تەها موحێدینەکانی بەغداد

نامۆ سامان
  2020-12-29     663
هەمیشە فەتوایەک عەرەب و ئسلام وەک داڵە کەرخۆرەکان لەیەک کۆدەکاتەوە بۆ لەناوبردنی گیانی کورد بەڵام خودی کورد بەچی کۆدەبێتەوە؟ بەم پەرتەوازییەی کەهەیە یاخود کوردبوونی؟ ڕۆژێک دهێت خوێنی کورد لەو عێراقەدا حەڵاڵ بێت وەک ئەوەی بینیمان لەسەردەمی خلافاتەکەی داعشدا. تۆ کەبویتە عێراقی دەبێت بەشداری جەنگەکانی عێراقیش بکەیت لەداهاتوودا وەک بینیمان لە جەنگی ئێران و عێراقدا! ئەو کوردەی بەشداری جەنگی نەکرد یان هەڵهات یاخود دایە شاخ و چەکی هەڵگرت! چەکیش واتا کوشتنی مرۆڤەکان نەوەک پاراستنیان! ئێمەی کورد ئازادیمان لەناخا هەڵنەگرتووە بەڵکو ترسمان لەناخا چاندووە! ئەوە ترسە دەمانوسێنێت بەعێراقەوە نەوەک ئازادیمان! تۆ کە وێڵی ئازادی و تینویی ئازادیت کۆیلەبوونیت بۆ بەدەستی خۆت مسۆگەر دەکەیت؟          

زیاد لە بیست ساڵ لەمەوبەر بابەتێکم لەسەر ڕێکەوتنی ستراتیژیی یەکێتی و پارتی نوسی بەکورتی نوسیم: ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی فێڵێکبوو کە هەردووکیان لەیەکتریانکرد بەڵام ملی هەردووکیانی تێدا شکاند! ئەمڕۆکەیش میللەتیش بەوانەوە واخەریکە ملیان دەشکێت! پارتێکان چونکە لە حەفتاکاندا ئەزمونی بەغدادیان هەبوو و تێیدا سەرکەوتوو نەبوون نەیاویست ئەو هەڵەی حەفتاکان دووبارەکەنەوە! بەڵام هەڵەی جەلال تاڵەبانی ئەوەبوو کە خودی خۆی باوڕی بە دەوڵەتی کوردی نەبوو لای ئەو خەونبوو بەئاشکرایش وایدەگوت: کە دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە! خۆزگەم هەر ئەو خەونە جوانەی شاعیران بووایە چونکە هەر ڕۆژێک دەهاتە دی بەڵام ئێتساکە بۆتە کابوسێک هەموومان دەمانەوێت لێدەرچین و ئیتر ئەو خەونە کابوسیە لە کۆڵمانبێتەوە، وەزعێکیان وایانخوڵقاندووە کەهەرگیز بیر نەک لە دەوڵەتی کورد بەڵکو لە کوردبوونی خۆیشمان نەکەینەوە .           

پارتی و سەرکردایەتی پارتی و خودی بەرزانی ئەگەر بیانزانیایە بوونە سەرۆککۆمار لە عێراقدا ئەنجام و باشییەکی دەبوو هەرگیز ڕازی نەدەبوون پۆستی سەرۆکی عێراق بەر یەکێتێکان کەوێت خۆیان وەریاندەگرت ئێستاکەیشی بخەیتەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لە عێراقدا بۆ کورد جگە لە سوکایەتی هیچیتری پێنەبەخشی بەدەر لەپربوونی گیرفانیان.                                                                                  
تاڵەبانی و بەرزانی کە دەسەڵاتیان لەنێو خۆیاندا بەشکرد نە ئەمیان شایەنی بەغدادبوو ئە بەرزانیش هی کوردستان چونکە هیچیان کەسی شیاو نەبوون بۆ کات و پۆستی شیاو ئەنجامەکەیشی ئەوەیە کەدەیبینین. بۆ ئەوەی لەیەکتری بگەین دەبێت خاڵی هاوبەشمان هەبێت! ئەوەی دەیبین ئێستاکەیە کەهیچ خاڵێکی هاوبەش لەنێوان خودی کورد نەماوە بەخودی خێزانەکانیشەوە جگە لەسەرشێواوی کورد نەبێت کە بەدەستی خۆی خەریکی هەڵکەندی گۆری خۆیەتی لە عێراقدا.                                                                   
ئەوەی ئێمەی کورد دەبینین لەو باشورەداو دەیزانین تەنها ئەوەیە کە چاوەکانمان دەیبنین کە گوێکانمان دەیبیستن ئیتر وەکوتر هزرمان خاڵی لە هەموو شتێک. ئێمە خەڵکی کاتین لەسەر بنەماکانی کات ئیش دەکەین، کولەئاسا ڕۆژی ئەمڕۆمان خۆشو تێربێت ئیتر سبەی و داهاتوومان فەرامۆش دەکەین، ئێمەی خەڵکی ڕۆژین، خەڵکی کار و خەڵکی سەردەمی خۆمان نین، زۆر سەیرین لەسەر بچوکترین شت هەڵدەچین و دەیقەومێنین بەڵام لەسەر جەوهەری کێشەو داهاتوومان هەمیشە ڕامانکردووە و خۆما دزیوەتەوە ئیتر بازێکی گەورەمانداوە بەسەریاندا و باسمان نەکردۆتەوە وەک ئەوەی ئیتر یەکتری نەبینینەوە! خۆمان بە ڕۆشنبیرو سیاسی دەزانین کەچی بەختمان داوەتە دەست فاڵچی و شیخ و تەکێکان! داوا لەمینبەری مزگەوتەکان دەکەین نزاو فەتوامان بۆدەرکەن تاکو ڕێنمایمانکەن.

