کۆمەڵگەی ئێمە: سەما وەک یەکێک لەدەرهاویشتەکانی

ئەحمەدی مەلا
  2021-04-24     759
١٠٠ ساڵ زیاترە کۆمەڵگەی ئێمە چاوی بە مۆدێلێکی دیکە دەکەوێت، تا ئەو کاتە جوگرافیای بیرکردنەوەی بە ئاڕاستەی باشوورەوە تەنها دەگەیشتە حیجاز، بە ئاڕاستەی باکووریشەوە تەنها دەگەیشتە ئەستەمبووڵ، دوو جەمسەری ئاینی. ئەم کرانەوەیە لە نسکۆی ٧٥ بەدواوە شەقڵێکی دیکە وەردەگرێت و کۆچێکی زۆر بۆ رۆژئاوا دەکرێ( ئەوروپا، ئەمەریکا، کەنەدا) کەناڵەکانی پەیوەندیی بە دەرەوە زیاتر دەکات، لە دوای راپەڕین بە یەکجارەکی سنوورەکانمان بەرەوە دەرەوە خۆمان دەکرێنەوە، هەندەی ئەم کرانەوەیەش هێزە کۆنخوازەکان ( سەلەفی، ئیسلامی ئیخوانیی، کۆنەپارێزانی تەقلیدیی) ئەم کرانەوەیە وەکو هەڕەشە و مەترسییەک دەبینن.
کوردستانی باشوور ئیدی هەرگیز نابێتەوە ئەو کۆمەڵگە دەرگە داخراوەی جاران، تێکەڵبوونی بە بەهاکانی رۆژئاوا - دیموکراسییەت، مافەکانی مرۆڤ، دەنگی ژنان، بەها هونەریی و ئەدەبییە نوێیەکان- وایان کردووە کە ئیدی بە چاوی هەڵسەنگاندن و رەخنەوە تەماشای تێكڕای کەلەپوورمان بکەین، بە ئاینییشەوە.
ناوبەناو دیاردەیەکی دیارییکراو وەک گۆرانییەکانی ماریا هەورامی، ماچی کوڕ و کچەکەی پێش چەند ساڵێک، سەما گەرموگوڕەکەی سەهۆڵەکە، سبەی دیاردەی دیکەش بەڕێوەیە، کۆمەڵگە دەشلەقێنێ، ئەم هێزە کۆنپارێزانە بە هەلی دەزانن تاکو چڕنووک و میداکانی خۆیان بهێننەوە مەیدان و بەشداری ئەم شەڕە دۆڕاوە بکەن. لە نموونەی سەماکە مانگی رەمەزان تەنها بەهانەیەکە، خۆ گۆرانییەکەی ماریا هەورامی لە مانگی رەمەزان نەبوو!
کۆمەڵگەی نوێمان تازە بە کراوەیی دەمینێتەوە بەرامبەر بە دنیا سەرەڕای ئەم دنیایەی کە زۆرجار بە دوو پێوەریش سەیری تێكڕای بەها نوێیەکان کراوە. نابێت فەزای گشتی لە لایەن لایەنێک یا کەسێک یا رێبازێکی دیارییکراوە قۆرخ بکرێت.
تازە هیچ هێزێک نییە مێژوو بگەڕێنێتەوە دواوە، ئەمە کرۆک و جەوهەری ژیانە، وەک ئەو بنچکە گیایە وایە کە لە شەقی چەمەنتۆیەکەوە سەردەردێنێ ئا ئەمەیە کە نیتچە پێی دەڵێ "هێزی توانا". یەکتر قبووڵکردن ئەو مانا نوێیە کە چەندین دەیەیە هەوڵی خۆچەسەپاندن دەدا، هیچ هێزێک ناتوانێ ریشەکێشی بکات، چونکە ئیدی مانا کۆنەکان لە توانایاندا نییە وەڵامی هەموو پرسیارەکان بدەنەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×