مەسرەفگەرایی‌‌و گەندەڵبوونی‌ تاک

ناودار زیاد
  2020-12-29     717
کۆمەڵگەی‌ بەرخۆرو مەسرەفگەر ئەو کۆمەڵگەیەیە پشت بە بەکاربردن دەبەستێ نەک بەرهەمهێنان، زیاتر بەدوای‌ ماددەگەرایی‌ و چێژپەرستیی‌ و خۆپەرستیی و فۆڕمەوەیە نەک جەوهەر و ناوەڕۆک و سەربارخستن، تا ئەو ڕاددەیەی‌ تاک سەرگەردان و وێڵە بەدوای‌ تێرکردنی‌ ویست و ئارەزووە لەبن نەهاتووەکانییەوە. ئەم تێگەیشتنە لە بەرخۆریی‌ یاخود مەسرەفگەریی‌ هاوکات لەسەر هێڵی‌ ڕەوتی‌ مۆدێرنیتەی‌ سەرمایەدارییە، چونکە مۆدێرنیتەی‌ سەرمایەداریی‌ بە فیکر و بە سیستەم دنەی‌ تاک و کۆمەڵگە دەدات تاکو وەڵامدەرەوەی‌ حەز و ویست و چێژە تایبەتییەکانی‌ بێت.
بەرخۆریی‌ و مەسرەفگەرایی‌ لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا بە ڕۆژێک و دووان و، تەنانەت ساڵێک و دووانیش دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمی‌ پڕۆسەیەکی‌ ڕێکخراو و سیستماتیکە، کە لە سەرەتادا لە ڕووخسارێکی‌ ئابوریدا پەرەی‌ پێدەدرێت و دواتر مۆرک و ڕەهەند و ڕووکاریی‌ سیاسیی‌ و کۆمەڵایەتیی‌ و ئایینیی‌ و سایکۆلۆژیی‌ و هونەریی‌ وەردەگرێت، تا دەبێت بە شێوەژیانی‌ تاکەکەسی‌ و جڤاکی‌. لە هەرێمی‌ کوردستاندا بەرخۆریی‌ لە هەموو شوێنێک و لای‌ هەمووان ئامادەیی‌ هەیە: پێشتر ژن نموونەی‌ مەسرەفگەر بوو، ئێستا پیاویش، چونکە کڕین و بەکاربردن و خۆجوانکردن لای‌ هەردوو ڕەگەزەکە پێبەپێ دەڕوات. پێشتر ئایین دژی‌ مەسرەفگەریی‌ بوو، ئێستا ئایینیش برەوی‌ پێدەدات، بۆ نموونە ئایین برەو بە ڕازاندنەوە و زەخرەفەی‌ مزگەوت و پەرستگاکان و بە عادەتکردنی‌ حەج و عومرە دەدات. هەر کەسێک بەپێی‌ قەبارەی‌ پارە و داهاتەکەی‌ مەسرەف دەکات، بۆ نموونە ئەو کەسەی‌ پارەی‌ زۆر بێت زوو زوو گەشتی‌ وڵاتان دەکات، بەڵام ئەوانەی‌ پارەیان کەمترە زوو زوو گەشتی‌ ناوچەکانی‌ دیکەی‌ کوردستان دەکەن، زۆرینە ئەم گەشتانە وەک عادەت و خۆنواندن و گرنگ-نیشاندانی‌ خۆیان دەکەن نەک وەک هۆشیاریی‌ گەشتیاریی‌ و سایکۆلۆژیی‌. ئەو حزبە سیاسییەی‌ دەوڵەمەند و داراترە ئەوا ئەندام و شوێنکەوتەی‌ زیاترە، تا ئەو ڕاددەیەیەی‌ خەڵک وەک پڕۆژەی‌ ئابوریی‌ لە حزبە سیاسییەکان دەڕوانن.