کەسمان نازانین لە بەغداد چەند ئەندام پەرلەمان هەیە؟ بەڵام ئەوەی دەیبینین تەنها چەند کەسێکە و هەمیشە توشی نارسیسمی خۆیان بوون حەز بەبینینی خۆیان دەکەن لە سکرینی تەلەڤیزۆن و میدیاکاندا بەڕاست و چەپدا فلچە فرێدەدەن! خۆزگەم دەخواست کە ئەو چەند کەسەیش نەبوایە چونکە هێندەی ئازارمان دەدەن هێندە ئاو ناکەن بەڕۆحی شپرزەو ماندووبونماندا! ئەوان لەسەر شپرزەیی و برسێتی و ماندووبوون و تورەیی ئێمە قسەی بریقدار دەکەن و ئەنجامەکەیشی باش نابێت. ئەندام پەرلەمانەکان ئەو هەموو ناعەدایەتی و جوداخوازیە دەبینین لە جێگەی ئەوەی کە هیچیان پێناکرێت واز لە پۆستەکەی بهێنن، دهێت زیاتر بەنزین دەکەن بەتورەبوونی خەڵکی برسی و شپرزەییاندا زیات هانیاندەدەن بۆ توندوتیژی کە هیچی لێ بەرهەم نایەت جگە لە کوشتنی گەنجەکانمان و ماڵوێرانی و ڕەشپۆشی دایکەکانمان.                                                                     

کوردە ئەندام پەرلەمانەکانی عێراق لەجێگەی ئەوەی پردێکی دیپلۆماسی لە خزمەتی گەلەکەیان دروستکەن دهێن سوکایەتی بە کورد دەکەن! ئەوان کاتێک دەزانن کە حیزب و سەرکردەکەیان هەڵەن لەجێگەی ئەوەی چاکیکەنەوە دهێن زیاتر دەیروخێنن! بنەماکانی ئۆپۆزیسۆن ئەوەیە کە هەڵەکانی دەسەڵات چاککاتەوەو ڕێنماییانکات نەوەک قاچەکانی بشکێنێت لەکاتێکدا خودی خۆیان بەواژووی ئەوانبوون بەئەندام پەرلەمان! تۆ ئەگەر نەتوانیت کارێکی باشبکەیت پێمناڵێن: جیاوازی ئێوە دەسەڵات چییە؟ جیاوازی ئێوە و پاقلە فرۆشێک چییە؟ پاقلە فرۆش لە خەمی خۆی و خێزانەکەیدا مەردانە کار دەکات؟ ئەی ئێوەی لە خەمی پۆستو دەسەڵات و پارەدا نییە؟ ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق کە دەلێن: ئەگەر فریا نەکەوین قەوارەی هەرێم لەناودەچێت لەجێگەی ئەوەی هەوڵبدەن کە تێکنەچێت دهێن زیاتر روخاندنی نزیک دەکەنەوە! باشور پرە لە دەوڵەمەندی خۆپەرست و چاوچنۆک لای گرنگی نییە کێ حوکوم دەکات تەنها سەروەتو ژیانی مسۆگەربێت کاتێکیش تۆ ئەم ترسە دەخەیتە دڵی ئەم دەوڵەماندانەوە ئەوا زیاتر راکردن بۆ عێراقبوون مسۆگەر دەکەیت! هەموو ئەندام پەرلەمانەکانی عێراق و بەخودی سەرۆککۆمارە خۆاین بە عێراقی دەزانن بەڵام کەدهێنەوە باشور کوردایەتیمان پێدەفرۆشنەوە. لەوە سەیرتر ئەوەیە کە ئەم ئەندام پەرلەمانانەی عێراق پێج شەش ساڵ لەمەوبەر وایان نەدەگووت و پۆزیان لێدەدات بەڵام ئێستاکە گێچی مەیلیان زۆر گۆراوە چونکە ئەمانەیش وەک ئێمەی خەڵکی کاتن نەوەک سەردەمی خۆیان هیچ پلانێکیشیان نییە بۆ داهاتووین تەنها گیرفانیان.                                                                         

