ئاشنابوون بەئارگۆمێنتسازیی.. ئێمە لەکوێی ئارگۆمێنتسازیداین؟

هەرێم هادی
  2021-01-05     1318
پێشەکی 
گۆرگیاس لە بەرگرینامەیەکی مەکراوی و فێڵبازدا بۆ داکۆکی لە هێلین بەوەی کە تاوانابارنییە بە هەڵگیرساندنی جەنگی چەند ساڵەی ترۆجان، کە بەهۆی هەڵهاتنی لەگەڵ پاریس-دا هەڵگیرسا، دەڵێت " هێڵن یان ئەوەتا بە پلانی خوداکان (واتە قەدەر)، یان ئەوەتە بەزەبری هێزی جەستە (واتە بە توندوتیژی)، یان بەهۆی هێزی سیحراوی زمانەوە (واتە بە رەوانبێژ و زمانلوسی) وە یان بە هۆی هێزی خۆشەویستییەوە لەگەڵ پاریس هەڵهاتووە، لە هەریەک لەم ئەگەرانەشدا، هێڵێن بێ تاوانە." 

هێلین بە رەزمی ژنی خراپەکار ناسراوە لە یۆنانی کۆندا لەبەرئەوەی خیانەت لە پادشا مێلینەسی یۆنان دەکات و لەگەل پاریسی شازادەی سپارتادا هەڵدێت و جەنگی چەنداساڵی وێرانکەری ترۆجان دروست دەکات و ئیستاش فیلم و دراما و نوسینی لەسەر دێتەدەرەوە. گۆرگیاس لەسەر ئەگەری ئەوەی کە زمانی لوسی پاریس هێلینی هەڵخەتاندبێت دەڵێت "زمانی هێزێکی خودایانەی هەیە؛ وەکو چۆن کەسێک رەوا نییە بەرپرسیارێتی ئاکتێکی بخەینە ئەستۆ کە بە زەبری هێزی بەرجەستە ناچار کراوە بە کردنی، ئاواش ناڕەوایە بەرپرسیارێتی ئاکتەکەی بخەینە ئەستۆ ئەگەر لە رێگەی هێزی زمان و ئارگۆمێنتەوە قەناعەتی پێکرابێت." 

هێزی فیزیکی دەتوانیت جەستە ناچار بکات، بەڵام هێزی وشە دەتوانێت رۆح و جەستەش ناچار بکات؛ کە رۆحی داگیرکرد، خۆبەخۆ جەستە ئەوە دەکات لە وشە دەیەوێت. دیارە ئەم ئارگۆمێنتەی گۆرگیاس هەڵەیە چونکە لە دۆخی هێزی فیزیکیدا بۆ شاییەک، مەجالێک لە نێوان زەبرو زەبرلێکراودا (ناچەرکەر و ناچارکراودا) نییە تا زەبرلێکراوە مومارەسەی ئازادی ئیرادەی خۆی بکات، بەڵام لەنێوان هێزی وشە و کردوەیەکدا بۆشیایەک هەیە کە وەرگر دەتوانێت مومارەسەی ئازادی ئیرادەی خۆی بکات و هەرلێرەشەوەیە مەکر و سیحری زمان مرۆڤ لە بەرپرسیارێتی ئاکتەکانی پاکناکاتەوە. بۆ نمونە گریمان تۆ کارمەندی بانکیت. ئەگەر کەسێک بەزەبری تفەنگ پاسکۆدی قاسەی بانکەکت لێوەربگرێت شتێکە و ئەگەر ئەو کەسە لە رێگەی هێزی وشە و زمانەوە بەدەم چا خواردنەوە قەناعەتت پێبکات پێکەوە بانکەکە ببڕن شتێکی ترە. 

لە دۆخی یەکەمدا تۆ نەتوانییەوە ئازادی ئیرادەی خۆت مومارەسەربکەیت، بۆیە بەرپرس نیت لە دزینەکە، بەڵام لەوەی دووەمدا تۆ دەتوانی ئازادی ئیرادەی خۆت بەکاربهێنیت، بۆیە بەژداری لە دزینەکەدا. من ناوم لەم بیرکردنەوەیە ناوە "پرەنسیپی بۆشایی یان مەجال." 

