فەرمانبەری مافخوراو (سایکۆلۆجیا و کاردانەوەی)

دارا رەئؤف موفتی
  2021-04-07     1392

پێشکەوتنی کەرتی گشتی لەهەر وڵاتێک لە ڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە پێوەرە  بۆ پێشکەوتنی وڵات، بۆیە وەکو بنەمایەک لە هەر وڵاتێکی پێشکەتو باشترین خزمەت پێشکەشی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەکرێت تاکو ئەوانیش لە شوێنی خۆیانەوە بتوانن باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن، بە پێچەوانەوەش بێبەش کردنیان لەو خزمەتەی شایەنیانە و ئەو ماف و ئیمتیازانەی بە یاسا پێیان دراوە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەریان لەڕووی سایکۆلۆجی و کاربەجێگەیاندنی رۆژانەیان.
ئاشکرایە فەرمانبەری کەرتی گشتی فەرمانبەری دەولەتە و بە پێی یاسا بەرکارەکان لە عێراق و کورستان بە چەند شێوازێک پێناسەی بۆ کراوە و ئەم سێ یاسایە خوارەوە بە نموونە ئەهێنمەوە:
یەکەم/ پێناسەی فەرمانبەر لە یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە (24)ی ساڵی 1960 (هەمووکەسێک کە کارێکی بەردەوامی پێ سپێردرابێت لە نێو میلاکی تایبەت بە فەرمانبەران).
دووەم/ پێناسەی فەرمانبەر لە یاسای بەرزەفتەکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14)ی سالی 1991، پێناسەکراوە کە (هەموو کەس کە کارێکی پێسپێردرابێت لە نێو میلاکی وەزارەتێک یان لایەنێکی نەبەستراو بە وەزارەت).
سێیەم/ یاسای خانەنشینی ژمارە (٩)ی ساڵی 2014 پێناسەی کردووە بە (هەمووکەس کە وەزیفەیەکی پێسپێردرابێت مەدەنی یان سەربازی یان لەنێو هێزەکانی ئاسایش یان تەکلیف کرابێت بە خزمەتێکی گشتی و مووچە یان کرێیەک یان پاداشتێک لە دەولەت وەربگرێت و لێبرینی خانەنشینی بۆ بکرێت).
واتە بە پێی ئەو یاسایانە و بە گشتی وەک بنەمایەک دەبێت فەرمانبەری کەرتی گشتی ئەم چەند خاڵەی خوارەوەی تێدابێت.
کەسێک بێت.
کاری پێ سپێردرابێت و کارەکەی بەردەوام بێت.
کارەکەی لە کەرتی گشتی بێت و دەوڵەت بەرێوەی ببات.
مووچە یان کرێ یان پاداشت لە دەوڵەت وەربگرێت و لێبرینی خانەنشینی لەسەر جێبەجێبکرێت.
لەو یاسایانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێداون لە بڕگە و ماددەکانی ماف و ئەرکی فەرمانبەر دیاری کراوە و لە خوارەوە لە دوو بەشی جیای (یاسایی و کارگێری) گرنگترین ئەو ماف و ئیمتیازانە باس دەکەم کە پێویستە فەرمانبەر پێیبدرێت.  
مافە یاساییەکان:
مووچە : ئەو گوژمە پارەیە کە فەرمانبەر لە بەرامبەر کارەکانی، مانگانەبە شێوەیەکی نەختی وەریدەگرێت. بەڵام ئێستا مانگانە نیەو دیار نیە چەندەو چۆنە و کەی دەدرێت، شتێک نەماوە لەوەی حکومەتی هەرێم بەسەر فەرمانبەرانی دابەش دەکات پێناسەی مووچەی لەسەر جێبەجێبکرێت بەوەی کە مووچە دەبێت مانگانەو بەردەوام بێت. 
پاداشت: بڕ‌ێک پارەیە دەدرێتە فەرمانبەر بۆ هاندانی لە کاتی ئەنجام دانی کارێک سەرەڕای کارەکەی خۆی یان ئەنجام دانی داهێنانێک، ئەویش ساڵانێکە لە زۆربەی فەرمانگەکان نادرێت و نەماوە، ئەوەش سەرباری ئەوەی فەرمانبەر بە رێژەیەکی بەرچاو ژمارەیان زۆر بووە و کارکردن و کارنەکردن تێکەڵ بووە.
سەرمووچەی ساڵانە: برێک پارەیە وەکو زیادەی ساڵانە دەخرێتە سەر مووچەی فەرمانبەر، رێژەکەی کەمە ساڵانە لە دەورووبەری حەوت هەزار دینارێک دەبێت و بە پێی پلەکەی کەم و زیاد دەگۆرێت.