تەها موحیدین یەکێک بوو لە وەزیرەکانی سەردەمی سەددام لە عێراقدا. کوردێک بوو جگە لە بێدەسەڵاتی و سەپان و خزمەتکاری عێراق و سەددام هچیتری لەدەست نەدەهات تەنها ئەو نەبوو بەڵکو چەند کوردێک وەزیرو پلەی بەرزیان لە عێراقدا هەبوو بەڵام هیچیان بەردێکیان نەخستەسەر هزری تاکی کورد جگە لەسەرشۆری نەبێت بەوەیشەوە نەوەستانەوە بەغدادبوو بەماڵی هەمیشەییان و ئیتر نەگەرانەوە ئێتساکەیش وایە دەشێت ئەم کوردانەی پەرلەمانی بەغداد کە بەمڕۆژگارە خەریکی سوککردنی خۆیان و تاکی کورد و تێکشکاندنی هزری نەتەوەی کوردن ئیتر بەغداد بێتە ماڵی هەمیشەییان و نەگەرێنەوە. هێمنی گەورە جوانی فەرمووە{ دەبرۆ ئەی شای خائین بەغداد نیوەی ڕێگەت بێت} ئێوەیش کە بەم رۆژگارە خەریکی سوککردنی تاکی کوردو گەلی خۆتان دەبرۆ ئییتر بەغداد ماڵی هەمیشەیتانبێت.                                                                                  

لە پەرلەمانی عێراق زیاتر لە ٧٠ ئەندام پەرلەمانی کورد هەیە کەچی سەیر لەوەدایە تەنها چەند کەسێکیان دەردەکەون و قسان دەکان ئەی ئەوانیتر؟ ئەی ئەوانیتر کە جگە لە بەرژەوەندی خۆیان سەریان شۆرکردووە کوان؟ یەکێک لەهەرە هەڵە گەورەکانی کورد ئەوەیە کە سەرۆککۆماری عێراق کوردە! لەوە بەئازارتر کاتێک شۆرشگێرێک دەبێت بە سەرۆک ئیتر دەبێت هەموومان لەدوایەوە چەکەکانمان دانێنن و تەسلیمبین  وەک ئێستاکە ئەوە کوردە کە تەسلیمی سەرۆکەکان بوون خۆی داوەتە قەدەری سەرۆک و عێراقەوە! بە عێراقبوونمان هیچ ناچنین تەنها کۆیلەبوونمان بۆ نەوەکانی دواڕۆژمان مسۆگەر دەکەین! یەکمان بۆ نیشتیمان و نیشتیمانیش بۆ هەموان! دووژمنانی کورد لەهەموو لایەکەوە خەریکی تیکشکاندمانن درزێکیان خستۆتە گیانمانەوە و خەریکی پلاگێرین لەبوونمان بە کەس و هاوخوێنی خۆمان ئەوەدەکەن! بەمڕۆژگارە خەریکی پروپاگەندەی زۆرن تاکو تەسلیم بین تەلسیمبوونیشمان ئاماژە نادات بەبوونمان بەخۆشبەختیمان جگە لە کۆیلەبوونمان! هەر گەلێک خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبێت دەبێت هەمیشە وەک قەرەج خەریکی گوومکردنی سەما و ڕۆژەکانی بێت! ئەوە ئێمەی کوردین وەک قەرەج سەما و ڕۆژەکانمان گومکردووە پێناسەی بوونیشمان قەدەغەبوونە نەک کۆچەریمان! دیاری دەستی عەرەب، تورک، فارس تەنها کۆیلەبوونە نەوەک ئازادی! عەرەب ئەگەر دیموکراسیخوازە! ئەگەر ئازادی تاک و نەتەوەکانی دەوێت با لەخاکمان بچێتە دەرەوە نەوەک داگیرمانکات! کورد وەک تاک وەک نەتەوە تاکو ئەو هەستەی تێدا دروست نەبێت کە خاکی داگیرکراوە نەوەک مافی خوراوە ئەوا دەبێت هەمیشە بەدووی بازەنەکانی ناهەمواریدا بسورێتەوە! ئێمەی کورد خاکمان داگیرکراوە نەوەک مافمان خوراوە! تاکی کورد دەبێت لەوەبگات بەگۆرینی دەسەڵات خۆشبەختی بۆ ناگەرێتەوە ئەگەر لەناخی خۆیدا ئازاد نەبێت! هەر گەلێک خاوەنی تاکی ئازاد نەبێت بیرمەندی ئازادیش نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×