بەهەرحاڵ ئامانجی ئەم نوسینە وەستان نییە لەسەر گۆرگیاس بەڵکو بەکارهێنانێتی وەکو سەرەتایەک بۆ ئاشنابوون بە کۆڵەکەیەک لە سێ کۆڵەکەکەی ئارگۆمێنتسازی کە رەوانبێژییە. بەکارهێنانی مەکراویی و فڵاویانەی زمان لەلایەن گۆرگیاسەوە بۆ پاکردنەوەی هێلین لە بەرپرسیاریتی جەنگی ترۆجان بەکارهێنانی رەهەندی رەوانبێژی ئارگۆمێنسازییە. کەواتە دوو کۆڵەکەکی تری ئارگۆمێنتسازی چین؟

ئارگۆمێنتسازی و رەهەندەکانی:
ئارگۆمێنتسازی  argumentationلەسەر سێ کۆڵەکە دەوەستێت: رەوانبێژی rhetoric، دایەلێکتێک dialectic، وە لۆجیک logic. ئەم سروشتە سیانییەی ئارگۆمێنتسازی وادەکات ئارگۆمێنتسازی کە بەرهەمی فەلسەفەیە تەنها لە ژێر چەتری فەلسەفەدا نەبێت و ببیتە بوارێکی فرەکایە interdisciplinary. کەواتە دەتوانین پێناسەی ئارگۆمێنتسازی argumentation بکەین وەکو لێکۆڵێنەوە لە ئارگۆمێنت لە گۆشەنیگای ریتۆریک و دایەلێکتیک و لۆجیکەوە. بۆ ئەوەی لەم پێناسەیە تێبگەین دەبێت هەریەکە لە چەمکە پێکهێنەرەکانی پێناسەکە دووبارە پێناس بکەینەوە کە بریتین لە ئارگۆمێنت و رەهەندەکانی ریتۆریک و دایەلێکتیک و لۆجیکی ئارگۆمێنت.

سەرەتا، ئایە ئارگۆمێنت چییە؟ ئارگۆمێنت گوزارەیەکە یان زنجیرە گوزارەیەکە کە سێ توخم لەخۆی دەگرێت: بانگەشە claim، بەڵگە یان پێشمەرج premise ، وە نیشاندەر indicator. ئەگەر بۆ نمونە من بڵێم "شاخی پێرەمەگرونم لە شاخی ئەزمەر  لا جوانترە،" یان "ئەوەی شاخی پیرەمەگرونی نەبینێت، نازانیت شاخی جوان چییە،" یان "پێویستە ئیرادەمان وەکو شاخی پیرەمەگرون بەرزو بڵند بێت،" ئەم جۆرە لە "را" و "جەختکردنەوانە" ئارگۆمێنت نین. بەڵام ئەگەر بۆ نمونە بڵێم "پیرەمەگرون شاخە چونکە بە پێی زۆربەی لێکۆلێنەوە جیۆلۆجییەکان بەرزی پیرەمەگرون ١٠٠٠ پێ تێ دەپەڕێنت، ئەم بەرزیشە مەرجی ناساندنی زانستیانەی بەرزاییەکە وەک شاخ." ئەمەی دووەم، ئارگۆمێنتە چونکە هەرسێ توخمەکەی تێدایە. بانگەشە: "پیرەمەگرون شاخە؛" بەڵگە: (١)بەرزی پیرەمەگرن ١٠٠٠ پێ تێ دەپەڕێنت، (٢) ئەم بەرزیشە مەرجی ناسانادنی زانستیانەی بەرزاییەکە بە شاخ؛" نیشاندەر: " چونکە."

