نامەیەکی کراوە بۆ کاک ئازاد، جوتیارە نمونەییەکە

دانا سەلام
  2020-12-26     1226
بەڕێز کاک ئازاد، ڕاستە من بەڕێزتان ناناسم و هیچکات بە دیدارتان شاد نەبووم. بەڵام لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ئاشنا بووم بە کارەکانت، بە شێوەی خەباتت و تاڕادەیەکیش بە بیروباوەڕت. لەم نامەیەدا دەمەوێ پێتی ڕابگەیەنم کە کوردستان داگیرکراوە. ئەوە تۆ و هاوشێوەکانتن کە دەتوانن بە کردار ڕزگاری بکەن، ئێوە پێشمەرگەی ئەمڕۆن.
من وەک هەر کوردێکی تری دڵسۆز، دەمێک بوو دەمویست سوپاست بکەم، سوپاس بۆ ئەو جۆرە خەباتەی کە گرتووتەتە بەر، بۆ لە خۆبوردن و قوربانی دان لە پێناوی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان.
بە بیستنی هەواڵی دەستبەرداربوونت لەم شێوە خەباتە، ماتەم دایگرتم کە لە کوردستاندا تێکۆشان بۆ پێشخستنی کوردستان هێندە سەخت بووە کە کەسێکی وەک بەڕێزیشت بێزار بکەن. لەم نامەیەدا من دەمەوێ گرنگی کارەکەی بەڕێزت ڕوون بکەمەوە و داوا لە بەڕێزت و هەموو ئەوانەی وەک بەڕێزتن، لە هەر پیشەیەکدا هەن، بکەم کە بەردەوام بن چونکە ئەوە بەردەوامیە کە وەڵامی ڕاستەقینەی ئەوانە دەداتەوە کە دژی بوژاندنەوەی کوردستانن.
گرنگە تێبگەین لەوەی کە کوردستان داگیرکراوە. داگیرکەران، دوای ئەوەی تێگەیشتن کە سەردەم گۆڕاوە و لە ئەمڕۆدا سەختترە کورد بە جەستە بکوژن و بە ئاگر و ئاسن دژی بوەستن. ‌هاتوون و زۆر بە ووردی کار دەکەن لە سەر تێکشکاندنی دەروونی تاکی کورد. ئامانجیان ئەوەیە کە ئەم گەلە بتوێننەوە. یەکێک لە هەرە کاریگەریگەرترین ئامرازەکانیان، ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆیە کە وای لە تاکی کورد کردووە شەرم لە کورد بوون خۆی بکات. ئەم کارەش بە پاداشتکردنی خەڵکی تاوانبار و بەد ڕەفتار و بە سزادانی خەڵکی دڵسۆز و شایستە. دەیان کەناڵی تەلەفیزیونی ڕۆژانە پەخش دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی بەدڕەفتاری بە گەورەکردنەوەی خەڵکی بودەڵە و نەزان و خۆفرۆش.
ڕۆژانە ئەم دەسەڵاتە بە بریکاری داگیرکەران، کار دەکات بۆ پەرتەوازەکردنی گەلی کورد بە بوژاندنەوەی وابەستەیی (ئینتیما) هۆز و پارت و پارتۆکە و گروپ و گروپۆکە بۆ ئەوەی وابەستەییان بۆ نەتەوە نەمێنێت. کاردەکات بۆ ئەوەی خەڵکی دڵسۆز بێزار بکات، بە ڕادەیەک کە یان ڕابکات یان تێکیبشكێنن وەک ئەو کەسایەتیە نمونەیەی ئەوان دەیانەوێت. دەسەڵات دەیەوێت کە تاکی کورد، تاکێکی شەرمنی ترسنۆکی چەماوە بێت کە هیچ کات نەتوانێت لەبەرامبەریاندا ڕابوەستێت بۆ ئەوەی ئەوان لە تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی ووڵات بەردەوام بن. داگیرکەرانی کوردیش دەیانەوێ بڵێن فەرموو ئەوە دەسەڵاتی کوردیە! کورد توانای بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری نیە!
سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان لەگەڵ خۆیدا زۆر بەداخەوە، وەچەیەکی نابەرپرسی درووستکرد کە بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هەر شتێکی بەدڵیان نەبێت ڕەشی بکەن بێ بیرکردنەوە لەوەی کە بەم کارە باوەڕ لە کۆمەڵگادا لە ناو دەچێت کە دیسان دەچێتەوە خزمەتی دەسەڵات و داگیرکەران.
كاک ئازادی بەڕێز، دوای دەرکەوتنت و سەرکەوتنت لە بەدەستهێنانی خۆشەویستی هەزاران جوتیار و سەدان هەزار کوردی دڵسۆز. دەبێت بزانیت کە چیتر تۆ ئەو جوتیارە سادەیەی جاران نیت. بەڵکو تۆ و هاوشێوەکانت نوێنەرایەتی شۆڕشێک دەکەن، شۆڕشێکی بێ دەنگ و کاریگەر بۆ ڕزگار کردنی ئابوری کوردستان. ئاشکرایە کە دەسەڵات و داگیرکەران زۆر باش زەبر و کاریگەری کارەکەی ئێوە دەزانن، بۆیە ناشێ پێتوابێت کە بەرامبەر ئەم شۆڕشە بێ دەنگ دەبن. بە دڵنیاییەوە هەوڵی بە حیزبی کردن و ناشیرینکردنت بەشێکن لەو پیلانانە.
تکایە، تکایە کۆڵ مەدە، تۆ و هاوشێوەکانت نوێنەرایەتی شۆڕشێکی بێ دەنگ دەکەن.
زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
فانس بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێت: پنتاگۆن ڕووبەڕووی کەمیی چەک و تۆمەتی شاردنەوەی زیانەکان دەبێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×