مەسیحییەکانی کوردستان بە دەردی قیبتییەکان مەبەن!

دلێر محەمەد نوری
  2021-01-04     1285
ئەگەر ڕۆژگارێکی دوور و درێژ قیبتییەکان تاکە پێکهێنەر یان پێکهێنەری سەرەکی دانیشتووانی میسری ئێستا بووبن، ئەوا لە دوای هێرشەکەی  عەمری کوڕی عاسەوە بۆ سەر میسر  لە دەوروبەری ساڵی 644ز و بوونی بە یەکەم والی عەرەب لە میسر و لە دوای کوشتار و شەڕ و شۆڕێکی زۆر لە گەڵ بیزەنتییەکان و دواجاریش لە پرۆسەی بە تەعریب کردنی میسرییەکاندا، ئەوا ئەمڕۆ قیبتییەکان لە باشترین حاڵەتدا 10٪ خەڵکی میسر پێک ناهێنن. ئەم ڕێژە ترسناکە پێمان دەڵێ کە قیبتییەکان بە درێژایی ساڵانی داگیرکاری عەرەبی ئیسلامی لە ژێر چ فشارێکی جەستەیی و دەروونی و کوشت و کوشتار بوون تا وا بە ئاسانی دەست لە زمان و ئایین و کولتور و تەواوی مێژووی خۆیان هەڵبگرن کە بە نزیکەی 600 بۆ 650 ساڵ مەزەندە دەکرێت؟ ئاشکراشە کە قیبتییەکان بە درێژایی مێژووی خۆیان لە دوای میسری بە عەرەب کراوەوە تووشی جۆرەها دەردەسەری و سیاسەتی توانەوە و لە ناوبردن بوون و لە دوای شکستەکەی 1967ی میسریشەوە بەرانبەر بە ئیسرائیل و گەشەکردنی سەلەفییەت و بزاڤە ئیسلامیە جیهادییەکان و برایانی موسڵمان بە شێوەیەکی سیستماتیک بێزراو و بە پیس و گڵاو وێناکردنی قیبتییەکان لە لایەن مەلاکانی ئەزهەر و سەلەفییەکانی میسر تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ درێژەی هەیە. له ڕۆژگاری دوای بەهاری عەرەبیش پەلاماردانی قیبتییەکان گەیشتە لوتکە بەوەی کڵێساکانیان بتەقێننەوە و فەتوای حەرامکردنی قسەکردن و پەیوەندی بەستن لە گەڵیاندا دەربکەن.
ئەمڕۆ لە کوردستان بە گشتی و لە کەرکوک و ناوچە کوردنشینەکانی موسڵیش بە تایبەتی مەسیحییەکی زۆر دەژین، کە ساڵەهایە شان بە شانی برا کوردە موسڵمانەکانی خۆیان ژیاون بە بێ کێشە. بەندە مناڵی گەڕەکی تەپەی کەرکوکم لە نێوەی هەر کوچەیەکی ئەو گەڕەکە ماڵێک یان دوو ماڵە مەسیحی ژیاون و لە دامێنی ئەو گەڕەکەش تا دەگەیشتە گەڕەکی عەرەفە (ئارابخا) زۆرترین ماڵە مەسیحی دەژیان. بەدرێژایی تەمەنم لە حەفتاکان و هەشتاکان و تا دەرچوونم لە کەرکوک لە سەرەتای نەوەدەکاندا و لە گەڕەک و لە قوتابخانەشدا و تا دوا قۆناغی ئامادەییش دراوسێ و هاوڕێ و دۆستی مەسیحیمان زۆر هەبووە و ئاشنایان بووین. هەمیشە لوتکەی ڕێز و خۆشەویستی و هاوکاری بە یەکی دەبەستینەوە، بۆ ڕۆژێکیش هەست بە جیاوازییەک لە نێوانماندا نەکراوە، باوانی هیچ لایەکیشمان دژ بەوی دیکە گۆشی نەکردووین. کاتی لە قوتابخانەشدا لە وانەی ئاییندا دادەنیشتین، مامۆستا زۆر بە ڕێزەوە داوای دەکرد ئەگەر هەر مەسیحییەک پێی خۆش نیە گوێ لە وانەکە بگرێت ئەتوانی بچێتە دەرەوە. نە ئێمە چوونە دەرەوەی ئەوان و نە چوونەدەرەوەی بێ دوودڵی ئەوانیش مایەی سەرنج و بیرکردنەوە بوو بۆمان. ئێمەی کوردی موسڵمان لە کەرکووک و ئەوانی مەسیحی لە خۆشی و ناخۆشی و بۆنە و جەژنەکانی یەکتری زۆر چالاکانە و بێ گرێ و دوودڵی بەشداریمان دەکرد. لەو ڕۆژگارەدا مەسیحییەکان ژیانی خۆیان زۆر ئازادانە ئەژیان، ئێمە بە هۆی ئەوەی دوکانێکی