کی لەدۆخی تەندروستی کۆیە بەرپرسیارە؟

د. ئەژین هاشم عەلی
  2021-01-18     1768
ڕوون‌و ئاشکرایە بۆ هەمووان لەسەرەتای درووستبوونی مرۆڤەوە یەکێک لە ئاستەنگە قورسەکانی بەردەمی بەردەوامبوونی ژیان، نەخۆشییە، بەتایبەتی نەخۆشییە کوشندەکان کە هۆکاری لەدەستدانی ژیانی مرۆڤەکانن. هەر لەوسەردەمەشەوە ووردە ووردە زانستی تەندرووستی پەیدا بووە و هەڵیداوە. زاناکان هەردەم لەهەوڵی چاککردن و چارەسەری کێشە وگرفتەکانی بەردەم  سیستمی تەندرووستیدان بۆ ڕێگریی لەمەرگی کتوپر و باشتر چارەسەرکردنی نەخۆشییە مەترسیدار و درێژخایەنەکان. 

خێزانەکەی ئێمەش وەک هەموو خێزانیکیتری ئەم هەرێمە بێبەش نەبووین لە نەخۆشکەووتن و لەدەستدانی ئازیزان. ئێمەش بەساتەوەختێکی قەیراناویدا تێپەڕین و لەم ماوەیەی دواییدا، بەداخەوە شایەتی نەخۆشکەووتن ودواتر لەدەستدانی دوو کەسی نزیکم بووم. بەڕای من بە هۆی لاوازی کەرتی تەندروستی کۆیە و بێ خەمی بەرپرسانی شارەکە ئەو ئازیزانەمان باجی قورسیاندا و کۆتاییەکەی بەلەدەستدانی ژیانیان تەواوبوو.

ئەمە وایلێکردم ئەم ڕاپۆڕتە بنووسم و لەخۆم بپرسم، بۆچی ئەم دوو مرۆڤە ئازیزە گیانیان لەدەستدا؟! هۆکارەکان چین؟ دەتوانرا ڕێگریی لە مەرگیان بکرێت؟ پێویستە چی بکرێت؟ 

بەرلەوەی دەستبەگێڕانەوەی ئەم رووداوانە بکەم، دەمەوێت سەرنجی خوێنەری بەڕێز بۆ دووخاڵی گرنگ ڕاکێشم:

-یەکەم، من بۆخۆم پزیشکم و هەر لێرەشەوە دەستی ماندووبوونی هەموو ئەو پزیشک و پەرەستار و کارمەندە بەڕێزانە دەگووشم، کە هەردەم لەهەمووساتەوەختە قەیراناویەکانی بەسەر هەرێمەکەماندا تێپەڕیووە، خۆبەخشانە کاریان کردوە و جێگەی خۆیان چۆڵ نەکردوە و پێشمەرگە ئاسا خەریکی چارەسەری برینە ساڕێژنەکراوەکانی گەلە بیبەش و بێکەسەکەمان بوون. بەتایبەت لەکاتی سەرهەڵدانی پەتای نەگریسی کۆڕۆناو نەبوونی مووچەدا، کەهەردەم نەخۆشخانەکان بەڕووی هاووڵاتیاندا کراوە بووە و کراوەیە. 

-دووەم، لەپشت ئەم نووسینەوە هیچ شتێکی شەخسی و تایبەتی دژ بەهیج حیزب و لایەن و کەسیکی دیاریکراو نیە، ئەوەی ئەم نووسینە دەهێنیتە سەرخۆی، ئەوە پەیوەندی بەخودی خۆیەوە هەیە و من لێی بەرپرس نیم.

