پیسبونی ڕاگەیاندن

حسێن محمود
  2021-04-15     554
پیسبون چەمکێکی ژینگەیی‌و بایۆلۆجییەو سەرچاوەکەی خودی مرۆڤە کە بەم کارە هەڵدەستێت، واتا فڕێدانی پاشماوەو پاشەڕۆ یان تێکدانی ژینگەی سروشتی بەئامانجێکی دیاریکراو، کەدواجار دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بەدەوروبەرو تێکدانی جوانی‌و شێواندنی میزاجی مرۆڤ.

بەشێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەم ڕۆڵە دەگێڕن‌و هەڵدەستن بەتێکدان‌و شێواندنی میزاجی بینەرو گوێگرو خوێنەربە ئامانجێکی دیاری کراو لەڕێگەی:

١-ساختەکردنی ڕاستیەکان  ئەمەیان لەڕێگەی تەزویر کردنی ڕاستیەکانە بەئامانجێکی دیاری کراو. واتا دەرنەخستی ڕاستی وەک خۆی.

٢-شاردنەوەی ڕاستیەکان  شاردنەوەو پەردەپۆش کردنی ڕاستیەکان تاکو حەقیقەت‌و ڕاستی دەرنەکەوێت بۆنمونە لەکاتی جەنگدا لایەنە بەشەڕ هاتوەکان ژمارەی کوژراوو برینداری ڕاستەقینە دەشارنەوە.

٣-ئاوەژوکردنەوەی ڕاستیەکان 
واتا بەڕەوا کردنی ناڕەواوبەپێچەوانەشەوە کە ئامانجێکی سیاسی دیاری کراوی لە پشتە.

٤-شێواندن لەڕێگەی گۆڕینی درۆ بۆڕاستی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ڕوداوەکان دەشێوێنرێن، سەحافی وەزیری ڕاگەیاندنی عیراق، نمونەیە بۆئەم جۆرە.

٥-تێکەڵاوکردن‌و دروستکردنی تەمێکی ئیعلامی کەوەرگر نەتوانێ بەئاسانی لێکیان جیا بکاتەوە.

٦-پەردەپۆشکردنی ڕاگەیاندن 
داپۆشینی ڕوداوەکان لەهەندێ حاڵەتدا پەیڕەو دەکرێ بۆ ئەوەی ئەو ڕوداوانە ئەسڵەن هەر نەبینرێن.

٧-یاری کردن بەتێرم و چەمکەکان و بەکارهێنانی زمانێکی تایبەت لەڕاگەیاندن بەمەبەستێکی دیاری کراو، لەجەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێراندا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عیراق لەسەرئەم شێوەیە کاریان دەکرد.

٨-بەکارهێنانی گوزارەی ئاینی بۆ مەبەستێکی دیاری، وەک ئەوەی کە لە ئیعلامی داعشدا بەدی دەکرێ.

٩-ڕشتنی ژەهری ڕاگەیاندن 
سازکردنی کۆرو کۆبونەوەو مێزگردی تایبەت بەئامانجێکی سیاسی، ئاینی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری دیاریکراو لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە.

١٠- سازکردنی بەرنامەی ئاست نزم و بێناوەڕۆک و پیشاندانی شۆی خێزانی و تایبەت وسەرگەرمی بێ چێژو بێ جوانی و دور لە نۆڕم و سەلیقەی هونەری و ئیستاتیکی باڵاوتێکدانی میزاجی گشتی.

ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن بەشداری دەکەن لە پیس بونی میزاجی گشتی و تێکدانی ئارامی دەرونی و هەندێ جارفڕێدانی زبڵی ئیعلامی بۆ بەردەم چاوو گوێی وەرگر . بەڵام وەرگری وشیار هەمیشە هەڵدەستێ بەلەبێژینگدانی ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×