کاک نەوشیروان وتی‌، لەداھاتودا ھەرکەسێک رەخنەیان لێ بگرێت، بەبیانوی تیرۆرو سیخوڕیکردن دەیگرن‌و حوکمی دەدەن

د. ئیسماعیل نامیق
  2021-02-19     1526
ئەو کاتەی فەرمانی گرتن بۆ کاک نەوشیروان دەرچوو بوو، رۆژێک بانگی کردم بۆ ماڵەوە، من و کاک نەوشیروان و پارێزەرەکەی (کاک ئازاد چۆمانی ) دانیشتین باسی ئەوەمان کرد، چۆن داواکەی سەر کاک نەوشیروان بگوازینەوە بۆ سلێمانی، چونکە کاک نەوشیروان ووتی: من ئامادەم بڕۆمە بەردەم دادگاکانی سلێمانی یان دادگاکانی ھەر شارێکی دیکەی عێراق، جگە لەھەولێر و دھۆک، چونکە پێشوەخت ئەزانم دادگاکانی ئەم دوو شارە حوکمی چی ئەدەن بەسەرمدا و  وویستی کێ جێبەجێ ئەکەن و بەقسەی کێ ئەجوڵێنەوە. 

بەکورتی لەدادگاکانی زۆنی زەرد زۆر نائومێد بوو، ئەیووت بەتەواوی لەلایەن حیزبەوە کۆنترۆڵ کراون. پاش ئەوەی قسەکانمان تەواو کرد کاک ئازاد چۆمانی رۆیشت، من مامەوە، ئەوەندەی پێنەچوو، نمای کوڕی کاک نەوشیروان ھاتە ژورەوە، کاک نەوشیروان لێی پرسی: نما لەکوێ بووی؟ 
نما: لەبازاڕ بووم. 
کاک نەوشیروان: دەنگوباسی بازاڕ؟ 
نما: خەڵک ھەر گلەیی دەکات. 
کاک نەوشیروان بەپێکەنینەوە: نما ئەزانی فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە؟ ئەگەر بمگرن تۆ چی ئەکەی؟ 
نما: بابە جا ئەتوانن؟ 
کاک نەوشیروان: راستە ناتوانن بمگرن، بەڵام ئەگەر بتوانن بمگرن، بەڵێ رەنگە دە بۆ پانزە ساڵ حوکمم بدەن. 

پاشان ووتی، ئەمە  پێشینەیەکی خراپ و زەنگێکی مەترسیدارە، لەداھاتوودا ھەرکەسێک رەخنەیان لێ بگرێت، بەبیانوی تیرۆر و سیخوڕی کردن و تێکدانی ئاسایش ئەیگرن و حوکمی ئەدەن، راستە ناتوانن لەئێستادا ئەمە بەرامبەر من جێبەجێ بکەن، بەڵام بەتأکید لەئایندەدا بەرامبەر خەڵکی تر جێ بەجێی ئەکەن. خۆزگە لەژیاندا ئەما و ئێستا بەچاوی خۆی ئەیبینی چی ئەگوزەرێت!!!!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×