٢
ئەمەش کورتەی ڕووداوەکانە، 
-هەردوو نەخۆشەکە دووچاری جەلتەی مێشک بوون بەڵام بەهۆکاری جیاواز. لەڕاستیدا جەڵتەی مێشک هۆکاری زۆرە. یەکەم نەخۆش وەک زۆرینەی نەخۆشەکانیتری شاری کۆیە، کە زانرا تووشی جەڵتەی مێشک و بەوهۆیەشەوە دووچاری خوێنبەربوونی مێشک بووبوو، بە شێوەیەکی ڕۆتین یەکسەر لە نەخۆشخانەی کۆیەوە بۆنەخۆشخانەی هەولێر گوێزرایەوە. بەوپێیەی هەولێر لە سلێمانی نزیکترە و نەخۆشەکە پێویستی بە نەشتەرگەریی کتوپڕی  مێشک هەبوو. لەهەولێربە هۆی دواکەووتن لەبڕیاڕدان و گرانی نرخی نەشتەرگەرییەکە نەخۆشەکەمان لەهەولێرەوە بۆ سلێمانی گواستەوە. لە سلێمانی ونەشتەرگەرییەک و ئەوەی توانرا بۆیکرا، بەڵام کاتێک کەکار لە کار ترازا بوو و دوای مانەوەی بە مانگێک نەخۆشەکە بەداخەوە کۆچی دوایی کرد .

-نەخۆشی دووهەم یەکێک بوو لەو سەدان نەخۆشانەی بەهۆکاری کۆرۆنا دووچاری جەلتەی مێشک بووبوو. لە دوای نەخۆش کەوتنی بە یەک هەفتە گیانی لەدەستدا و هەزاران بیرەوەری تاڵ و شیرینی بۆ جێهێشتین.  

-لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بەهۆی ئەم نەخۆشانەوە سەردانی نەخۆشەکەمان و واتە نەخۆشخانەی کۆیەم دەکرد، سەرنجی چەند خاڵێکم دا، کە لێرەدا دەمەوێت بە کورتی بۆتانی بخەمەڕوو: 

١-   وەک هەموو نەخۆشخانەکانیتری هەرێم، لە دەرگای چوونە ژوورەوەی نەخۆشخانە گەورەکەی کۆیە، شوێنیک هەیە بەناوی پێشوازی، کە پێشوازی لەهەمووجۆرە نەخۆشێک و سەردانکەرێک دەکات. لەم بەشە پێویستە بەلایەنی کەم کارمەند و پەرەستاری پێویستی لێبێت، تا نەخۆخشەکان ڕێنمایی و ئاڕاستە بکەن بۆ ئەو شوێنانەی پێویستە. 
ژووری پێشوازی لەکۆیە پێکهاتووە لە مێزێکی دوور و درێژ و بەچەند تاکە قەنەفەیەکی کۆنی شڕ ڕازێندراوەتەوە!! 
لە ماوەی سەردانەکانی ئەم چەند رۆژەمدا هیچ کارمەندێکی پێشوازیم نەبینی، لێمبرسێت بۆچی هاتوویت؟  چیت پێویستە؟  یان بێ ئیش بۆت نیە بچیە ناو نەخۆشخانەکە؟؟!!

٢- بەشی فریا کەووتنی شارەکە بە سەر پزیشکێکی خولاوی تازە دەرچوو لە کۆلیجی پزیشکی و هیلاک و بێ مووچە دا بە جێهێلراوە. بە بێ پاڵپشتی راستەوخۆی پزیشکی پایەبڵند و پزیشکی پسپۆر. 

بەگشتی لە سیستمی تەندرووستی هەمووجیهان وبەتایبەتی لە ناوچەکەدا، لە شوێنە هەستیارەکان پیویستە پزیشکی خولاو و پزیشکی پایەبڵند بوونیان هەبێت، جگەلەوەی پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگر پێویستە ٢٤ کاتژمێرلەئامادەباشیدا بێت، بۆهەموو ئەگەرێکی نەخوازراوو و بۆئەو کاتانەی پێویست بەڕاوێژی پزیشکێکی بەئەزمون و تابەتمەندە دەکات. تا ئێستێ‌س بەخۆشحاڵیەوە لە زۆرینەی شارە گەورەکانی کوردستاندا ئەم جۆرە سیستمە پیادە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە لەشاری کۆیە لەهەموو بەشەکانی نەخۆشخانەی کۆیە ئەمە بەدی ناکرێت؟!. 

-پزیشکە خولاوەکانی کۆیە بەهەموو توانایانەوە و زۆر بەلەخۆبووردەیی ئەوەی لە توانایاندا هە بێت دەیکەن و دواتر بۆ چارەسەری زیاتر و چڕوپڕتر نەخۆشەکانی باری تەندرووستیان ناجێگیرە  ڕەوانەی هەولێری دەکەن، لەبەرئەوەی ئەوچاودێرییەی پێویستە بۆنەخۆشێک کە ژیانی لە مەترسیدایە هەبێت، لە کۆیە دەستەبەر نیە!!.

