وانەیەک لەئەمەریکاوە!

عەبدوڵا رێشاوی‌
  2021-01-22     445

لە ماوەی یاخی بونی ترەمپ و  لایەنگرانی چەندەھا سیناریۆ گریمانە دەکران لە ئەمەریکا و لە رۆژەکانی گواستنەوەی دەسەڵاتدا رووبدەن.
ھەر لە خۆپیشاندانی گەورەتر و ترسناکتر لەوەی شەش مانگ بۆ سەر کۆنگرێس تا کۆدەتا، تا جێنەھێشتنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە تا یاخی بون لەناو سوپای ئەمەریکاو سوپای پاراستنی نیشتیمانیش، تا دەستکاری و یاریکردن بە پلاکی چەکی ئەتۆم لە لایەن سەرۆکێکی دڵشکاوەوە!
ئەو ھەمو گریمانە خراپە کران، زۆربەی وەک ئەگەرێکی بەھێز خرانە سەر مێزی دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان تا بەمێزی سەرۆک خۆی دەگات.

سینەمای ئەمەریکیش خۆی پڕیەتی لەو جۆرە گریمانە مەترسیدارانە و بگرە لەمانەی ئێستا مەترسیدارتر.
بەھەر حاڵ ئەو ھەمو نوقڵانە خراپە -وەک لای خۆمان دەڵێین- لێ درا کەچی دەبینین وا بەشێوەیەکی ئاسایی دۆخەکە تێپەڕ دەبێت و ھەمو ئەو مەترسیانە وەک بڵقی ئاوی پاش باران بەناخی زەویدا دەڕۆن و ون دەبن و شتێکی مەترسیدار لە ئەمەریکا روی نەدا.

پرسیار ئەوەیە کەواتە ئەو ھەمو سیناریۆو گریمانە مەترسیدارانە بۆچی؟
ڕاستی لێرەدا ئەمەیە میللەت و دەوڵەت و دام و دەزگای زیندوو ھەمیشە تا ئەوپەڕی بیرکردنەوە بیر دەکاتەوە ، دەوڵەتی زیندو نەک تەنھا چاوو گوێی کراوەیە بەڵکو خەیاڵ و پێشبینی و لێگدانەوەشی تا ئەو پەڕی دەبات. خراپترین ئەگەرەکان لێک دەداتەوەو خۆی بۆ ئامادە دەکات و بێخەم لێی دانانیشێ.

خەیاڵی ڕاحەت نیەو ھەردەم لە باشترین حاڵەتا خۆی  بۆ خراپترین حاڵەت ئامادە دەکات.
دەوڵەت و دەزگا و کەسی ھۆشیار ھەرگیز پەرێز لەپێشبینی خراپ ناکات و ناوی «نوقڵانەی خراپ»ی لێ نانێ ، بەڵکو وەک ئەگەرێک لە پێشچاوی دەگرێ و  مستەحیل بە ممکن دەبینێ تا ئەگەر ڕویدا بەسەریدا زاڵ بێت ، ئائەمە نھێنی ئەو ھەمو سیناریۆ گریمانکراوەی ئەمەریکایە کە یەک مانگە بە گوێی ئێمەدا دەدرێ و واشتنیش وەک راستی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

کەواتە ئەوانەی دەیانەوێ ئایندەو دەوڵەتی بەھێز بونیاد بنێن دەبێ ئاوا ئەمەریکیانە بیرکەنەوە، نەک لە چاوەڕێی مژدەی خۆشدا خەیاڵ ڕاحەت لێی نوستبن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×