی شەوێكی سوری كوڕە مەسئولێكیان لە باخەڵدا نیە، جیاوازی ناكەن، لە نێوان دەسەت و ئۆپۆزسیۆن، رازی و ناڕازی ئیسلامی و عەلمانی و چەپ و راست، هەموویان پێكەوە دەسوتێنن، ئاخر 28 ساڵە ئەوان خۆیان و كوڕو كوڕە زایان سامانی وڵات هەڵدەلوشن و رادەبوێرن، گەنجە خێر لەخۆ نەدیوەكانی ئەم وڵاتەش تەنها بەدوای هەلی كاردا دەگەڕێت.. 
ئەوان لەبری شەقی دەیان ساڵەی حزبەكان لە خەڵكی شەق لە بارەگای ئەو حزبانە دەدات كە بونەتە خۆرەی كۆمەڵگەو جگە لە مشەخۆری و گیرفان پڕكردنی خۆیان هیچی دیكەیان نەكردووە. 
- ئەوەی روو دەدات بەرهەمی بوغرایی دەسەڵاتێكە كە نە گوێ بە خاڵی گیرفانی گەنجان دەدات و نە بە ئاهی پیرە پیاو خانەنشین و موچەخۆران كە دەیان ساڵە خۆپیشاندان دەكەن و دەنگ هەڵدەبڕن و گوێیان لێناگیرێت، ئەمڕۆ نەوەكانیان بە فۆرمێكی تەواو جیاوازەوە جگە لە سوتان هیچی دیكە نابیستن.
- ئەوەی روو دەدات، بەرهەمی بۆنی نەوتە، نەوتێك كە دەیان ساڵە بەرپرسەكان بەرهەمەكەی دەخۆن و دەپوتۆزو وێرانكاری شەقامەكانیشی بۆ خەڵكی.
- ئەوەی روو دەدات بەرهەمی قاچاغچێتی ئەو بەرپرسانەیە كە شەوانە دەیان ملیۆن دۆلار پەیدا دەكەن و ئەو گەنجانەش كرێكاریەكی رۆژانەی 10 هەزار دیناریان دەستناكەوێت. 
- ئەوەی روودەدات بەرهەمی عەقڵیەتێكە كە جگە لە خۆشبەختی بۆ كوڕو نەوەكانی خۆی هەرگیز نە چاووی گەنجانی خێر لە خۆنەدیو دەبینێ و نە گوێی لە هاوارو ناڵەی گەنجانی بێكارە.
- ئەوەی روو دەدات بەرهەمی شەوی سوری كوڕی ئەو بەرپرسانەیە كە بەرۆژ بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها بە شەقامەكاندا رێ دەكەن و بەشەویش بە كچی سۆزانی ئۆكرانیەوە شەوی سۆر بۆ یەكدی لەسەر حسابی قوتی خەڵكی رێكدەخەن.
- ئەو روو دەدات بەرهەمی برسیەتی و بێكاری و هەژارییە، ئەو برسیەتیەی كە بەرپرسان دركی پێناكەن و ئەو هەژارییەی كە خەریكە بەشێكی زۆری هاوڵاتیان دەگرێتەوە.
- ئەوەی روو دەدات بەرهەمی گوێ پێنەدان و گوێنەگرتن و گوێ ئاخنینە ( شێركۆ بێكەس دەڵێت) :
گوێیان نەگرت 
كۆڵان نەما هاوار نەكا
شەقام نەما نەقیژێنێ 
شیعر نەما وتار نەما 
بەرۆكی كورسی پەرلەمان وەزارەت و 
یەخەی حزب و یەخەی هەرێم
یەكە یەكە هەمووی نەگرێ
گۆێیان نەگرت بوون بە دیوار 
لەم هەرێمە جوانەی منا 
رۆژانە یاخود شەوانە 
نابیناكان یەك یەك دزەكان ئەبینێ
كەچی ئەوەی كە نایبینێ
چاوی ساغی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×