حزبی باش

محەمەد عەبدە ئەمین
  2021-01-18     281
هەرچەندە ئامانجی دەوڵەتی سیستەم دیموکرات زۆرن بەڵام هیچکامیان لە هێنانەدیی باشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان لەپێشتر نییە. ئەو ئامانجەیش چڕکارییەکی ئەوتۆی پێویستە کە بە حزبی باش نەبێت نایەتە دی. حزبی باشە لە سایەی سـستەمی دێموکراتیدا دەوڵەتی باش دادەمەزرێنێت.                                                                                              
پاش هەموو هەڵبژاردنێک حزبێک (چەند حزبێک) دامودەزگای فەرمانڕەوایی دەگرێتەدەست (دەگرنەدەست). ئەگەر لە ماوەی کاربەدەستبووندا باشگوزەرانیی کۆمەڵگە گەشەبکات بەو شێوەیەی بەڵێندراوە بە دەنگدەران و گەل ئەوا گومان نییە ئەو حزبە یان حزبانە حزبی باشن، ئەگەر بە پێچەوانەوە  بێت؛ باری کۆمەڵگە خراپ یان خراپتر ببێت، ئەوا بێگومان ئەو حزبە یان ئەو حزبانە حزبی خراپن. 
      هەرچەندە وشەی دێموکراتی بە واتای (فەرمانڕەوایی گەل) دێت، بەڵام لە سیاسەتدا بە واتای ڕێگەدانە بە گەل نوێنەرانی خۆی هەڵبژێرێت لە ناو ئەو حزبانەی خۆیان پاڵاوتووە بۆ ماوەیەکی دەستنیشانکراو دامودەزگای دەسەڵات بەپێی دەستوری پەسەندکراو بەڕێوەببەن. بەو پێیە لە ئەنجامدا دەسەڵات ناکەوێتە دەست هەموو گەل، بەڵکو دەکەوێتە دەست ئەو حزبە یان ئەو حزبانەی زۆرینەی نوینەریان لە پەرلەمانەکەدا هەیە. ئەنجامی هەڵبژاردنیش هەمیشە لە دەستی دەنگدەراندایە (ئەگەر گزی ڕوونەدات). دەنگدەرانن بەرپرسیارێتی ڕەوشتیانەیان دەکەویتە ئەستۆ ئەگەر حزبی خراپ هەڵبژێرن. ڕێی تێدەچێت یەکەمجار دەنگدەران دەمیان چەوربکرێت، چاووڕاویان لێبکرێت، فریوبخۆن، بکەونەهەڵەوە یان سۆزیان بۆ لایەنێکی تایبەتی لەبەر هۆی تایبەتی بکەنە سەرپشک و ...‌هتد، بەڵام جاری دووەهەم ئەوەیان بەسەربێتەوە ئەوا ئەوانیش وەک حزبەکان دەکەونە خانە خراپەکەوە. واتە دەبنە دەنگدەرانی خراپ. 
دەنگدەران بەگشتی دەکرێن  بە دوو بەشەوە. بەشێکیان ڕاستەوخۆ سەر بە حزبە جیاجیاکانن، بە ئەندام و لایەنگرەوە، بەشەکەی تر بێلایەنەکانن کە مافی دەنگدانیان هەیە. لە زۆربەی وڵاتانی سیستەمدیمۆکراتدا جەماوەری بێلایەنە بڕیاری سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی لایەنەکانی بەدەستە لە هەڵبژاردندا، هەرچەندە بەکردەوە لە سیاسەتیشدا چالاک نییە، هەر کۆمەڵگەیەک ئەو کۆمەڵە بێلایەنەی کەموزۆر تیادا نەبێت ئەوا خواری و سەقەتییەکی تیادایە کە حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن بوونەتە هۆی؛ سا یان بەهۆی زۆرلێکردن یان دەمچەورکردن و دەستەمۆکردنی ئەو کۆمەڵە بێلایەنەوەیە، یان سۆزی بۆ لایەنێکی تایبەتی دەکاتە سەرپشک، یان بەهۆی دوورخستنەوەی لە دەنگدان لە ڕێگای تۆقاندن و بێهیواکردنی لە سیاسەت و لە هەموو سیاسییەک، یان تەنانەت بە پەیداکردنی رقوکینەیش لەلای بە مەبەستی لەبەرچاوخستنی خودی سیستەمە دیموکراتییەکە. 
