نا، بۆ دەستەی میلیشیایی!!

کامەران قازی
  2021-02-10     743

چەپێک بۆسەر خەرمانەی( گەنجینەی نەتەوەیی کورد)
ئاوێنە بچکۆلەکان، ژمارەیەک ئاوێنەی گفتوگۆی ڕۆژانەیە بۆ پرسیارە کوردستانییەکان.
ئاوێنەی پێنجەم:

 


سڵاوێکی کوردستانی، کورد وەک نەتەوە، پێویستی بە لێکنزیک بوونەوەیە، داوای ئێمە بۆ یەکبوون لە نەتەوەکەمانە، نەک حیزبەکانی، ئەوان بۆ ئێمە ئیتر لەنرخی نەبوواندان.
دروستکردنی ھەر تاقم و دەستەیەکی نوێ، دژ بە یەکبوونی نەتەوەکەمانە، دیاردەی دروستکردنی دەستەی میلیشیای چەکدار، مەترسییەکی گەورەیە.
ساڵانێکی زۆرە، حیزبە کوردییەکان، تورکیا، ئێران و عێراق چەکێکی زۆریان ڕژاندۆتە ناو خێزانەکانی کوردەوە، ئێمە تا ماوەیەک لەمەوبەر لە فەیسبووکدا، بە سەدان وێنەمان دەبینی، کە خەڵک بە شانازییەوە، لەماڵی خۆیاندا لەگەڵ چەکەکەیاندا، وێنەیان بڵاو دەکردەوە، ئێستا ئەم دیاردە دزێوانە، وێنەگرتن لەگەڵ: چەک، ئوتۆمۆبیل و خواردن کەمتر بوونەتەوە، وێنەگرتنی لەو جۆرە نیشانەی کلتووری نەخۆشی حیزبەکانی باشوورن و ھەر ئەوان:
-  ئەو چەکانەی لە وڵاتانی خۆرئاوایان وەردەگرت، لە ڕێگای ئەفسەر و پلەدارەکانی خۆیانەوە، بەسەر وردە قاچاخچییەکانی شارەکاندا بڵاویان دەکردنەوە بۆ فرۆشتن، ھەر لەم ڕێگایەوە، کەمتر ماڵێک دەدۆزییەوە کە چەکی تێدا نەبێت، ئەمەش بوویە ھۆی:
ڕشتنی خوێنی ئەو ھەزاران ژن و کچ و کوڕانەی کە بوونە قوربانی بڵاوبوونەوەی چەک. ھەروەھا بە سەدان ملێیۆن دۆلاریشیان لای ئەو قاچاخچی و بەرپرس و ئەفسەرانە کۆکردەوە.
ئەو وڵاتانەی ناوم ھێنان و ئەو حیزبانە، بە برسیکردنی خەڵک، کۆمەڵێک دەستە و تاقمی دڕی سەربەخۆیان، بە ناوی پێشمەرگەوە، دروستکردووە، کە بۆتە ھۆی ناشرینکردنی ناوی پێشمەرگە و لەکەدارکردنی تێکۆشانی دەیان ھەزار پێشمەرگە، کە گیانی خۆیان و تەمەنی خۆیان بەخشی بۆ پاراستن و مانەوەی نەتەوەکەمان.
ئەرکی پێشمەرگە دێرینەکانە لەسەر خەبات و تێکۆشانی کوردستانیان بێنە دەنگ و بەرگریی نەتەوەیی خۆیان درێژە پێبدەن. ئەوان ئێستایش گەر خۆیان ڕێک بخەنەوە لەدەرەوەی حیزبدا، سپایەکی کوردستانی قاڵبوون، کە دەتوانن پشتیوانێکی مەزن بن بۆ هێزە کوردستانییەکەمان و سیمای تێکۆشانێکی کوردستانی ببەخشنە، بزووتنەوەکە و نەبنە تەماشاچیی شەهیدکردنی ڕۆژانەی خوشک و براکانیان لە چیا و پێدەشتەکانی نیشتمانی داگیرکراوماندا.
ئەو چەکدار و میلیشیا حیزبیانەی کە بەکرێ دەگیرێن لاوانی بێ پەنا و سەرگەردانن لە پارچەکانی کوردستاندا، بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژھەڵاتدا، کە ھەم بەھۆی ستەمی حکوومەتەکانەوە و ھەم پلانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، فریودەدرێن دەکرێنە میلیشیای چەکداریی ‌حیزبی، مەبەستی سەرەکیش:
ڕێگرتنە لە گەشەکردن و وشیاربوونەوە نەتەوەییەکە و بۆتە ھۆی گومڕابوونی ھەزاران توانای کوردیی.
بۆیە ئێمە دەبێت بە توندی دژی تاقم و دەستەی چەکدار بین: چەکدار بوونی زۆرینەی، ئەو دووبەشە بندەستە لە ڕۆژھەڵات و باشوور، خواستی دوژمنانی دێرینەی کوردە و زیانی گەورە لە بزوتنەوەکەمان دەدات، چوونکە مرۆڤی چەکدار:
-  ئەگەر لە ناو سپایەکی بەدسپلین و بۆ مەبەستی پاراستنی نەتەوە نەبێت، مرۆڤێکی سەرەڕۆ و دڕ و بێ پرەنسیپ دروست دەکات، کە بەر لە ھەر کەس، مەترسییە بۆ سەر نەتەوەکە.
- مرۆڤێکی لاوازە و توانای عەقڵیی کەمدەبێت و مرۆڤ کوشتنی لێ دەبێتە خوو، بەھاونرخێک بۆ مرۆڤ دانانێ و فێری ژیانی شڕەخۆری و بێبەندووباریی دەبێت.

