بیری جارانت دەکەم

چیا عەباس
  2021-01-05     356
بیری پەرچەمی نازداری خاوی جارانی گزنگی هەڵوەریوی پەرژینەکانی شار دەکەم
بیری سەدای زەنگۆڵەی جارانی کاروانی گوندنشینەکانی رو لە شار دەکەم
بیری چێژی جارانی لەواشەی گەرم و ماست و قەیماغی چەوری شار دەکەم
بیری بۆنی جارانی کەبابی چەوری وەستا گرون و عومەری ئەجێ ی شار دەکەم
بیری مشتومری جارانی منداڵانی رو لە حوجرە و قوتابخانەکانی شار دەکەم
بیری هات و هاوار و دەنگە گرەکانی جارانی نێو مەیانەکانی شار دەکەم
بیری میلۆدیا و جریکەی جارانی باڵندە عاشقەکانی شار دەکەم
بیری هەناسەی سارد و تەمەنا و دوعاکانی جارانی هەژارانی شار دەکەم
بیری عەرەبانەی تریشقە و دو ئەسپی جارانی کۆڵان و شەقامەکانی شار دەکەم
بیری بۆنی جارانی ئاورشێنی خۆڵی بەر ماڵەکانی کۆڵانەکانی شار دەکەم
بیری دەنگی بەسۆزی جارانی چالاک و کابان و خەیات و دیلانی شار دەکەم
بیری وانە بەپێزەکانی جارانی پەشێوی شاری قەڵا بۆ منداڵەکانی شار دەکەم
بیری پەرە رەنگینەکانی جارانی گەلاوێژ و ژینی پیرەمێردی شار دەکەم
بیری مەفتونی و عشقی بێکەس و دێری عەشقی مەحوی جارانی شار دەکەم
بیری غەمگینی جارانی پیرمەسور و شێخان و سەرشەقام و سابونکەرانی شار دەکەم
بیری زەردەخەنەی جارانی مامۆستا یاسین و ئەنوەر و شەهیدانی تری شار دەکەم
بیری گر و تیشکی ئاگری جارانی نەورۆزی سەر گۆیژە و نێو کۆڵانەکانی شار دەکەم
بیری هیمەت و پەرۆشی جارانی  بەهیە معروف و باجی روناکەکانی شار دەکەم
بیری حەماسی جارانی دادە و کچانی بەرگدروی پۆشاکی پێشمەرگە لە شار دەکەم
بیری مامۆستا عەزیز و شاسوار و شازاد و جەمال و ئەکرەم و شەهابی شار دەکەم
بیری باجی رەحمەی نانکەر و دایکی رۆلە نەبەردەکانی جارانی شار دەکەم
بیری تامی جارانی شێلمی کوڵاو و قەزوانی سوێری نەنە بێدەنگەکەی شار دەکەم
بیری سوچ و قوژبن و چیرۆک و نهێنیەکانی خۆشەویستی جارانی شار دەکەم  
بیری چرپەچرپ و پرتەپرتی جارانی عاشقە بێگەردەکانی شار دەکەم
بیری دوکەڵی جارانی عەرەبانەی مێش و دیعایەکانی سێ سینەماکەی شار دەکەم
بیری بازدان و جنێو و تورەییی جارانی عەبە و نوزدەی هار و سالەی شار دەکەم
بیری قەرەباڵغی حەمە رەق و سۆزی مەقامە رەسەنەکانی جارانی شار دەکەم  
بیری تاجە گوڵینەکەی هەر سەر بستێ زەمین و ژێر هەر گەزە ئاسمانێکی جارانی  پەشێوە خەمخۆرەکەی کوردستانەکەم دەکەم
شارە نازادارە یاخیبوەکەی جاران، پێم بلێ بۆ وایان لێکردویت ؟ پێم بڵێ بۆ وا کز و مات و بێدەنگی ؟ پێم بڵێ بۆ چۆلەکە و پەرەسێڵکە و کۆترەکان کولانەکانی عەشقی تۆ جێدەهێڵن؟  وەک بێکەس دەڵێ بۆچی بونەتە رێچکەی دوکەڵی پەرت پەرتی
" شارێک " و بەرەو " نشێوی شۆردەبنەوە ".
پێم بلێ تۆی لانەی بابان و شێخی نەمر و عادلە خانم و حەپسە خان و پیرەمێرد و مەراقخۆری ژانی گەل و کاکە نەوەی راپەرین و بەدەم رێگاوە گوڵچنین بۆ وا کزو مات چاوەروانیت و پەپولەکانی نیاز و خەونە مەزنەکانت لە لێوەکانت هەڵنافرن؟

چاوەروانی وەڵامەکانی تۆم شا شاری کوردستانەکەم.



تێبینی:
بەداوای لێبوردنەوە دەسکاری چەند دێری هەندێ هەڵبەستم کردوە تا لە گەڵ ئەم بیردکردنەمدا بگونجێت.     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×