ئاواتخواستنی جەماوەر بۆ گەڕانەوەی دیکتاتۆر هەمیشە لە خراپی ئەو حزبانەیە کە دوای نەمانی دیکتاتۆرێک پرۆژەی بەڕێوەچوونی دێموکراتی دەکەوێتە دەستیان. 
ــــ ئەو ئەنجامانەی لە سەروخواری ئێراقدا لەو بارەیەوە لە ڕووداندایە نەبوونی حزبی باشە کە ئەگەر هەبێت جگە لە کۆمەڵە جەماوەرە بێلایەنەکە بەشێکی کۆمەڵە بەلایەنەکەیش با حزبەکەی خۆیشی نەبێت، ئامادەیە باوەڕی پێی هەبێت و دەنگی پێبدات. ڕێگریکردن لە پەیدابوونی ئەو جۆرە حزبانە بەپێی بنەمای بەرژەوەندیی تایبەتی؛ ئاینی، مەزهەبی، خێڵەکی و بنەماڵەییە کە جەماوەرەکەی پێ گۆشدەکرێت. حزبی خراپ لە سیستەمی دیموکراتیدا بریتین لە تێکەڵەیەکی سەرلێشێواو (سەرلێشێوێنراو) کە بەپێی بنچینەی بنەمای بیروباوەڕی چەپخوازی و ڕاستخوازی لە ناویاندا ڕۆڵ نابینێت، بۆیە لە ئەنجامدا گەندەڵی و نابەرپرسیاری دەبێتە دیاردەی ناو کۆمەڵگەکە. تەنانەت ئەگەر بەرنامەی حزبێکیش ئاشکرا سەربە یەکێک لەو دوانە بێت و جەماوەرەکەیشی هاوباوەڕی بێت دەبینرێت لە سەرەوە (سەرکردە و ڕابەرەکانیان) دەستلەملان لەگەڵ لایەنە پێچەوانەکەیان ڕێککەوتوون و لە خواریشەوە (ئەندامەکانیان) لەوپەڕی ناکۆکییان. ئەم دووڕووییە نەک لای حزبەکانی ناو دەسەڵات ئاشکرایە بەڵکو لە حزبەکانی ناو پەرلەمانیشدا دەردەکەوێت. تەنانەت ئەو حزبە ناڕازییانەی ناو پەرلەمانیش ناڕەزاییەکانیان لەسەر بنەمای باوەڕی چەپڕەوی و ڕاستڕەوی دانەمەزراندووە. بۆیە دەبینرێت ناڕەزاییەکانیان هەر وەک ئەو ناڕەزاییانەن کە خودی حزبەکانی ناو دەسەڵات لێیدەدوین، چاوەڕێکراوەکانی چاکسازییەکانیشیان هەر هەمانن. 
