ئاوێنە بچکۆلەکان, چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی( گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

کامەران قازی
  2020-12-12     688
ژمارەیەک ئاوێنەی وەڵامگەلیی گفتۆگۆی ڕۆژانەیە بۆ پرسیارە کوردستانییەکان
سێیەم- ستەم، هەر ستەمە......
سڵاوێکی کوردستانی،  بارودۆخی ئەم چەند ڕۆژەی باشووری نیشتمان، پێمان دەڵێت: فۆرمی دەسەڵاتی باشووردەبێت بگۆڕڕێت، ئەمەش ئەنجامی ساڵانێکی زۆری کەڵەکەبووی، جۆری بیرکردنەوەیە، کە لەناخی بەتایبەتی سەرکردایەتی حیزبەکاندا، ڕەگی داکوتاوە و ھێدی ھێدی، لە ڕەفتاریاندا ڕەنگی داوەتەوە: نموونە زۆرن، لە وانە:
شێوازی بیرکردنەوە، لە تاکی نەتەوە، وەک ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵیان کەوتوون، بەجۆرێک بۆ ئەم پێشمەرگانەیان ڕوانییوە، وەک سەربازێک کە خزمەتی ئیجباری ئەنجام دەدات، بەھی خۆیان نەزانییوە، بەتەنگییەوە نەھاتوون، ئێمە ئەوە چەند نەوەیە، لە شۆڕشەکاندا، ھاوبەشیمان کردووە، بینیومانە، کە ھەمیشەجیاوازییەکی گەورە ھەبووە، لەنێوان سەرکردایەتی حیزب و بەرپرس و پێشمەرگە سادەکەدا، لە ھەمووڕووەکانی ژیانی ڕۆژانەوە، پێشمەرگەکان، دڵسۆزانە بۆ نەتەوەکەیان تێکۆشاون، سەرکردایەتییەکانیش دڵسۆزانە بۆ خۆیان ژیاون.
شۆڕشگێڕ کە دەیەوێت، جیھانێکی باشتر بۆ مرۆڤ دروست بکات، بەمانا گشتییەکەی، سەرەتا لە خۆیەوەدەست پێدەکات، جیھانەکەی خۆی دەگۆڕێت، وەک دانانی یەکەم بەردی کۆشکی یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.....
بۆیە بە تێپەڕینی کات، حیزب و دەزگای حیزبی و بواری چالاکییە حیزبییەکان، لەدەوری بیرکردنەوەی سەرۆکدا، خەست دەبنەوە، سەرکردە تا دێ لە بواری خۆپەروەردەکردنی تیۆری و پاشان بواری جێبەجێکردندا، لە فۆرم وقاڵبێکدا، شکڵ دەگرێت و خۆی لێ دەبێتە تاقانە و ئەوسا خۆی لە سەرووترەوە دەبینێ، جا خزم و خوێشانی بۆنی ئەو دەگرن و نەفسە ھەلپەرست و ڕاڕاکانیش، کە وان لە چواردەوری و خوویان بە ڕیاییکردن و خۆ ھەڵواسین بەقارەمانەوە گرتووە، دەبنە ئامڕازیی بانگەشە و ھۆنەری ئەفسانە و داستانی خەیاڵی، بۆ قارەمان و بنەماڵەی سەرکردەی قارەمان.

