سەرهەڵدانی وزە و بەرخۆدانێکی نوێ

دارا محه‌مه‌د
  2020-12-14     518
ئێمە ناتوانین قسە لەسەر خۆپیشاندان و نارەزایەتیە گشتیەکان بکەین وەک ئەوەی قسە لەسەر پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بکەین کە بە پێی بەرنامەیەکی سیاسی و لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی و عەقڵانی بەڕێوەبچێت. خۆپیشاندان بە پلەی یەکەم کردەیەکی سیاسیە کە هاوڕێیەتی لەگەڵ بەرنامە و پلانسازیدا کەمە و خۆی لەسەر نەبوونی ئەمانە دامەزراندووە. کەواتە گرنگترین رەگەزەکانی ئەم کردە سیاسیە بریتیە لەوەی کە کردەیەکی خۆڕسکە و جۆرێکە لە نمایشێکی سیاسی بە بێ ئەکتەرو و دەرهێنەر و دەقێکی دیاریکراو. خۆپیشاندان، یان هەروەکو هەندێک بە راپەڕین ناویدەبەن، ئەنجامی ئەو بزوتنەوە گشتی و کۆمەڵایەتیەیە کە دواجار دەیەوێت پێگەی دەسەڵات بلەرزێنێ و واقیعی سیاسی بگۆڕێت. بەڵام خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە راپەڕین لە زهنیەتی کورددا بەتەنها یەک مانا و فۆرمی وەرگرتووە کە تارادەیەک بووەتە شێواندنی ماناکەی و لەدەستدانی کردە سیاسیەکەی کە خۆڕسک بوونە. راپەڕین لە زهنیەتی ئێمەدا هەمیشە ئاماژەیە بە راپەڕینی چەکداری ٩١ و روخانی بەعس لە کوردستاندا کە دنیایەکی جیاواز دێنێتەکایەوە. لێرەوەیە هەندێ کەس داوای راپەڕین دەکەن. بەڵام ئەوەی ئێستا روودەدات لە راستیدا جۆرێکە لە راپەڕین کە گەنجانی شارۆچکەکانی کوردستان دەیانەوێ بە ڕووی ئەم دەسەڵاتەدا بتەقنەوە کە دنیای ئەمڕۆیان تا سەر ئێسک ناشرینکردووە و خەون بە ژیانێکی باشترو جوانترەوە لەوەی هەیە دەبینن. ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەرگیز ناکرێت خۆپیشاندانی بەبەرنامە ساز بکرێت، بەڵام پرۆسەکان جیاوازن و سیما و کارەکتەری جیاواز وەردەگرن بە پێی بەشداری خۆپیشاندەران و ئەو وەڵامەی دەسەڵات بە رووی خۆپیشاندەراندا دەیداتەوە. گومان لەوەدا نیە کە توندوتیژی لەم کردە سیاسیە خۆڕسک و تەنانەت بەبەرنامەکانیشدا روودەدەن. لە زۆرێک لە خۆپیشاندانەکانی وڵاتە دیموکراسیەکاندا، وەک ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسادا توندوتیژی گەورە روودەدەن. بەڵام بە جیاوازیەکی گەورەوە ئەویش بێگومان ئەوەیە کە تەقە لە خۆپیشاندەران ناکرێت و پۆلیس خۆپیشاندەران ناکوژن.