دیارە ئێمە لێرەدا ئارگۆمێنت و هەموو چەمکەکانی تریش زۆر سادە دەکەینەوە تا لە وتارێکی کورتدا جێیان بکەینەوە، ئەگەر نا ئارگۆمێنت زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە لێرەدا خستمانە روو. بۆ نمونە ئێستا قسە لەسەر ئارگۆمێنت دەکرێت تەنانەت لە دەرەوەی زمانیش، بۆ نمونە لە فۆرمی وێنەدا. بەڵام لەگەڵ ئەم سادەکردنەوەیەشدا، ئەوەی ختسمانە روو دوو سیفەتی جەوهەری لەخۆی دەگرێت کە بۆ ئێمە هێجگار سود بەخشە و پەیوەندی راستەوخۆیان بە کواڵێتی بیرکردنەوەمانەوە هەیە. یەکەم، روونییە. بۆ ئەوەی گوازارەیەک، حوکمێک، پێشنیارێک، ئارگۆمێنت بێت، دەبێت روون بێت. دیارە مەرج نییە هەر گوزارەیەک روون بوو ئارگۆمێنتە و ئەوەشی ئاڵۆز و ناروون بوو ئارگۆمێنت نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤ بە ئەرکی بیرکردنەوە هەڵبستێت پێش ئەوەی مافی قسەکردن بە خۆی بدات، ئەوا زۆربەری کات دەتوانێت روون قسە بکات (روونی بەناچار سادەیی نییە: روونی بەرهەمی بیرکردنەوە و بەرهەمی تێگەیشتنە، سادەی بەرهەمی سادەلۆحی و تەمەڵییە لە بیرکردنەوەدا). دووەم، قوڵییە یاخود نزیکبوونەوەیە لە هەقیقەت. تۆ بۆئەوەی لە باتی "را" دەربڕین "ئارگۆمێنت" سەررێگا بخەیت، دەبێت نەک تەنها بە روونی پێمان بڵێت دەتەوێت چیمان پێبڵێت، بەڵکو دەشبیت پێمان بڵێت بۆ ئەوە دەڵێیت کە دەیڵێت. بە مانایەکەی تر دەبێت بەڵگە، پاکانە، پاڵپشتیت هەبێت بۆ ئەوەی کە دەریدەبڕێت، ئەگەرنا بۆچونەکەت تەنها رایەکە و نەبۆتە ئارگۆمێنت و شیاوی بەجدی وەرگرتن نییە... 

رەهەندی ئەقڵی یاخود لۆجیکی ئارگۆمێنت: 
 رەهەندی ئەقڵی یان لۆجیکی ئارگۆمێنت سەرقاڵە بە راست correct و هەڵەیincorrect  (یان دروستvalid  و نادروستی invalid ) ئارگۆمێنتەوە. هەر لێرەوە دەستنیشانکردنی هەڵەکانی بیرکردنەوەو fallacies چۆنێتی لێ دەربازبوونییان. دیارە بابەتی ئەوەی کە ئارگۆمێنتی راست و هەڵە (لە لۆجیکی نافەرمیدا و دروست  و نادروستی ئارگۆمێنت لە لۆجیکی فەرمیدا) چییە و چۆن هەڵەکانی بیرکردنەوە دەستنیشان بکەین بابەتی دەیان کتێبن و بە کۆرس لە زانکۆکاندا دەخوێنرێن، بۆیە لێرە ناتوانین قسە لەسەر وردەکاری بکەین. تەنیا ئاماژە بە یەکێک لە دەرکەوتە هاوچەرخەکانی رەهەندی لۆجیکی ئارگۆمێنت دەدەین کە تیۆرەیەکە بە ناوی رەهەندی ئیبستیمۆلۆژی ئارگۆمێنت. 

