پرۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکوك بۆچی؟

نەهرۆ ئیبراهیم
  2021-01-01     496
لەوەتی کەرکوك هاتۆتە نێو باسە سیاسییەکان‌و جێ یەکی گرتوە لەجیوپۆلۆتیکی هەرێمی و ناوچەکەدا، بۆتە یەکێ لەو خاڵانەی کە هیچ کات ناکرێ رێکەوتنی لەسەر بکرێ. 
کەرکووك لەسەرەتای  سیەکانی سەدەی بیستەوە، بۆتە کێڵگەیەکی بەرهەمهێنان لەسەر نەخشەی ووزەو بەپێی کات گۆرانکاریی بەسەرهاتوە لەرووی گرنگییەوە. 
لەو کاتەوەی عەقڵی سیاسی جیهانی گرنگی داوە بە شوێن و سەرچاوەی ووزەو بازار. دەوڵەت نەتەوە وەك مۆدێلێ بۆتە فۆرمی بەرێوەبردن و حوکمرانی. لەو کاتەشەوە دۆسێی کەرکوك لە روانگەی چارەسەرییەوە، لەسەر مێزی چەندین ووڵات و چەندین دەسەڵاتدا لەناوەوەی عیراق و لەدەروەی عێراق، تۆزی لێنیشتوەو لەئایندەیەکی نزیکیشدا چارەسەری کێشەکە، وەك محاڵێك ئەژمارد دەکرێ. 
لەمانگی دەی  ٢٠٠٥ وە عیراق بۆتە خاوەنی دەستورێك کە لە ١٤٤مادە پێك هاتوە. بەڵام زۆربەی زۆری مادە گرنگەکانی، لە ژێر پێی حەزی دەسڵاتداری مەزهەبی وتائیفی وناسیۆنالستییەوە، نەك هەر جێبەجێ نەکراون، بەڵکو بەتەواوەتی دژایەتی جێبەجێکردنیان کراوە . کەواتە جێبەجێ نەکردنی مادە دەستوریەکان لەم قۆناغە رەنگە هێندە گرنگ نەبێ بەقەد ئەوەی چەندین دیفاکتۆ لەو نێوەندەدا چەسپاوەو هی نوێش لەرێگادایە بۆ هاتنە دی. 
پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوك بەدەر لەوەی مادەی ، یاسایی هەیە کە پاڵپشتی ئەکات. پێویستی یەکی مێژویی و مرۆیی یە .چونکە لە ماوەی سەت ساڵی رابردودا چارەسەری نەتەوەیی وراسیستی لە رێگای عەسکەرتارییەت و سیاسی یەوە هیچ ئەنجامێکی نەبووە. چەندین بزاوتی چەکداری و سیاسەتی تەهجیر و دابراندنی شار وشاروچکەکان بە بەرنامە وبێ بەرنامە بەرێوە چونە و دەرئەنجامی کۆتاییش تەنها ماڵوێرانی و کاولکاری بوە بۆ شارەکەو دانیشتوانەکەی . پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوك چارەسەرێکی لۆژیکی یانەیە بۆ تەواوی ئەو نەهامەتی و دەردە سەری یانەی دوچاری خاك وخەڵکەکەی بۆتەوە . ئەوەی لەو شارە تا ئێستا سەری گرتوە و خاڵی پتەوی و سەنگی هاوکێشەی بەردەوامی بوە ، ئەو پێکەوە ژیانە بوە کە لە نێوان پێکهاتەکانی رەنگی داوەتەوە. 
لەم سۆنگەیەوە کە خاڵی بەهێزی شارەکە لەپێکەوەژیانێکی دیموکراتیانەوە سەریگرتوە، دەبێ ببێتە سەرەکەیترین بنەما وپاڵنەری ژیانێکی شایستەو ئاشتیانە وئازادانە. پرۆژەی بەهەرێم کردنی کەرکوك پرۆژەیەکی خۆ بەرێوەبردنەو هەوڵدانێکە بۆ خەباتێکی باڵاتر کە خۆی لەشارستانییەتی دیموکراتی یەت ئەبینێتەوە، بەوەی هەموو نەتەوە وپێکهاتەکان لەجیاتی ململانێی و یەکتر سرینەوە پێکەوە هەوڵی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی قەبارە بچوك وهەرێمێكی نوێ و بەسنورێکی دیاری کراو بدەن و رۆشەنبیری هەمەلایەنە و هەمە چەشن و یەکتر قبوڵکردن بهێننە ئاراوە. لەپەنای ئەم ئیدارە و هەمەهەنگی یە خۆ بەرێوەبەری یە ، دەبێ دامەزراوەی شارستانی سەردەمیانە ی جودا لەوەی هەیە دروست بێت و هەمیشەش لەگەشەسەندا بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×