٣ -  یەکێک لەبەشە هەرەگرنگەکانی هەموو نەخۆشخانەیەک، جگە لەبەشی فریاکەووتن (ئیمرجەنسی) بەشی چاودیری ووردە (عنایە مرکزە). ئەم بەشە بەشێکی هەستیارە و وەک ناوەکەی خۆی ئەو نەخۆشانە لەخۆ دەگرێت کە ژیانیان لەمەترسیدایە و پێویستیان بە چاودێری وورد و چڕ هەیە. ئەم بەشە دەبێت پزیشکی تایبەتمەندی چاودێری وورد (بەداخەوە لە کوردستاندا کەمن) یان بەلایەنی کەم پزیشکی بەشی بێهۆشکاری و پەرستار و کارمەندی تایبەت بەڕێوەیوەیبەرن، جگە لە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و چەندین ئامێری تایبەتمەندیتر. ئەمبەشە بەشێکی زۆر پێویست و هەستیارە . جیاوازی بەشی چاودێری وورد لەگەڵ قاووشەکانیتر لە شاری کۆیەدا تەنیا،  تابلۆی سەر دەرگاکەیەتی و هیچیتر؟!

٤-  لەگەڵ ئەوەی خۆم پزیشکم و لە هەموو ئازار و خەمەکانی هاوکار و هاوپیشەکانم باش تێدەگەم، بەتایبەت لەم بارودۆخە قەیراناویەیی کە پێیدا تێدەپەڕین و لە نەبوونی مووچە و هاتنی پەتای کۆڕۆنا، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ڕام وایە، ئەوەی دێتە سەرکار لەهەر دامەزراوەیەکی کوردستان بێت، پیویستە ئەرکی سەرشانی بەڕێکوپێکی جێبەجێ بکات. 
لە کاتی سەردانیکردنم بۆ نەخۆشخانەی کۆیە، وەک ووتم لەبەر هۆکاری سەردانی نەخۆشی خزم و کەس بوو، تێبینم کرد هەندێک لەبەشەکان داخراوون . بۆنمونە نەخۆشێکی بە تەمەنم بینی بە دوای کارمەندی بەشێکەوە وێڵ بوو ودەگەڕا، تا ئەوساتەی ئەوڕۆژە من لەوێ بووم، کە نزیکی کاتژمێرێکی خایاند، بەداخەوە کارمەندەکەی نەدۆزییەوە!! 

-لێرەدا جێگەی دەستخۆشییە کە بەشی تاقیگای نەخۆشخانەکە هەموویان لەسەرکار بوون و کاریان بەدڵسۆزی دەکر، خۆشبەختانە کارەکی من لە تاقیگە بوو. هەر کە حاڵەتەکەم تێگەیاندن کارمەندەکانی لەوێ بوون، دەستبەجێ  ئیشەکەیان بۆ ڕاپەڕاندم و لێرەوە زۆر سوپاسیان دەکەم .

٥-  بەڕێوەبەڕی ئێشکگر، ئەو کارمەندەیە لە بری بەرێوەبەڕ لە دوای دەوامی بەیانیان کارەکانی نەخۆشخانە بەڕێوەدەبات و پێویستە لەنەخۆشخانە بمێنێتەوە و بەجێی نەهێڵێت، تاکو هەر پێویستیەک و کەموکورتیەک هەبێت، لە ڕێگەی خۆیەوە پڕی بکاتەوە و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە. بەڵام لە کۆیە نەک ئەو ڕۆژە بەڕێوەبەڕی ئێشکگر لەدەوام نەبوو و ژوورەکەی داخرابوو، بەڵکو کە هەواڵم پرسی، ووتیان گەر ئیشی پێویستتان پێیەتی، بڕۆنە ماڵەوە بۆ لای؟؟!!