دروستبوونی‌ بەرخۆریی‌ و مەسرەفگەریی‌ چەندین پاڵنەر و فاکتەری‌ لەپشتەوەیە، یەکێک لەو فاکتەرانە بە باوەڕی‌ سۆسیۆلۆژیستی‌ فەڕەنسی‌ (پییەر بۆردیۆ Pierre Bourdieu)(١٩٣٠-٢٠٠٢) بریتییە لە "خۆگەورەبینیی‌ کۆمەڵایەتی‌". واتا تاک هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کۆمەڵگا وەک کەسێکی‌ گەورە و گرنگ لێی‌ بڕوانن. میدیا و تۆڕەکانی‌ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەم خۆگەورەبینییەدا دەوری‌ کارا دەگێڕن، واتا لە گەورەکردن و قەبەکردنی‌ وێنای‌ تاک لە چاوی‌ خۆی‌ و ئەوانی‌ ترەوە ڕۆڵێکی‌ کاریگەر دەبینن. کەواتە تاک هەرچی‌ زۆرە لە هەوڵی‌ ئەوەدایە گەورە و گرنگ دەربکەوێت و، بۆ گەیشتن بەمە هێز و خۆراک لە بازاڕ و سیستەم و میدیاوە وەردەگرێت: بازاڕ بەرهەم و کەرەستەی‌ بێشومار دەخاتە بەردەستی‌ تاک، سیستەم بە پێودانگی‌ سەرمایە و کاڵا کار دەکات و تا چەند تاک خاوەنی‌ سەرمایە و کاڵا بێت بارتەقای‌ ئەوە گەورە دەبێت، میدیاش بواری‌ بانگەشە و ڕیکلام و خۆدەرخستنی‌ بۆ دەڕەخسێنێت. بەم جۆرە بە مەسرەفکردنی‌ ئەو پێدراوانەی‌ بازاڕ و سیستەم و میدیا بۆی‌ دابین دەکات، تاک دەتوانێت خۆی‌ وەک کەسێکی‌ زل و گرنگ و کاریگەر بەرجەستە بکات. لەم نێوەندەدا هەندێک کەس بەهۆی‌ توانا و ئیمکانیاتەکانیانەوە بە ئاسانی‌ دەستیان بەم پێدراوانە ڕادەگات، بەڵام هەندێکی‌ تر مەحرومن لێی‌، ئەم کەسە مەحروم و بێبەشانە لە درێژ ماوەدا حەسرەتی‌ قوڵ و ڕق و توڕەیی‌ دایان دەگرێت.
ئەم بەرخۆریی و مەسرەفگەراییە وردە وردە دەبێتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر کۆمەڵگەوە، لە کەمترین دەرکەوتەی نەرێنیشیدا بێکاریی و بێبەرهەمی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ئەوپەڕی دژی‌ پڕۆسەی‌ بەکۆمەڵایەتییبوونە، چونکە تاکی بەرخۆر لە ڕەنج و ماندووبوون و هەوڵدان و بەرهەمی کەسانی دیکە دەخوات. ئەم کەسانە لە کۆمەڵگەی‌ کوردیدا بوونەتە گروپێکی گەورە و زۆرتریش‌ خۆیان لە دەستەبژێرێکی‌ سەردەست و دەسەڵاتداردا دەبیننەوە و ژمارەیەکی دیکەی‌ خەڵکیش شوێنیان کەوتوون یاخود بە دەوروپشتیانەوەن. ئەم کەسانە لە ڕێگەی هێز و گوشار و ترساندن و درۆ و بانگەشە و فرت و فێڵەوە لە بەرهەمی ئەوانی دیکە دادەپچڕن. واتا لەسەر ڕەنج و ماندووبوون و زەحمەتییەکانی ئەوانی دیکە پاڵکەوتوون. بە واتایەکی‌ تر ئەم کەسانە پارە و داهاتێکی مفتە وەردەگرن بەبێ ئەوەی کارێک یاخود ڕەنجێک لە بەرامبەریدا ببەخشن، لە نموونەی ئەم کەسانە لە هەرێمی‌ کوردستاندا حەشاماتێک لە بندیوار و بە نایاسایی‌ خانەنشینکراوی‌ بێبەهرە و بێبەرهەم هەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی‌ لەڕێی‌ پارەی نەوت و باج و گومرگ و دەزگا و دامەزراوە گشتییەکانی‌ ژێر دەستیانەوە سەرمایەیەکی‌ زەبەلاحییان پێکەوە ناوە بەبێ ئەوەی‌ بزانن چۆن ئەو سەرمایەیە بەگەڕدەخەن.
