کوردو جولەکە: نەهامەتیی مێژویی هاوشێوەو پێچەوانە لەپەند وەرگرتن لێیان

هێمن ئەحمەد
  2021-04-07     948
هیچ نەتەوەیەک نیە لەسەر زەوی،چەند جارێک هەل و دەرفەتی مێژویی بۆ هەڵنەکەوتبێت.بەڵام کێن ئەوانەی بە پێشبینی و ڕوانینی وورد بۆ ئایندە ناهێڵن دەرفەتەکان لەدەست بچن.ئێمە لە ئەو گەلانەین کە هەمیشە بڕوبیانوی پوچ و بێ مانامان هەیە بۆ لەدەستدانی ئەو دەرفەت و هەلانەی کە لە ژمارە نایەن.
ئێمە بە پێچەوانەی زۆر لە نەتەوەکانی تری وەک ئاشوری،هندوستانی،یۆنانی و ڕۆمانی و جوو ...هتد،نەک هەر نەمانتوانیوە ڕوداوو هەلە مێژوییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆمان بقۆزینەوە،بەڵکو نەمانتوانیوە مێژویەکی ڕوون و تەواویش بنوسینەوە.زۆربەی میللەتان ڕوداوە مێژوییە گرنگەکانیان تۆمار کردووە بەڵام ئەم ڕوداوانە لە مێژوی کوردا بایەخیان پێنەدراوە،سەرەڕای ئەوەی کورد بەشدارو خاوەن ڕۆڵی ناو ڕوداوە مێژوییەکان بوە.
جولەکە سەرەتای دەسپێکی مێژویەکی ڕونیان هەیە و تەنانەت زۆر سودیشیان لە ئاین و ڕوداوە مێژوییەکان وەرگرتوە.(ئیبراهیم)بە باپیرە گەورەی جوەکان دادەنرێت،پاشان(ئیسحاقی)کوڕی و ئینجا(یعقوب)ی کوڕی ئیسحاق.دوایش کوڕەکانی یەعقوب بەناوی(یەهوزا)بە نەوەی جوەکان دادەنرێن.لە قورئانیشدا چەندین جار باسی بەنی ئیسرائیل و یەعقوب کراوە.
گرنگە ئاماژە بە هەندێ لەو ڕوداوە مێژوییانە بکەین کە جولەکەکان پەندیان لێوەرگرت بۆ بەرژەوەندی و مانەوە و تەنانەت دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کەچی کورد هیچ هەل و دەرفەتێکی بۆ ئەو مەبەستە نەقۆستۆتەوە.
کاتێک کە لە مێژوی ئێران دەڕوانین،دەزانین کە پاراستنی سنورەکانی ئێران تایبەت سنورەکانی ڕۆژهەڵات،هەر لە بەندەر عەباسەوە تا کرمان،سیستان و بلوجستان و خوراسان،لەوێوە تا سەمەرقەند و بوخارا لە ئەستۆی کوردا بووە.بەڵام ئەی دەسکەوتی نەتەوەیی و هەمیشەیی چی بووە؟بێگومان هیچ.
گەر بڕوانینە مێژوی ئاینیمان،(سەلاحەدین ی ئەیوبی)دەبینین،کە سەرۆکایەتی بەناوبانگترین و فراوانترین ئیمبراتۆریەتی ئیسلامی کردوە،لە سەدەی شەشەمی کۆچیدا.قارەمانی جەنگە سەرەکیەکان بووە،گەورەترین سەرکەوتنی مێژویی تۆمار کرد لە جیهانی ئیسلامیدا،توانی کۆتایی بێنێت بە دەسەڵاتی چەند سەدەی مەسیحیەکان.پاشان نازناوی(سیف الاسلام)ی پێدرا.بەڵام هەموو ئەمانە نەبونە هۆکار ر یاریدەدەر بۆ دروست بونی دەوڵەتی کوردی،بگرە پاشخانێکی ئاینی واشیان جێنەهێشت بۆ کورد وەک نەتەوە.
جوەکان جەژنی ڕۆژی ڕزگار بوون و هەڵاتن لەدەست فیرعەونەکانیان ناو ناوە(جەژنی پەسڵان).لە شەوی جەژنی پەسڵاندا منداڵان لە دایە و بابە دەپرسن"بۆچی نانی جەژن جیاوازە لەو نانەی هەموو ژەمەکانی کە دەیخۆن.بۆچی لەو شەوەدا جوەکان(ماتسا)نانی هەویری هەڵنەهاتوو لە جیاتی نانی ئاسایی دەخۆن؟".لەوەڵامدا بە منداڵەکان دەڵێن"شەوی هەڵاتنەکە ئەوەندە کاتمان نەبوو چاوەڕێ بکەین تا هەویرەکە هەڵدێ،ناچار(ماتسا)مان کردە توێشوی سەفەرمان.بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو شەوە ماتسا دەخۆین."وە هۆکاری خواردنی سەوزەی تاڵ لە شەوی جەژندا لەبەر ئەوەیە تا ڕۆژانی تاڵی کۆیلایەتی لەیاد نەکەن.وە لە وەڵامی هۆکاری نان خواردنیان لەسەر خوانچە لە شەوی جەژندا،دای و بابی منداڵەکان لەوڵامدا دەڵێن"کاتی خۆی لە میسر تەنیا مرۆڤە ئازادەکان لەسەر خوانچە نانیان دەخوارد و کۆیلەکان بە پێوە خزمەتیان دەکرد.ئێستا ئەمانیش ئازادن بۆیە لەسەر خوانچە نان دەخۆن."منداڵانی جوو ماوەی ٣٣٠٠ساڵە لەشەوی (جەژنی پەسڵان)دا هەمان ئەو پرسیارانە دوبارە دەکەنەوە...وەڵامەکانیش هەر هەمانن.جولەکە بەو جۆرە چیرۆکەکەی بەکارهێنا،بۆیە سەیری ڕابردوی خۆی کردو کۆچو ڕەوی وەک مێژووی لەدایکبونی گەلەکەی ئەژمار کرد.