هەتا پارە هەبوو باقوبریقی خۆشگوزەرانیی قەڵب زمانی جەماوەری لە ئاستی گەندەڵیدا بەستبوو. پاش لەبنهێنان و  نەمانی  پارە داڕمانەکان یەک لە دوای یەک دەستیانکرد بە دەرکەوتن. بۆ نموونە دەبینین چۆن لە بە‌غدا بارودۆخ تێکچوو؛ نەمانی حکومەتی سەربە زۆرینەی پەرلەمان، نەمانی پارە، تێکچوونی ئاساییش،  داڕماندنی  نرخی دراو،  خراپبوونی باری بژێوی جەماوەر، تێکچوونی تەبایی نێوان حکومەت و هێزە چەکدارەکان، باوەڕنەمان بە دواڕۆژێکی باشتر و ...هتد ئەو دیاردە زەقانەن کە مەترسییان بۆ دواڕۆژ و چارەنووسی وڵاتەکە دروستکردووە. هەر بە هەمان شێوە لە هەرێمەکەی کوردستانیشدا گەلێک لەوانە یەک لە دوای یەک ڕوودەدەن. هەر چۆن شارەزایان لە دەوڵەتنەمان دەدوین لە ئێراقدا هەروەها لە هەرێمیشدا مەترسی نەمانی قەوارەی دەسەڵاتگەی کوردستانەکە کەوتۆتەوە. چۆن داڕمانی خێزانێک لە ناتەبایی ئەندامی بەڕێوەبەرەوە دەستپێدەکات، و دواڕۆژەکەی و ئەندامە بێدەسەڵاتەکانییەتی گەورەترین زیانیان لێدەکەوێت هەر بەو جۆرە هەردوو قەوارە ئێراقییەکەن ئەو زیانە لە جەماوەرە چاولەدەستەکە دەدەن. خوێندنەوەی بەرەودوا بۆ هۆکاری ئەم ئەنجامە ترسناکانە ئەوەمان پێدەڵێن، کە نەبوونی حزبی باشە کۆمەڵگەکەی گەیاندووەتە ئەم ئەنجامەی ئێستا. نالەبارییەکان وایانکردووە کەسانێکی ناڕازی بێ ــ حزب پەیداببن و بکەونە سەر شەقامەکان بۆ پێشاندانی ناڕازیبوونیان و داواکردنی مافە ئاساییەکانیان لە مووچە و خستنەبەردەستی دەرفەتی بژێوی. زۆرجار ئەو جۆرە راپسکانە بێ سەرکردەیانە سەرکێشییان تیادا ڕوودەدات و ئاسان ڕوو لە توندوتیژی دەکەن، ئەمە لەلایەک و لە لایەکی تر دەتوانرێت بە ئاسانی لەلایەن ناحەزانی جەماوەرە خۆراپسکێنەکە و دەسەڵاتە لێبێزراوەکەوە  لە خشتەببرێت و بە پێچەوانە بەکاربهێنرێت. جەماوەری باش پێویستیی بە حزبی باش هەیە بۆ ئەوەی خواستەکانی بێنەدی. حزبی باش پێویست ناکات لە بەرەی ڕاست یان لە بەرەی چەپ بێت، گرنگ ئەوەیە مەرجی حزبی باشی تیادا بێت، ئیتر نوێنەری کام چین و توێژێکە ئەوە گرفت نییە. لە خوارەوە هەوڵدەدەم بۆچوونم سەبارەت بە حزبی باش، لە سایەی ڕژێمی دێموکراتیدا، لە گرنگەوە  بۆ گرنگتر و گرنگترین ڕیزبکەم. 
نیشانەکەنی حزبی باش:
چەکبەدەست (ميليشيا) ی نییە. هێزی پاراستنی وڵات و دەوڵەت تەنیا لە ئەستۆی هێزی سوپا و هێزی پۆلیسی ناوخۆی سەربە حکومەتی هەڵبژێردراودایە.
خاوەنداری جومگەکانی بازارگانی ناکات. ئەو دەرفەتە بەتەواوی دەخرێتەدەستی کەرتە گشتی و تایبەتەکە. کۆمپانیای قازنجبەخش دانامەزرێنێت بۆ بەربەرەکانیکردنی کاسپکارانی کەرتی تایبەت و کۆکردنەوەی پارە بۆ حزبەکەی. 
سکرتێر (سەرۆک، ڕابەر)ەکەی لە لیستی کاندیدەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ناوی دەبێت و پاش بەدەستهێنانی دەنگی پێویست لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەندا ئامادەبوونی دەبێت. 