ئێمە دەبێت بە توندی بەرەنگاری دیاردەی:
-  دروستکردنی حیزب.
-  دەستەو تاقمی چەکدار.
-  بڵاوکردنەوەی چەک لەناو خەڵکدا، ببینەوە.

ئێمە دەزانین، ئەو نەتەوانەی بەشێک لە نیشتمانی ئێمەیان داگیرکردووە، حکوومەتی سەربازی بەڕێوەیان دەبەن، کە مانەوەی ئەو حکومەتانەش، دروستکردنی پشێوییە لە ڕێگای میلیشیای سەربە خۆیانەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان.
ئەو بەشە بندەستانەی کورد، ئێستا لە باشوور و لە ڕۆژھەڵاتدا، لە زۆر لایەنی بنەڕەتییەوە لاوازن، زەمینەی دروستبوونی میلیشیای چەکداریان ھەیە، کە ڕەنگە بە سانایی، وەک دەستەو تاقمی چەکداری دژ بەیەک لە کاتی پێویستیدا، ئەو حیزب و حکومەتە داگیرکەرانە بیانجوڵێنن.
بۆیە گرنگە ئێمە، ھەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری و بەرمەڵاکردنی پیلانی شاراوەی بەردەوامی، ئەو حیزب و حکوومەتە داگیرکەرانە، درێژە پێبدەین بەشێوەیەکی دروست و پشتبەستن بە زانیارییە بنەڕەتییەکان.
ئەوان بە وردە گرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەلاماردانی پچڕ پچڕ، دەیانەوێت، نەتەوەکەمان ماندوو بکەن و ئەو ھیوایەی بکوژن، کە دەیەوێت لێک نزیک بێتەوە و بازنەی حیزبە تەقلیدییەکانی بشکێنێ.
دروستکردنی کۆمەڵەی ھەرەوەزی، ئەنجومەنی سەرپەرشتی کردن، دەستە مەدەنییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی وشیاری کۆمەڵایەتی و ژینگەیی دژ بە (جەنگی دەروونیی داگیرکەران)، ئەو شێوازە دروستانەن، کە دوو سوودی گشتییان ھەیە:
ئەلف- جۆرێک لە دسپلین و بەڕێوەبەریی بارودۆخی نائاسایی، فێری خەڵک دەکەین.
بێ- خەڵکی گەڕەک یا ناوچەکە، لەو حاڵەتانەی دێنە پێشەوە، دەزانن سەرچاوەی زانیاریان لە کێ و لە کوێ وەربگرن. ڕێ دەگرین لە پەرتەوازیی و سەرگەردان بوون. ئەم دەستانە، تەنھا دەستەی فریاگوزاریی خەڵکن و ھەموو ھاوبەشن و خۆ بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر بەیەکتر. کارەکەیان لە چوارچێوەی خزمەتگووزاریدا دەبێت، لە خەڵکەوە بۆ خەڵک و ھیچی تر.
ئێمە وەک نەتەوەکە، ھێزی بەدسپلین و ڕێکخراومان ھەیە، ھەر لەبەر ئەوەشە، نابێت پەنا بۆ چەک: کڕینی، فرۆشتنی، ھەبوونی و بەکارھێنانی بەرین!!.
چوونکە لەو حاڵەتەدا خەباتگێڕانی نەتەوەیی، بە کاری لابەلاوە سەرقاڵ دەکەین، کە ھەم دەبێت بەرەنگاری دوژمنان ببنەوە، ھەم دەبێت ئاسایشی تاکی کورد لە ئەستۆ بگرن.
کە بە دڵنیاییەوە، ئێمە دەبێت، بە کارە ڕێکخراوەکانمان، پشتیوانی خەباتی کوردستانی ئەوان بین، ئەوان ئەرکی پاراستنی نەتەوەیان لە ئەستۆگرتووە، ئێمەش دەبێت:
ئەرکی وشیارکردنە و ڕاھێنانی نەتەوەکەمان، لە ئەستۆ بگرین.
ئەرکی ئێمە ئەوەیە فێری، فریاکەوتنە سەرەتاییەکان، کوژاندنەوەی ئاگر، ڕزگارکردنی ھاونیشتمانیانمان لەکاتی ھەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان، یا کارەسەتەکانی تردا، وەک ڕوودانی جەنگ، ببین.
لەھەر کوێیەک بووین، بە وردی گوێ بگرین و لە کاتی پێویستدا، ڕای خۆمان بڵێین بەو جۆرەی کە قازانجی گشتە، ھەموو ئەرکێک، ئەرکی ھەموومانە، ھەر( لە تینووبوونی دارێکەوە، تا دەگاتە برسی بوون و پاراستنی منداڵێکی کورد).

