ئایا ئەستێرەی دەسەڵات بەرەو ئاوابوونە؟

دییە عەلی
  2021-02-07     462
مامۆستا عەلی باپیر؛ ئەگەرچی پیاوێکی دنیا دیدە و خوێنەوارە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کەبەهەڵەدا ناچێ؛ یان ناکەوێتە گەمە و ململانێی سیاسییەوە، کەئەمرۆ لەم گەمەیەدا هەموو شتێ واریدە، ئیتر شەرعی بێ یان نا شەرعی، هەرئەمەشە ئیشکالی بۆ هێزە ئیسلامییەکان یان ئیسلامی سیاسی دروستکردووە، چونکە ئەوان ئیدیعای پاکی و بەرزی پەیامی ئیسلام دەکەن، بەڵام زۆرجار تێوە دەگلێن بەململانێی ناشەرعییەوە، تائێرە سەرەنجێکی بچوک بوو..

بابێینە سەر قسەکەی مامۆستا عەلی باپیر، مامۆستا دەڵێ "ئەستێرەی ئێمە لەدەرەوشانەوەیە و هی دەسەڵاتیش روو لەئاوابوونە، هەرئەوەیە ئەوانی نارەحەتکردووە".
من نازانم، عەلی باپیر
ئەم قسەی بەتەواوی قەناعەتیەوە کردووە، یان وەک شەڕی دەرونی کردووە؛، ئێمە کارمان بەوەوە نییە، بەڵکو ئێمە تەحلیل قسەکە دەکەین.
لەکوێدا ئەستێرەی دەسەڵات لەئاوابوندایە یان پێگەکەی لاواز بووە؟
ئەم قسە دیقەتی تێدا نییە، راستە نارەزایەتی لەئاستێکی بەرزدایە، بەڵام هێشتا ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە لایەنگرانی دەسەڵات پشت لەدەسەڵاتبکەن و بەدوای بەدیلدا بگەڕێن، ئەمە بۆمن ئازاربەخشە، بەڵام راستیە و نابێ نکۆڵی لێبکەین.

بەداخەوە ئەو هێزانەی خۆیان بەبەدیل دەزانن گرفتاری دەیان کێشە و قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکین، ئەمەش زۆربەی وزەی ئەم هێزانەی کوشتووە، بەجۆرێ هەوادارانی خۆشیان متمانەیان پێناکەن.

شتێک کەگرنگە هەڵسەنگاندنی پێگەی هێزەکانی پێبکەین؛ هەڵبژاردنە؛ هەڵبژاردنی پێشوو لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتوودا کەبریارە لەکۆتایی ئەمساڵدا بەرێوە بچێ.

، هەرچەندە ئەم دوو هەڵبژاردنە زۆر جیاوازن لەرووی پێگەی هێزەکانەوە، بەڵام دەشکرێ هەریەکەیان شیتەڵ بکەین و ئاست و پێگەی هێزەکان دیاری بکەین.

لەهەڵبژاردنی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق2018 دا، کۆمەڵ دوو کورسی لەپەرلەمانی عێراق هێنا، یەکێک لە سلێمانی و ئەویتریان لەهەولێر، ئەمە لەکاتێکدایە ئەوکات سلێمان یەک بازنە بوو، ئەمجارە بووەتە پێنج بازنە، واتە دەنگەکان پێنج جار پەرت دەبن.
هەولێر لەهەڵبژاردنی پێشودا یەک بازنە بوو، لەهەڵبژاردنی داهاتوودا چوار بازنەیە، واتە دەنگەکان چوارجا پەرت دەبن، دەنگی هیچ بازنەیەک ناچێ بۆ بازنەکەیتر، ئەمە. ئەو مەترسیە گەورەیە کەلەسەر حزبە بچوک و بێ دیسپلینەکان دروست دەکات.

لەهەڵبژاردنی 2018دا پارتی 724 هەزار دەنگی هێنا، کەدەکاتە لەسەدا 44.
یەکێتی، 372 هەزار دەنگی هێنا، کەدەکاتە لەسەدا22.
گۆڕان 201 هەزار دەنگی هێنا، کەدەکاتە لەسەدا 12.
نەوەی نوێ 153 هەزار دەنگی هێنا کەدەکاتە لەسەدا 9.
یەکگرتوو 98هەزار دەنگی هێنا، کەدەکاتە لەسەدا 6.
کۆمەڵ 92 هەزار دەنگی هێنا، کەدەکاتە لەسەدا 5.61.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەبریار وایە لەکۆتایی ئەمساڵدا بەرێوەبچێ، گورزێکی کەمەرشکێنە، ئەم یاسایە والێک دەدرێتەوە لەلایەن شارەزایانی هەڵبژاردنەوە بۆ قڕکردنی حزبە بچوک و بێ دیسپلینەکانە، لەکوردستانیش تاکە حزبێ خاوەنی دیسپلین و رێکخستنی تۆکمەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان و دوای ئەویش یەکێتی، ئەگینا حزبەکانی تر هیچیان خاوەنی رێکخستنی تۆکمە و دیسپلین نین، بۆیە دەبێ لەم هەڵبژاردنەدا چاوەرێی شکستگەلێکی گەورەتربن لەرابردوو، چونکە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجونەنی نوێنەرانی عێراقدا زۆربەی خەڵکانی نارازی کەزۆرینەیان دەنگیان بۆ دەرەوەی حزبەکانی پارتی و یەکێتی بوو؛ بایکۆتیانکرد، کەئەوکات دۆخەکە لەئێستا خراپتربوو، بۆیە ئەمجارەش ئەگەری زۆرە بایکۆت بکەنەوە؛ ئەوکاتیش پارتی و یەکێتی خەڵکانی خۆیان دەنێرن بۆ دەنگدان و هەڵبژاردن جارێکی تر بەبەرژەوەندی دەسەڵات کۆتایی دێ، ئێستا گرنگە لەخۆمان بپرسین کێ ئەستێرەکەی لە ئاوابوونە؟!
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×