سوپای عێراقی‌و پارتی

مەحمود یاسین كوردی
  2021-01-06     1343
کاک ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە وتارێکدا لە پەیجەکەی ستایش بڕیارێکی حکومەتی ھەرێم دەکات کە رۆژی ٦ی ١ کە ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقی نەکردووتە پشوو.

وەکو قوربانییەکی دەستی سوپای عێراقی مافی خۆیەتی نارەزایەتی دەرببڕێ بەرامبەر تاوانەکانی ئەو سوپایە، من کێشەم نییە کاک ئومێد جگە لەوە وەکو کەسێکی شەخسی جێگای رێزە لای من خۆشی دەزانێ کە من نەک خۆشحاڵم ھاوشارییەکم دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبێکی گەورە بەڵکو پێم خۆش بوو ببێتە بەرپرسی لقی دوو تەنانەت ئەندامی سەرکردایەتی و م س، بەڵام بە ھەموو پێوەرێکی سیاسی قسەکەی کاک ئومێد موزایەدەیەو بۆ بازاڕگەرمکردنی کوردایەتی موزەیف و لە بیر بردنەوەی کێشە سەرەکییەکانی خەڵکە.

کاک ئومێد باش دەزانێ سوپای عێراقی ھەمیشە کەرستەیەک بووە بە دەست سیاسییەکان و بەشیک بوو لە چەسپاندنی دەسەڵات.

سوپای عێراق وەکو سیرامیک بووە بە دەستی سیاسییەکان ھەر رۆژەو تاوانێکیان پێکردووە تەنانەت بەعسییەکان متمانەیان بەو سوپایە نەبوو چەندین ھێزو تەشکیلاتی جیاوازی وەکو حەرەس جمھوری و فیدائی سەدام رێک وەکو لەشکرەو یەکە سەربازییەکانی پارتی و یەکێتی!

کاک ئومێد لە من باشتر دەزانی کاتێک دوو فیرقەی سوپای عێراق کەوتنە دەستی پێشمەرگە لە راپەڕینی ١٩٩١ زۆربەیان ئازادکران، کاک مەسعود بارزانی بە شانازییەوە باسی ئەو بڕیارەی بەری کوردستانی دەکات کە رێگایان نەداوە یەک سەربازیش بکوژرێ، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە سوپا تاوانبار نییە بەڵکو سەرکردە سیاسییەکانی عێراق تاوانیان پێکردووە، سوپا ئامرازە بڵێ بیروخێنە دەیکات و بڵێ چاکی بکات دەیکات!

لە دوای گرتنی دەسەڵات لە لایەن بەعسییەکانەوە سەربەخۆی لە نێو سوپا نەما ھەمیشە سوپا و سیاسەت تێکەڵکراون بۆیە ئەو ماڵوێرانییە بە سەر عێراق و کوردستاندا ھات.

کاک ئومێد زۆر خۆشحاڵی بە ھەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی دەردەبڕێ لە کاتیک بێ ئاگایە سەرۆکەی لە ئەنجوومەنی حوکم دژی ئەو بڕیارەی پۆڵ برێمەر وەستاوەتەوە لەگەڵی نەبووە، بەڵکو برێمەر لە رۆژی دووەمی گەیشتی بە بەغدا بڕیارەکەی داوە، جگە لەوە مام جەلال لە ژمارە ١١١٢٣ رۆژنامەی شەرقوئەوسەت لە ساڵی ٢٠٠٩ دەڵێ: من و بارزانی رەزامەند نەبووین لە سەر ھەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی، تەنیا ئەفسەرانەی تاوانیان کردووە دووربخرێنەوە.

کاک ھۆشیار زێباریش لە یاداشتەکانی لە رۆژنامەی ئیندپێندتی عەرەبی و کەناڵی ئەلعەرەبییەی سعودی ھەمان بۆچوون دووبارە دەکاتەوە.
جا نازانم تۆ بڵێ کاک ئومێد ژیرو دووربینتر بێ لە کاک مەسعود بارزانی!

حیزبەکەی کاک ئومێد خۆشناو لە ھەموو ھێزو لایەنەکانی دیکە پۆست و پلە، ئەفسەر، کارمەندو سەربازی لە نێو سوپای عێراقی ھەیەو مووچەو چەک و فیشە وەردەگرن، ئەگەر سوپاکانی پێشووی عێراق تاوانباری سەرەکی ببوون ئەوا سوپاکەی ئەمرۆ بە دەستی پارتی دامەزراوەتەوە، سەرۆکی پارتی یەکێک بووە لەو ٢٥ سەرکردە عێراقییەی بناغەی عێراقی تازەیان داناوە ئەمە چ لۆژیکە خۆت شتێک دروست بکەی و دژیشی بی.

کاک ئومێد ژمارەی مۆبایلی پارتییەکانی ناو سوپای عێراقی لە لە لایە لەوانە (شەھاب زەنگەنە، فەرماندەی ھێزی ئاسمانی، سامان عاسی، فەرماندەی ھێزی ئاڵتونی دژە تیرۆر، حەماد دزەیی فەرماندەی پاسەوانی سنووری یەک) لەگەل ژمارەیەک فەرماندەی فیرقەو فەوج و بەش و مەعاون، کە لەگەڵ کاک ئومێد دەوامێکی حیزبییان ھەیە!

کاک ئومێد چاوەکەم لە لایەک پارتی سوودمەندی یەکەمە لەو سوپایە لە لایەکی دیکەوە جەنابت خەڵک ھاندەدەی دژی ئەوە چ دوو فاقییەکە!
کاک ئومێد خۆشناو دەبێ حسابی وردو درشتی قسەکانی بکات، ئەو ئێستا سکرتێری لاوان و بێژەری تەلەفزیۆن نییە ئەو سیاسییەو نوێنەرایەتی حیزبێکی گەورە دەکات، قەت لە خۆی پرسییەوە کوڕی پووری سەرۆکی حیزبەکەی (بابەکر زێباری) ماوەی ١٢ ساڵ سوپاسالاری عێراق بووە ئێستا خێرە لە فەیسبووک خەڵک دژی عێراق ھاندەدەن!

ئەمە بەشێکە لە یاریکردن بە وەتەری قەومی و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید بۆ لە بیر بردنەوەی مووچەو داھات دۆسییەی نەوت و گفتۆگۆکان لەگەڵ بەغدا.

ناکرێ تۆ خۆت بە عێراقی بزانی داوای مووچەو بودجە لە عێراق بکەی و لایەکی وەزارەتی دیفاع مووچەخۆری حیزبەکەت بێ، تۆش لە فەیسبووک دژی سوپاکەی بی!

جگە لەوە مرۆڤ نابێ بێوەفا بێ ئەگەر ئەو سوپای عێراقی نەبووایە لە ١٩٩٦ ئێستا حیزبەکەی کاک ئومێد لە قۆناغە نەبووایە!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×