گوێ بگرە ئەی مامی بچووك!

دلێر محەمەد نوری
  2021-03-07     881
زیاتر لە 18 ساڵ بەر لە ئێستا لە هۆتێل سلێمانی پاڵاس بەرپرسی بەشی پێشوازی بووم. ئەو دەم هەموو چاوەکانی دونیا لە سەر هەرێم بوون. پاڵاس پڕ پڕ بوو لە پەیامنێری سەرجەم ئاژانسە جیهانی و ناوچەیی و عەرەبییەکان و کارمەند و ژەنەڕاڵ و سەرگەورەی مارێنزەکان و هێزەکانی هاوپەیمانیش کوردستانی تەنی بوو. تەلەفزیۆنێکی گەورە لە ساڵۆنەکەی هوتێل دانرابوو. هەمیشە لە سەر یەکێ لە کەناڵەکانی جەزیرە و عەرەبیە و بی بی س و سی ئێن ئێن و کەناڵە جیهانییەکانی دیکە بوون. هۆتێل جمەی ئەهات لە سەرکردەی حزبەکان، حزب و کەسایەتی عێڕاقی ئۆپۆسزیۆن و وەرگێڕە کوردەکان و زۆری دیکەش. بە کورتی ئەوەی دەسەڵاتی هەبوو لەم سەر زەمینە لە گەورە و بچوک، لە خۆماڵی و لە بێگانە لەو هۆتێلە بەردەست بوو. ئێمەی کارمەندی هۆتێلیش تاکە ئامانجمان ئەوە بوو پارەی شەوانی میوانەکانمان نەفەوتێ. ڕۆژانە پەیامنێر و وەرگێڕ و هێزەکانی پارێزگاری لێیان، ئەچوونە سنوری کەرکوک و ئێوارە درەنگانێ ئەگەڕانەوە. هەمووان چاوەڕوانی کەوتنی بەغدا و ڕۆشتن بوون بەرەو کەرکووک. بەڵام ئێمەی کارمەندیش خەممان لێ نیشتبوو گەر ئەو کارە ڕووی دا چۆن کۆنتڕۆڵی بە لێشاوی ئەو هەموو میوانە بکەین کە بە بێ پارەدان بۆی دەرنەچن. 
یەکێ لەو پەیامنێرە گرنگانەی کە میوان بوون ناوی ئیڤان بوو. پەیامنێری ڕادیۆیەکی ئەمریکی بوو. ڕۆژانە وتاری بەیانیانی هەبوو لە ڕادیۆکە، کە بە داخەوە ناوی ئەو ڕادیۆیەم  بیر نەماوە.
دواجار بەغداش کەوت و هۆتێل چۆڵکرا و هەرچی پەیامنێر و مارێنز و سیاسی و چاو و گوێ هەیە ڕووی لە چەقی ڕووداوە گەرمەکان کرد لە بەغدا و ئیڤانی پەیامنێریش 500 دۆلاری مانەوەی نەداو خۆی دزییەوە. ئیتر نەمبینییەوە تاوەکو زیاتر لە ساڵێک دوای کەوتنی بەغدا.
ئەو کات مامی بچووک خەریک ئاهەنگ گێڕانی هاوسەرگیری بوو. میوانێکی زۆری بیانی بانگهێشت کرا بوون لە پەیامنێر و کەسایەتی سیاسی ئەمریکی. هاوسەرگیرییەکەی وەک سەودایەکی سیاسی ئەهاتە بەر چاو. مامی بچووک چەندین ژووری لە هۆتێلەکە حجز کردبوو، بەو سویتەشەوە کە بۆ مانەوەی خۆی و هاوژینی بەڕێزی تەرخان کرابوو. هەمئاهەنگی ڕاستەوخۆی لە گەڵ من بوو. ئەو دەم هەمیشە کێشەی کەمی هۆتێلی گەشتیاری هەبوو لە سلێمانی. مامی بچووک هەرچ میوانێکی بناردایە کاغەزێکی بچووکی پیادا ئەنارد کە ئیمزای خۆی لە سەربوو، کە دواجار ئەمە جفرەی ئەوە بوو کە جێگەی خەو بۆ هەڵگری ئەو پسوولەیە دابین بکرێت. یەکێ لەو میوانانەی خۆی کرد بە هۆتێلدا ئیڤان بوو. ڕاستەوخۆ خۆم ئامادە کرد بچم بە گژیدا بۆ ئەو 500 دۆلارەی کە خواردبووی و دەبوو ئێمە بیژمێرین. بەڵام کە پسوولەکەی مامی بچووکی دەرخست منیش کەمێک پاشگەز بوومەوە. دوای تاوێ مامی بچووکیش دەرکەوت، ڕووم تێکرد وتم کاک قوباد میوانێکت دابەزیوە بە ناوی ئیڤان کاتی خۆی 500 دۆلاری ئێمەی خواردووە، لە بەر جەنابت جارێ هیچم لە گەڵدا نەکردووە. مامی بچووکیش وتی با بچینە کافتریاکە و دەعوەتی قاوەیەکم بکە تا شتێکت بۆ بگێڕمەوە. مامی بچووک وتی ئیڤان وتارنووسێکی بە توانای ڕادیۆیەکی ئەمریکایە، بەیانیان چەندین ملیۆن کەس لە ڕادیۆوە گوێ لە وتارەکانی ئەگرن، کە کاریگەرییان هەیە لە سەر ڕای گشتی ئەمریکی. تا ئێستا وام کردوە چەند وتارێکی لە بەرژەوەندی ناوبانگی کورد و پێشمەرگەی کوردستان و ئازادی و دیموکراسی کوردستان نووسیوە. جارێکیان سەرنجیم بۆ ئازایەتی مام ڕۆستەم و پێشمەرگە ڕاکێشا، ئەویش وتارێکی بە پێزی لە بارەوە نووسی. بۆیە ئەو قەرزەی لە سەرێتی بیخەرە سەر ژمێرەی کۆتایی و من ئەیدەم و هیچ لە گەڵ ئەو نەڵێی. منیش بە سەرسامی ئەو سەردەمەم بە مامی بچووک، بێ دەنگیم لە ئیڤان کرد و وتم ئای لەم کوڕەی مام جەلال چەند بە دەم ناوبانگی  کورد و یەکێتی و ئازادی و دیموکراسییەوەیە. 
ئەو تەنانەت پرۆسەی هاوسەرگیری خۆیشی لە پێناو ناوبانگی کورد بەکاردەهێنا. بەڵام ئەپرسم ئاخۆ مامی بچووکمان لە پاش 18 ساڵ هیچ گەورەتر نەبووە؟ یان ئێستا ناوبانگی کوردستان و ئازادی ڕادەربڕین ویەکێتی بۆ گرنگ نەماوە!  ئەدی بۆچی تاوانبارانێ رزگار بکات کە لە ناشرینترین پرۆسەی پەلاماردان تێوەگلاون؟ ئەوەی مامی گەورەی ناسی بێت بە هەموو هەڵە و کەم وکورتییەکانێوە لە بڕیاردان ئازا و ئازاد بووە. بەڵام هیچ کام لەم هەڵوێستانەی مامی گەورە لە مامی بچووکدا بە تۆسقاڵ دیار نین. کەواتە یان مامی بچووک گەورە نەبووە یاخود قسەی براگەورە زاڵە و لە سیاسەتیشدا گەورە و بچووکی لە هەڵوێست و لە  دادپەروەریدا نیە بەڵکو وەکو سیستمی خێڵ لەوێشدا بە ساڵە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×