بە پێ ئەم تیۆرەیە بێت نەک تەنها رەهەندی ئەقڵی ئارگۆمێنت جەوهەری و سێنتراڵە بەڵکو کۆی پرۆسەی ئارگۆمێنتسازی (دروستکردنی ئارگۆمێنت، گەیاندنی ئارگۆمێنت، وەرگرتنی ئارگۆمێنت) دەبێت بە خاتری یەک شت بێت یەک شت و بەس: حەقیقەت. لەم تیۆرەیەدا رەهندی ریتۆریکی و دایەلێکتێکی ئارگۆمێنت (کە دواتر دەیانناسێنین) لە خزمەتی رەهەندی ئەقڵی ئارگۆمێنتدان. بۆ نمونە یەکێک لە چەمکە سێنتڕاڵەکان لەم تیۆرەیەدا بیرتییە لە epistemic accessibility یان دەستڕاگەیشتنی ئیبیستیمی. مەبەست لەم چەمکە ئەوەیە کە ئەگەر ئارگۆمێنێتک لەوە ئاڵۆزتر بوو کە وەرگرەکانی تێی بگەن، ئەوا ئارگۆمێنتساز arguer لە رێگەی رەهەندی راوانبیژییەوە ئارگۆمێنتە ئاڵۆزەکە بە ئەندازەیەک روون و رەوان دەکات تا ئارگۆمێنتگر audience وەرگر، بتوانێت لەو هەقیقەتە بگات کە ئارگۆمێنتەکە دەیەوێت بیگەنێت. کەواتە دەتوانین بڵێن رەهەندی لۆژیکی ئارگۆمێنت سەرقاڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە: ئارگۆمێنتی راست و دروست چین و چۆن لە ئارگۆمێنتی هەڵە و نادروستیان جودابکەینەوە؟

ئەگەر زۆر بە کورتی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە دەتوانین بڵین: (١) جیاکردنەوەی ئارگۆمێنت لە نائارگۆمێنت (ئایە ئەو گوزارەیە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئارگۆمێنتی تێدایە: بانگەشە، بەڵگە، نیشاندەر. بڕوانە نمونەکان لەسەر شاخی پیرەمەگرون و جیاکردنەوەی ئەوەی کە ئارگۆمێنتە لەوەی کە ئارگۆمێنت نین). (٢) پەیوەندی بەڵگە بە بانگەشەوە (ئایە بەڵگەکە پەیوەندیدارە بە بانگەشەکەوە، یان بەڵگەیە بۆ بانگەشەیەکی تر کە ئاماژەی پێنەدراوە؟ ئایە ئەگەر پەیوەندیداریشە، ئایە هێزی بەڵگەکە بەقەدەر فراوانی بانگەشەکەیە؟ بڕوانە ئەو بەڵگانەی کە لە ئارگۆمێنتی پیرەمەگرون شاخە بەکارهاتوون) (٣) جییاکردنەوەی بانگەشە لە بەڵگە (ئایە لە بانگەشەکەدا ئاماژە بە بەڵگەکە نەکراوە؟ ئەگەر کرابێت واتە بەڵگەکە شتێکی تازە ناڵێت جگە لەوەی کە هەنوکە لە بانگەشەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لەم جۆرە بەڵگەیەش ناتوانین ئارگۆمێنت دروست بکەین (لانی کەم ئارگۆمێنتی بەهیز و دروست). ئەگەر سەرنج بدەن بەڵگەکان لە نمونەی شاخی پیرەمەگروندا شتی نوێ دەڵێن نەک تەنها جەختکردنەوە لەسەر شاخبوونی پیرەمەگرون (بۆ نمونە شاخ بەرزاییەکە کە ١٠٠٠پێ تێ دەپەڕێنێت).

رەهەندی رەوانبێژی ئارگۆمێنت:
رەهەندی ریتۆریکی ئارگۆمێنت rhetorical approach of argumentation بە پلەی یەکەم سەرقاڵی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە گرنگەیە: ئەوە چییە وا دەکات ئارگۆمێنت توانای قەناعەتپێهێنانی هەبێت؟ ئارگۆمێنت دەتوانێت مەرجە سەرەکەییەکانی تێدابێت  (بانگەشە، بەڵگە، نیشاندەر) و گوزارشت لە راستیەک بکات بەڵام بە زمانێکی هێندە وشک و  تەنکنیکی گوازارشتی لێکرابێت کە هێزی کێشکردن و بڕواپێهێنانی زۆر کەم بێت، هەرلێرەشەوە، فەرامۆشکردنی رەهەندی رەوانبێژی ئارگۆمێنت، لەسەر هێزی ئەو راستیەش دەکەوێت کە ئارگۆمێنتێکی راست و دروست دەیەوێت گوزارشتی لێبکات. ئەرستۆ لەوەڵامی ئەوەی چی وا لە ئارگۆمێنت دەکات قەناعەتپێکەر بێت، سێ هۆکار دەستنیشان دەکات. 

