ئایا گۆڕان لەحکومەت دەکشێتەوە؟

دییە عەلی
  2021-01-08     356
باسوخواسی مانەوە و کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتدا؛ باسی گەرمی ناوخۆیی گۆڕانە.
بزوتنەوەی گۆڕان کەئێستا بەچوار وەزیر و دەیان بریکاری وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار لەکابینەی نۆی حکومەتی هەرێمدا بەشدارە؛ ئایا هەروا سانایە بکشێتەوە؟ بەتایبەتی لەم زەمەنی پۆپۆلیستییەدا؛ کەچیتر شەقامی بەدەستەوە نییە و کاریزمایەکی وەک نەوشیروان مستەفا نەماوە ئاراستەی جەماوەر بکات و بیرکەرەوەیەکی گەورەشیان نییە؛ بتوانێ موعجیزە بخولقێنێ. 
پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا گۆڕان لەکابینەی نۆی حکومەت دەکشێتەوە؟ ئەگەر کشایەوە دەتوانێت چی بکات؟ ئەگەر بەردەوامبێ چی دەستدەکەوێ؟ 
ئەمانە ئەو پرسیارە جەوهەرییانەیە کەرۆژانە رووبەڕووی سەرکردایەتی و هەڵسوڕاوانی ئەو حزبە دەکرێتەوە؛ لەلایەن هیچ کەسێکیشەوە وەڵامێکی قەناعەتپێکەر نادرێتەوە؛ واتە پرسیارەکە بەبێ وەڵام دەمێنێتەوە؛ من لەم وتارەدا دەمەوێ وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانە شرۆڤە بکەم؛ بەهیوام بتوانم تاڕادەیەکی هەقی خۆی پێبدەم. 

لەچەند رۆژی پێشوودا؛ عەدنان عوسمان؛ سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی و وتەبێژی گۆڕان لەتویتێکدا دەڵێ؛ مانگ و نیوێکی تر دوو ساڵ تێئەپەڕێت بەسەر رێکەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان؛ لەو کاتەوە تائێستا لەکۆی ۱۲ بڕگەی' لەسەر ئاستی کوردستان' هیچ خاڵێکیان جێبەجێ نەکراوەو هەنگاویشی بۆ نەنراوە، یا بەنیوەو ناچڵی کاری لەسەر کراوە.بەشەکانی تریش یاهەموی یا زۆرینەی جێبەجێ نەکراون!
‏سەردەمی موراجەعاتە. 
پێشتریش؛ بەهۆی هەڵوێستی پەرلەمانتارانی گۆڕان لە بەغدا و شەش پەرلەمانتاری کوردستانی گۆڕان باسوخواسی رێکەوتن و کشانەوە و پێداچونەوە هاتە ناوەوە؛ هەر ئەوکات ئومێد خۆشناو؛ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان داوای لەسەرکردایەتی حزبەکەیکرد؛ پێداچوونەوە بکەن بەرێکەوتنیان لەگەڵ گۆڕان. 

لەلایەکی ترەوە کەم نین ئەو دەنگە ناوخۆییانەی لەناو گۆڕاندا داوای کشانەوە لە حکومەت دەکەن؛ بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر گۆڕان کشایەوە دەتوانێ جارێکی تر شەقام ئاراستە بکا؟ ئایا متمانەی خەڵک بەدەست دەهێنێتەوە؟ بەسەرەنجدان لەبۆچوون و کۆمێنتی هاوڵاتیان بەباشی لەوە دەگەی کەچیتر گۆڕان نەدەتوانێ متمانەی هاوڵاتیان بگێڕێتەوە و نەدەشتوانێ شەقام ئاراستە بکات؛ لەم کاتەدا کشانەوەیەکی بێ بەرنامە نزیکی دەکاتەوە لە خۆکوشتنێکی لەسەرخۆ؛ چونکە خەڵکیش وای دەخوێنێتەوە کەکشانەوەی گۆڕان گەمەیەکی هەڵبژاردنە و بۆ گەوجاندنی خەڵکە؛ بەتایبەتی لەئێستادا کەهەڵبژاردنی عێراق نزیکەوە هەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان؛ کەوتونەتە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە. 
هەرچەندە ئەو رۆژەی گۆڕان بەشداری لە حکومەتدا کردووە؛ پارتی هەر ئەو رۆژە حسابی کشانەوەی گۆڕانیکردووە؛ ئەلتەرناتیڤی بۆ داناوە. 

پێشتریش لەچەند کۆبونەوەیەکی جڤاتی نیشتیمانی و گشتیدا؛ وەزیرەکانی گۆڕان ئامادەبوون وەڵامی پرسیاری ئەندامانی جڤات بدەنەوە؛ لەوێش وتویانە؛ بەڵێ مەسرور بارزانی؛ نیەت و بەرنامەی چاکسازی هەیە و ئالنگاریشی زۆرە؛ بەڵام هەتا ئێستا ئێمە بێ ئومێدنەبوین لێی و بەردەوامیش کاری خۆمان دەکەین و هیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەبووە؛ کەواتە بەشێوەیەکی گشتی تیمی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم هێشتا نەگەیشتونەتە ئەوەی باسی کشانەوە بکەن؛ بەڵام ئیتیجاهێکی گۆڕان کەوادەردەکەوێ لەدەرەوەی گۆڕان ئاراستە بکرێن؛ بەسەرکردایەتی یوسف محەمەد بەردەوام باسوخواسی کشانەوە دەکەن و وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکەن. 
هەرچی باڵەکەی تریشە؛ بەسەرکردایەتی عومەری سەید عەلی؛ رێکخەری گشتی گۆڕان پێیان وایە ئەگەر کارێ بکرێ؛ ئەوە لە حکومەتدا دەکرێ و چیتر گۆڕان ئەو متمانەیەی جارانی نەماوە لەناو خەڵکدا؛ بۆیە گرنگە قورسایی خۆمان بخەینە ناو حکومەت و هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەبێ لە حکومەتدا چاکسازی بکەین و خزمەتی خەڵک بکەین و لەوێوە متمانە بگێڕینەوە بۆ سیاسەت و بۆ خەڵکیش؛ نەک بەئۆپۆزسیۆن؛ کەدڵنیاین جگە لە هات و هاوار هیچمان پێناکرێ و خەڵکیش وەڕس بووە لەهاتوهاواری بێ کردار. 
ئەوەی تائێستا هەیە؛ ئاراستەی دووەم؛ کەئاراستەی حکومەتە بەهێزترن و ئەگەر مانەوەیان لە حکومەتدا؛ زۆر بەهێزترە وەک لەکشانەوە؛ بەڵام هێشتا روون نییە؛ ئایا ئەم دوو ئاراستەییە دابەشکردنی رۆڵە لەناو گۆڕاندا؛ یان جارێکی تر دابەشبوونەوەیەکی ترەو؛ باڵێکی تریان لێجیادەبێتەوە؟
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×