لەسەرەتادا ئاشكرایە كە تا ئیستاش سیستەمی دووئیدارەیی وحزبی تەحەكوم بەهەرێمی كوردستانەوە دەكات، دوای دەساڵ لە دەرچوونی یاساكەوە و دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تا ئیستا ئەم هەنگاوە جیا لەمە هیچ بەرەو پێشچوونێكی تری بەخۆیەوە نەبینیەوە، نەتوانراوە هەنگاوەکانی دواتر تێپەربكریت، بۆیە بارۆدوخەكە بەوشێوەیە ماوەتەوە تەنها لەڕووی شكلییەوە ئەوبەش و دامەزراوە و دەزگایانە یەكخراون ئەگەرنا لەواقعدا هیچ یەكگرتنەوە و لێكبەستنەوەیكی ڕاستەقینە لە نێوان ئەو بەش و دامەزراوە و دەزگایانە بوونی نییە.
لەپێناو یەكگرتنەوە و بەدامەزراوەیكردن و بەنیشتیمانی كردنی دەزگا ئەمنی وهەواڵگرییەكان و نەهێشتنی دەزگائەمنی وهەواڵگرییەكانی سەر بەلایەنی سیاسی و دانان و داڕشتنی بنەمای هەواڵگری و ئاسایشی هەرێم و دروستكردنی سیستەمیكی ئەمنی وهەواڵگری نیشتیمانی. پەرڵەمانی كوردستان لەدانیشتنی ئاسایی ژمارە(11)ی ڕۆژی (2/5/2011)ز دا، بڕیاری دانانی یاسای (ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) ژمارە(4)ی ساڵی(2011)ز دا .هەروەها بەپێ بڕیاری ژمارە(14)ی ساڵی(2011)ز دا لەڵایەن سەرۆكی هەرێمەوە، ئەم یاساییە دەرچوێنرا.
بەپێ ئەم یاسایە (ئەنجوومەنیك) بەناوی(ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) EAHK)دادەمەزرێت كە ڕاستەوخۆ بە سەرۆكی هەرێمەوە گرێ دەدرێت وە ئەرك و ئامانج و پێكهاتەكانیشی دیاری كران.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەپێ یاسای ژمارە(4)ی ساڵی(2011)ز دامەزرا، بەڵام ئەنجوومەنەكە بەفەرمی لەساڵی (2012)دەستبەكاربوو. كەتەواوی دامەزراوە ودەزگا و بەشە ئەمنی وهەواڵگرییەكانی هەردوو ئیدارەكەی پێشووی باشووری كوردستان لە چوارچێوەیدا كۆكرانەوە، بەپێ یاساكە پەیكەرو پێكهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەم شیۆەیە ڕیكخرا، بەپێی یاساكە سەرۆكی هەرێم دەتوانێت دەزگای تر بۆ ئەنجومەنەكە زیاد بكات.
بەشێوەیەك كەپێكهاتەی سەرەكی ئەنجوومەن پێك دێت لە:
1. دەزگای ئاسایشی هەرێم.
2. بەرێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی.
3. ئاژانسی پاراستن و زانیاری.
دواتریش دەزگای دژە تیرۆری هەولێر و سلێمانی خرانە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەروەها فەرمانگەی تەكنۆلۆژیاش دامەزرا.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە پێنج ئەندامی سەرەكی پێكهاتووە:
- راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش.
- سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم.
- سەرۆكی دەزگای پاراستن.
- سەرۆكی دەزگای زانیاری.
- سەرۆكی هەواڵگری پێشمەرگە.
لەم پێنچ ئەندامەدا دوویان لە پارتی دیموكراتی كوردستانن هەریەكە لە( راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وسەرۆكی دەزگای پاراستن) وە سێ ئەندامەكەی تریش(سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرۆكی دەزگای زانیاری، سەرۆكی هەواڵگری پێشمەرگە)لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن.
لەیاساكەدا كۆمەڵێك ئامانج بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دیاریكران:
كەچەندین ئامانجی باڵای نیشتیمانی ونەتەوەیی ومرۆیین، وەك مسۆگەركردنی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی بنەما و پرەنسیپە دەستووری و یاساییەكانی هەرێم، كۆكردنەوە وشیكردنەوەی زانیاری، پاراستنی سیستەمی زانیاری، پاراستنی هەرێم لە تاوانە مەترسیدارەكان و تاوانە بەرنامەرێژكراوەكان، وەك مادەی هۆشبەر و تەزویڕكردنی دراو وگەندەڵی و شۆردنەوەی سامان هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و كاری جاسوسی ، پاراستنی ئاسایشی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان، ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری لە نێوان دەزگاكانی تایبەتمەند لەهەرێم و حكومەتی فیدراڵی، پاراستنی ئاسایشی ئابووریی و وزە و ئاسایشی خۆراك و تەندروستی، مسۆگەركردنی ئاسایشی بارەگا و پێكهاتەكانی پێشمەرگە و كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و مەیدانی و ستراتیژی ...چەندین ئامانجی تر.
ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
چۆنیەتی رێكخستنو فۆرمەلەكردنی ئەنجوومەنی ئاسایش بە گوێرەی یاسا رێكخراو، لە ماددەی چوارەم و بڕگەی (یەكەم)ی یاساكەدا هاتووە: ئەنجوومەن ڕاوێژكارێكی دەبێت، لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت، كە دەزگاكانی سەر بە ئەنجوومەن بەڕێوەدەبات و سەرپەرشتییان دەكات و هەروەها هەماهەنگیان لە نێواندا دەكات، كە جێگرێكی دەبێت و بە گوێرەی ئەو دەستەڵاتانەی پێی دەدرێت، لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیدا یاریدەی دەدات.
هەرسەبارەت بە پهراوكردنی دەسەڵات و پسپۆرییەكانی ڕاوێژكار بە گوێرەی یاساكە، (ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان) لە بریارێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو: (راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) بە پلەی وەزیر هەژمار دەكرێت، دەسەڵاتی دەركردنی هەموو جۆرە بریارێكی هەیە كە لە یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆی دیاریكراوە. بەپێ یاساكە دەسەلاتەكانی هەریەكە لە راوێژكارو جێگرەكەی بە یاسا دیاریكراون.هەردووكیان پلەیان وەزیرە.
بەڵام تا ئیستا پرسی دیاریکردنی راوێژکاریکی نوێ یەکلانەبۆتەوە.
چارەنووسی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە نێوان بەحزبیبوون بەنیشتیمانیبون:
بەگشتی هەرێمی كوردستان لەناو دۆخیكی ناجیگیر تێپەردەبێت، گیرۆدەی چەندین كیشە وپرسێكە كە هەریەكەیان چەندین هۆكارهەن لەهاتنە ئارایان، هەموو ئەمانەش بەبەردەوامی مەترسین لەسەر قەوارەی هەرێم ودامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتی یەكنەگرتنەوەی واقعی لایەنی ئەمنی وهەواڵگری وسەربازیی، نەبوونی سیستەمیكی یەكگرتوو و یەك ئامانج و یەك ئاراستەی نەتەوەیی.
لەدۆخیكی بەم جۆرەی ئیستادا پێناچێت حكومەتی هەرێم بەتایبەتیش سیستەمی ئەمنی وهەواڵگری هەرێم كەلەچوارچێوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ریكخراوە، وا بەئاسانی و لەماوەیەكی نزیكدا لەو دۆخە ترسناكەی ئیستا تێپەربێت، چونكه ئەوە ماوەی دە ساڵە ئەو ئەنجوومە دامەزراوە هیچ هەنگاوێكی واقعی نەهاویشتراوە. پێدەچێت ئاستەنگەكان ئاستەنگی گەورە و فرەلایەنبن، بۆیە لەسەر ئەم ئەساسە زۆر زەحمەتە هیچ یەكێك لەو ئاستەنگانە لەماوەیەكی نزیكدا تیپەربكرێن.
لەبارودۆخیكی وەهادا ئەگەری ئەوە هەیە دۆخی ئەو ئەنجومەنە بەو شیوەیە بمێنیتەوە، دوای دە ساڵ لە دامەزراندنی ئەنجومەنی ئاسایش، نەتوانراوە یەكگرتنێكی واقعی ڕاستەقینە دروست بكرێت لەنێوان ئەم بەش و دامەزراوە و دەزگایانەی ناو ئەنجوومەن، نەتوانراوە بەیەك ئاراستەی نەتەوەیی ولەچوارچیوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەمووان بەیەكەوە پراكتیزەی كارەكانیان بكەن.
بۆیە تائیستا بەبەردەوامی كێشە و ڕووبەرووبونەوەی میدیایی لەنێوان ئەو دەزگا ودامەزراوانە دروست دەبێت، بەجۆرێك كەلەسەر زۆریك لەدۆخ و پرس و چالاكیەكان دوو راگەیاندنی جیاواز و دوو بۆچوونی جیاواز و دوو پەیامی جیاواز لەنێوان ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بوونی هەیە..! بەجۆرێك كارگەیشتووتە ئەوەی كە یەكتری تومەتباردەكەن لەسەر چەندین بابەت و پرسی جیاواز!! تەنانەت بەخیانەت كردنیش یەكتری تومەتباردەكەن. ناكرێت لەناو یەك سیستەمی ئەمنی وهەواڵگری خیانەتكار و نیشتیمانپەرەوەر بەیەكەوەبن!!لەسەر ئەم بنەمایە ئاشكرایە كە بەواقعی دوو ئاراستەی جیاواز بوونی هەیە ئەمەلەلایەك،
لەلایەكی تریش زۆربەی جار وادەردەكەوێت ئەو دەزگا ودامەزراوانە بەسەربەخۆیی و دوور لەكۆنترۆڵی ئەنجوومەن كارەكانیان پراكتیزەدەكەن، یاخود فەرمان تەنیا لەبەرپرس و سەركردە حزبیەكانیان وەردەگرن، كەئەمەش مەترسیدارترین بارودۆخە، چونكە سەردەكێشێت بۆ بەكارهێنانی بواری ئەمنی وهەواڵگری لەبەرژەوەندی حزبی، بەرامبەر بەکیتری و بەنەیارەكانی خۆیان.
هەروەها لەكاتێكدا دەبێت چالاكی هاوبەش وپەیوەندیێكی بەردەوام وپتەوە لەنێوان ئەو دەزگا ودامەزراوانه هەبێت وەك لە یاساكەشدا هاتووە، بەڵام وەك بەرپرسانی ئەو دامەزراوانه دەلێن چالاكی وپەیوەندی و كاری هاوبەشیان لەگەڵ دامەزراوە و دەزگا بیانیەكان هەیە، بەڵام پەیوەندیان لەگەڵ یەكتریدا نییە؟!
لەسەر بنەمای ئەوەی كە باسمان كرد ئەگەر بەم شیوەیەی ئیستا بەردەوام بێت دەكرێت بلێین كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی بتواندرێت چەند ئاستەنگیكی لاوەكی تر تێپەربكریت،ئەمە
لەلایەك ولەلایەكی تر بۆبەرجەستەكردنی دامەزراوەیبوون ونیشتیمانیبوون دەبێت پلان وستراتیجی وكۆدەنگی وهەماهەنگی وپەیوەندی وچالاكی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوانیاندا هەبیت. دەبێت تەواوی دەزگا و دامەزراوهكان لەژێر هەژموونی حزبی وكەسی دەربهێنرێن. یەك ستراتیج وئاراستە بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی سیستەمێكی ئەمنی وهەواڵگری نیشتیمانی ودامەزراوەیی مودێرنمان هەبێت. ئەگەرنا دۆخیكی بەم جۆرە بەردەوام هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێم.
پیۆیستە هەرچی زووە ئیتر ئەم گەمە سیاسیە حزبیە بەجۆرێك كۆتایی پێبهێنرێت، بۆ ئەوەی ئەو دۆخە ناجیگرەی كە تەواوی سێكتەرەكانی گرتووتەوە كۆتایی پێبێت، لەوە زیاتر پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە لاوازنەكرێت، لەپیناو بەرژەوەندی كەسی وحزبی چیتر زیان لەبەرژەوەندی نیشتیمانی نەدرێت.
پیۆیستە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەرگرین یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم هەمواربكرێتەوە، پێكهاتەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و هەروەها سنور وئەرك وئامانج وكارەكانیان پێناسەبكرێنەوە، بەجۆرێك ئێتر كاربكرێت كە ھەتا ئەگەر لەداهاتوودیکی دووریش بێت هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی سیستەمیكی ئەمنی وهەواڵگریی نیشتیمانی بەهێز كەلە ئاستێكی بەرزی هەرێمی ونێودەولەتیدابێت.
هەروەها لەئاستێكی بەرزی نەتەوەیی ونیشتیمانیدا كاربكەن، سنوری كارەكانیان فراوان بكەن، بەجۆرێكبێت كەهەر كوردێك لەهەر شۆینێك بێت بەهێ خۆی بزانێت. ئێتر هەموو ئهو گومان و ئاماژانەی لەسەر ئەو دەزگا ودامەزراوانە هەنە بەو شێوەیە نەبێت، چونكە بەم شێوەیە بهردهوامبێت بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیان هیچ متمانەیكیان بە دامەزراوە ودەزگاكانیان نامێنیت ،ئەمەش ئاماژەی زۆر خراپن، دەكرا لەماوەی ئەو دە ساڵەدا كاری مەزن كرابانە هەموو ئەو دامەزراوە ودەزگایانە وێنایەكی تریان دروست كردبا.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا كەباسمان كرد سەرباری ئەو بارودۆخە خراپە سیاسی وئابوریی وتەندروستیەی كەلەسەر ئاستی هەرێمی ونێودەوڵەتیدا بوونی هەیە، لەگەڵ هەموو ئەو موئامەرانهی كەلەسەر كورد بەگشتی لەهەر چوار پارچەی كوردستان بوونی هەیە بەبەردەوامی قەوارەی هەرێمیش لەوچوارچێوەیە ،هەروەها هەڵكەوتە جوگرافیاكەی هەرێم كە كەوتووهتە ناوەندێكی پر كێشە وململانی هەرێمی ونێودەوڵەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانراوە ئارامی وئاسایشێكی باش فەراهەم بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە لە ئاستی داخوازی وداواكاری وئامانجە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانمان نییە.
ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت تەواوی قەوارەی هەرێم بەردەوام لەبەردەم مەترسی گەورە دایە چارەنووسی ئەو ئەنجوونە هاوشیوەی ئەو دە ساڵەی كە تێپەربوو بەردەوام دهبێت!پێ ناچێت ھیچ ستراتیج و پرۆژەیکی جدی یەکگرتووی یەک ئاراستەی نەتەوەیی و نیشتیمانی ھەبێت کاری لەسەر بکریت !پێ ناچێت حزبەکان دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان بن لە پێناو نەتەوەیبوون وبەنیشتیمانیبون!!