یەک تاکە سەرۆک یان سکرتێری هەیە نەک دووان. ئەو جۆرە دیاردەیانە بۆ ڕازیکردنی تاکەکەسە وەک دروشمێکی دیار و پیرۆز کە ئەوە نیشانەی دیاردەی ناو حزبی باش نییە، یان بۆ رازیکردنی کۆمەڵێکی دەسەڵاتداری تایبەتە. یان بۆ خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی ڕوودانی ئەو چەوتی و هەڵە چاوەڕیکراوانەی ڕوودەدات لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکاندا، ئەو جۆرە حزبانە یەکێک لەو دوانە ئامادەدەکەن بۆ قوربانی پێدان و بێتاوانکردنی ئەوەکەی تر. 
دیاردەی گۆڕینی ڕابەر تیایدا ڕووئەدات؛ هەر کاتێک ڕابەری حزب (سەرۆک/سکرتێر) نەیتوانی لە ڕووی ژمارەی دەنگدەرانەوە لە هەڵبژاردنی گشتیدا دەنگی پێویست بەدەستبهێنیت، یان سەرکەوتنەکەی لە چاو هەڵبژاردنی پێشوویدا نوشوستی هێنا ئەوسا یان ڕابەرەکە خۆی وازدەهێنیت یان حزبەکە لە ڕێی بەستنی کۆنگرەوە هەوڵی گۆڕینی دەدات و لەبرێکی بۆ دەدۆزیتەوە. حزبی خراپ دیاردەی نەگۆڕینی ڕابەر تیایدا سەرەڕای نوشوستیهێنان ئاساییە. 
هاوبڕوایی لە نێوان ئەندامانیدا لە لایەک و لەلایەکی ترەوە لە نێوان سەرکردایەتی و ئەندامانیدا باڵدەکێشێت بەسەر هەموو کاروبار و دەربڕینی بیروبۆچوون لە چوارچێوەی شێوەی بیرکردنەوەی سەرەکیدا. هەر ئەندامێک بە ڕوونی و راشەکاوەیی هٶشیارە لەوەی حزبەکەی لە بەرەی ڕاستە یان چەپ. 
حزبی باش جگە لە باشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگە پرسێکی تر ناکاتە پرسی هەرە سەرەکی لە پرۆگرامیدا، ئەگەر بیکات دەبێتە حزبی یەکپرسە. لە ڕژێمی دێموکراتیدا ئەو جۆرە حزبانە ئەگەر بۆ ماوەیەکیش هوریای جەماوەری هێزیان بداتێ پشوویان کورتە و داڕمان چارەنووسیانە.
دیموکراتیی ناوخۆی حزب و دیوڕوونی (الشفافية) لە نێوان سەرکردایەتی و ئەندامانیدا بە شێوەیەکی ڕاشەکاوەیی ڕەنگدەداتەوە؛ هیچ نیشانەیەکی پرسیار لەلای ئەندامان سەبارەت بە کردەوە و دەربڕینی ڕابەرانیان بەبێ وەڵامنامێنێتەوە.
لە کاتی زۆر دژوار و مەترسیداردا نەبێت لە هیچ کاتێکی تردا لەگەڵ بەرەی دژ (ڕکابەر)دا حکومەت پێکناهێنێت. 
زانپەروەری (العلمانية/ سێکولاریزم) ،کە بەردی بناغەی هەموو خاڵەکانی پێشووە، دەکاتە بنەمای باوەڕی لە پیکهێنای دەستووری وڵاتەکەدا. 
