گۆڕان و یەکێتی.. لە نێوان وەبەرهێنانی سیاسی و مایەپووچیدا!

دلێر محەمەد نوری
  2021-04-30     761
ئاشکرایە کە ئەو ئەندام و لایەنگر و جەماوەرەی دوای پارتی کەوتوون، خەون و بەرژەوەندی نشتیمانی و نەتەوەیی خۆیان، لە ماڵباتی بارزانیدا کۆکردۆتەوە. ئەوان کاتێ دەنگیان خستۆتە پاڵ پارتی، لەوە بوونەتەوە کە خۆیان بیربکەنەوە یان بڕیار بدەن، بەڵکو ئەوان باوەڕیان بە هەر حیکایەتێکی بارزانییەکانە، بە بێ لێ وردبوونەوە یان پیاچوونەوە یاخود ڕەخنەکردنی. ئەوان بەرگری لە بڕیار و بێرکردنەوەکانی بارزانییەکان ئەکەن جا ڕاستبن یان هەڵە. بۆ نموونە ئەوان پێویستییان بە هیچ سەلماندنێکی ئەوتۆ نیە تا خیانەتی عەیارە بیست و چوار بە نشتیمان پەروەی نایاب و نیشتیمان پەروەری خەڵکیش بە خیانەتی نشتیمانی دەرخواردی ئەندام و لایەنگری خۆیان بدەن، بە بێ هیچ خۆ سەغلەت کردنێک.
ئاشکراشە کە ئەندام و لایەنگر و جەماوەری حزبە ئیسلامیەکانیش، دوای خەونی ئایینی کەوتوون و ئەو حزبە ئیسلامییانەش بە پارێزەری باوەڕی ئایینی خۆیان ئەزانن. ئەوان پێویستیان بە ئەبدەیتی زۆر نیە و ئامانجیان ڕوونە. وە هەتا دنیا بەرەو کرانەوە بڕوات، حزبە ئیسڵامییەکان کەرستەی بیناکردنی خۆیان زیاتر بۆ پەیدا دەبێ و حیکایەتی ئایینیان زیاتر لە لای ئەندامانیان خۆشتر و بەچێژتر ئەبێت. بۆ نموونە کێشەی سەمایەک و بەستنەوەی بە ئایینەوە ئەبێتە مایەی بوژاندنەوەیەکی تری پەیوەندی نێوان جەماوەر و حزب لێرەدا.
ئەبێت پیشمان سەیر نەبێت کاتی یەکێتی دەبینین پاشەکشە ئەکات لە بەردەم پارتی و ئیسلامییەکاندا، لە گەڵ ئەوەیش کە یەکێتی هێزێکی ڕەسەن بوو، وە بە هەوڵ و هیمەتی میللی هاتبووە بوون. هەروەها شاسواری خەبات و قوربانیدان بووە لە گۆڕەبانی سەربازی و سیاسیدا لە دوای ئاشبەتاڵەوە تا گەیشتینە ڕاپەڕین، بە هەموو ئەو کەم و کوڕییانەشەوە کە هەیبووە.
هەروەها ناشبێت پێمان سەیر بێت کاتێک گۆڕان ئەبینین لە ئەوجی گەشە سەندنەوە، وردە وردە هەڵ ئەوەرێ و لە پاییزی تەمەنی خۆی نزیک ئەبێتەوە. لە گەڵ ئەوەیش کە گۆڕان توانی گیانی یاخی بوون و گۆڕنخوازی و ئۆپۆسزیۆن بوون لە ماوەیەکی کەمدا بنیات بنێ لە کۆمەڵگادا.
کاتێ یەکێتی جاران، بوو بە یەکێتی کۆمەڵانی خەڵک، حیکایەتێکی تازەی پێ بوو کە ئەو نایەوێت لەوانی دیکە بچێت. ئەو نە دەبێت بە خێڵ و نە کورسی سکرتێرەکەشی بە میرات بۆ مناڵ و بنەماڵە بەجێدەهێڵێ و نە سازش لە سەر مافی تاک و کۆمەڵگا دەکات. هەروەها ئەو لە ڕەخنە ناترسێ و ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان فەراهەم ئەکات و مافی مرۆڤ ئەپارێزێت. لە هەمووشی گرنکتر دادپەروەری کۆمەڵایەتی کردبووە دروشمی سەرەکی خۆی و هەمیشە جەختی لە سەر ئەکردەوە. من هیچ ناڵێم بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆژێک یەکێتی بووبێ یان چاودرێکی دەرەوەی یەکێتی بێت، گەر بە ڕێژەش بێت سەیرێکی دەوری یەکێتی بکات و بزانێ ئایا 10 بۆ 15٪ ئەمانە جێ بە جێ بوون؟ دڵنیام وەڵام نەخێرە. دڵنیاشم بۆ هەر هەڵەیەک لەوانە یەکێتی بیانووی خۆی هەیە، بەڵام هیچ بیانوویەکی نیە کاتێ نەتوانێ یان نەیەوێت لایەنی کەمی ئەو دروشمانە، بەدی بهێنێت، کە هیچ نەبێت، ئەو ڕێژەیەی گەیندبا 50 بۆ 60٪.
