شۆڕشێک بەبێ ڕابەر!

کاوە عوسمان عومەر
  2020-12-08     503

جارێکی تر گەنجان و لاوانی چەوساوە و بەشمەینەتی وڵات لە بەر برسێتی و بێ کاری و نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دواڕۆژێکی دادوەرترو ئازادتر ڕاپەڕینە شەقامەکان و بە شێوازی خۆیان ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر دەسەڵاتێکی تاسەر ئێسقان گەندەڵ و نادادپەروەر. هەڵبەت ئەمە یەکەم جار نیە خەڵکانی برسی و تامەزرۆ بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ڕاپەڕن، و هەڵبەت دواهەمین جاریش نابێ. ئەوەی لێرە گرنگە ئاماژەی پێبدرێ ئەوەیە کە پێویستە ئەم جووڵە ناڕەزایەتیەی ئێستا لەبەر ڕۆشنایی جووڵانەوەکنی پێشتر بخریتە ژێر ووردبینیەکی زانستیەوە تا وانەی لێوەرگیرێ هەم بۆ ڕۆژانی ئێستاو هەم بۆ داهاتوو. یەکێ لە پرسیارەکان کەبکرێ ئەوەیە کە ئایا ئەم جوڵانەوە جەماوەریە بەڕاستی سەرەتای شۆڕشێکی گەورەیە یان تەنها کەف و کوڵێ پییشخواردووی کەم تەمەنە و زۆر نابا خەفە دەبێتەوە؟، پرسیارێکی گرنگتر ئەوەیە کە ئایا ئەم جوڵانەوەیە ئامانجی چیە، ئایا تەنها داواکاری باشکردنی گوزەران، بەتایبەت موچەخۆرانە ، و پاش بەخشینی چەند گوژمێکی پارە لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەو جوڵانەوەیەش دائەمرکێ؟ پرسیارێکی تر لە هەموو گرنگتر ئەوەیە کە کە ئایا هیچ کەس و گروپ و لایەن و بزوتنەوەیەک هەیە کە ڕابەری ئەم جوڵانەوە ناڕەزایەتیە بکات؟
بە داخێکی زۆرەوە کە کورد لە مێژووی کۆن و هاوچەرخدا هەموو بەرهەڵستکاری و ناڕەزایەتی و بەرپەچە شۆڕشگێرانەکەی لە ژێر کاریگەری هەڵچوونی هەست و سۆزی کاتی بوەوە و زۆربەی جاریش هەم لایەنی دەرەکی  و هەم پارتی سیاسی ناوخۆ ئەو جوڵانەوەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ناوچەگەری و بنەماڵەیی و خێزانی بۆخۆی بەکارهێناوە و هەم دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانیش لێزانانە توانیویانە هەر زوو ئەو جوڵانەوە پڕ هەست و سۆزە زوو دامرکێنەوە. بە مانایەکی تر، زۆربەی جوڵانەوە ناڕازیەکانی کورد بێ بەرنامەی گشتگیر و بێ ڕێکخراوێکی زانستی نیشتمانی و دادپەروەر بوە. هەمیشە بزوتنەوە جەماوەریەکان خۆرسک هاتوونەتە پێش و ئەوە حیزبە سیاسیە کلاسیکیەکانە کە لەسەر پشتی ناڕەزایەتیەکان هەوڵی چنینەوەی دەستکەوتی سیاسی و مادی و پێگەی خۆیان داوە. ڕوونترین نمونەی ئەو بزوتنەوە ناڕازیە جەماوەریانەی حیزبەکان توانیبیان جڵەوی کەنە دەستی خۆیان و دەستکەوتەکانی بۆ پێگەی سیاسی خۆیان بچنەوە ڕاپەڕینی خەڵکی بوو دژ بەڕژێمەکەی سەدام. هەموو ئاگادارانی سیاسی و ئەوانەی لە شارە گەورەکانی وەک سلێمانی و هەولێرو دهۆک  ژیابن دەزانن کە ئەو ڕاپەڕینە کوڕان و لاوانی شار ئەنجامیان داو هیچ ڕێکخراوو پارتێکی سیاسی سەرپەرشتی و ڕابەرێتی نەکردوە، و ڕاپەڕینیش دەرئەنجامی تێکچوونی باڵانسی هێزی ناوچەیی بوو ، بە ڕوونتر دروستبوونی بۆشایی سیاسی و سەربازی ڕژێمەکەی سەدام لە کوردستان. هەموو کەسێکیش دەزانێ کە زۆربەی پارتە سیاسیەکان لە پێش ڕاپەڕین توشی داڕمانی شەڕی براکوژی و بێ هیوایی و بێ ئاسۆیی و گۆشەگیری و کەمپنشینی ئێران و ئەوروپا بوبوون. لەوانەیە لێرەوو لەوێ هەندێ لە سەرکردەکانی زۆنی زەرد و سەوز خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو ڕاپەڕینە ، بەڵام ئەوەی ڕوونە بەدەر لە هەندێ جم و جوڵەی ئەملاو ئەولای لایەنەکان لە شاخەوە یان لە هەندەرانەوە، بە تایبەت ڕۆڵی کاریگەری کەسایەتی نەوشیروان و کەسانی کەمی تر،  ئەوا هەموو ڕاپەڕینەکە هی خەڵک بوو و دەرئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆرسکی خەڵک بوو بەرامبەر جەور و ستەمی زۆری دەسەڵاتی حیزبی بەعسی ئەوسا، چونکە گەر ڕابەر و ڕێکخراوێکی نیشتمانپەری ڕاستەقینەو بەرنامەیەکی گشتگیری زانستی ئابورری و کۆمەڵایەتی هەبوایە ، ئەوا ڕاپەڕین ئاراستەکەی نەدەگەیشتنە ئەم قۆناغە مەترسیدارەی گەندەڵی و نادادپەروەری . ئەوەش شتێکی لۆژیکە کە ئەوەی لەسەر خراپەکاری و گەندەڵی پێکهێنرابێ دەرئەنجامەکەی وێرانکاری و پاشاگەردانی و فەنابوون ئەبێ وەک ئەوەی ئێستای کوردستان ئەیبینین. دەستبەسەراگرتنی ڕاپەڕینی خەڵکی لەلایەن دوو دەسەڵاتی گەندەڵی کوردی لە مەرگەساتی شەری براکوژی و برسێتی و تاریکی و بێ مووچەیی و لەدەستدانی خاکی کوردستانی لێ چاوەڕێ نەدەکرا ، گەر دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی گەل کە مەبەستی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی خەڵک بوایە،  لە جیاتی حوکمی بنەماڵەو خێزان و کۆمپانیا گوماناویەکان ئەوا حوکمێکی مەدەنی و دیمۆکراسی ڕاستەقینەی دادپەروەری دەهێنایە پێش، کە بەداخەوە وا دەرنەچوو. 
بۆ ئەوەی ئەم بزوتنەوە جەماوەریەی ئێستا بە دەردی جووڵانەوە جەماوەرتیەکانی پێش خۆی نەچێت، پێویستە لە ئێستاوە مشووری ئەوە بخورێ کە ئەو بزووتنەوە جیابکرێتەوە لە کارێکی هەڵچوونی ساتەوەختی ئاژاوەگێڕێ و وێرانکەر، چونکە لابردنی دەسەڵاتێکی گەندەڵ بە ماڵوێرانی و شەڕ و پشێوی و نا یاسایی و وتاڵانکاری کارێکی زۆر خراپەو دەرئحەنجامی هەم تیاچوونی ئەزموونی ئازادی خەڵکە کە بەخوێنی شەهیدەکان بەدی هاتوە، هەم بوار ئەداتە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و نادادپەروەر کە قەڵەمڕەوی خۆی زیاترە بکات.  ئەرکی کەسانی بیرمەند و نیشتمان پەروەر و شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە لەم کاتەدا ئەرکێکی قورسە ئەویش خوێندنەوەیەکی زانستیە بۆ هەموو لێکەوتەو دەرئەنجامێکی هەر بزوتنەوەیەکی جەماوەری، پێش هەموو شتێک  ڕابەرایەتی کردنی ئەم بزوتنەوەیە لە لایەن کەسانی نیشتمان پەروەر و خەمخۆری ڕاستەقینەی خەڵک بەدەر لە بەرژەوەندی خواز و لایەنە گوماناویەکان کە هەمیشە لە بۆسەدان بۆ چنینەوەی دەستکەوت لەسەر حسابی ڕەنج و خوێنی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان. گەر ئەم بزوتنەوەیە بێ ڕابەر و بە بەرنامەیەکی گشتگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری و رامیاری ئاراستە نەکرێ، ئەوا وەک هەر بزوتنەوەیەکی تری پێشووتر زوو خەفە دەبێت و دەچێتە خانەی بیرچوو لە مێژوودا و دەستکەوتەکانیشی بە فیڕۆ دەچێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×