پلە بەرزی : بە پێی یاسا دەدرێت بە فەرمانبەران و لە دە پلەی وەزیفی پێکهاتووە، کە چوار یان پێنج ساڵ جارێکە، بەو پلە بەرزییە ناونیشانی فەرمانبەرێتیش دەگۆڕدرێ بۆ پلەیەکی بەرزتر و مووچەکەشی بە رێژەیەک زیاد دەکات بە پێی ئەو پلەی بۆی بەرز دەکرێتەوە. بە پێی یاسا بەرکارەکان دەبێت پلە بەرزکردنەوە بە زنجیرە بێت بۆ نمونە لە پلە پێنج بۆ چوار و نابێت و ناکرێت باز بدات بۆ پلەکانی سەروتر بۆ نموونە لە پلە پێنج بۆ دوو، ئەمەش لە یاسای ژمارە (22) ساڵی 2008  و لە یاسای ژمارە (24) ی ساڵی 1960 خزمەتی شارستانی روونکراوەتەوە. بە داخەوە ئەمەشیان لە حکومەتی هەرێمدا شێوێندراوە و پلە بەرزکرنەوە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان دابەش کراوە بەسەر هەندێ فەرمانبەری خاوەن واستە و حزبی بۆیە ساڵانی خزمەت بەهای نەماوە، بۆ نمونە کە دوو پلە ئەدرێتە هەر فەرمانبەرێک لە دەرەوەی یاسا واتە هەشت یان دە ساڵ ئەچێتە سەر خزمەتی، دیارە بەم دوایە لە یاسای چاکسازی باسی ئەم دیاردە کراوە و لە فەرمانگەکان لیژنە پێکهێنراوە بۆ چارەسەر کردنی ئەم بێ یاساییەی کە ساڵانیك کراوە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە کابینەکانی پێشوو. بە پێیبڕیارێکی حکومەتی هەرێم بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەبێت ئەو مافەش نادرێ لە جیاتی پلە بەرزی، سەرمووچەی ساڵانەی بۆ دەبەسترێت.
مۆڵەتەکان: وەکو مۆڵەتە فەرمییەکان لە کاتی بۆنەکانی سەری ساڵ و جەژنەکان و نەورۆز و بۆنەکانی تر، هەروەها ئەو مۆڵەتانەی کە فەرمانبەر خۆی داوای دەکات، وەکو مۆڵەتی ئاسایی و مۆلەتی بێ مووچەو مۆلەتی نەخۆشی..... هتد، کە ئێستا هەمووی بێسەروبەری پێوە دیارە بە هۆی نەبوونی مووچەوەلە فەرمانگەکان شێوازێکی نارێکی دەوامکردن پەیرەو دەکرێت کە هیچ بەهایەکی بۆ مۆلەت وەرگرتن نەهێشتۆتەوە لەبەرئەوەی دەوامکردنی بەردەوام لە هەندێک فەرمانگە نەماوە، دەوام بە شێوازی تەناوب دەکرێت جا بە هۆی نەدانی مووچە یان کرۆنا بێت، فەرمانبەر هەیە هەفتەی رۆژێک دەوام دەکات هەیە دوو رۆژ، هەیە زیاتر و هەیە کەمتر.
مافە کارگێرییەکان:
  سەرەڕای ئەو مافانەی کە لە یاسا بەرکارەکان هاتووە، هەندێ مافی تریش هەن کە ئەبوایە لەو یاسایانە جیگایان کرابوایەوە هاوتا لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکان لە رووی کارگێرییەوە بەڵام تا ئێستا نەکراوە، ئەو مافانەش بریتین لە:
پێناسەی کار: دیاریکردنی ئەرکی فەرمانبەر بە رێکخستنی کارەکەی بە شێوازێکی دروست و زانستی بە ئامادەکردنی پێناسەی کار (job description) لە فەرمانگەکان کە زۆر کەم پەیرەو کراوە، کەچی لە رووی کارگێری و بەرێوەبردنی فەرمانگەکان گرنگەو ناکرێت پشتگوێ بخرێت بەو شێوازەی کە لە حکومەتی هەرێمدا کراوە.
 وەرگرتنی پۆستی کارگێری: بەداخەوە پێدانی پۆست و ئیمتیازات لەسەر بنەمای خزمایەتی و حزبایەتی دیاردەیەکی باوە لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم، کەم جار هەیە لەسەر بنەمای شارەزایی و بروانامە و خزمەت پۆست درابێت، بۆیە گرنگە ئەم بابەتەش چارەسەرێکی گونجاوی کارگێری و یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە، ناکرێ فەرمانبەر هەبێ ساڵانی خزمەت و لێهاتوویی و بروانامەکەی لە بەرێوەبەرەکەی زیاتر و بەرزتر بێت.
مەعنەوی: مامەڵە کردنێکی مرۆڤانە لەگەڵ فەرمانبەر دوور لە چەوساندنەوە و رێگەی پێ بدرێت لە چوارچێوەی کارەکەی خۆی راهێنان و پەرەپێدان بکات، سەرەڕای مافی ڕادەربڕین و رەخنەگرتن و هەروەها مافی ئەندام بوون لە سەندیکا پیشەییەکان و مافی بەشداری لە چالاکییە گشتییەکان، بەدەر لە هەژمونی حزب و دەسەڵات ئەوەش بە یاسا بۆی فەراهەم بکرێت.
مافی ژینگەیی: فەرمانبەر مافی خۆیەتی لە شوێنی کارەکەی لە نێو ژینگەیەکی تەندروست کاربکات لە رووی نەخۆشی و پاک و خاوێنی و ساردی و گەرمی، سەرەڕای دابین کردنی چارەسەری تەندروستی گونجاو و پێشکەوتوو بە خۆرایی لە ناوەوەو لە دەرەوەی وڵات بۆی چونکە فەرمانبەر دەبێت وەکو سەرچاوەیەکی مرۆیی گرنگی وڵات سەیربکرێت. 

