چەند وانەیەک لەسەر بەجینۆساید ناساندنی کوشتاری ئەرمەنییەکان

شاهین کەریمی
  2021-04-30     432

یەک: لە ٢٤ی ئاپریلی ١٩١٥ بە کوشتن و قۆڵبەستکردنی دەیان چالاک و نوخبەی ئەرمەنی، کوشتاری ئەرمەنییەکان دەستی پێکرد و تاکوو ساڵی ١٩٢٣ نزیک بە یەک و نیو ملوێن ئەرمەنی کوژران یان بە هۆی کۆچی زۆرەملی و برسییەتییەوە تووشی قات و قڕی بوون و لەنێو چوون.

دوو: خەباتی مەدەنی، یاسایی و لۆبی کردنی گەلی ئەرمەن لە ڕۆژاوا بووە هۆی ئەوەی هەندێ لە وڵاتان، لەوانە فەڕەنسا و ئەمساڵیش ئەمریکا، کوشتاری ئەرمەنییەکان بە ژێنۆساید بناسن.

سێ: ئەم بەفەرمی ناسیینە دەبێتە هۆی دەسکەوت و چەکێکی گرینگ بۆ نەتەوەی ئەرمەن و وڵاتی ئەرمەنستان وەک قوربانی، لە دانوسان و بژاردنەوەی مادی و مرۆیی لەگەڵ تورکەکان.

چوار: تاوانی شەڕ و تاوان بەرانبەر بە مرۆڤایەتی، سڕینەوەی نەژاد و کوشتاری بە کۆمەڵ و جینۆساید، تووشی تێپەڕینی کات (بەسەرچوونی مێژوو) نابێت و لەوپەڕی سنوورە جوغرافیاییەکان، بکەران و تاوانباران، چ وەک وڵات و چ وەک تاکە کەس دەکەونە بەر دادوەری ویژدانی کۆمەڵگەی جیهانی و دادگای سەربەخۆی مافی مرۆڤ.

پێنج: گەلی ئەرمەن، بەبێ کۆڵنەدان، ساڵانێکی زۆرە لە ڕێگەی لۆبی کردن، پێوەندی و تۆڕی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسایەتی و ئاکادیمییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، بە شوێن مافی خۆیانەوەن و تا ئێستە هەنگاوی باشیان ناوە و دەسکەوتی بەرچاویان هەبووە. کۆتا ڕووداوو لەم بارەیەوە، ناوهێنانی کوشتاری ئەرمەنییەکان لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە وەک ژینۆساید بوو.

شەش: ئەو مێژووەی گەلی ئێمە وەک گەلێکی بندەست و دوچاری شەڕی ناچاری و خۆپاراستن بەرانبەر بە داگیرکەر و هێرشبەران، پێیدا تێپەڕیوە و ئەو تراژدی و کارساتانەی بەسەر نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچە هاتووە، دەستی کەمی لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان نییە و دەیان کوشتاری بە کۆمەڵ لە ئێمە کراوە.

حەوت: ئەزموونی گەلی ئەرمەن، دەتوانێت ڕێچکە و ڕێنوێنییەکی ئاڵتوونی بێت بۆ نەتەوەی ئێمە، بەتایبەت کوردانی دیاسپۆڕا، کە لە ڕێگەی ناساندنی پرسی کورد و مێژووی تراژدیابارمان، هاوخەمی و پاڵپشت بۆ بەفەرمی ناسینی تاوان بەرانبەر بە گەلی ئێمە و هەروەها بۆ قوربانیان و قەرەبووی مادی و مرۆیی دەستەبەر بکات.

هەشت: لۆبی کردن و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ جینۆسایدی نەتەوەی کورد لە ڕێگەی کڕووزانەوە و خۆمەزڵووم کردن نابێت (ئەوەی لە کولتوور و ئەدەبیاتی ناوخۆیی کورددا باوە)، بەڵکوو دەبێت بە فاکت، سەلماندن، توێژینەوەی زانستی و مێژوویی، بە بەڵگەنامە کردنی هەموو ئاسەوار و شاهیدەکان، ناساندنی بکەران و هەموو ئەو ئامێر و ئامرازانەی قەناعەت بە ویژدانی مرۆیی و توێژەرەوەی ئاکادیمی و چالاکوانی مافی مرۆڤ و پەرلەمانتاری رۆژاوایی بکات تاکوو هەقی قوربانیانی ژینۆسایدی کورد نەکرێت بەژێر پێوە.

نۆ: کورد لە ئاستی جیهانیدا، پێویستی بە ناوەندێکی سەربەخۆ، ئاکادیمیک، ناحیزبی و شێلگیر هەیە تاکوو ئەو ئەرکە نەتەوەیی و مێژووییە ڕاپەڕێنێت. بەبێ کاری جیدی و بەڵگەنامەیی و ئاکادیمی، بەبێ لۆبی کردن و دروست کردنی تۆڕی پشت بڕیارەکان، بەبێ سەرچاوەی مادی و ئۆرگانیزەیشنێکی تۆکمە، ئەو کارە مێژووییە سەرکەوتوو نابێت.

دە: کارکردن لە مێژوودا و هەڵکۆڵینی دۆزی جینۆساید و تاوان بەرانبەر بە نەتەوەیەک، بە تایبەت بە پانتایی کوردستان و لە مێژووییەکی خۆڵەمێشیدا (کەمبوونی بەڵگە و تۆمار لە ئاستی جیهانیدا)، پرسی ساڵ و چەند ساڵ نییە. ڕەنگە پەنجا یان سەد ساڵیشی بووێت تاکوو ئەو هەوڵانە بێنەر بەر و مەزڵووم بوون و هەقانییەتی کورد بسەلمێندرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×