ئەم کەسانە بۆ ناسینەوە و خۆجیاکردنەوەیان وێڕای‌ ئەوەی‌ ماڵەکانیان بۆ ناو شاری‌ خەونەکان و گەڕەکە گرانبەهاکان دەگوازنەوە و لە ڤێلا و باخی‌ تایبەتیی‌ کەناری‌ شارەکان و هاوینەهەوار و سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکاندا کاتەکانی‌ پشوویان بەسەردەبەن و منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە و زانکۆ تایبەتییەکان و سەردانی‌ نەخۆشخانە تایبەتییەکان دەکەن، هاوکات جلوبەرگی کەشخە و گرانبەها لەبەردەکەن، سەیارەی‌ گرانبەها دەکڕن، ئامێر و ئامڕازی‌ مارکە بەکاردەهێنن و، تەڤلی‌ هەموو ئەو کردە و چالاکییانە دەبن کە مەسرەفی‌ زۆری‌ هەیە و بۆ مەبەستی‌ چێژ و خۆشی و ڕابواردنە. بەکورتی‌ ئەم کەسانە پێبەپێی مۆدە و ستایلە نوێیەکانی ژیان دەڕۆن. ئیتر ئەم شێوەیە لە ژیان دەبێتە باو و عادەت و تاکەکان لە یەکترەوە فێری‌ دەبن - هەروەکو چۆن فەیلەسوفی‌ گریکیی‌ (ئەرستۆ Aristotle)(٣٨٤-٣٢٢)پ.ز دوو هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر وتویەتی‌ سروشتی‌ مرۆڤ لاساییکردنەوە و فێربوونە - تا دەگات بەوەی‌ سەراپای‌ کۆمەڵگە دەگرێتەوە. بە باوەڕی‌ (ژان بۆدریار Jean Baudrillard) (١٩٢٩-٢٠٠٧)ی‌ فەیلەسوفی‌ فەڕەنسی‌ "کۆمەڵگەی‌ بەرخۆر کۆمەڵگەیەکە چێژپەرستیی‌ و خۆشبەختیی‌ وەک پڕاکتیکێکی‌ کۆمەڵایەتی‌ بە هێما و سیمبول دەکات و هاوکات وەک جۆرێکیش لە ئەفسانە پێشی‌ دەخات". لەم سۆنگەیەوە ئێستا ئەم دیاردەی‌ مەسرەفگەرییە بووە بە ئەدگار و ڕووخساری‌ کۆمەڵایەتی‌ بەجۆرێک خۆشبەختیی‌ و بەختەوەریی‌ پێوە بەستراوەتەوە. هەر بۆیە تاکی‌ کۆمەڵگەی‌ کوردیی‌ تەنانەت لە ئیش و کارکردنیشدا چاوی‌ لە ئیشی‌ خۆش و ئاسان و بێ عارەق ڕشتنە، چونکە ئەو لە کار و کاسبیشدا هەر بەدوای‌ چێژ و ئیسراحەتەوەیە. بۆیە دەبینین بە زار و بە قسە ڕێز و نرخ بۆ کەسی‌ کاسب و ڕەنجکێش دەردەبڕێت، کەچی‌ بە کردەوە تەرەی‌ لێدەکات و خۆی‌ لێ هەڵناسوێت.
سوچ و خەتای سەرەکی لە بەرفراوانبوون و گەشەکردنی‌ بەرخۆریی‌ و مەسرەفگەرایی‌ لە ئەستۆی سیاسەتی حکومەت و لەم سەردەمەشدا ئەو دیاردە جیهانگیرییەیە کە گۆی‌ زەوی‌ گرتووەتەوە. سیستەمی‌ سەرمایەداریی‌ کە لەسەر بەکاڵاکردن و بەتایبەتیکردن و بازاڕ ڕاوەستاوە، هەم حکومەتەکان هەم جیهانی‌ بەتەواوەتی‌ کەمەندکێشی‌ خۆی‌ کردووە، بەوپێیەی‌ ئاڕاستەی‌ حکومەتەکان ڕووەو دابینکردنی‌ خۆشگوزەرانییە بۆ هاووڵاتییەکانیان و، جیهانگیریش ملکەچی‌ تەکنۆلۆژیا و میدیا و ئامێرەکانە، بۆیە تاک لەوە لاوازترە بتوانێت خۆی‌ لە ئاست گوشارەکانی‌ حکومەت و شەپۆلەکانی‌ جیهانگیریدا ڕابگرێت. بەم پێیە تاک هەرچەندە خوازیاری‌ ئەوە بێت نەچێتە ژێر باری‌ بەرخۆریی‌ و مەسرەفگەرییەوە دواجار دەبێت ویستی‌ حکومەت و سیستەمی‌ لەسەر بێت، ئەگەر حکومەت و سیستەمی‌ وڵات هەوڵی‌ بێکاریگەرکردنی‌ بەرخۆریی‌ و مەسرەفگەریی‌ نەدات و ڕێی‌ لێ نەگرێت ئەوا لەسەر ئاستی‌ تاک بێکاریگەرکردنی‌ هەروا ئاسان نابێت و، لە چوارچێوەیەکی‌ بەرتەسکدا دەمێنێتەوە. بەم جۆرە تاکەکان خۆکردانە و بێ خواستی‌ خۆیان لەناو ماددە و کەرەستە و کاڵادا نقوم و گەندەڵ دەبن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×