یەکەم ئارگۆمێنت دەکرێت قەناعەتپێکەر بێت چونکە بەر رەهەندی ئەقڵی ئارگۆمێنتگر(وەرگر) دەکەوێت، واتە هێزی لۆژیکی ئارگۆمێنت بڕواپێهێنان دروست دەکات (بۆ نمونە بەڵگە یەکلایکەرەوەکان). دووەم، لە رێگەی کارەکتەرو کەسایەتی ئارگۆمێنتسازەوە (قسەکەر)، بۆ نمونە کەسێک کە خاوەن کارێزمایە، یان دەیناسین و جێی متمانەیە زۆر خێراتر باوەڕی پێ دەکەین وەک لە نەناسێک، بەبێ ئەوەی ئارگۆمێنتی هەریەکەیان بابەتییانە هەڵبسەنگێنین. سێیەم، بڕواهێنان بە ئارگۆمێنتگر لە رێگەی ختوکەدانی هەست و سۆزەوە، واتە لێرەدا ئێمە بڕوا بە ئارگۆمێنتێک دەکەین نەلەبەر بەڵگە بەهێزەکانی یان لەبەرئەوەی ئارگۆمێنسازەکە جێی متمانەیە بەڵکو لەبەرئەوەی بەشێوەیەک ختوکەی هەست و سۆزمان دراوە کە چیدی ئەقڵمان توانای نییە رەخەنەییانە ئارگۆمێنتێک هەڵبسەنگێنێت پێش قبوڵکردنی (بیر لە وتاربژێکی ئاگرینی وەکو هیتلەر بکەنەوە). رەهەندنی ریتۆریکی ئارگۆمێنت ناوبانگێکی خراپی هەیە بەوەی زیاتر لە رێگەی سێیەمەوە واتە لەرێگەی ختوکەدانی هەست و سۆزەوە ئارگۆمێنتی خراپ وەکو ئارگۆمێنتی باش دەردەخەن و بڕوا بە وەرگرەکان دەکەن (ئەمە یەکێکە لە رەخنە سەرەکییەکانی ئەفڵاتون لە سۆفیستاییەکان و لە یۆنانی دێرینەوە تا ئیستاش ناوبانگێکی خراپی داوە بە ریتۆریک). بەڵام لە راستیدا رەهەندی ریتۆریكی ئارگۆمێنت دەکرێت زۆر پۆزەتیڤ و دروستکەر بەکاربهێنرێت. 

ماددەم ریتۆرێک ئەوەیە کە هێزی قەناعەتپێکردن دەدات بە ئارگۆمێنت کەواتە ئارمرازێکی هێجگار کاریگەرە و دەکرێت بخرێتە خزمەتی رەهەندی ئەقڵی ئارگۆمێنتەوە. سودی ئارگۆمێنتێکی راست چییە ئەگەر لەگەڵ ئەوەشی لە رووی ئەقڵییەوە خاڵییە لە هەڵەکانی بیکردنەوە بەڵام بە زمانێکی هێندە تەکنیکی و ساردوسڕ نوسراوە کە نەتوانێت ئەو راستییە بگەیەنێتە وەرگرەکانی؟ لەبەرامبەریشدا رەوایە بپرسین، چەند ترسناکە ئەو ئارگۆمێنتەی کە پرە لە هەڵەی لۆژیکی بەڵام بە بەرگی زمانێکی هێندە بریقوباق رازێنرابێتەوە کە ئاسان و خێرا بەر دڵی وەرگرەکانی دەکەوێت؟ بیرمان نەچێت ئارگۆمێنت هەر دەمەتەقێی دوو هاوڕێ نییە بەدەم چاخواردنەوەوە، بەڵکو ناسین و داڕشتنەوەی واقیعە. تاک و گورپ و کۆمەڵگا دەکرێت باجی قورس بدەن بە بڕواهێنان و شوێنکەوتنی ئارگۆمێنتی هەڵە و نادروست (بیر لە کاریگەری وتاری بانخوازە رادیکاڵەکان بکەنەوە لە تەلقینکردن و رەوایەتیدان بە تیرۆر)