٦ - لە هەمووی گرنگتر ؛ 
ئەو نەخۆشخانەی ئێمە پێوستیان بە بینین و ڕاوێژی پزیشکی پسپۆری هەناوی و  مێشک و دەماربوو. نەخۆشی دووهەمیان پیویست بوو، دواتر لەلایەن پزیشکی بیهۆشکارییەوە هەڵبەسنگێندرایە. دوای چەند کاتژمێرێکی قورس لە چاوەڕوانی و هیوا بەداخەوە بە دیداری هیچیان شاد نە بووین؟!  دوای ئەوەی لەنەخۆشخانە دڵنیایان کردین، چاکتر وایە بە تەمای بینینی هیچیان کات بەفیڕۆ نەدەین،  بە ناچاری نەخۆشە کەمان بۆ ماڵەوە برد. 
ئەوەندەی من بزانم و پرسیارمکردبێت، تێیان گەیاندم کە هەندێک لە بەشەکانیتریش هەربەهەمان شێوەن و نەخۆش بەهەمان ئاقاردا دەڕوات؟!. 
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی تایبەتیم پێشکەش بە بەڕێز کاک دکتۆر هۆشمەند پزیشکی پسپۆری شکاوی بکەم هەبوو، لەگەڵ ئەوەی دەوامی نەبوو، زۆر زوو بەهانامانەوە هات وسەردانی کردین.

بەهۆی ئەم ڕوداوانەی بەسەر خێزانەکەماندا هات و ڕووکردنمان لە نەخۆشخانەی کۆیە، بۆم دەرکەووت کەرتی تەندرووستی کۆیە بە ئەندازەیەک پشتگوێ خراوە کە لەوەدەچێت یەکێک بێت لە لاوازترین بەشەکانی کەرتی تەندرووستی هەرێمی کوردستان.  گەر بۆم هەبێت ئیدارەی نەخۆشخانەکە هەڵبسەنگێنم ئەوا بەڕاشکاوانە دەڵێم،  نەخۆشخانەکە بە هەموو پێوەرێک ئیدارەیەکی لاواز بەڕێوەی دەبات. 
ئەوەندەی من ئاگاداربم و پرس و جوم کردبێت، ئەم ئیدارایە بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆناش هەروا بووە . 


تێبینی :
١- من وەک پزیشکێکی کۆیی ولە ئێستادا دانیشتووی شاری سلێمانیم داوای لێ بوردن لە دانیشتوانەکەی دەکەم، کە بەداخەوە نەمتوانیەوە  تا ئەمساتەی ئەمەی تیادا دەنووسم  هیچ خزمە تێکی تایبەت بە هاووڵاتیان و شارە خۆشەویستەکەم ،کۆیە، بکەم.  هەرچەندە ئەوەندەی من ئاگادارم لەلایەن بەشی نەشتەرگەرییەوە، کە خۆم پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەریی گشتیم هیچ درێغیان لێ نە کراوە . 

٢- هەر بەرپرسێک (حکومی یان حیزبی) پاساوی بۆ ئەم نووسین و ڕووداوانەی بەسەرماندا هاتووە و داخۆ بەسەر چەند کەسیتردا هاتبێت،  ئەوە بێ:" هیچیان پێ ناکرێ"!  لێرەوە داوایان لیدەکەم بە زووترن کات دەستلەکار بکێشنەوە و تاکو کەسانی شیاو و بەتوانا و بڕیاڕدەر جێگەکەیان پڕ بکانەوە. 

٣-  من وەک خۆم کە پزیشکێکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتیم و دڵنیام  بە سەدان و بگرە هەزاران  پزیشک و کارمەندیتریش لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک کە بەدڵسۆزی لە کەرتی تەندرووستیدا خزمەت دەکەین، داواکارین لەو پەرلەمانتارانەی لە سەرشاری کۆیە ئەژمار دەکرێن و سەر بە هەرحیزبێک ولایەنێکن وهەموو ئەو بەرپرسە حیزبیانەی دەسەڵاتیان هەیە و بوێرن و دەتوانن گۆرانکاریەک بکەن، تکایە با فریای کۆیە بکەوون با کەسیتر باجی پەراوێزخستنی کەرتی تەندرووستی لە شاری کۆیە نەدات. 

د. ئەژین هاشم عەلی
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی
سلێمانی ١٨/١/٢٠٢١

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×