گەر بپرسن یەکێتی ئەیتوانی چی بکات؟ دەڵێم یەکێتی ئەیتوانی لە قەبارەی گەندەڵی کردن لە پارتی نەچێت. یەکێتی ئەیتوانی کار بۆ بە بنەماڵیی حزب نەکات. یەکێتی ئەیتوانی بۆ جارێکیش ڕێگە لە یەک خۆپیشاندان نەگرێت لە سنوری خۆی و تاکە فیشەکێکی سەوزیش ڕوو بە ڕووی خۆپیشاندەر نەکاتەوە و هەمیشە هێزێکی سەربازی بێ چەکی هەبووایە و بە وێنەی خۆپیشاندانەکانی گۆرەپانی تەحریری  میسر، بووبوونایە بە بەشێک لە خۆپیشاندەران و لەپاڵ ئەو هێزە چەکدارەی کە لە دوورەوە پارێزگاری لە هەمووان بکردایە، بە خۆپیشاندەر و ناخۆپیشاندەریشەوە. جا با دروشمەکان دژ بە خۆشی بان! یەکێتی دەبوو بۆ یەک جاریش یەک ڕۆژنامەنووس لە سنوریدا لێینەدرایە، نەکوژرایە و یەک کامێرای یەک ڕۆژنامەنووس نەشکێنرایە یان دەستی بە سەردا نەگیرایە. یەکێتی دەبوو حزبی سۆشیال دیموکراتی ڕاستەقینەبووایە و بۆ هەر خروقاتێک لە سنورەکەی خۆی شەفافانە ڕوونکروونەوە و سزای هەبووایە.
ئەگەر هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئازادە (لە بەینی دوو کەوانەدا) و مافی خۆپیشاندان دژ بە هەر لایەنێک و وڵاتێک پارێزراوە دیسان (لە بەینی دوو کەوانەدا)، ئەمە وەڵامێکی باوەڕپێهێنەر نیە بۆ تورکیا و بۆ ئێران یان بۆ پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی؟ ئەی باشە لە پای چی و یەکێتی چی بە پاداشت وەرئەگرێ لەوەی کە ڕێگە لە خەڵکانێک بگیرێ لە خۆپیشاندان دژی داگیرکاری و سەرکێشییەکانی تورکیا و بۆ چەند ڕۆژێک گرتنیان؟ یەکێتی ئەیتوانی وەبەرهێنانی سیاسی گەورە بکات لە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی پەکەکە و خەباتی کوردانی باکور و ڕۆژئاوا و تەنانەت ڕۆژهەڵاتیش. کە ئەمە ناکات چی قازانجێکی سیاسی کردووە لە تورکیا و لە پارتی جگە لە زەرەری سیاسی نەبێت. ئێستاشی لە گەڵ بێت تورکیا یەکێتی هەر بە پەکەکە ئەزانێ و پارتیش جوانتر لە یەکێتییەکەی شەڕی ناوخۆ نایبینێت. ئێستاشی لە گەڵ بێت گەر یەکێتی کار لە سەر خاڵ بە خاڵی ئەوانە نەکات و وەبەرهێنانی سیاسی لە سەر هەموو ئەو کەیسانە نەکات دڵنیا بێت کە مایەپووچی سیاسی لە بەر دەرگا چاوەڕێی ئەکات.