رەهەندی دیالێکتیکی ئارگۆمێنت:
رەهەندی دیالێکتێک   dialectical approach of argumentationیان دایەلۆگی ئارگۆمێنت بەپلەی یەکەم سەرقاڵە بە توانای ئارگۆمێنت لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا. یەکێک لە تیۆرە هەرە بەناوبانگەکان کە جەخت لەسەر ئەم رەهەندەی ئارگۆمێنت دەکات بریتیە دایەلێکتێکی عەمەلی pragma dialectic approach of argumentation. ئەم تیۆرەیە کە ئەوروپییە و بە پلەی یەکمیش هۆڵەندییە بە دورودرێژی قسە لەسەر رۆڵ و بایەخی ئارگۆمێنتسازی دەکات لە گەیشتن بە سازان لە نێوان تاک و گروپە ناساز و جیاوازەکاندا. لەم تیۆرەیەدا دە رێنمایی هەیە کە بە دە فەرمانەکە ناسراوە (کە لێرەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە هەموویان بەسەریان بکەینەوە) بۆ ئەوەی ئارگۆمێنتسازی بتوانێت لە ناکۆکی و دژیەکبوونەوە کۆکی و هەماهەنگی دروست بکات. 

لە گرنگترینیان ئازادی رادەبرێن و پاپەندبوونی هەردوولایە بە رێنماییاکانەوە تا ئارگۆمێنتسازی نەبێتە چەلەحانێ  و فوکردن بە ئیگۆدا بەڵکو پرۆسەیەکی بەرهەمداری ئەقڵی بێت و لە رێگەیەوە لایەنە ناکۆکەکان بتوانن لە گۆشەنیگای یەکترەوە کێشەکان ببین و بگە بە باشترین چارەسەی مومکین و رێکبکەون. ئەم رەهەندەی ئارگۆمێنتسازی گرنگی لەرادەبەدەری هەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمە تا دێت دابەشتر و هەلاهەلاتر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم رێگایە بۆ ئارگۆمێنتسازی لە لایەن رەهەندی ئیبستیمۆلۆژی ئارگۆمێنتسازییەوە رەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت کە حەقیقەت (کە دەبێت دوائامانجی ئارگۆمێنتسازی بێت) گۆڕیوەتەوە بە سازان و رێکەوتن، لە بەرامبەردا پراگما دایەلێکتێک رەخنەی ئەوە لە رەهەندی ئیبستیمۆلۆژی ئارگۆمێنتسازی دەگرێت کە ئاڵۆزی و گرنگی ئارگۆمێنت لە بەرچاوناگرێت لە ژیانی رۆژانەدا؛ ئەوەندەی لە تیۆرەوە نزیکە ئەوەندە لە واقیعی ئارگۆمێنتسازییەوە نزیک نییە وەک چالاکییەک کە لەنێوان مرۆڤەکان و لە ژیانی رۆژانەدا روودەدات، نەک تەنها لە رووبەری جۆرناڵە ئەکادیمییەکاندا...