ئەم خەسڵەتانە، لەھەموو سەرکردایەتییەکانی، باشووریدا، بە درێژایی تەمەنیان، یان لە قۆناغی جیاوازدا، خۆیان نیشانداوە، شۆڕشیش کارەسات گەلێکە، کە درەنگ بەشدارەکانی وشیاردەبنەوە و ڕووداوەکان بەراورد دەکەن، یان بە ئەنجام گەلێکی دروست دەگەن.
ستەمی دەسەڵاتڕانیی حیزب،  پێش و پاش بە دەسەڵات گەیشتنی، جۆرێک  خوو پێوەگرتن لە ناخی زووربەدا، دروست دەکات، ھەر قۆناغەی بە ناوێکەوە، لە ھەموویان ناشرینتر، ئەو ستەمەیە، کە بەناوی خەڵک و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەوە، لە خەڵک دەکرێت.
ڕووداوەکان لە باشووری نیشتمان، بە ڕوونی، ئەو شێوازە تەقلیدی و خێڵەکییەی، حیزبەکانی باشووری پیشاندا، قسەکانیان لەسەر ڕووداوەکان، ھەمان قسە و بەھانەی، حەفتاساڵی لەمەوبەرن، ھی سەرەتای، بەھانە ھێنانەوەی ناکۆکی نێوانیان، ئەنجامدانی شەڕەکانیان، ھانابردنیان بۆ دوژمنانی کورد و تاوانبارکردنی ئەوانی تر:
ئێمە دەزانین، ڕاپەڕینی لاوان و ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشوور بەپلەی یەکەم، دژی گەندەڵبوونی سەرکردایەتی حیزبەکانە ئەگەر:
خەڵک برسییە، گەندەڵیی سەرکردایەتی حیزبەکانە.
خەڵک توڕەیە، فەسادی سەرکردایەتی حیزبەکانە.
دوژمنانی کورد، دەست لە نەتەوەکەمان دەوەشێنن، خیانەتی سەرکردایەتی حیزبەکانە.
لاوانی کورد بە فیشەکی کوردی، شەھید دەکرێن، تاوانی سەرکردایەتی حیزبەکانە و......تا بێپایان لە ستەم وبێدادی.
مەکینەی ستەمی سەرکردایەتی حیزبەکان، کە لە ڕواڵەتدا، چەند ناوێکی دیار، دەیسوڕێنن، لە ڕاستیدا، بنەماڵەی ئەو کەسە دیارانە، ھاوبەشێکی چالاکی ئەو ستەم و تاوانانەن، کە دەرھەق بە لاوانی نەتەوەکەمان ئەنجامی دەدەن.
گەلەکەمان ئەم ڕاستیانە ھەموو دەزانێ و  مسقاڵە زەڕڕەکان دەبینێ، بۆیە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی، سنگی خۆی کردە/ دەکاتە  قەڵغانی بەرگری بۆ دانانی خاڵی کۆتایی بۆ  وشک کردنی زۆنگاوی گەندەڵییەکان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، شایان بە مرۆڤی کورد.

خاڵێکی گرنگ و دڵخۆشکەر، کە سەرنجی، مرۆڤی کوردی وردبینی ڕاکێشا ئەوەیە کە لەھەندێ لێدوانی بەرپرسانی حیزبیدا، بیستمان کە:
ھەندێ لە کوردانی پارچەکانی تری کوردستان، لەگەڵ خوشک و براکانیان، بۆ بەدیھێنانی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ، ھاوبەشی ڕاپەڕینی باشووریان بوون:
ھەڵبەتە، ئەو بەرپرسانە، چوونکە گۆشکراویی ھەمان کلتووری داڕزاوی، فەرمانڕانانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن، دەیانەوێت بڵێن: کە لاوانی باشوور، بەفیتی بەدەر لە خۆیان، ڕاپەڕیون و ویستیان بەم قسانە لە حەقیقەت وقورسایی و نرخی ڕاپەڕینی لاوەکانمان کەم بکەنەوە و ڕەوایی بدەن بە کوشتنیان، بەڵام:
ئەوە،ئەرکێکی کوردستانی ھەرکوردێکە، لەھەر پارچەیەکی کوردستاندا، ستەم لە نەتەوەکەی بکرێت، دەبێ کاردانەوەی ھەبێت و پشتیوانی ستەم لێکراوان بێت، ئەگەر بیرکردنەوەی تاکی کورد، بەو شێوەیە گەشەی کردبێت و سنووری شار و حیزب و پارچەکانی کوردستانی بڕیبێت، ئەوە نیشانەیەکی گەشە و مانای وایە بزوتنەوە نەتەوەییەکە تەندروست و خەریکە ڕێگا دروستەکەی خۆی دەدۆزێتەوە، ھیوادارم بەو ئاڕاستەیە لەگەشەکردندا بێت.
خەباتی کوردستانی و ڕاپەڕینی نەتەوەیی، لاوانی کورد، دژ بە گەندەڵی و گەندەڵکاران، پیرۆز بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×