زانپەروەری ئەو بڕوایەیە کە دەستووری دیموکراتیی وڵاتێک دەیکاتە سـیستەمی دەسەڵاتداری بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگە لەسەر بنچینەی بێلایەن لە ئایین، مەزهەب، نەتەوەگەری، ڕەوشتوخووی کۆمەڵایەتی یان هەر دیاردەیەکی گەرایەتیی تر کە مەترسی ئەوەی هەبێت توندڕەوی و دەمارگیری بهێنێتە کایە. ئەو جۆرە دیاردەیانە یاسا بەرپسیارێتی دەکات نەک پەیڕەوو و پرۆگرامی حزبیانە. ئازادیی مرۆڤ لە هەڵسوکەوت و سەربەستیی دەربڕیندا بە پەیرەوکردنی یاسابۆدانراوەکان بە پێی بڵاوکراوەی مافی مرۆڤ لە پرۆگرامیدا دەچەسپێنیت. بەکارهێنانی دیاردە و دروشمی ئاینی، نائاینی، خێڵگەرایەتی و هەموو ئا و نا ــ کانی تر لە دەرفەتە فەرمێکاندا نەشیاو و ڕێگەپێنەدراون، و هەموو بڕواخوازی، باوەڕخوازی و گەرایەتییەکانی تر لە چوارچێوەی مافی کەسیدا بۆ تاکە کەس بەپێی یاسا لە دەرەوەی دەرفەتی سیاسەتگەرایەتیدا ئازادن و ڕێگەپێدراون. تیایدا حزبە سیاسییە جەماوەرزۆرەکان بەرنامەی کاریان لەسەر بنچینەی باوەڕبوون بە دیموکراتیی زانپەروەرانە دادەمەزرێنن. بڕبڕە پشتی ئەو سـستەمەیش بەردەوامبوون و گەشەکردنی ئەو باشگوزەرانییەی کۆمەلگەیە کە حزبەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی سیاسی ڕکەبەرایەتیی لە پێناودا دەکەن. هێزی سەربازی تیایدا تەنیا لە پێناوی پارێزگاری لە وڵاتەکە و سیستەمەکەی ڕێکدەخرێت و بە هیچ جۆرێک ئامادە ناکرێت بۆ هێرشبردنە سەر وڵاتانی تر لەسەر بنەمای سۆزگەری ئاینی، مەزهەبی، نەتەوەخوازی یان ئابووری.  
وڵاتی سامانداری کەمژمارەی دانیشتوان و خاوەنی سـستەمی نازانپەروەر دەتوانێت باشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییەکانی تا ڕاددەیەکی گونجاو  و بۆ ماوەیەکی نەزانراو دابین بکات، بەڵام بەرزی و نزمیی ڕاددەی دەرامەت و سامانداری لە نێوان کەمینە و زۆرینەیدا لە ڕووی جۆری کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتە بەردەستەکاندا لە نێوان چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا دەگاتە ڕاددەی نادادپەروەرانەی بێ بیانوو. ئەوەیش لەو ڕێگەیەوە کە گەندەڵیی بێلێپرسینەوە بە شیوەیەکی دیار و ئاشکرا خۆی دەخزێنیتە ناو بەرێوەبەرایەتییەکانی ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەوە. هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی زانپەروەر گەیشتبێتە راددەی باشگوزەرانی، حزبی نازانپەروەر تیایدا گەشەناکات. خۆ ئەگەر کۆمەڵگەکە هێشتا نەگەیشتبێتە ڕاددەی باشگوزەرانی، با سـستەمەکەی زانپەروەرانەیش بێت هێشتا مەترسیی ئەوە دەمێنێت بە شێوەیەک لە شێوەکان حزبێکی کۆنباو لە ڕیی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوسا سـستەمەکە و دەستکەوتەکان بدەنە بەر پاچوپێمەڕەی بیانووی جۆراوجۆر و بیری جەماوەری پێ بشۆنەوە و تەوژمی تەکانەکان بەرەو باشگوزەرانی لەبارببەن، وەک ئەوەی لە تورکیای ئەمڕۆدا خەریکە دەقەومێت، هەروەها لە هەندێک وڵاتەکانی دەروخولیشیدا کە سـستەمی زانپەروەری تیایاندا یان هێشتا نەگەیشتووە بە ڕاددەی دابینکردنی باشگوزەرانی یان هەر نییە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×