سایکۆلۆجیا و کاردانەوە:
هەموو مرۆڤێکی ستەملێکراو هەستی تۆڵەی لا دروست دەبێت و بیر لە کاردانەوە دەکاتەوە لەبەرامبەر ئەو ستەمەی لێیکراوە و ئەو مافەی لێی خوراوە، کاردانەوەکانیش بە پێی توانا و هێزی مرۆڤەکە دەگۆڕێت، خۆ ئەگەر هێزی هەبێت خۆی تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، ئەگەر هێزیش نەبوو ئینجا پەنا دەباتە بەر دادگا بەڵکو مافە خوراوەکەی بۆ بگێرێتەوە، نزاکردنیش بۆ خودا لە ستەمکار جۆرێکە لە کاردانەوەکان، بوونی هەستی ستەم لە دۆخی ئێستادا بەشی زۆری توێژی فەرمانبەرانی هەرێمی گرتۆتەوە بەهۆی نەدانی مووچە کە سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە، سەرباری پێنەدانی چەندین ماف و دەستکەوتی یاسای و کارگێری تر کە لەسەرەوە باسم کردن، سەرباری ئەوانە هەستکردن بە ستەم لێکراوی بەردەوام دەبێت چونکە فەرمانبەر ناتوانێت رەخنە یان سکالا بکات لە بەرپرسەکەی بێ ئەوەی تووشی هەرەشە و سزادان نەبێت بە تایبەتی بە گواستنەوە کە دیارترین شێوازەکانی سزادانە چونکە گواستنەوە لە یاسای بەرزەفتەکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14)ی سالی 1991وەکو سزایەک دیاری نەکراوە بۆیە فەرمانبەر لە رووی یاساییەوە هیچی پێناکرێت.
فەرمانبەری ستەملێکراو لە ڕووی سایکۆلۆجیەوە بەردەوام لە دڵەراوکێ دەبێ، بۆیە لەگەڵ فەرمانبەرانی تر و سوودمەندان هەڵسوکەوتی ئاسایی نابێت و لە نێو فەرمانگە دەبێتە مایەی کێشە درووستکردن، تیروتوانج لە بەرپرسەکانی دەدات، بەردەوام نارەزایی دەردەبڕێت، خۆدزینەوە و گوێنەدان بە کوالیتی کارەکەی بەشێکە لە کاردانەوە و هەستی تۆڵە کرنەوەکەی، فەرمانبەر متمانەو رێزی بۆ سەرووی خۆی نامێنێ،هەندێ جاریش گەر کۆنترۆڵی خۆی لەدەست بدات دەگاتە بەکارهێنانی توندو تیژی، بایکۆت، خۆپیشاندان.

 

نوسەری ئەم بابەتە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لەکارگێڕی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×