ئایا پارتی هەردو پۆستە باڵاکەی دەکەوێ؟
نالی پێنجوێنی
2019-01-25   1226
پارتیی، لەگەڵ یەکێتییو گۆڕان لە هەوڵء گفتوگۆدایە، تا کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێو سەرۆکایەتی هەرێم کارا بکاتەوە. مشتیشی لە هەردوو پۆستە باڵاکە خۆشکردووە. ئەو حیزبە لە خیتابی خۆیدا، ئەو دوو پۆستە، وەك مافی خۆیو ئیستیحقاقی هەڵبژاردن ناودەبات!. ئەوە ڕاستە، پارتیی بە ژمارەی کورسی لە پێشی هێزەکانی ترەوەیەو دەنگی زیاتری هێناوە. بەڵام ئایا ئەوە دەکاتە ئەوەی ئەو دوو پۆستە باڵایە وەك ئیستحقاقی هەڵبژاردن بۆ ئەو بێ؟ ئایا هێزەکانی تر، کە ژمارەی کورسییەکانیان لە پارتیی زیاترە، مافی ئەوەیان نییە یەکێ لەو دوو پۆستە وەربگرن، ئایا ڕازی دەبن پارتیی هەردووکیان ببات؟
سەرەتا با بزانین ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان مافی ئەوە بە پارتییو یەکێتیی دەدەن وەك دوو هێزی براوە خۆیان ناوزەند بکەنو بەدەنگی بەرز باسی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بکەن!. بێگومان نەخێر. چونکە لەلایەکەوە، ئەو ڕێژە کەمەی بەشداریی خەڵك لەهەڵبژاردنەکان، شەرعییەتی پرۆسەکەی لاوازکردو خستیە ژێر پرسیار. لەولایشەوە، کەس نکولی لەوە ناکات، هەڵبژاردنەکە بە سەرکەوتووییو بێ غەلوغەش بەڕێوەنەچوو، فڕوفێڵو تەزویرێکی زۆری تیاکرا. ئەوەش هێندەی تر، شەرعییەتی پرۆسەکەی لاوازکردو گومانی زۆری لەسەر ئەنجامەکان درووستکرد.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەوەی وای لە پارتیی کرد، خیتابو ستراتیژییەتی بردنی هەردوو پۆستە باڵاکە دابڕێژێ، بێ دەنگییو بێ پلانییو بێ ستراتیژیی لایەنەکانی دەرەوەی ئەو حیزبە بوو، ئەوان نەیانتوانی ڕوئیاو خیتابێکی هاوبەش، بۆ پێکهێنانی حکومەتو کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم دابڕێژن.
پارتیی ئەو هەلەو ئەو بۆشاییەی قۆستەوەو خیتابی خۆی تەبەنییو زاڵکرد. بۆیە ئێستە داوای هەردوو پۆستەکە دەکاتو بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێ. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو حیزبە تەنها مافی یەکێك لەو دوو پۆستە باڵایەی هەیە. ئەگەر گۆڕانو یەکگرتووو کۆمەڵو نەوەی نوێ( هەرچەندە تا ئەمڕۆش ئەو حیزبە هیچ ناسنامەیەکی نییە) تەنانەت یەکێتیش کە لە چوارساڵی ڕاردوودا جگە لە پاشکۆیەتی پارتییو خۆنواندنو موزایەدەی سیاسییو زیندووکردنەوەی شەڕی کۆنەقینی مەلاییو جەلالیی، تۆزقاڵێ ستراتیژییەتو ڕوئیایان بۆ حکومداری هەبووایە. ئێستا، پارتیی وا بەو ساناییە نەیدەتوانی مشت لەو دوو پۆستە خۆشبکات.
تەوریسیی سیاسیی لە حیزبەوە بۆ دەستگا هەستیارەکانی حکومڕانیی بگوێزێتەوە. لە دە ساڵی ڕابردوودا، یەکێتیی بۆ پۆستێکی تەشریفاتی سەرۆککۆمار لەبەغدا، پارتیی کردە فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستانو خۆی بە شەڕی گۆڕانەوە سەرقاڵکرد. سەرەنجام، هەموومان بینیمان، ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان چی لێهات، نیوەی خاکی هەرێمەکە لەدەستچوو، مووچەو قووتیی پێشمەرگەو فەرمانبەران بوو بە نیوە، دەمارەکانی دوو ئیدارەییو دوو زۆنە حیزبییەکە لەجاران زیاتر ڕەپبوونو سنوورەکانیان تۆختر بوونەوە.
ئەو خیتابە ئێکسپایەر بووە، کە پارتیی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، بە پشکی خۆی دەزانێو بەرانبەر پۆستی سەرۆکایەتی عێراقی دادەنێ. ئەو دابەشکارییە هی سەردەمی فیفتی بەفیفتییەو حەقی خۆیەتی لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حیزبە، حسابی تورێکی قوڕاوی بۆ نەکەن. ئەوان لە ڕابردوودا، بێ پلانو خەمسارد بوونو بڕێك لە گوناهی ئەو کارەساتانەیان بەردەکەوێ. دەکرێ بۆ قۆناغی ئێستا، ستراتیژییەتێکی نوێ دابڕێژن، تەبەنیی خیتابێکی نوێی بانحیزبیی بۆ حکومرانیی بکەن.
ئیمتیازاتی شەخسییو حیزبیی وەلابنێن، لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتییو ڕێگەگرتن لە گواستنەوەی تەوریسی بنەماڵەیی، ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانەی ئەو دوو حیزبە بەسەر کوردستانیان هێنا، کەسایەتییەکی بێ لایەنو بانحیزبی بۆ یەکێك لەو دوو پۆستە کاندید بکەن؟ وەک ئیستیحقاقی ئینتیخابی دەستەجەمعی خۆیان، پێ لەسەر ئەو داوایە دابگرن، نەك ڕازیبن دەستگا گرنگو باڵاکان بە بنەماڵەیی بکرێن. ئێستا، هەرکام لەو لایەنانە، بە یەکێتییشەوە، مەرجەکانی پارتیی قبوڵ بکاتو ڕازیی بێت هەردوو پۆستەکە بۆ ئەو حیزبە بێتو ئۆکەیی بۆ بکات. بێگومان، خۆی دەکاتە پاشکۆ و پسوڵەی فەرمانڕەوایی تاکڕەوانە، بۆ دەسەڵاتێکی شکستخواردوو، نوێ دەکاتەوە.