ئەو گەنجانەی کە لە سەیدسادق و عەربەت و کەلار و کفری و چەمچەماڵ و تەکیە و شوێنەکانی دیکەدا بوونەتە داینەمۆی خۆپیشاندانەکان، ئەو گەنجانەن کە بەتەنها خەمی نان کۆینەکردوونەتەوە، بەڵکو هەڵگری کۆمەڵێک خەمی گەورەن کە لێوانلێوە لە بێزاری بەرامبەر بەو ژیانەی تیایدان و دروستکەری ئەم ناعەدالەتیەش ئەو ئابوریە سیاسیەیە کە هەردوو نوخبەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی بەڕێوەیدەبەن. ئەم دوو نوخبە حیزبیە لە ماوەی حوکمڕانی خۆیاندا سیستمێکی هێندە بەعسئامێزانە و دزێویان دروستکردووە بە دەست خستنە ناو ژیانی خەڵکەوە هەر لە دامەزراندن و دانانی پلە و پۆستەکان لە قوتابخانەوە تا دەگاتە زانکۆکان و فەرمانگەکان کە لەسەر سیستمێکی گەندەڵی واسیتە و تەزکیەی حیزبایەتی و نزیکایەتی لە بەرپرسەکانەوە دامەزراوە. ئەوەی ئەم گەنجانەی رژاندۆتە سەر شەقامەکانی کوردستان لە جەوهەردا راپەڕینە دژ بەم سیستمە سیاسی و ئابوریە نەوتیەی کە سیستمێکی سەرمایەداریی نیولیبراڵی هێناوەتەکایەوە کە کەلێنێکی کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکردووە لە رێگەی دەوڵەمەندکردنی سەرانی حیزب و دەستوپێوەندەکانیان و کۆمەڵێک سەرمایەدار و هەژارکردنی زۆرینەی کۆمەڵگە. ئەم نەوەیە کاتێک دێتە سەر شەقامەکان و ئامادەیە روبەرووی دەسەڵات بوەستێتەوە هیچ سەرچاوەیەکی ماددی نیە لە دەستی بدات.

واتە ناکرێت ئەم خۆپیشاندان و بزوتنەوەی نارەزایەتیانە بە تەنها لە برسێتی و نەبوونی مووچەدا کورتبکەینەوە. بێگومان ئەمە بەشێکی هاوکێشەکەیە. بەڵام بەشە گەورەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمە گەندەڵ و مشەخۆر و نادادپەروەریەی لە ماوەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیدا بنیاتنراوە کە تیایدا مرۆڤەکان خاوەنی ژیانێکی پڕ کەرامەت و رێز و ماف نین. ئەوەتا دەبینین چۆن بێڕێزی گەورە بە مرۆڤی ئەم کۆمەڵگەیە دەکرێت کە بە فیشەک و دار و ئاسن لە خۆپیشاندەران دەدرێت و ئەم دەسەڵاتە چەندین فەرمانی دراکۆنیانە دەردەکات بۆ گرتن و ڕفاندن و لێدان و کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان و رۆژنامەنووسان.

خاڵێکی دیکە کە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە بەشێک لەو نووسینانەی لەسەر ئەم خۆپیشاندانانەیە بە نەفەسێکی زۆر نێگەتیڤانە و هەناسەسواریی و بوغزاندنی بەرامبەرەوە دەنوسرێت و کار لەسەر کردنەدەرەوە و دورخستنەوەی بەشێک و بێبایەخکردنی بەشێکی دیکە دەکرێت. ئەم خۆپیشاندانانە بە پلەی یەکەم ئەو گەنجانەی شارۆچکەکان کە بوونەتە داینەمۆی رووداوەکان خاوەندارێتی دەکەن. ئەم خۆپیشاندان و بزوتنەوەی نارەزایەتیانە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بۆ خۆی قۆرخبکات. گرنگی ئەم خۆپیشاندانانە لەوەدایە کە خاوەن و سەرکردەی نیە و ئەمەش بۆ خۆی روداوێکی نوێیە لە مێژووی سیاسی کورددا و پێوێستە بە بایەخەوە لێیبڕوانین. لە کاتێکدا کە کەس ناتوانێت خۆی بە خاوەنی ئەم نارەزایەتیانە هەژمار بکات و تەنها خۆپیشاندەرەکان خۆیان بەڕێوەیدەبەن، هەموو مرۆڤێکی یاخی لەم دەسەڵاتە پێویستە بەشێک بێت لەم نارەزایەتیانە. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم خۆپیشاندانانە پێویستی بە بەردەوامی و گەورەبوون هەیە و بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەموو وزەو توانا بەرەنگاریەکان و بەرخۆدان هەیە بە جیاوازی رەنگ و بیر و تەمەنەکان، بە کچان و کوڕانی کوردستان هەیە، هەموو ئەوانەی پێیانوایە کە ئەم سیستمە شکاوەی حوکمڕانی پێوێستی بە گۆڕانکاریەکی سەرتاسەریی هەیە کە توانای ئەفراندنی دنیایەکی نوێی بۆ کچان و کوڕانی ئەم کۆمەڵگەیە هەیە.            
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×