ئاین کراوەتە بازاڕێکی گەرموگوڕی بازرگانی هەموو سەردەمەکان

هێمن ئەحمەد
  2021-03-07     990
بەو پێیەی ئاین پانتاییەکی گەورەی لە هزر و ژیانی کەسەکاندا داگیر کردووە و لەسەر زۆربەی پرسەکانی مرۆڤ دەدوێت،لەبەرئەوە ئاساییە کەسەکانیش وتار و لێکدانەوەیان بۆ ئاین هەبێت.لە ڕاستیدا بازرگانیکردن بە ئاینەوە لە هەموو ئاینەکاندا بونی هەیە.
ئاین بۆ ئەو کەسانەی بە بابەتێکی عیرفانی دەزانن،پەیوەندی نێوان بەندە و پەرستراوێکە.لای هەژارەکان باوەڕێکی(عقیدە)تەواوە.بەڵام لای بازرگانەکان،هۆکارێکی(وسیلە)ی سەرەکی دەستکەوت و پاراستن و کەڵەکە کردنی سەرمایەیە.
لەبەرئەوەی ئاین پەیامێکی پیرۆزە لای خاوەن ئاین و باوەڕدارەکان،نیگەران دەبن کە شت گەلێک هەن بەرانبەر ئاین بکرێت.یەکێک لەوانە بازرگانی پێوەکردنە.
بە سەدان نمونەی مێژویی و هەنوکەیی هەن،کە ئەم بازرگانی پێوەکردنە دەسەلمێنن.وا باشترە لە نمونەیەکەوە دەست پێبکەین،کە نوێیە و هێشتا سیما و درەنجامی لە هزری تاک بە تاکی کۆمەڵگە و نەتەوە جیاوازەکانی هەموو جیهاندا ماوە. 
یەکێک لە هەرە قێزەونترین و ناشیرینترین ڕەفتاری نامرۆڤانەی سەردەم،ئەوە بو کە هێزێکی دڕندەی وەک(داعش)،بەناوی ئاینەوە ئەنجامی دا.لە بازرگانیکردن بە کچان و ژنانی(یەزیدی)ەوە و فرۆشتنیان بە دۆست و لایەنگر و کڕیارەکانیان.هەرچەند چەندین جار و لە سەردەمی جیاواز هەمان شت ڕویداوە،بەڵام بۆ سەردەمی ئێستا ئەوپەڕی سوکایەتی کردن بە پیرۆزی و بەهاکانی ئاین و مرۆڤایەتی و نەتەوە جیاوازەکانەوە بوو.مجاهید و ئەمیر و خەلیفەکانیان،هەرچیان ویستبێت بۆ خۆیان فەراهەم کردووە.هەمیشە بەدوای کچ و ژنی جوان گەڕاون و لە نێوان خۆیان وەک دیاری و بەخشیش،دەستاودەستیان پێوە کردوون،یان هەرزان فرۆشیان کردوون.
ئیبراهیم دەیزانی دین چ بازاڕێکی گەرم و گوڕی بازرگانییە.ئەو بە چاوی خۆی دەیبینی باوکی بتەکان دروست دەکات و پاشان بۆ فرۆشتن ئامادەیان دەکات.ئیبراهیم ئەو بتانەی پڕۆتستۆ کرد،چونکە مایەی فریودانی هەژاران و کێشانەوەی پارە و سامانەکانیان بوو.ئەوەی لە مەککە ڕویدەدا،تەواو ئیبراهیمی نیگەران کردبوو.بازرگانەکان زۆر بە خراپی سودیان لە دابینکردنی پێداویستیەکانی خەڵکی هەژار و حاجیان وەردەگرت.
یەسوع دەیزانی خانەوادە کەهەنوتیەکانی ئۆرشەلیم،لەسەر حساب و قوتی هەژاران،چەند پارە و سامان دەچننەوە،لەبەرئەوە مێزەکەی بەسەر بازرگانەکانی دراودا قڵپ کردەوە.ئەوانەی پەرستگا و ماڵی خودایان کردبووە مەکۆی دزان.
ساڵی(٥١٧ز)پیاوێک لە مەککە لەدایک بوو،هەر وەکو یەسوع توڕە و نیگەران بوو،لەو گەندەڵی و نادادیەی لە بنەماڵەکەی ئیبراهیم دا هەبوو،زۆر دڵگران بوو بەو بازرگانیە ناپاکەی کە دەستفرۆشەکانی مەککە دەیانکرد و حاجیەکانیان لە خشتە دەبرد پارەیان لێ دەکێشانەوە،ئەو پیاوە ناوی(محمد)بوو.
لە پێناو هاندانی جەنگاوەران و بەشداریان لە هەڵمەتی خاچپەرستەکان،پاپا لێخۆشبونی لە هەموو گوناهەکانیان بۆ پێشنیار کردن،بە زاراوەی(غوفران)دەست بەرداربوون.بەشداری لە جەنگ و دورکەوتنەوە لە نیشتیمان و بەرگەگرتنی مەترسی و خۆبەکوشتدان،کەفارەتی گوناهەکانن.