چاک دەزانم کە ئەوەی دەیڵێم، بەپلەی یەکەم ئەرکی حکوومەت بوو، کە میللەتی ئامادە کردبا، بەڵام وای دا بنێ ڕێبوارێکی و بە تەنھا لە کوێستانێکدای، جگە لە خۆت کەس فریات ناکەوێ، ئێمەیش وەک نەتەوە، تەنیاین، خۆمان دەبێت خۆمان ڕێک بخەین، ھەموو توانایەک ئەگەر چی کەمیش بێت، لایەکی بچووکی پێویستییەکان پڕ دەکاتەوە و توانا گەورەکە، ئەنجامی گردبوونەوەی توانا کەسییەکانە.
چاکتربوون و چاکترکردنی ھەر شتێک دوو مەرجی گەرەکە:
١-  لێزانیی
٢ - دڵسۆزیی
لێزانین، پرۆسەیەکە کە ھەموومان دەتوانین، فێری بین، لەھیچ قۆناغێکی مێژوویی مرۆڤدا، وەک ئێستا سەرچاوەی زانین، زۆر و گشتیی نەبوون، بەم ھۆیەوە، فێربوون ئاسان-، فراوان- و لەبەردەستدایە*، دەبێت خۆمان فێری ئەو زانینە بنچینەییانە بکەین، کە ڕۆڵی گرنگیان ھەیە بۆ مانەوە و گەشەکردنی تاکی کورد، بۆ جوداکردنەوەی ڕەش لە سپی، ھەواڵی دەسکردی دوژمن و تاکتیکە زۆرەکانیان، کە مەبەست، ڕوخاندنی ورەو توانای بەرگری خەڵکە.
دڵسۆزییش، خەسڵەتێکی مرۆڤە، کاتێک زانی بەرھەمی کارێک بۆ سوودی گشتییە، کە ئەو و خێزانەکەیشی دەگرێتەوە، لە ناخیدا دەگەشێتەوە، یەکێک لە سەرچاوەکانی گەشانەوەی دڵسۆزبوونیش، زانینە کە دەبێت بە شێوە دروستەکەی فێری بین.
بەھیوای گەشانەوەی خەباتی کوردستانی گشت لایەکمان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×