بچووکی لاکۆڵانمان هەبوو کە شت و مەکی بایەعی و هەندێک وردە و وشکەی دیکەمان ئەفرۆشت، ئێستاش لە یادمە پەپۆ خانم و شووشان خانم و ژنە مەسیحییەکانی دیکە بە جلە کووڵ و کورتەکانیانەوە دەهاتنە لامان و پەیوەندییەکی گەلێ سەیریان لەگەڵ نەنکم و تەنانەت باپیریشم حاجی کەریم هەلاج هەبوو، کە زۆر پەیوەست بوو بە ئایێنەوە و قورئان خوێن و سەڵاوات خوێنی بەردەوامی مزگەوتی تەپە بوو. ئەم موسوڵمانانە دڵسۆزی ئایین و شارەزاشی بوون، بەڵام جارێک نەهاتن لە گووڵ کاڵتر بە مەسحییەکان بڵێن. بە گشتی بەشێک لە مەسیحییەکان پارەدارتر و ڕێک پۆشتر بوون لە ئێمە و لە خانووی گەورەی لە خشت دروستکراوی بە باخ دەورەدراوی زەمانی ئینگلیز دەژیان، گەلێ جار نەنکم ئەیناردین بۆ تەکاندنی دار زەیتون و لێکردنەوەی لیمۆ و نارنجەکانیان و لەو سەریشەوە بە تورەکە دیاری لیمۆ و زەیتونی بەرەکەتی ماڵە مەسیحی دەگەڕاینەوە و لە پێش هەمووانەوە باپیری پڕ ئایینم، بە حەڵاڵ ئەیخواردن نەک بە گڵاو. باشم لە یادە مەسیحییەکانی کەرکووک لە جەژنی قیامەتدا هەموو ساڵێک هێلکەیەکی زۆریان ڕەنگ ڕێژ ئەکرد و جەژنەکانیان پێ ئەڕازاندەوە و دواتر هێلکە ڕەنگاوڕەنگەکانیان ئەبەخشییە ماڵە هەژارە موسوڵمانەکان تا بۆ خواردن  سودی لێ ببینن. 
گەر درێژەی نەدەمێ و بە گشتی ئێمەی موسوڵمان و ئەوانی مەسیحی گەلێ بیرەوەری خۆشمان لە یادەوەری خۆماندا هەڵگرتووە، کەچی تازە بە تازە بیرێکی ڕەشی سەلەفی لە کەرکوکی دوای حەملە ئیمانییەکەی بەعس و وابەستە بە دەنگە سەلەفییە نەشازەکانی سلێمانی و هەولێر خەریکن ئەم پەیوەندیە تێک بدەن، دەمێ بە قسەی بوخاری و دەمێ موسلیم و کێ و کێ دەلیل دەهێننەوە کە نابێت بچنە ماڵە مەسیحی و نابێت سەلام و تەوقەیان لە تەک بکەن و نابێ بەشداری لە ئاهەنگی سەری ساڵ و بۆنەکانیان بکەن! سەیر لەوەدایە هەندێ لەو سەلەفییانە هاوڕێی مناڵیمن و وەها مێشکیان شۆراوەتەوە هەموو ئەو برایەتی و تێکەڵاوییەی مەسیحییەکانیان لە بیر کردووە و گەر ڕێیان بدەیت سەرانەشیان ئەخەنە سەر کە ناشزانن ئەو کەرکوکەی بەغدا کردی بە تٲمیم و کورد لە سەدەکانی پێشوو بە باباگوڕگوڕ پێشتر ناوی ئارابخا بووە. لەم ڕۆژانە لە سایتی یۆتووب گوێم لە مەلایەکی قسەخۆشی میانڕەوی سلێمانی  بوو لە نێو نزاکانیدا وتی شوکور ئێستا باری مەسیحییەکان لارە  بە قودرەتی جل جلالە، ڕێک بردمییەوە بۆ میانڕەوی شەعراوی میسر کە فەتوای نجاسە یان گڵاوی قیبتییەکانی دەرکرد بوو کە نابێت تەوقەیان لە گەڵدا بکەن، گەر بە ناچاری کردیشتان ئەوا دەبێت دەستتان بشۆن.  بەم ڕۆژگارە دەیان قسە و فەتوای نەشیاوت گوێ لێ دەبێت کە مەلاو سەلەفی دەرهەق بە مەسیحییەکان دەیکەن گەر وا بڕوات ئەم تۆوە ڕەشە لە داهاتوودا بەری ڕق و کینە و شەڕانگێزی خراپی لێ شین ئەبێت. بۆیە لە هەر کات زیاتر پێویسته لە  کوردستان و عێراقیش لە سەر هەموو ئاستەکان ڕێگری لە هەر سەلەفی و فەتواچییەک بگیرێت کە تانە و تەشەر لە مەسیحییەکان بدات و بێزراویان بکات و ئەم ڕسکە جوانەی نێوانیشمان هەڵبوەشێن

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×