ساڵی(١٥١٧ز)،گوتاربێژێک بە ناوی(یوهان تیستل)کە تەمەنی ٥٢ ساڵ بوو،لە گۆڕەپانی(گۆلێربۆرگ)ی ئەڵمانیا وتاری دەدا "ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە لە زیندانەکانتان ئازاد دەبن،ئەویش بە کڕینی ئەم پارچە پسوڵەیە کەناوی پسوڵەی(غوفران)ە،نرخەکەی لە چەند(شلین)ێک تێپەڕ ناکات،بەڵام بۆ هەتایە ڕزگارتان دەبێت و لە هەموو گوناهەکانتان پاک دەبنەوە ".
هەرچەندە(مارتن لۆسەر)بەهۆی زەبروزەنگ و دڵڕەقی پیاوانی کڵێسای(کاسۆلیک)،بوە ڕیفۆرم خوازێکی ئاینی کاسۆلیکی،پاشان دینی(پڕۆتستانتی)دەرکەوت.بەڵام کە لە نێوان ساڵانی(١٥٢٤-١٥٢٥ز)،شۆڕشی جوتیارانی ئەڵمانیا دژی دەرەبەگەکان سەریهەڵدا،مارتن بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی دەسەڵاتداران و دەرەبەگەکانی کرد،کە لە ئەنجامدا بە هەزاران جوتیار کوژران.
گۆرۆ(خەلیفە)ناناک،دامەزرێنەری(سیکیزم)،ساڵی(١٤٦٩-١٥٣٩ز).ناناک لە ولایەتی(بنجاب)لە دایک و باوکێکی هیندۆسی بازرگان لە دایک بووە.ناناک یەکتاپەرست بوو،خۆشیی لە بازرگانی بتفرۆشی نەدەهات،درکی بەوە کردبوو،دین بەئاسانی دەبێتە ئامرازی پارەکێشانەوە،لەلایەن پیاوانی ئاینیەوە کە خۆیان بە نوێنەری خودا دەزانن.
لە کتێبی پیرۆزدا،سەبارەت بە کۆیلەکان خودا فەرمایشتی بە موسا کردووە:"ئەگەر کەسێک کۆیلەیەک بکڕێت،پێویستە شەش ساڵ خزمەتی خاوەنەکەی بکات،ساڵی حەوتەم دەبێت بێ بەرانبەر ئازاد بکرێت،گەر بە تەنیا هاتبو،بە تەنیا ئازاد دەکرێت،گەر بە ژنەوە هاتبو،بە ژنەوە ئازاد دەکرێت،گەر خاوەنەکەی ژنی بۆ هێنابوو،وە ژنەکەی منداڵی ببو،ئەوا خاوەنی کۆیلەکە دەبێتە خاوەنی ژن و منداڵەکانی."
مەزهەبی(سینتۆلۆجیا)،بریتیە لە یارمەتیدانی مرۆڤ بۆ چاککردنی ژیانی هەنوکەیی،تا وا بکات بەتەواوی دەرک بەو بیرۆکانە بکات کە تێیدا چێنراون.بەڵام ئەم خزمەتگوزاریە هەرزان نیە.بەهای ئەو تەکنیکانەی(ڕون و زوڵاڵت)دەکات پارەیەکی زۆرە.چەند بە نهێنیەکانی(سینتۆلۆجیا)ڕۆ بچیت،دەبێت پێشەکی پارەی زۆرتر بدەیت.ڕەخنەگران لایان وایە ئەمە پڕۆژەیەکی بازرگانیە نەک دین.لە وەڵامدا زانایانی ئەو ڕێبازە دەڵێن"هەمو دینەکان ڕێگەی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ کۆکردنەوەی ئابونە و دەستخستنی دارایی،بۆچی ئەوان نەیانبێت؟".
لە کۆتایدا،دین وەک ڕۆمانەکان ناویان نابوو ئاڵووێر(مقایچە)،بەواتای گۆڕینەوەی کاڵایەک بە کاڵایەکی تر،کەواتە تۆ باوەڕ بە مەزهەبێک بێنە و سروتەکانی جێبەجێ بکە،سەرەنجامت باش دەبێت.زۆر جارانیش دەسەڵات و ئیمبراتۆرەکان بە خولیایەکی ئاینی دەستت دەگرن بەرەو بەهەشت دەتبەن،کەچی لەسەر زەوی ژیانت پێ ڕەوا نابینن.
دەبێت ئەوەش بزانین بە درێژایی مێژوو،هیچ بازرگانیەک هێندەی بازرگانی ئاین،داهات و سەرمایەی کەڵەکە نەکردووە بۆ چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگە،وە ژیانی کولە مەرگی و پڕ کوێرەوەری دروست نەکردووە بۆ هەژار و چینی چەوساوە.

هێمن ئەحمەد
سەرچاوەکان:
١- کورتەیەک لە مێژووی ئاین(ڕیتچارد هولوای)
٢- کتێبی پیرۆز
٣- پاکیزەی شەنگال(وارد بدر السالم)
٤- بازرگانی ئاین، ٢٠١٩/٧/٢٨،(هەورامان علی)، دابڕان

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×