ئێمەی کورد و ئارگۆمێنتسازی 
رەنگە زیادەڕۆی نەبێت بڵێن ئێمە تا ئێستاش لە قۆناغی پێش "ئارگۆمێنتسازیدا" دەژین. ئارگۆمێنستازی وەکو کایەیەک کە لە رەهەندە لۆژیکی و ریتۆریکی و دایەلێکتییەکەی ئارگۆمێنت دەکۆڵێتەوە. بەپلەی یەکەم لەبەرئەوەی هێشتا ئارگۆمێنت ئامرازی سەرەکی گەیاندی پەیام و مانا نییە لە زمانی کوردیدا، ئەوەندەی کە زمانێکی لاستیکی و پەخشانی بۆ جەختکردنەوە لە را و بۆچونەکان ئامرازی گەیاندنی مانا و پەیامن (ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئارگۆمێنتی راستو دروست لەناو زمانی کوردیدا نییە، نا بەڵکو بەو مانایەی (١) ئارگۆمێنت ئامرازی سەرەکی گەیاندن نییە، (٢) هۆشیارییەکی باو و زاڵ لە ئارادە نییە لەسەر ئەوەی کە ئارگۆمێنت چییە و چۆن ئارگۆمێنتی راست و دروست و لە ناراست و نادروست جیابکەینەوە). لێرەو لەوێ کتێبی نوسین و وەرگێرانمان لەبواری فەلسەفەدا هەن کە دەتوانین ئارگۆمێنتەکانیان تێدا ببینینەوە (کەجێی دڵخۆشی و رێز و پێزانینن)، بەڵام ئەم هەوڵانە یەک، لێکۆڵینەوە و نوسین نین لەسەر ئارگۆمێنتسازی؛ دوو، بەراورد بە ژمارەی بێشوماری کتێبەکانیکە کەمینەن. 

هەروەها (بە هەڵاوێری چەند نمونەیەکی کەم نەبێت لەوانە زانکۆی کوردستان لە هەولێر و زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی) سیستەمی پەروەردەو فێرکردنی ئێمە نەک کار لەسەر ئارگۆمێنت و بیرکردنەوەی رەخنەیی ناکات، بەڵکو بە پرۆژە و بە سیستەم دژی ئەقڵ  و بیرکردنەوەیە چونکە لەبەرکردن خەمی سەرەکی ئەم سیستەمەیە نەک دارشتنی ئارگۆمێنت و ئارگۆمێنتی پێچەوانە. کە بە سیستەم کتێبەکان و سەرچاوەکان کورتکرانەوە بۆ مەلزەمەکان و ئەرک و بیرکردنەوەی قوتابیش کورتکرایەوە بۆ لەبەرکردنی مەلزەمەکان، لەو سیستەمەدا بیرکردنەوەو ئارگۆمێنتسازی لەدایک نابێت مەگەر لە پەراوێزدا و بەهۆی خۆپەروەردەکردن  self-study و خوێندنەوەی سەرچاوە نامەلزەمییەکان. دیارە لەبەرکردن (یان ئاشنابوون) بە چەمک و رێسا و یاساکان گرنگن تا ئەو شوێنەی وەکو کەرەستەیەک لە پرۆسەی بیکردنەوەدا بەکاردەهێندرێن نەکو ئەوەی لەبەرکردنە خۆی دوا ئامانجی پرۆسەی پەروەردە و فێربون بێت.

 بەداخەوە نەک سیاسی و رۆژنامەنوس و مەلاکانمان بگرە هەندێک کات نوسەرەکانیشمان لەبەرئەوەی جیاوازی بیروبۆچونییان هەیە لە باتی سەرێگاخستنی ئارگۆمێنت و ئارگۆمێنتی پێچەوانە جوێن بە یەک دەدەن، ئەمە دەریدەخات کە ئێمە هێشتا وەک بیرکردنەوەی زاڵ لەپێش ئارگۆمێنتسازیدا دەژین. دیارە کە ئەمە دەڵێم بە هیچ شێوەیەک مەبەستم ئەوەنییە کە مرۆڤی کورد لەخواتر و نزمترە لە مرۆڤەکانی ترو ناتوانێت ئارگۆمێنستازی بکات، نا، مرۆڤی کوردیش وەکو هەر مرۆڤێکی تر باڵاترین مەخلوقی سەر ئەم هەسارەیەیە و ئەگەر باش پەروەردە بکرێت دەتوانێت مەدەنییانە بیربکاتەوە و ئارگۆمێنتسازی بکات. بیریشمان نەچێت هێشتا لە رۆژئاوا هەمووکات دەنگی زاڵ دەنگی ئەقڵ نییە و ئارگۆێنتسازی سەفەرێکی زۆری لەبەردەمە ببێتە تەنها دەنگ، رەنگە هەرگیزیش نەبێتە تەنها دەنگ. بۆ نمونە وڵاتێکی کاریگەری وەکو ئەمریکات هەیە کە دەتوانێت ترەپمەکان بەرهەم بهێنێت. بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئەمان دەمێکە هەستیان بە رۆڵ و مەقامی ئەقڵ کردوەوە و هاوڵاتییانی لەسەر گۆش دەکەن. وەلێ ئارگۆمێنتسازی وەکو کایەیەکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە بۆ ئەمانیش زۆر تازەیە. ژمارەی ئەو زانکۆیانەی دکتۆرایان لە ئارگۆمێنتسازیدا هەیە هێجگار کەمن بەراورد بە ژمارەی بێشوماری زانکۆکان. ئارەستەیەکی هێجگار گرنگی ناو ئارگۆمێنتسازی کە لۆژیکی نافەرمی و بیرکردنەوەی رەخنەییە critical thinking لە رۆژئاواش نوێیەو لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە سەرهەڵەدات. 