ئاشکراشە کاتێ جەماوەری توڕە و بێزار لە پارتی و یەکێتی لەم سەری هەرێمەوە بۆ ئەو سەری هەرێم، گۆڕانی لە هیچەوە کرد بە بزوتنەوەی گۆڕان، لە بەر ئەوە بوو کە گۆڕان بە حیکایەتێکی تازەوە هاتبووە مەیدان. گۆڕان دروشمی چاکسازی و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و سازش نەکردن لە سەر گەورە و بچووکی ئەم وڵاتەی هەڵگرت بوو. هەتا نەوشیروان مستەفاش بە پێوە بوو گۆڕان مکوڕ بوو لە سەر بەڵێنەکانی. بەڵام لە دوای مەرگی ئەو، گۆڕان کەوت بە سەر چەند پرسیارێکی گەورە و جەوهەری کە گومان ئەخاتە سەر سەرلەبەری حیکایەتی چاکسازی و تا ئەمڕۆش وەڵام نەدراوەتەوە. بۆیە گۆڕان کەوتۆتە حاڵێکەوە ئەمڕۆ هیچ حزبێک ئیرەیی پێ نابات. گەر بپرسین گۆڕان چی پێ دەکرا و نەیکرد؟ ئەوا بێ یەک و دوو گۆڕان دەبوو لە پاش مەرگی رێکخەرەکەی بنەماڵەکەی بە هەموو شێوەیەک لە سیاسەت دوور بخستایەتەوە لە سەر شانۆی سیاسەت و پشتی پەردەش. دەبوو مەسەلەی بە ناوکردنی موڵک و ماڵ و کارگە و گردەکەی بە ڕوونی ساغ بکردایەتەوە لە بەرژەوەندی گۆڕان نەک بنەماڵە و کەس. نەدەبوو بچێتە حکومەتەکەی مەسروور کاتێ ئەوان پێشینەیەکی خراپیان لە گەڵ گۆڕان و رێکخەرەکەشی هەبوو. کە چوونە حکومەت بە هیوای چاکسازی ڕاستە قینە چوون و پێشمەرج و کاتی بەردەوامی و هاتنە دەروەشیان دیاریکرد. دەی لە من نا لە عەلی حەمە ساڵح بپرسن چی لەو بەرنامەیەی گۆڕان لە گەڵ بارزانی کوڕ ڕێککەوت بوو لە سەری، هاتوونەتە دی، جگە لە وەڕگرتنی بەرتیلی مانگانەی بێدەنگ بوون نەبێ بە قەولی برادەرانی گۆرانی بەغدا نەبێت!
ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەگەر گۆڕان هەر لە ئەمڕۆوە کار لە سەر ڕاستکردنەوەی خاڵ بە خاڵی ئەو هەڵە و پەڵانە نەکات و وەبەرهێنانی سیاسی نەکات بۆ کۆتایی هێنان بەم ئیفلاسییەی، دڵنیا بێت بە فاڵی هیچ فاڵگرەوەیەک و سیحری هیچ ساحیرێکی سیاسی هیچ حیکایەتێکی دیکەی گۆڕان بە گەرووی کەسدا ناچێتە خوارێ و گۆڕانیش دەبێت بە ژمارەیەکی بچووکی بێزراو و ئەمڕۆ لە حکومەتە و بەڵام سبەی کورسی بەڕێوەبەرێکی گشتیش بەخۆیەوە نابینێت، مەگەر بە کلک گرێدان نەبێت.
کۆتا قسەش ئەوەیە کە ئەوانەی بۆ یەکێتی و بۆ گۆڕان وتراون هەندێ ڕاستین کە هۆکارەکانیان دیار و ئاشکران. لەمانەشەوە وا دیاردەکەوێت کە یەکێتیش و گۆڕانیش بیریان چووەتەوە، کە پەیوەندی نێوان ئەوان و جەماوەرەکەیان لە پەیوەندی دەروێشانەی جەماوەری پارتی ناچێت بۆ شێخەکەیان. لە پەیوەندێ جەماوەری ئیسلامییەکانیش ناچێت بۆ پارێزەری پەیامە ئایینەکەیان. بەڵکو پەیوەندی ئەم جەماوەرەی گۆڕان و یەکێتی پەیوەستە بە خاڵەکانی ئەو پەیوەستنامە سیاسییەی ئیمزایان کردووە بۆ جەماوەرەکەیان و یەک خاڵیشیان لێ جێ بە جێ نەکردووە. هەر بۆیە ئەو پەیوەست نامەیە هەڵوەشاوەتەوە و ڵە دەنگدانی داهاتووش سزای جێ بە جێ نەکردنی وەرئەگرن.






































وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×