دوای سەدان ساڵ لە کۆچ و ڕزگاربونیان لە کۆیلایەتی میسریەکان،جارێکی تر بەنی ئیسرائیل بە دیل گیرانەوە.ئاشوریەکان پەلاماریان دان و مەملەکەتەکەیان کاول کردن.(١٠٠٠٠ کەس)لە دانیشتوانیان بۆ باکوری بابل ڕاگواست.وەک چۆن دوای هاتنەوەیان لە مەنفای میسرەوە بەهۆی سەرکەوتنەکانیانەوە بیرۆکەیان گۆڕا،ئەمجارەش لە تاراوگەی ئاشوریان بەهۆی نەهامەتیەکانیانەوە دیسانەوە بیرۆکەیان گۆڕا.دوای ئازاد بون و گەڕانەوەیان بۆ ئۆرشەلیم،وانە و پەندیان لە ڕابردویان وەرگرت.هەوڵەکانیان بە ئاراستەی بنیات نانی نەتەوەیەک بە گەڕ خست.
ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین کەم بوون ئەو کۆچ و ڕەو و ڕاگوێزان و گرتن و کوشتن و ماڵوێرانیەی بەسەر کوردا هاتوون؟چەند جارێک کۆچی بە کۆمەڵ گەورەترینیان کۆچ و ڕەوە چەند ملێۆنیەکەی ساڵی ١٩٩١ کە مێژوەکەی زۆر نزیکەو تەنها چارەکە سەدەیەک بەسەریدا تێپەڕیوە.کەچی هەر زۆر سەیر،نەک هەر پەندو وانەی فێر نەکردین بەڵکو زۆرێک لەکاریگەری خراپی لەسەر تاک و کۆمەڵگە دروست کرد،کە پێویست نیە وردەکاری زیاتر بکەین لەو بارەیەوە.زۆرێکمان هەر لە بیرەوەریەکانیشماندا جێگەی نەماوە و دەڵێیت "نە بامان بینیوە نە بۆران".
ساڵی ١٨٥٢،نیکۆلای یەکەم،بەو دزە کردنە خێرایەی جوولەکە بۆ نێو ئابوری ڕوسیا ڕازی نەبوو.حکومەتەکەشی لە هەنبەر سوربونی جووەکان بۆ پاراستنی کەلتور و زمان و پۆشاکی تایبەت بە خۆیان ئاسودە نەبوو.نیکۆلای بە مەبەستی توانەوەی نەژاد و ڕەگەزی جولەکە لەنێو جڤاکی ڕوسیادا چەند یاسایەکی دەرکرد.کە جوولەکەکانیان ناچار دەکرد منداڵەکانیان بنێرنە خوێندنگەکانی دەوڵەت.بەمەبەستی سڕینەوەی ئەو بیر و باوەڕە ئاینیەی کە لە منداڵیەوە بە گوێیاندا درابوو.بەڵام دەرەنجامەکەی تەواو پێچەوانە کەوتەوە.چونکە خوێندن بۆ منداڵانی جوولەکە زۆرەملێی بوو  بەڵام بۆ منداڵانی ناجوولەکە بە خواهیشت بوو.ئەمەش بوە هۆی ئەوەی جووەکانی ڕوسیا لە هەموو گەل و پێکهاتەکانی تر ڕۆشنبیرتر بن!
گەر هەمان شت بەراورد بکەین بە دۆخی کەلتوری و زمانی و نەریتی کوردی،دەبینین زۆر شتمان لەدەست داوە و خۆڕاگر نەبوین بەرانبەر ئەو سیاسەتی ڕیشەکێش کردن و سڕینەوەیەی بەدرێژایی سەردەمەکان دژی نەتەوەی کورد پیادە کراوە.گەر لە بەشێکی دیاریکراوی کوردستان تا ڕادەیەک پارێزگاری لە زمان و کەلتور کرابێت،ئەوا لە هەندێ جێگەی تر کوردەکان لایان شورەییە بە زمانی دایک ئاخاوتن بکەن.بەڵکو زۆر شانازیە لایان بەزمانی بیانی و فەرزکراوی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین بدوێن.ئەم حاڵەتە لە تورکیا و ئێرانیش بەدی دەکرێت.تایبەت ئەوانەی لە ناوەند و قوڵایی ئەو وڵاتانەدا دەژین. 