ئێمەی کورد لە کوێوە دەست پێ بکەین؟ رەنگە خێراترین و کاریگەرترین رێگا وەرگێڕانی کتێبە پەروەردەییە بەناوبانگەکانبن لە بواری بیرکردنەوەی رەخنەییەدا. ئەم کتێبانە پەروەردەیین و بۆ راهێنانی قوتابییان بە بیرکردنەوەی رەخنەیی نوسراون. رەنگە کارێکی گرنگ لە وەڕگێرانی ئەم کتێبانەدا بکرێن ئەوە بێت کە پرسیارەکانی بەشی را‌هێنانەکان بگۆڕین یان دابڕێژرێنەوە بەو پرسیارانەی کە رەنگەنداوەی کۆمەڵگای کوردین، بۆ ئەوەی خوێندکار زیاتر هەست گرنگی کایەکە بکات و بیر لە کۆمەڵگاکەی خۆی بکاتەوە. ئەگەر زنجیرەک کتێبی باش لە سەر بیرکردنەوەی رەخنەیی وەربگێڕن و لە ساڵەکانی یەکەمی زانکۆدا و لە هەموو بەشەکاندا بە ناچاری (بە پزیشکی و زانستییەکانیشەوە) بخوێنرێن، رەنگە لە ماوەی چەند ساڵێکدا بیرکردنەوەی کوردی هەنگاو سەرەتاییەکانی بنێت بەرەو ئارگۆمێنتسازی. ئێمە زۆر پێوستمان بە ئاشنابوونە بە ئارگۆمێنتسازی، نەک لەبەرئەوەی کایەکانی کە گرنگ نەبن، بەڵکو لەبەرئەوەی هیچ کایەک بەبێ بیرکردنەوە گەشەناکات، ئارگۆمێنتیش جەهەوری و سێنتراڵە لە بیرکردنەوەدا. هەرلێرەوە ئارگۆمێنتسازی ،وەک کایەی بیرکردنەوە لە بیرکردنەوە، گرنگترین بوارە بۆ تێگەیشین لەبیرکردنەوەی راست و دروست، کەواتە ئاشنابوون بە ئارگۆمێنتسازی هۆکارێكی گرنگە لە گەشەکردن لە هەموو کایەکانی تردا. رەنگە هەرگیز حکومڕانانی ئێمە هەست بە گرنگی ئەم کایەیە نەکەن و نەیخەنە پرۆگرمەکانی خوێندنەوە، بەڵام ئەمە بەرپرسیارێتی لەسەر شانی نوخبە لە ئیشکردن لەم کایە گرنگەدا لانابات. کۆتای چیرۆکەکە ئەمەیە: بەهانەیەک نییە بۆ ئیشنەکردن: هەتا قەیرانەکان گەورەتربن، زیاتر و زیاتر پێویستمان بە بیرکردنەوەیە.
 
*خوێندکاری دکتۆرا لەئارگۆمێنتسازی - زانکۆی ویندزەر - کەنەدا
                      

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×