ئێستاوا باشە بەراوردێکی قڕ کردن و کۆمەڵ کوژی هەردوو نەتەوەو دەرەنجامەکانی بکەینەوە.
نازیەکان و بەعسیەکان هەرچەندە لە دوو شوێن و سەردەمی جیاوازدا دەسەڵاتدار بوون،بەڵام لە پیادەکردنی سیاسەتی دڕندانە و نامرۆڤانەدا هاوشێوە بوون.کۆمەڵ کوژی و ئەنفالکردنی کورد هیچ جیاوازیەکی نەبوو لە جینۆسایدکردنی نزیکەی(٦ ملێۆن)جوولەکە،لەنێوان ساڵانی ١٩٣٣-١٩٤٥،بەدەستی نازیەکان.بەڵام لە ئەنجامدا جوولەکە وەک نەتەوەیەکی زیندو مایەوە،قەرەبوکردنەوەیان سەپاند بەسەر دەوڵەتی ئەڵمانیادا،سەرنج و سۆز و هاوکاری نێودەوڵەتیان بەدەست هێنا،کەمپەکانی خنکاندن و کۆمەڵ کوژیان کردە شوێنی یادەوەر ی و گەشتیاری،جولەکەکان  کارێکیان کرد جینۆسایدی جولەکەکان لە هەموو دنیادا ناسرا ڕەنگە ژمارەی  کوژراو و قوربانیەکانی خۆیان زۆر لەوە زیاتر کردبێت کە هەبوو ،
ئێمەش نەک هەر نەمانتوانی ئەم کارانە بکەین و بە جینۆساید مەسەلەکەمان بناسێنین و پشتگیری نێودەوڵەتی پەیدا بکەین،بەڵکو خەڵکانی خۆ فرۆش لەهەوڵی ئەوەدان بە ئێستاشەوە لەو تاوانەی  بەعسی  فاشی  کەم بکەنەوە.
لە کۆتایدا جولەکەکان خەونەکەی(تێۆدۆر هێرتزل)ی باوکی دەوڵەتی جولەکەیان هێنایە دی،کە دوو سەدە لەمەوبەر ڕێکخراوی بزوتنەوەی زاێۆنیزمی دروستکرد و  بیرۆکەی گەڕانەوەی بۆ فەلەستین داهێنا.پاشان(بنگۆرێۆن)یەکەم سەرەک وزیرانی ئیسرائیل لە بەرواری ١٩٤٨/٥/١٤ دەوڵەتی ڕاگەیاند.پێنج دەوڵەتی عەرەبی بە پاڵپشتی بەریتانیا بەرەو سنورەکانی ئیسرائیل کشان.بەڵام جولەکە توانیان ماوەی ٢٧ ڕۆژ بەرگری بکەن و پاشان ئاگر بەست ڕاگەیەنرا.
سەرکردایەتی کوردیش سەرەڕای هەبوونی هەلێکی لەبار بە بێ هیچ ئامادەکاری و پەیداکردنی پشتگیری نێودەوڵەتیەک ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا.پێش ئەوەی تواناکانمان لە ناوخۆدا یەک بخەین و پێشبینی کاردانەوەی دوژمنان و دەرەنجامەکان بە وردی هەڵسەنگێنین.تەنانەت نەمانتوانی یەک ڕۆژیش بەرگری بکەین لە خاکمان.بۆیە زۆر شتمان لەدەست داو هاتینەوە خاڵی سفر و ئەو بیرو باوەڕ و هیوایەی لای تاکی کورد هەبوو،بۆ بەدیهێنانی خەونە گەورەکە،لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی،جارێکی دی لەگۆڕ نرا.
پێدەچێت خاڵی هاوشێوەو جیاوازی زۆر زیاتر هەبن لە نێوان هەردوو نەتەوە کە نەتوانرێت لە وتارێکدا جێگە بکرێنەوە بەڵام ئەو بابەتانەی باسکران بەرچاوڕونیەک دەدات بە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بزانن بۆچی جوولەکەکان خاوەنی دەوڵەتن و کوریش مەسەلەکەی لە پاشەکشەدایە.
دەبێت ئەوەش بڵێین وەک تاکی کورد هەمیشە بێ هیوا نەبین و  ئێمەش هەوڵ و کۆشش بکەین و چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بکەین کە تێیدا خەونە  گەورەکەمان بەدی دێت.
سەرچاوەکان:
١-جیهان گەمەی دەستی ئیسرائیلە، ویلیام گای کار
٢-کورتەیەک لە مێژوی ئاین، ڕیتچارد هولوای
٣-کۆچی مێژویی کورد بۆ خوراسان، کەلیموڵڵا تەوەحودی
٤-بۆچی مێژوی کورد لە لایەن خۆیەوە نەنوسراوەتەوە، ٢٠٢٠/١١/٥، دڵشاد تاڵەبانی، کوردستانی نوێ

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×